پاش 22 ساڵ بەرگەى دوومانگ تان نەگرت
Monday, 24/02/2014, 12:00
بەهۆى سیاسەتى هەڵەى (یەكێتى و پارتی)ە وە پاش 22 ساڵ لە حوكمڕانى نەیانتوانى بەرگەى دوومانگ لە دواكەوتنى موچە بگرن، ئەمە قسەى من نییە، بەڵكو قسەى سەرۆكى هەرێمى كوردستانە، ئەگەر ئەوە بڕوا و متمانەى سەرۆكى هەرێمەكەمان بێت بە ئیدارەى هەرێم و بانكە حكومیەكان، ئەى چى لە لێدوانەكەى (ڕەشید تاهر) جێگرى وەزیرى دارایى هەرێمى كوردستان بكەین، كە جەنابیان فەرمویان(ئەگەر هەرێمى كوردستان جیاببێتەوە پارەى پێویستمان دەبێت)، دەیانجار وتومە هەر لێدوانە دژ بەیەكەكانى بەرپرسانى هەرێمە كە خەڵكیان بێ متمانەكردووە، تا ئەو ڕاددەیەى كە ئیتر كەس باوەڕى بە لێدوان و مژدە و بەڵێن و ژمارە و داتاكانى بەرپرسانى هەرێمى كوردستان و نوێنەرەكانى بەغدامان نەماوە، ئاخر پێشینان وتویانە پارەى سپى بۆ ڕۆژى ڕەش ، نازانم ڕۆژ لەمە ڕەشتر دەبێت؟؟؟ بەڵام لەوانەیە پارەكەى ئەوان سپى نەبێت ، چونكە پارەى ڕەش بۆ ڕۆژى ڕەش نابێت.
سیاسەتە هەڵەكانى ئێمە هەمو كایەكانى ژیانى گرتۆتەوە و شۆڕ بۆتەوە بۆ نێو هەموو كونجو كەلەبەرەكانى ژیان، كاتی خۆى هەموو هێلكەكانمان خستە سەبەتەى وڵاتە یەكگرتووەكانى ئەمریكاوە، كەچى پاش ئەو هەموو ساڵە لە بەناو هاوو پەیمانى (كورد ئەمریكا) كەچى تازە بەتازە ڕێگە بە سەردانیكردنى ئەندامانى (یەكێتى و پارتى) نادەن بۆ ئەو وڵاتە، بەبەهانەى ئەوەى كە ئەو دوو پارتە هێشتا ناویان لە لیستى سێیەمى تیرۆرى ئەمریكادایە، دیسان لە هەڵەى سیاسەتى نەوتدا هەموو هێلكەكانمان خستە سەبەتەى توركیاوە، كەچى ئەوانیش لەم كاتە ناسك و هەستیارەى كە هەرێمى كوردستانى پێدا تێدە پەڕێت ئامادە نیین قەرزمان بدەنێ، تەنانەت لەو نەوتەى هەرێمى كوردستان كە لەو وڵاتەدا عەمباركراوە ئامادە نەبون ڕێژەى 17% ى بەشە بودجەى هەرێممان بدەنێ، یان ئامادە نەبون لە پارەى نەوتى عێراق پشكى هەرێمى كوردستان بدەن.
لە پاش چارەكە سەدەیەك لە ئیدارەى خۆبەڕێوەبەر كەچى ئەوە حاڵى سیاسەتى دەرەوە و دارایى و ناوخۆ و نەوت ى هەرێمەكەمانە ، با سیاسەتە هەڵەكانیتر ى كشتوكاڵ و بازرگانى و وەبەرهێنان و خوێندن و دادوەرى و تەندروستى لەولاوە بوەستن!!! باسى ئەوەش ناكەین كە پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر هەڵبژارنەكانى پەرلەمانى كوردستاندا كەچى هێشتا نەمانتوانیوە حكومەت دروست بكەین ،ئاخۆ كەس ئاسۆیەكى گەش بەدى دەكات و من نایبینم، ئیتر من بڵێم چى كە سەرۆكى هەرێمیش سەرى لێى دەرناچێت!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست