مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ که‌سایه‌تیی جاش

Wednesday, 19/12/2012, 12:00


ساڵی ١٩٨٤ لەکاتی گفتوگۆی نێوان یەکێتی و ڕژێمی بەعس، جاشایەتی گەیشتە لوتکە و دەیان فەوجی سوک کرانەوە. کۆمەڵێک تازە جاش بەسواری شوفرلێتێکەوە دەگەنە بازگەکەی کۆیە، لە بازگەکە لێیان دەپرسن کە ئەوان سەر بەکێن. یەکێکیکان کە نازانێت بە عەرەبی به‌ جاش ده‌ڵێین چی ده‌ڵێت: "انی حمار سغیر مال قاسم اغا".

کاتێک کەباس لە دادگایی جاشەکان دەکەین، بێ سێ و دوو باس دێتە سەر لێبوردنە گشتیەکەی بەرەی کوردستانی ساڵی ١٩٩١.
گریمان ئەو لێبوردنە گشتیە وەک خۆیان دەڵێن، بۆ کاتی خۆی باش بوو، ڕیگری کرد لە کوشتن و گیانی تۆڵەسەندنەوە، هێندێکیش زیاد لەوە دەڕۆن و دەڵین، گەر جاشەکان نەبوونایە، ڕاپەڕین سەکەروتنی بەدەست نەدەهێنا، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، منیش دەڵێم، بە حوکمی ئەوەی من ئەوسا لە کوردستان بووم و خۆشم هەم بەشدار بوویەکی ڕاپەڕین و سەرپەرشتی ئۆردوگای جەدیدەی هەولێریشم کرد، هەرگیز وانیە، ڕاستە جاشەکان بەشداریان کرد، ڕۆڵیشیان هەبوو، بەڵام ئەوانیش نە بوونایە، ئەم ڕاپەڕینە هەمان ئەنجامی دەبوو، بۆ سەلماندی قسەکانم، لەخوارووی عێراق ، جاشیش نەبوو، خەڵک و سوپا لەچەند ڕۆژێکدا بەعسیان تەفرو تونا کرد! هەر بۆ نموونە: لە کۆیە قاسم ئاغا تا توانی بەرگری کرد، پاشانیش بینیمان چۆن کۆیە ئازاد کراو قاسم ئاغا ڕای کرد بۆ هەولێر...کاتێکیش هەولێر ئازاد کرا. سەرانی بەرەی کوردستان دەیانویست بەرگری لە قاسم ئاغا بکەن، بەڵام لەبەر خەڵک نەیانتوانی ،لەوکاتەدا قاسم ئاغا لەماڵیک خۆی شاردبۆوە بە ئاگاداری سەرانی بەرە بەتایبەت پارتی ، سەرانی بەرە تەنانەت ڕێزیان لە بڕیارو لێبوردنەکەی خۆشیان نەگرت، چونکە ئەو لێبوردنە گوایە بۆ ئەو جاشانە بوو، کە دێنە ڕیزی خەڵک و بەشداری ڕاپەڕین دەکەن!
لێبوردنەکەی بەرەی کوردستانی ئەوسا،هەم لە ڕووی سیاسیەوە هەم لەڕوی یاسایشەوە ناتەواوە!
لە ڕووی سیاسیەوە، بەرەی کوردستانی ئەوسا کە پێکهاتبوون لە چەند حیزب و حیزبۆکەیەک و دوای دەیان شەڕی خوێناوی و خۆ کوژی و کورد کوژی شاخ، لەسەر دەستی جمهوری ئیسلامی ئێران ویاخود ڕوونتر بڵێن شەقی زەمانە کۆی کردنەوەو گوایە سەرپەرشتی ڕاپەڕین دەکەن،بەرە هەڵبژیراوی خەڵکی کوردستان نەبوون تا لە جیاتی کۆمەڵانی خەڵک بڕیاری لیبوردنی ئەوا جاشانە بدەن، کەهەم دەستیان سور بوو بە خوێنی پێشمەرگەو هەم بەشداری مەرگەساتی ئەنفالیان کرد بوو..
گریمان ئەوەشمان وەک ئەمری واقیع قبوڵ بێت، بەڵام جارێکی تر لەرووی یاساییەوە کاتێک کەسێک یان لایەنێکی تاوانێک ئەنجام دەدات..
حەقیگشتی و حەقی کەسی دەیگرێتەوە، گریمان لێبوردنەکەی بەرە لەجاشەکان وەک حەقی گشتی خۆشبێت، بەڵام حەقی کەسی دەگەڕیتەوە بۆ کەسوکار ئەم قوربانی و شەهیدانە، کەهیچ ڕیساو یاسایەک ناتوانێت ئەم حەقە لەکەس زەوت بکات!
بۆیەو دەکراو، ئێستاش دەکرێت ئەم جاش و ئەنفالچیانە دادگایی بکرێن، بەڵام بەجێ ئەوەو ڕێک بە پێجەوانەوە جاشەکان داڵدە دران و موچەو دیوخانانەو پاسەوانیان بۆ دانراوە، کە ئەمە پێچەوانەی هەرچی عورف و عاداتی ئەم دونایەیە.
لەکاتی دووبارە بوونەوەی شەڕی ناوخۆو جارێکی تر لە نەوەدەکانی سەدی ڕابوردوو، هەر ئەم جاشانە بوونەوە ئاگر خۆشکەری ئەم شەڕە نەگریسەو بەوەشەوە نەوەستان، هەندێکیان دوای کەمتر لەساڵێک پەیوندیان کردەوە بە ڕژێمی بەعسەوەو تەنانەت، سەنگەری ئەم حیزب و لایەنیان بەفیتی بەعس گۆڕیوە، ئەم بەڵگە نامەیەش لەبەردەستدایە، کەکاتی خۆی لەساڵی 2003کەوتە دەست کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەوایە جارێکی تر سەرانی کورد، لەبەرامبەر برگەیەکی تری لێبوردنەکەی خۆیان ڕاستگۆ نەبوون ، کەدەڵێت، لەجاشەکان خۆش دەبین، بەمەرجێک ئەم ناپاکیە دوبارە نەکەنەوە، من دڵیام سبەی هەل و مەرجێکی تر بێتە ئاراوە سێ بارەشی دەکەنەوە!
بۆ دادگایی کردنی جاش و بەکریگیراوی ناوخۆ، دوو نموونەی زیندوومان لەبەردەست دایە:
یەکەم: تاقی کردنەوەی شۆڕشی جەزایر، لەکاتی سەرکەوتنی شۆڕش داو تێک شکانی سوپای داگیرکەری فەڕەنسای ئەوسا، خەڵکی جەزایر بۆ تۆڵە سەندنەوە لەو جاش و بەکرێگیراوەنەی کەهاوکاری سوپای فەرەنسایان کرد بوو، ووتیان دەبێت سوپای فەڕەنسا ئەم جاشانە لەگەڵ خۆی بەرێت، خەڵکی جەزایر ئامادە نەبوون ئەم جاشانە ئاو هەوای ئەم نیشتیمانەش هەڵمژن کە ناپاکیان بەرامبەر کردووە، من لەو ماوەیەی ڕابوردوو لە فلێمێکی دیکۆمێنتی کەناڵی جەزیرە بە چاوی خۆم دیتم چۆن بەکرێگیراوە ناوخۆکان بە سواری کەشتی بەرەو کەنارەکانی فەڕەنسا بەڕیکەوتن، لە فەڕەنساش خەڵک بەچاوێکی سوکەوە سەیریان دەکردن و پێیان دەوتن کە ئەوانە ناپاکیان لە گەل و نیشتمانی خۆیان کردووە، تەنانەت خاوەن کارگەکانیش کاریان پێ نەدەدەان، بۆیە ناچار حکومەتی ئەوسای فەڕەنسا بڕیارێکی بۆ ئەو خاون کارگانە دەرکرد کە لەسەدا پەنجای باج لێیان خۆش دەبێت، هەر خاوەن کارێک کار بەم جاشانە بدات.
کەواتە خەڵکی جەزایر جاش و جاشایەتیان دادگایی کرد، بۆیە بەڵنیایەوە لەهەر هەل و مەرجێکدا ئەمە دوبارە نابێتەوە! ڕێک بە پێچەوانەی کوردستانەوە..
دووەم: تاقی کردنەوی شۆڕش و خەڵکی ڤێتنام، لەوێش بەهەمان شێوەی جەزایر دوای تێکشکانی سوپای ئەمریکاو سەکەوتنی شۆڕش. خەڵکی ڤێتنمام دادگایی جاش و بەکرێگیراوەکانیان کردو. تا گەیشتە تۆڵەی کوشتن و دادگایی کردنیان، تەنانەت سزاکەیان ئەوەندە توند بوو، نەوەکانیشیان باجی هەڵەی باب و باپیرەیان دا. هەرچەندە من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ ئەوە دانیم هیچ کەس باجی هەڵەی کەسوکار و باوک و براکانی بدا، بەڵام دەکرێت، کەسوکارەکەشیان لەو تێبگەن ، کەباوک براکانیان تاوانیان دەرحەق بەخەڵک ئەنجام داوە! کەئەمە قسەو باسێکی زۆرتر هەڵدەگرێت.
بە کوردی و بەکورتی لەکوردستان هیچ لەمانە نەکراوەو، بەڵکو بەپێچەوانەشەوە، هیچ نرخێک بۆ موعانات و هەستی کەسوکاری قوربانیان دانەنراوە، بەلام هەمیشە دەسەڵات دەبێتە پاریزەری ئەنفالچیەکان و نەوەکانیان ..
دەکرێت لەسەر دادگایی نەکردنی جاشەکان و جاشایەتی زۆر قسەو باسی تر بکەین، بۆ نموونە لە دادگای باڵای تاونەکانی بەغدا، بەشێک لە بەعسیەکان دادگایی کران، بەڵام نەمانتوانی بەعس وەک بیروباوەڕ یاخود بەعسیزم دادگایی بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە