کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خۆپیشاندان دژ به‌ ئێران و توورک دژی هاوپه‌یمانی ئیستراتیجییانه‌..!!!

Tuesday, 08/06/2010, 12:00


هه‌ر بۆیه‌ یه‌کێتی له‌ سلێمانی ڕێگه‌ نادات دژ به‌ ئێران خۆپیشاندان بکرێت ، هیچ به‌ دووری نازانم هه‌مان داوا له‌ هه‌ولێر ڕه‌تده‌کرایه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر ئه‌م جۆره‌ چالاکیانه‌ هه‌ر بڤه بووه‌‌.
من زۆرجار له‌خۆم ده‌پرسم ئه‌بێت له‌م‌ جیهانه‌ مه‌زنه‌ی ئێمه‌ی تێداین نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌بێت ،وه‌ک کورد ،خاوه‌نی ئه‌م جۆره‌ حیزبه‌ نیشتیمانی و دیمۆکرات و ئازادیخواز و سۆشیالیست و مافخواز و ئیماندارانه‌ بێت ، به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆکیاندا بوخچه‌یه‌ک نا نیشتیمانی و ناکانیتر ...تێیاندا بووبێت به‌ خواست و ئامانجی ئیستراتیجیان. وه‌ به‌ تایبه‌تی جاسووسی چه‌که‌کانیان له‌سه‌ر سنگی ڕۆڵه‌کانیان بێت (وه‌ک ئه‌وه‌ی دوێنێی سه‌رده‌شت و پێرێی سۆران و به‌سرپێرێ به‌کر عه‌لی .... ڕویدا).
هه‌ر‌ زۆر ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌زه‌لیمان هه‌یه‌ ، وا ده‌زانن هه‌ر‌خۆیان هه‌ن ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ نابیناو که‌ڕ ده‌زانن . له‌و ڕۆژه‌ی نیشتیمانی ئێمه‌ (بۆیه‌ ئێمه‌ چونکه‌ یه‌کێتی خۆی به‌ خاوه‌نی نیشتیمان نازانێت) نیشتیمان تۆباران ده‌کرێت و بنکه‌ی سه‌ربازی لێداده‌نرێت له‌ لایه‌ن هێزێکی ده‌ره‌کی ، یه‌کێتی ڕێگه‌ نادات خه‌ڵکی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی شاریهه‌ڵمه‌ت و قوربانی خۆپیشاندان بکه‌ن دژی داگیرکه‌رێکی سه‌رسه‌ختی وه‌ک ئێران ، دوو هه‌فته‌ به‌ر له ‌ئه‌مڕۆ، له‌و ڕۆژه‌ی پێنج لاوی ڕۆژهه‌ڵات له‌ سێداره‌ی جه‌مهوری ئیسلامی دران، کۆمه‌ڵێک لاوی زرنگ و خاوه‌ن هه‌ست و شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی له‌ سلێمانی خۆپیشاندانێکیان له‌ به‌رده‌م سه‌رای شاردا ڕێکخست دوور له‌ هه‌موو تووندوتیژییه‌ک ، به‌ڵام ئاسایش وه‌ک ئاسایشی جه‌مهوری ئیسلامی بێت پێنج چالاکوانی ئه‌و خۆپیشاندانی گرت بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک ، له‌وانه‌ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس کاک نزار محه‌مه‌د, سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هاوبیر.
له‌ ڕۆژی داگیرکردنی به‌شێک له‌ نیشتیمانه‌که‌مان و تۆبرانکردنی و سووتاندنی ده‌غڵ وباخوباخاتی و شه‌هیدکردنی ڕۆڵه‌کانی ،له‌ هه‌ولێر سه‌رۆکی په‌رله‌مان (په‌رله‌مانی هه‌تیوو بێ نیشتیمان) ، ئاهه‌نگی یادی خومه‌ینی ده‌گێرن ، وه‌ هه‌موو به‌رزه‌ پیاوانی ده‌سه‌ڵات و حیزب و نوێنه‌ری قوڵسونگه‌ری له‌ پایته‌ختی (بێ نیشتیمان) کۆده‌بنه‌وه‌ بۆ پیرۆزکردنی. وه‌ره‌ له‌م باروودۆخه‌دا که‌ خاکی نیشتیمان گریگرتووه،‌ بوونی په‌ڕله‌مان و بڕیاری پیاوه‌ به‌رزه‌کانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌یان هه‌ڵسه‌نگێنه‌ ، که‌هیچیان پێ نییه‌ (له‌ بێهه‌ڵوێستی به‌ولاوه‌).
له‌کاتی تۆبارانه‌کانی توورکیا و هێرشی فرۆکه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی، سه‌رۆکی هه‌رێم چوو بۆ توورکیا وه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ فه‌رمی ڕاگه‌یه‌نرا و ئیجازه‌ی وه‌رگرت(له‌ هه‌موو عوورف و عاده‌تی دراوسێتی دوو ووڵات یان زیاتر ، وه ‌له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌کان ، تۆبارانکردن جۆرێکه‌ له‌ شه‌ری نێوان دوو ووڵات که‌ ناڕاسته‌وخۆ ڕاگه‌یه‌نراوه‌) ، به‌ هه‌رحاڵ ئه‌مه‌ش لای ئه‌م سالارحیزبانه‌ ، گونجاوه‌ و ڕێپێدراوه‌ بۆ هه‌ر تاوان و ناپاکییه‌ک که‌ بیکه‌ن،به‌ڵام گه‌ر قه‌ڵه‌مه‌ سه‌ربه‌رزه‌کان یه‌ک ووتار بنوسێت مامه‌حه‌مه‌ی تێدانه‌بێت بۆ ده‌سه‌ڵات ، ئه‌وکاته‌ ئێمه‌و مانان ‌ نیشتیمان فرۆش و به‌کرێگیراوین و خزمه‌تی پلان و ئه‌جێندای سازکراوی ده‌ره‌کی ده‌که‌ین .
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆک کرا به‌ خێزانێکی عێراقی و ئاڵای کوردوستان که‌ له‌ پێشه‌وای نه‌مر وه‌ریانگرتووه‌ ، ڕێگه‌ی پێنه‌درا دابنێرێت ، شه‌قامی کوردی فزه‌ی لێوه‌ نه‌هات ، ته‌نانه‌ت ، هه‌موو شکستییه‌کانیان به‌ سه‌رکه‌وتن دایه‌ قه‌ڵه‌م. وه‌ هه‌موو میدیاکانی ده‌سه‌ڵات به‌و هه‌موو که‌ڵه‌ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و ڕووناکبیر ،که‌ هیچیان تاکه‌ گرامێک هه‌ڵوێستیان نه‌بوو ، یه‌ک ووشه‌یان ده‌رباره‌ی ئه‌م نوشوستیانه‌وه‌ لێنه‌بیستراو و نه‌شنووسرا.
هه‌موو قسه‌و قسه‌ڵۆکه‌کان له‌ سه‌ر ته‌فروتوونا کردنی بنکه‌کانی پارتی کرێکارانی کوردوستان و ته‌سلیمکردنی بۆرییه‌ نه‌وتییه‌کان بوو به‌ توورک ، نه‌ک ئه‌و بنکه‌ سه‌بازیانه‌ی توورکیا دایناوه‌ له‌ مێژه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی ئێران ئێستا خه‌ریکی دانانێتی.
په‌رله‌مان دوایی پێنج ساڵ له‌ تۆبارانی ئێران و هه‌ژده‌ساڵ له‌ دا‌گیرکردنی توورک و له‌ تۆبارانی ، تازه‌ ده‌ڵێت ڕۆژی سێشه‌مه‌ کۆده‌بینه‌وه‌ ، خۆش نوێنه‌ری خواست و ئاواته‌کانی کورد و کوردوستان ، وه‌رن ئه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵتان بژاردن، تا که‌ی بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن . ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌وه‌ی لای بوونی نه‌بێت ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌ (من لێره‌ ده‌پرسم لێیان ته‌نها بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ده‌نگی ئازا و نه‌ترس خه‌ته‌ریاته‌ بۆ سه‌ریان ، ئه‌و هه‌موو سه‌روه‌ته‌ی ڕۆژانه‌ خه‌رج ده‌کرێت بۆ چه‌کداره‌کانیان بۆ ڕۆژێکی وا نه‌بێت بۆچی باشه‌ ، ئایا ڕۆژ له‌مه‌ ڕه‌شتر و نائارامتر بۆ کورد دێته‌ پێشه‌وه‌). جا گه‌ر میلله‌یێک به‌ خواستی تاکه‌ که‌سی و مه‌زاجی حیزب ببڕێت به‌ ڕێوه‌ ئه‌بێت چاره‌نووسی و شه‌خسییه‌تی بگاته‌ کام ئاست و چ شانازییه‌ک به‌ بوونیه‌وه‌ بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە