کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نانبڕین و دژه‌ گه‌نده‌ڵیی له ‌شه‌ری ساردی نێوان گۆران و یه‌کێتی

Friday, 11/09/2009, 12:00


دوای سه‌رهه‌لدانی لیستی گۆران و به‌ده‌ستهێنانی 25 کورسی ، هه‌ژانێکی سیاسی له‌ناو هاوکێشه‌ی سیاسی کوردستان هاتۆته‌ ‌ ئاراوه‌ ، به‌تایبه‌تی له‌ده‌ڤه‌ری ناوچه‌ی سه‌وز ، چونکه‌ یه‌کێتی وه‌ک پارتی نه‌یتوانی شکسته‌ سیاسیه‌ گه‌وره‌که‌ی ، به‌ته‌زویر بوه‌ستێنێ و جه‌ماوه‌ری یه‌کێتیش له‌روداوی ‌سیاسی و هه‌لوێست نواندندا به‌رده‌وام زیندو هوشیارتربوه‌ ‌ له‌چاو ئه‌ندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان ، چونکه‌ ئه‌وان زیاتر له‌و هاوکێشه‌ بیرکاریه‌ نزیکن (ڕێژه‌ی نه‌گۆر) ‌ 22 له‌سه‌ر 7 ، ئیتر چه‌ند 31ی ئاب و ملیاره‌ها دۆلاری خه‌لک بدزرێت و بنه‌ماڵه‌ بریارده‌ری داروبه‌رد بێت ، ئه‌وان ساڵانه‌ په‌یامی کۆیله‌بونی خۆیان دوباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ .
دوای ئه‌و گۆرانکاریه‌ سیاسیه‌ له‌هاوکێشه‌ی په‌رله‌مان ، یه‌کێتی له‌هه‌ولی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی سیاسی خۆیدایه‌ ، بۆیه‌ ئێستا شه‌ری سارد له‌ نێوان، گۆران و یه‌کێتی ، به‌گه‌رمی هاتۆته‌ ئاراوه‌ ، که‌ ململانێکان زۆر شێوه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ ، وه‌ک شه‌ری راگه‌یاندن ، بلاوکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌لیه‌کانی یه‌کتر له‌میدیاکان ، په‌نا بردن بۆ دادگا ،.....که‌سه‌رجه‌م ئه‌مانه کاری زۆر شارستانی و جوانی نێوان 2 رکابه‌ری سیاسی جیایه‌ . به‌لام ‌ ده‌رکردن و نان برین وگواستنه‌وه‌ی ئه‌و کادیره‌ حکومی وحزبیانه‌ی یه‌کێتی ، که‌ده‌نگیان به‌ لیستی کوردستانی نه‌داوه‌ ، درێژه‌ پێدانی 18 ساله‌ی سیاسه‌تی سه‌رکوته ، ‌ به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ گره‌کانیان.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر ده‌رکردنی کادیره‌ حزبیه‌کان ، به‌مافێکی ره‌وای ئه‌و حزبه‌ وه‌ک پڕه‌نسیبێکی حزبی ئه‌ژمار بکه‌ین ، به‌ڵام ناشکرێت هه‌لسه‌نگاندن بۆ بارودۆخه‌که‌و تایبه‌تمه‌ندی ڕه‌فتاره‌ی تاڵه‌بانی ئاماژه‌ پێ نه‌که‌ین ، که‌ به‌رده‌وام وه‌ک دیکتاتۆرێکی میانره‌و ، بێ پرس و راوه‌رگرتنی بنکه‌ حزبی وسه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی به‌ئاره‌زوی خۆی ره‌فتار ده‌کات ، به‌تایبه‌تی ‌ چه‌ند ساڵێکه‌ له‌گه‌ل پارتی به‌گشتی و بنه‌ماله‌ی بارزانی به‌تایبه‌تی ، ڕێکه‌وتنێکی نهێنی مۆرکردوه‌ وه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندام وهه‌وادارنی ده‌چه‌سپێنێ بێ ئه‌وه‌ی که‌سیان له‌ناوه‌رۆکه‌ راستیه‌که‌ی بزانن چی نوسراوه‌ ؟ ، ئه‌م لێک نزیکبونه‌وه‌ی تاله‌بانی له‌گه‌ل بنه‌ماله‌ی بارزانی ، له‌کاتێکدایه‌ که‌ 45 ساڵه‌ ، یه‌کێتی وجه‌لالیه‌ت ، ، خه‌‎ڵک به‌ دژایه‌تی کردنی بنه‌ماله‌ی بارزانی گۆش ده‌که‌ن و،به‌هه‌زاران کوڕه‌ هه‌ژاری ئه‌م گه‌له‌ی کرده‌ قوربانی ، که‌چی له‌دواین هه‌لبژاردنی بارزانی بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، تاله‌بانی وه‌ک به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندن هاوشێوه‌ی (محه‌مه‌د سعید سه‌حاف) ریکلامی بۆده‌کرد ، بێگومان خه‌لکانێک چه‌ندین ئازارو شه‌هیدو تاڵانی به‌ده‌ست پارتی چه‌شتبێت ، ئه‌وا ئه‌گه‌ر حزب خوێنه‌وار بێت ده‌بێت له‌و هاوکێشه‌یه‌ بزانێت ، که‌ یاخی له‌حزبه‌که‌ی ده‌ ست پێ ده‌کات ‌ .
ده‌رکردنی کادیرو کارمه‌ندی حکومیش له‌دام وده‌زگا سیاسیه‌کان ، به‌ره‌هایی پاساو هه‌لناگرێت ، جگه‌ له‌سه‌رکوتی حزبی و درێژه‌دان میتۆدی دیکتاتۆریانه‌ی یه‌کێتی ، که‌18 ساله‌ ، حکومه‌ت و داهاته‌که‌ی به‌ مۆلک و تاپۆی (حزب و تاله‌بانی) ده‌زانێت . ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تاله‌بانی ، ‌ له‌به‌غداوه‌ دور له‌کاری خۆی ، به‌ئاره‌زوی خۆی ‌ بودجه‌ی حزب ئالۆگۆر ده‌کات و 23 پارچه‌ زه‌وی ده‌داته‌ یاریکه‌ری عیراقی هاوار مه‌لا محه‌مه‌د !! ، هاوکات ناکرێت ئه‌وه‌ش نه‌لێێن ، که‌ ره‌فتاری نان بڕین و بێبه‌ش کردنی داهاتی گه‌ل دژ به‌ ده‌نگه‌ ناره‌زاکان ، خودی نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌شی زۆری هه‌ڤاله‌ سیاسیه‌کانیشی له‌18 سالی رابردو به‌رامبه‌ر ده‌نگه‌ ره‌خنه‌گره‌کانی ره‌فتاریان پێ کردوه‌ که‌چی ئه‌مڕۆ به‌رۆکی خۆیان ده‌گرێته‌وه‌ ،

خالێکی تری ئه‌م ململانێیه‌ ، لای زۆربه‌شمان ‌بۆته‌ جێگای پرسیار ، که‌ ئه‌وه‌ی سه‌یری کوردستانی نوێ ، به‌به‌راورد به‌ رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ بکات ، هه‌ست ده‌کات یه‌کێتی ده‌یه‌وێت چاکسازی بکات و دژی گه‌نده‌لێه‌ و رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ش ڕێگره‌ ، بۆیه‌ مافی خۆمانه‌ بلێین ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆران دژ به‌گه‌نده‌ڵیه‌و به‌ئاستی روخانی حکومه‌ت به‌لگه‌نامه‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌ی بۆچ به‌لگه‌کان بلاو ناکاته‌وه‌ وکه‌وتۆته‌ حاله‌تی پارێزگاری نه‌وه‌ک هێرش بردن ؟
ئه‌وه‌ی بۆ زۆرێکیشمان جێگای سه‌رنج بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاریزگاری سلێمانی سه‌ر به‌ گۆرانه‌ ، ئه‌وان گه‌نده‌لیه‌کانی بلاو نا‌که‌نه‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت شێوه‌ی دارشتنی هه‌واڵه‌کانیشیان به‌ئاراسته‌ی داکۆکی کردن ده‌به‌ن!؟ ، ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م وته‌و دروشمه‌کانیان ده‌خاته‌ گومانه‌وه‌ ، که‌راستگۆ نین له‌ دژایه‌تیکردنی گه‌نده‌ڵی ، وه‌ ئه‌گه‌ر درێژه‌ به‌و میتۆده‌ بده‌ن ئه‌وا جه‌ماوه‌ره‌ توره‌که‌ی ده‌سه‌لات نزیک به‌ کش مه‌لیک له‌وانیش ده‌کات . دیاره‌ ناشکرێت هه‌ست به‌وه‌ش نه‌که‌ین له‌ده‌ڤه‌ری حکومه‌تی سه‌وز ، له‌ناو ده‌یان سه‌رزله‌ گه‌نده‌ڵی یه‌کێتی ، خێره‌ به‌س دۆسیه‌ی پارێزگاری سلێمانی و قائمقامی هه‌له‌بجه‌ دێته‌ ئاراوه‌ ؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش کۆیله‌ی تاڵه‌بانی بونایه‌ ، تۆ بڵیی کوردستانی نوێ ئه‌و هاتو هاواره‌ی به‌سه‌ردا ده‌رده‌بڕین ؟ ئاخر به‌پێی وته‌ی سه‌رۆکی دیوانی چاودیری دارایی سلێمانی ، نزیک به‌ 2500 راپۆرتی گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌زاران گه‌نده‌ڵی و تاوانی به‌رپرسه‌ زله‌ سه‌وزه‌کان ، که‌له‌ڕۆژگاری ئه‌مڕۆ نهێنیه‌کان نازانرێت یان نزیک بونه‌وه‌ بڤه‌یه‌ ؟ ، لێره‌دا ‌ده‌لێن ، گه‌نده‌لێ نه‌به‌دروشمه‌ نه‌ به‌بژاردنێتی له‌و ژماره‌ی که‌خۆت دژێتی ؟ ئه‌وه‌ی دژ به‌گه‌نده‌ڵی بێت ده‌بێت گشتگیر بێت و یه‌که‌مین که‌س له‌ماله‌که‌ی خۆی ده‌ست پێ بکات ، به‌تایبه‌تی دزه‌ ملیارده‌ره‌کان به‌ره‌و دادگا راپێچ بکرێت ؟
له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ، نزیک به‌ 2 سال له‌مه‌وبه‌ر عومه‌ر فه‌تاح 18 ملیۆن دۆلار و 700 هه‌زرا دۆلاره‌ی هه‌ولێر گوته‌نی خیت کردوه‌ ، وه‌ دوای ئاشکرابونی له‌میدیای کوردی ، بلاو کردنه‌وه‌ی به‌به‌لگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ ، وه‌هه‌ولدان بۆ دادگایی کردنی عومه‌ر فه‌تاح و هوشیار سیوه‌یلی ،شه‌ونم محه‌مه‌د غه‌ریب ... که‌چی له‌بری ئه‌وه‌ی میدیای یه‌کێتی به‌تایبه‌تی (کوردستانی نوێ) هاوشێوه‌ی (دانای ئه‌حمه‌د مه‌جید) بیکاته‌ هه‌ڵا و گه‌نده‌لیه‌کانیمان پێ بناسێنێت ، تاهه‌ست بکه‌ین ، له‌گه‌ل ئه‌و دروشمانه‌ی ده‌ریده‌بڕن، ڕاسگۆن ، که‌چی گۆێیان که‌ڕه‌و چاویان کوێره‌ ؟ ، وه‌ پاکانه‌ نامه‌که‌ی تاله‌بانیش به‌ره‌نگێکی تۆخ بلاوده‌که‌نه‌وه‌ ، که‌گوایه‌ سوکایه‌تی به‌ هه‌ڤال عومه‌ر فه‌تاح کراوه‌ !؟
لێره‌دا پرسیارێک دێته‌ پێشه‌وه‌ ، تاله‌بانی به‌ چ هۆکارێکه‌وه‌ ، دێته‌ سه‌ر خه‌ت و به‌یانامه‌یه‌ک به‌ناوی سکرتاریه‌ته‌که‌ی ده‌رده‌کات و پاساو بۆ ئه‌و گه‌نده‌لیه‌ گه‌وره‌ی عومه‌ر فه‌تاح و بنه‌ماله‌که‌ی خۆی ده‌هێنێته‌وه‌ ؟ شاهیده‌ پرسی پێ کراوه‌ یان دادگا و پارێزه‌رێتی ؟ تاله‌بانی کاتێک دانای ئه‌حمه‌د مه‌جید هانای بۆ ده‌بات له‌و دادگایه‌ی تێی که‌وتوه‌ ڕزگاری بکات ، پێی ده‌ڵێت ، بڕۆ دادگا و بێ تاوانی خۆت بسه‌لمێنه ‌بۆخۆت شانازیه‌ ، ئه‌ی بۆ به‌هه‌مان ئاواز ، گۆرانیه‌کی واش بۆ کوره‌ گه‌وره‌که‌ی (عومه‌ر فه‌تاح) لێ نادات، تاهه‌ستی پێ بکه‌ین راستگۆیه‌ له‌دادگایی کردنی گه‌نده‌لان وڕیزگرتنی له‌سه‌روه‌ری یاسا ؟

تۆ بلێێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵای راگه‌یاندن و ململانێی له‌گه‌ل گۆران نه‌بوایه‌ ، چۆن له‌ 2006/11/26 پاره‌که‌ ئاودیو کراوه‌ تازه‌ په‌یمانی هێنانه‌وه‌ی ده‌ده‌ن !؟ تۆ بلێی چه‌ند تاوان و دزی گه‌وره‌ی هاوشیوه له‌ (گه‌وره‌تر و بچوکتر) ئه‌نجام دراوه‌ ، که‌ له‌رۆژگاری ئه‌مڕۆ نهێنیه‌ ملیۆنه‌ دۆلاره‌کان ئاشکرا نابێت ؟
ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نازانم تاله‌بانی چۆن شه‌رم نایگرێت ‌، که‌ گوێچکه‌مانی پڕکردوه‌ له‌ سه‌روه‌ری یاسا ، که‌چی ده‌یان جاره‌ دێته‌ سه‌رخه‌ت بۆ تاوانباران ، که‌ئه‌گه‌ر چه‌ند سالێک له‌مه‌وبه‌ر به‌فریشته‌ بونی خه‌زره‌جی له‌ ناپاکانه‌ نامه‌که‌ی بۆ دادگای دانیمارک نارد و خودی سولتان هاشمی گه‌وره‌ جه‌لادی ئه‌نفال (‌که‌کچێکی له‌خۆشه‌ویستی تاوانی ئه‌نفال ناو ناوه‌ ئه‌نفال) به‌ ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ی سوپای عیراق وه‌سف کردو ، دارێژه‌ری بیری ئه‌نفال (وه‌فیق سامه‌رائی) به‌ده‌نگی قوربانی ئه‌و جه‌لاده‌ کرده‌ راوێژکاری خۆی ، ئه‌وا ئه‌مڕۆش بۆته‌ پارێزه‌ری یه‌کێک له‌گه‌نده‌ڵه‌ گه‌وره‌کانی کورد .
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌بڵیین ، ره‌نگ بێت ئه‌و شه‌ره‌ سارده‌ی نێوان (گۆران و یه‌کێتی) له‌ سه‌فقه‌یه‌کی سیاسی بێده‌نگ بکرێت ، یان ململانێکان له‌ئاستێکا بوه‌ستێنن . ، به‌لام ئاسته‌مه‌ له‌مه‌ودوا ، هوشیاری و ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌لک کپ بکرێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نه‌شڵێین زوو یان دره‌نگ وه‌ک هه‌لدانه‌وه‌ی سه‌ره‌ مه‌نجه‌له‌ گه‌نده‌لیه‌که‌ی (گۆرباتشۆف و پێرۆسترۆکاکه‌ی) ئالۆگۆڕیکی رێشه‌یی نا‌هێنێته‌ ئاراوه‌ که‌ دزه‌ گه‌وره‌کانیش له‌رسوا بونه‌وه‌ به‌ره‌و دادگایی ببات ، له‌یادمان نه‌چێت هه‌مو شته‌ سه‌ره‌تایه‌کان ، به‌ ناڕێکی و ناکامڵی سه‌رهه‌ڵده‌دات ، دوایی ڕێچکه‌ی سروشتی خۆی ده‌گرێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە