کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو حیزبانەى دوێنێ بۆكوردستان تێدەكۆشان, ئەمڕۆ كاولی دەكەن

Wednesday, 25/03/2009, 12:00


بەهۆى سیاسەتى چەواشەكارى و دەسەڵاتخوازى سیاسییەكانى ئێمەوەلە ماوەى هەژدە ساڵى ڕابردواد و بەهۆى دوبارەكردنەوەى چەندین هەڵەى سیاسى و ئیدارى پارتى و یەكێتیەوە , كاردانەوەیەكى نێگەتیڤى لاى مرۆڤى كوردى دروستكردو گیانى نیشتمان پەروەرییانى بەرەو هەڵدێربرد و نەمانى ئەوڕۆحیەتەش هۆكارێك بو خاوبونەوەى قوربانى دان لەپێناوى نیشتماندا و لەبرى نەتەوەیەك بۆقوربانى دان تەنها چەند كەسێك ئامادەبون لەپێناو نیشتمان بمرن ؟ چونكەكوردستان لەماڵى میللەتەوە بووەماڵى حیزب و ئێستاش (حیزب) خاوەنى یەكەمى نیشتمانە ؟! ئەوە نەك لەبەرئەوەى كەخەڵكى كوردستان هەر لە ئەزەلەوە هەستى نیشتمان پەروەرى لەڕۆحیاندانەبوەو بێباكانە لەسەر خاكەكەى ژیاون , بەڵكوئەو خەڵكەى كەهەمیشە قوربانى دەستى سیاسەتە چەوتەكانى حیزبى كوردى بوون لەدواى ڕاپەڕین و شەڕى نەگریسى ناوخۆوە , بەوەیان دەزانى كە كوردستانى ئەوان بوەتە نیشتمانى حیزبەكان و نیشتمانى گەندەڵكاران كوردستانى پڕلــەناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و سایسى و دیوەخانى بازرگانەكانى شەڕو چەتەو لەیاسا گەورەترەكان و... تد .
لاوازبونى هەستى نیشتمان پەروەرى لاى خەڵك , نوقسان بونى خەیاڵى نەتەوەیە و نەتەوەش بەرپرسیارى یەكەمى ناهۆشیاریەكانى خۆیەتى و تموحاتە نامۆراڵیەكانى دەسەڵاتى كوردیش هەمیشە هۆكارى نـائامادەگەى ئەوخەیاڵەبووەو هەرگیز نەهێشتوە بۆتەنها جارێكیش بەرژەوەندییەباڵاكانى میللەت بخاتە پێش بەرژەوەندیە بچوكەكانى خۆیەوە .
هەستى نیشتمان پەروەرى بەرلەڕاپەڕین وپێش شەڕى ناوخۆ مانایەكى گەورەى هەبو , بەڵام لەدواى ڕاپەڕین و گەمەى ناو سەنگەرەكانى شەڕى حیزبەكان و بەپرۆژەكردنى گەندەڵى و بچوككردنەوەى (یاسا) لەبەردەم بـەرپرسەگرگنەكاندا مانایەكى ترى بەخشیە ئەو هەستەو شوناسێكى ترى بۆدیارى كرد ؟ چونكە لەوەى یەكەمیاندا (كوردستان) بەدەستى سیاسەتى عارەبە شۆڤینزمەكانەوە ئەتك ئەكراو بەناوى پارستنى سەروەرى عێراقى عروبەو بەكافر ئەژماركردنمان هەزارانیان لێى ئەنفال كردین و بەناوى دەستێكەڵاوكردنمان لەگەڵ بیگانەدا شارەكانیان كیمیابارن دەكردین و بەناوى لەخۆگرتن و خزمەتكردنى (تێكدەرەكان) بە پێناسەى خۆیان , گوندەكانیان دەسوتاندین و شەرەف و موقدەساتەكانمانى ئیغتیساب دەكرد !!
بەڵام لەمەى دوهەمیاندا (كوردستان) بەدەستى ئەو كەس و تاقمانەوە كاول دەكرا كە پێشتر ئامادەبون لەپێناوەیدا بمرن ؟! بەرلە ڕاپەڕین سیاسەتەدوژمونكاریەكانى بەعس و هەوڵەنەزۆكەكانى بۆ قركردنى تەواوى خەڵكى كوردستان , چەكى بەرگرى كردنى پێهەڵدەگرتین و دەچوینە چیاكان بۆ پاراستنى شەرەف و پیرۆزییەكانمان , بەڵام لەدواى ڕاپەڕین سیاسەتى حیزبى كوردى و پەروەردەناتەندروستەكانى حیزبى كوردى وتموحاتە نائـەخلاقییەكانى دەسەڵاتى كوردى ناهۆشیارى سیاسى و مەعریفەى میللەتیان ئیستیغلال كردو فێرى دوبارە چەك پێهەڵگرتنەوەى كردینەوە , بەڵام ئەمجارەیان بۆگیانى خۆمان وبۆ سوتاندنى (هەولێرو سلێمانى) شارەكانى ترى كوردستان.
ئەگەر بەهێزبونى گیانى نیشتمان پەروەرى و پچێەوانەكەى لەو دووقۆناغەى دا كەباسكران و بەوشێوەیە خۆى بەرجەستەكردبێت كەچەند ئاماژەیەكى كورتى پێدرا , ئەوادەبێت ئەوڕۆحییەتە تۆراوەى (نیشتمان پەروەرى) لەم قۆناغەدا لاى مرۆڤى كوردى چۆن بێت كە قۆناغێكى تەواو جیاوازە لە هەردو سەردەمەكەى پێشخۆى ؟ دیارە جیاوازبونى ئەم قۆناغەش بەماناى ئەوەنا كە پارتى و یەكێتى وازیان لە (عەنتەریات) ى خۆیان هێنابێت و بەتەواوەتى تێكەڵاوى خەڵك بونەتەوە و پەیوەندەى یەكى تەندروستیان لەتەك تەواوى كۆمەڵگاى كوردیدا دروستكردو وەتەوە , بەڵكو جیاوازى ئەم قۆناغە بۆمیللەت لەوەدایە كە هۆشیاریى یەكى سیاسیانەى هەیە و لە تەواوى گەمەكانى دەسەڵاتى كوردى بەئاگاهاتووەتەوە و بەئاسانى مژدەو گوتارە سۆز ئامێزەكانى دەسەڵات فریویان نادات .
نەتەوەى كورد لەباشورى كوردستان دواى ئەو هەمو ماڵوێرانیەى كە لە ئەنجامى جەنگەكاندا بەسەرى هات و دواى وەدەستخستنى هۆشیارى سیاسى و كولتورى لەسەر گۆڕانكاریە خێرایەكان لە ناوخۆ و بەئاگابونى لە پێشهاتە سیاسیەكانى ناوچەی و نێودەڵەتى , لەهەوڵى ئەوەدایە كە لەڕێگەى گۆڕینى ڕەنگەكانەوە لە هەڵبژاردن و هاتنەدەرەوەى تاكەكانى لەناوكایەجیاجیاكانى حیزب و سزادانى حیزبەكانەوە , جارێكى تر نیشتمان پڕبكاتەوە لە ئەخلاق و خەیاڵ و ئەقڵیەتى سیاسیانەى تەندروست .
ئێستا نیشتمان لەنێوان حیزب و نەتەوەدا لەبازنەى ململانیدایەو حیزب دەیەوێت بۆهەمیشە كوردستان بۆخۆى بێت , كە دەسەڵاتى كوردى تائەم ساتەش نایەوێت لەنێوان خۆى و خەڵكدا پەیوەندیى یەكى مۆراڵى و سیاسانەى دورلە فریو دان دروستبكات و بۆ هەربڕیارێك میللەت بكاتە تاكە مەرجەعى بڕیاردانى , تەنها ئەوكاتانە نەبێت كە دەكەونە هەڵەى سیاسى و بۆڕاستكردنەوەى هەڵەكانیان پەنادەبەنەبەر سۆزى میللەت و دەخوازن لە نێوان شەڕى بەرژەوەندى ناو باڵەجیاجیاكانى ناوخۆیاندا سەرلەنوێ گیانى شۆڕشگێرى بەرەو پوكانەوە ببەن و مودیلێك بەناوى (تڕۆكردن) ەوە , وەك گەمەیەكى ترى بێتامى حیزبى ئاوێزانى شەقامى سیاسى كوردیى بكەن و ئەدەنگەدەنگە نوساوەیش كە دەیەوێت لەناو بازنە داخراوەكانى حیزبدا شتێك بڵێت كە حیزب ناوى لێناوە (بڤە) بخنكێنن و بەشێوەیەكى تر مەوداكانى ئازادى بەرتەسك بكەنەوە , بەڵام میللەت دەیەوێت ( نیشتمان) بەتەواوەتى لەحیزبەكان وەربگرێتەوەو حیبزبەكان بكاتەوە بەحیزبى نیشتمانى و نەتەوایەتى تەواوى پانتایى كوردستان پاكبكاتەوە لە خیانەتكردن و گەندەڵى و نــا عەدالەتى كۆمەڵایەتى و سیاسى و كولتورى و فەرهەنگى و ...تد, سەرەڕاى فریاد ڕەسى میللەت , هێشتا حیزبەگەورەكانى كوردستان دەیانەوێت هەستى نیشتیمان پەروەرى وگیانى شۆڕشگیڕى تاك بەتاكى كوردى تەنها لەنێو دێرەشیعرەكاندابێت و بەمیكیاژكردنى دۆڕاندنەكانیان بە دەسكەوتى نەتەوایتى سەرلەنوێ میللەت فریوبدەنەوە !؟ بەڵام میللەت دەیەوەێت شەقامى سیاسى و ئەخلاقیمان پڕبێت لە ڕاستگۆیى و پێكەوە ئامادەبین بۆ قوربانى دان لەپێناوى پاراستنى ئەو دەسكەوتانەى كە بەخوێنى ڕۆڵەكانى بەدى هاتو وەو ئیستا حیزبەكان موزایەدەى پێوەدكەن .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە