لە دانایەكم پرسى ....! چى لە مرۆڤەكاندا سەرنجت ڕادەكێشێت ؟
Sunday, 17/01/2010, 12:00
زەردەخەنەیەك گرتى ، تۆزێك راما ، دواجار ووتى :
مرۆڤەكان زوو لە مناڵیی بێزار دەبن، پەلەیانە بۆ گەورەبوون ... جا كە گەورەش بوون ئینجا دەخوازن مناڵ ببنەوە.
هەموو تەمەنیان دەكەنە قوربانى پەیداكردنى پارە، ئەوەندە هەڵپەیانە ، ئەوەندە راكە راكەیانە بەدواى كار وكاسبیدا ، تا لە خەفەت و ماندووبووندا نەخۆش دەكەون ، كە دەوڵەمەندیش بوون ناچارن پارەكانیان لە چاككردنەوەى تەندروستى خۆیاندا خەرج بكەنەوە.
بە ترس و دڵەڕاوكێوە دەڕواننە ئایندە، لە پردێك دەپەڕنەوە كە هێشتا پێینەگەیشتوون ، ئاخ بۆ رابووردوو هەڵدەكێشن ، كە رۆیووە ، ترسیان لە ئایندە هەیە ، كە نەهاتووە ، بیریان چۆتەوە رابووردو گوزەرا ناگەڕِێتەوە ، ئایندەش نادیارە ، ئەوەى كە دەكرێت حسابى بۆ بكرێت ئێستایە ، ئەوان ئێستایان لەیاد كردووە، بەمجۆرە نە لە ئێسادا دەژین و نە لە ئایندەدا..
بە جۆرێك دەژین دەڵێی هەرگیز نامرن، كە دەشمرن وانازانى ڕۆژێك لە ڕۆژان زیندووبوبن.
ووتەكانى لەناخەوە هەژاندمى ، ساتێك بیرم كردەوە لە قوڵى قسەكانى ، تامەزرۆ بووم بۆ زیاتر ، ئەمجارەیان پرسیم :
ئەو وانانە چیین كە دەبێ لە ژیانەوە فێری ببین؟
ووتى : ئەگەر ئەزموونەكانى ژیان فێرى ئەمانەى نەكردین ، واتە ماومانە حاڵیى ببین ، بەڵام ئایا ئەوەندەمان كات ماوە كە فێریان ببین ؟ بۆ نموونە :
كەس ناتوانێت وا لە خەڵكى تر بكات خۆشیان بوێت ، مرۆڤەكان تەنها دەتوانن خۆیان خۆشەویست بكەن...
با خۆیان بەیەكترى بەراورد نەكەن ، با واز لەوەبهێنن كە خۆیان بەیەكترى بپێون و لاسایى یەكترى نەكەنەوە ، چونكە هەر مرۆڤێك بۆ خۆى تابلۆیەكى تایبەتە ...
با فێرى بەخشندەیی ببن، تا ئاسوودە ببن .. با لێبوردن تاقى بكەنەوە ، بزانین كامیان تاموچێژى زیاترە ، رق و كینە یان عیشق و خۆشەویستى ، تۆڵەسەندنەوە و ئاخ هەڵكێشان یان بەزەیى و بەخشندەیى و لێبووردن ؟ .
با بزانن لە چەند خولەكێكدا دەتوانن زامێك دروست بكەن كە بە چەندین ساڵ بۆیان ساڕێژ ناكرێتەوە.
با بزانن دەوڵەمەند ئەو كەسە نیە كە زۆرترین شتى هەبێت ، بەڵكو هەركەسێك كەمترین شتى پێویست بێت ، ئەوە لەهەموان دەوڵەمەندترە.. قەناعەتى زۆر گەورەترین سەرمایەیە ، چاوبرسى هەرگیز تێر نابێت و هەردەم چاوەرێیە ...
با بزانن دەكرێت دووكەس سەیری یەك دیمەن بكەن ، بەڵام بە دوو جۆرى جیاواز بیبینن....
لەنیوپەرخ ئاودا ، دوو جۆر دیمەن دەكرێت وێنا بكرێت : ئەڵمانەكان دەڵێن ئەو پەرداخە نیوەى پڕە لە ئاو ، نەمساییەكان دەڵێن ئەوە بۆ نیوەى بەتاڵە !؟
وەرگیراوە ، پاشان داڕێژراوەتەوە بە دەستكارییەوە...
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست