بۆ كاك ئۆمێد محەمەد،لە سەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بۆچوونى تایبەت و ژیانى تایبەتم هەیە
Friday, 15/10/2010, 12:00
بە دیاردەیەكى سرووشتى دەبینم،كاتێك كەسێك بۆچوونی نووسینێكى منى بە دڵ نەبێت و وەڵامم بداتەوە،بە مافى خۆشمى دەزانم داكۆكى لە بۆچوونەكەى خۆم بگەم و وەڵامى بدەمەوە.گفتووگۆ و ململانێى لە نێوان تاك و پێكهاتەكاندا، یەك لە هۆكارەكانى پێشكەوتنى هزرى تاك و كۆمەڵە،پێشكەوتنى هزرى تاك و كۆمەڵیش زۆرێك لە كێشەكانمان بۆ چارەسەردەكات.بەهۆى پێشكەوتنى تەكنۆڵۆجیاى نووسین و پێوەندیكردنەوە،بە هۆى دەركەوتنى چەندان نووسەر و رۆژنامەنوسى بوێرەوە،ماوەیەكە لە هەرێمى كوردستاندا گفتووگۆى چڕوپڕ و ململانێى لە سەر دیدو بۆچوونى جیاواز دەستى پَێكردووە،رەخنەكردنى دەسەڵات لە لایەن كەسانى ئۆپۆزسیۆنەوە،وەڵامدانەوەى دەسەڵاتداران بۆ رەخنەگرەكانیان بۆتە دیاردەیەكى رۆژنامەوانى و رۆشنبیرى.
لە ماوەى رابوردوودا لە سایتى كوردستانپۆستدا دوو وتارم نوسى،هەردوو وتارەكە داكۆكى بوو لە سەر چەند برادەرێكم،ئەو كەسانە برادەرى كۆمەڵایەتیم بوون نەك برادەرى سیاسی،شتى سەیر ئەوەبوو هەر كە ئەو برادەرانەم پۆستیان وەرگرت، پێش ئەوەى دەست بە كاربكەن هێرشیان كرایە سەر،هەندێك لە هێرشەكان سیاسى نەبوون،شەخسى بوون،من وەڵامى ئەو لایەنە شەخسیەى ى رەخنە و هێرشەكانم دایەوە،دواى نووسینەكانى من،لە لایەن چەند كەسێكى نەناسراوەوە لە سایتى كوردستانپۆستەوە وەڵامى هەردوو نوسینەكەم درایەوە.بە كورتى و بە كوردى ئەو بەرێزانەى كە وەڵامى من دەدەنەوە،یەكەم بە باشى شارەزاى كەسێتى من نین،دووەم خۆیان لە شوێنى مندا نین.كاتێك دەڵێم ئێوە شارەزاى كەسێتى من نین مەبەستم ئەوەیە كە شێوازى ملاملانێى من لەگەڵ دەسەڵاتدا لە شێوازى ململانێى ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتدا جیاوازە،من بە بۆچوونى رەش و سپى سەیرى هەموو بەرپرسێكى حكوومەت و سەیرى هەموو ئەندامێكى پارتى و یەكێتى ناكەم.ساڵى 2004 كاتێك نوسینەكەى عیسا پەژمانم لە سەر پێوەندیەكانى سەركردایەتى شۆرشى ئەیلول(پارتى و یەكێتى) و(ساواك) خوێندەوە،كە چۆن ساواك هانى بەرپرسەكانى پارتى داوە بۆ ردوستكردنى شۆرشى ئەیلول،سەیرى وێنەكەى باوكمم دەكرد خەریك بوو تێكدەچووم،باوكى من لە سەرەتاى شۆرشى ئەیلولدا پێشمەرگە بووە،رۆژى 12-8-1963 لە سەر جادەرى پردى زەڵم لە شەرێكى دەستەویەخەدا لەگەڵ 11 پێشمەرگەى تردا شەهیدكران،ئەو پێشمەرگانە زۆر قارەمان بوون بە تفەنگى یانزە تیر و پێنج تیر لە دەشتى شارەزووردا بۆ ماوەى سێ رۆژ، رێگەیان نەدا دەبابەكانى لیواى بیستى زەعیم سدیق پێشبكەون،تا شەهید بوون،ئێوە بە رەواى دەبینن بە حەمەگوڵپى و شەهیدەكانى ترى پردى زەڵم بڵێن پیاوى ساواكى ئێرانى بوون و كوردایەتیان نەكردووە.بۆیە من بە باشى دەزانم هەر نووسەرێك باس لە كەم و كوڕیەكانى دەسەڵات دەكات با پێكهاتەكانى ناو دەسەڵات پۆلێن بكات، هەمووى وەك یەك سەیر نەكات.من نمونەى خۆم دەهێنمەوە ماوەیەكى زۆر بە سەرسەختانە بەرگریم لە دەسەڵاتى كوردى كردووە،ئەو كاتە یان من بە باشى لە دەسەلات تێنەگەیشتبووم یان دەسەڵات لەسەر هەق بووە،باشە كەى راستە ئەوانەى لە دەرەوەى دەسەڵاتدان وات لیبَكەن ئەگەر رۆژێك لە رۆژان بروات بە دەسەڵات نەما و نیازت بوو بێیتە دەرەوە،لە داخى رەخنەگراندا ئەو هەڵوێستە نیشان نەدەیت و بڵێیت خۆ من بروام بەم سیستەمە نەماوە بەڵام ئەوانەى رەخنە لە سیستەم دەگرن كارێكیان پێكردووم لە داخى ئەواندا واز ناهێنم.ئەوانەى من بەبەرپرسى هەڵەو خیانەتەكانى هەرێمى كوردستانیان دەبینم لە پەنجەى دەستەكان تێپەڕ ناكەن،بە بڕواى من دەبێت چەكى سەرەكى رەخنە لە سەر هزر و بریارى سیاسى ئەوبەرپرسانە بێت،كاتێك ئەمریكا رژێمى سەدامى رووخاندا تەنها داواى 55 كەسى سەرانى رژێمى بەعسى كرد،لەبەر ئەوەى ئەمریكا ئەو 55 پەنجا و پێنج كەسەى بە تاوانبارى سەرەكى رژێمى بەعس لەقەڵەمدا و هەوڵى دەدا بەرپرسەكانى ترى رژێم بخاتە دەرەوەى ملاملانێ،بۆیە من بە لۆژیكى نازانم كوردستانپۆست هەر هەموو كەسێك بە كۆن و نوێوەوە،بە گەورە و بچووكەوە،بەوەى كارى كردووە و بەوەى تا ئێستە دەستبەكار نەبووە،بكاتە دوژمنى خۆى و هەندێك جاریش زانیارى هەڵەیان لەسەر بڵاوبكاتەوە.ئەوانەى من داكۆكیم لێكردوون داكۆكیم لەو لایەنەى ژیانیان نەكردووە كە ئەمرۆ تەسلیمى دەسەڵات بوون،داكۆكیم لەو رۆژانەى ژیانیان كردووە كە رۆژانێك لەبەرەى گەلدا بوون و بە تاڵەبانى و كوسرەتیان وتووە نا،بەلام ئەو بەرێزانەى كە رەخنە لە من دەگرن لەبەر ئەوەى داكۆكى لەوانە دەكەم نەك تەنها لە ترسى تاڵەبانى و كۆسرەت ناوێرن ناوى خۆیان بنووسن،بە ناوى نهێنیەوە وەڵامى منیش دەدەنەوە.
كاتێك دەڵێم من ناناسن مەبەستم ئەوەیە بۆچوونى من لە سەر تاكەكان بە تەنها لە سەر بنەماى ئەمرۆ نیە،رابوردوو و ئەمرۆ و داهاتووش بەلاى منەوە گرنگە،من حساب بۆ ئایندەش دەكەم و هەوڵدەدەم ئەو كەسانە كە دەبنە ئامانجى هێرشى شەخسى هەندێك كەس، بە تەواوى نەكەونە گەرووى دەسەڵاتەوە.باشە ئەو بەرێزەى كە لە سەر راگرە نوێكان دەنوسێت ئەى بۆچوونى لە سەر راگرە كۆنەكان چۆنە؟ ئێستە هەر پیاوى دەسەڵاتن و بۆگەنن یان هەر كە دەستیان لەكار كێشانەوە بە ئاوى زمزم شۆرانەوە؟
من خۆم بە كەسێكى نەتەوەیی دەزانم،بەڵام بە تەنها نەتەوەیى نیم،پاراستنى مافى ئەو كەسانەى لەگەڵمدا دەژین بە ئەركێكى گرنگى ئەخلاقى دەزانم،كاتێك دەبینم كەناڵێكى راگەیاندن، كەسێك، لایەنێك، مافى كەسێكى نزیكى من پێشێل دەكات و خۆى ناتوانێت داكۆكى لە خۆى بكات،من چۆن داكۆكى لە نەتەوەكم دەكەم،بەو شێوەیەش داكۆكى لە هاورێكەشم دەكەم.ئەگەر وا نەبم منیش وەك بەرپرسەكانى ترى كورد دەبم كە لە ژێر سێبەرى كوردایەتیدا بە شێوازى جیاواز مافى خەڵكى كوردستان پێشێل دەكەن و بوونەتە دكتاتۆر.كاك ئۆمێد لەم نووسینەدا دەیەوێت بڵێت خۆت بە شتى بچووكەوە خەرێك مەكە،كاك ئۆمێد گیان مافى مرۆڤ شتى بچووك نیە،تۆ ماف بە خۆت دەدەیت لە ماوەى چەند رۆژێكدا بە ناوى دكتۆر رێبوار و ئۆمێد محەمەد ەوە قسە بكەیت،بەڵام رێگە بە من نادەیت داكۆكى لە مافى زەوتكراوى دوو پزیشكى پاكى هاورێم بكەم.
كاكە ئۆمێد پارتى ئاسا جارێكى تر بایداوەتەوە سەر خێزانم و دەڵێت نەمانزانیوە خێزانەكەى بەرپرسى (ی ن ك)،كاكە ئۆمێد گیان بەخوا (ى ن ك) تەنها یەك بەرپرسى هەیە،خێزانەكەى من و هەزارانى وەك ئەو با هەر خۆیان بە (ى ن ك) بزانن و لە مەڵبەند بن،مەگەر هەر كات بكوژن ئەگینا هیچیان لە دەست نایەت.من لێرەشدا كەسێكى زۆر جیاوازم و وەك كاك ئۆمێد و پیاوە كلاسیكەكانى ترى كوردستان بیرناكەمەوە،نەمویستووە مافى خێزانم پێشێل بكەم و واى لێبكەم یان دەست لە ماڵ و خێزان بەربدات یان دەست لە (ى ن ك) بەربدات،گفتووگۆم لەگەڵ كردووە،بۆچوونى خۆمم بۆ باسكردووە،بەڵام كە ئەو ئارزووى هەیە هەر وەك (ى ن ك) كار بكات و قەناعەتى بەو جۆرە سیاسەتە هەیە بە رەواى نازانم رێگەى لێبگرم،نەك هەر ئەوە من رۆژانە لەبەر چاوى خێزانەكەم رەخنەى زۆر لە سیاسەتە هەڵەكانى سەرانى ى ن ك دەگرم،جارجارەش رەئى خۆم دەدەم كە دەبێ (ى ن ك) چى بكات تا خۆى بگرێتەوە و زۆر جاریش ئامۆژگارى خێزانەكەم دەكەم و پێى دەڵێم مادام تۆ هێندە بەلاتەوە گرنگە (ى ن ك) بیت،دە وا بكە و وابكە بۆ ئەوەى لە ناو (ى ن ك) دا پێشبكەویت.بە پێچەوانەوەى بۆچوونى مامۆستاكەى كاك ئۆمێدەوە، ئەوەى من شانازى پێوەدەكەم ئەوەیە كە بەلامەوە ئاساییە خێزانەكەم ئەندامى ئەو حزبەى خۆى بێت و منیش كەسێكى ئاپۆچى بم،با ئەو مامۆستایە هەر لە ورگى خۆى بدات،من لەبەر قسەى پیاوى كلاسیك مافى ژن و ئازادى بیرورا پێشێل ناكەم،ئەگەر سیاسەتى كوردایەتى بە سیاسەتى دیموكراتى و كۆمەڵایەتى و مافپارێزى پڕنەكرێتەوە،دكتاتۆریەت و نەتەوەپرەستى و زەوتكردنى مافى هاوڵاتى و شكستى لێدەكەوێتەوە.كاكە ئۆمێد تۆ و هەڤاڵەكانت و بەرپرسە خێڵەكیەكانت، یەكێتبوونى خێزانەكەم بە خاڵى لاوازى من دەبینن، منیش ئاستەنگ نەكردن بۆ یەكێتى بوونى خێزانەكەم بە خاڵى بەهێزى خۆم دەبینم. من وەك پیاوە كلاسیكەكانى ترى كوردستان و وەك بەرپرسە خێڵەكیەكانى كوردستان سەیرى خێزان و پێوەندیە تایبەتى و خێزانیەكان ناكەم و باس كردنى ئەو بوارانەى ژیانى سیاسەتەمەدران و رۆشنبیران، بەلامەوە تابۆ نیە و بە پێویستی دەزانم.
كاتێك دەڵێم ئەو كەسانەى وەڵامى من دەدەنەوە خۆیان لە شوێنى من نین، مەبەستم ئەوەیە كە من یەك لەو كەسانەم بە ناوى خۆمەوە لە سایتى كوردستانپۆستدا دەنووسم،شك نابەم كەسێكى تر بە ناوى ئاشكراى خۆیەوە لە ژێر دەسەڵاتى پارتى و یەكێتیدا بە ناوى خۆیەوە لە سایتى كوردستانپۆستدا رەخنە لە دەسەڵات بگرێت،برادەرى تر هەن بە ناوى خۆیانەوە دەنوسن بەڵام ئەوانە لە دەروەى وڵاتن و لە ژێر كۆنترۆڵى دەسەڵاتدا نین.هەر نوسینێك لە كوردستانپۆست لە سەر پزیشك و نەخۆشخانە بلاوببێتەوە،برادەرانى پزیشك و بەرپرسانى بەرێوەبەرایەتى بە نوسنى منى دەزانن،پێش ئەوەى دكتۆر رێكەوت ببێت بە بەرێوەبەرى فەرمانگەى تەندرووستى سلێمانى، نووسینێكى لەسەر بڵاوكرایەوە،وەك برادەر دكتۆر رێكەوت قسەى لەگەڵ كردم و وتى ئەو شتانەى لەسەر من نووسراون لە راتسیەوە دوورن،بە شێوەیەكى ناراستەوخۆ دەیویست بڵێت بەڵكوو هەوڵێكم بۆ بدەیت و بۆم راست بكەیتەوە،من نەمتوانى هیچ هاوكاریەكى بكەم.بەڵام كاتێك پۆلا سەعید تەسلیمى دەسەلات بووەو باسى پێوەندى من و كوردستانپۆستى هەڵبەست،ئتر گۆمەكەى بۆ من قووڵتر كردەوە.پێش ئەوەى دكتۆر تاهیر و دكتۆر ئارى پۆست وەربگرن وەك برادەر لەسەر وەرگرتنى ئەو پۆستە قسەیان لەگەڵ منیش كردووە،منیش پێم خۆشبوو ئەو پۆستە وەربگرن،ئنجا شتێك دژى ئەوان لەو كوردستانپۆستدا بنووسرێت،ئێوە خۆتان بخەنە شوێنى من؟ من لەوانە ناترسم بەڵام ویژدان و ئەخلاقم هەیە،ئەگەر بزانم ئەو بابەتانەى لەسەریان نووسراوە هەڵەیە راستى دەكەمەوە و داكۆكیان لێدەكەم و داكۆكى لە كوردستانپۆستیش دەكەم.
كە دەڵێم ئێوە لە شوێنى مندا نین مەبەستم هەیە،هەر ئەو رۆژەى دكتۆر تاهیر بوو بە وەزیرى تەندرووستى،برادەرێك تەلەفۆنى بۆ كردم و وتى :دكتور قائیق چیت لەسەر دكتور تاهیر هەیە بۆمان بنێرە با بڵاوى بكەینەوە،منیش زۆرم پێناخۆش بوو،لەبەر ئەوەى ئەو برادەرە كە كاتى خۆى لەگەڵ دكتور تاهیر هەردووكیان ئەندامى(ى ن ك) بوون كێشەى شەخسی لەگەڵ دكتۆر تاهیر هەبوو.
خاڵێكى تر ماوە بۆ خوێنەرانى كوردستانپۆستى رونبكەمەوە ئەوەیە،كاتى خۆى كە من وازم لە (ى ن ك) هێنا، پرۆپاگەندەیەكى زۆریان بۆ كردم كە وازهێنانى دكتۆر قائیق لە (ى ن ك) پێوەندى بە هەڵوێستى سیاسى و بیروراى جیاوازەوە نیە،لەبەر ئەوە وازى هێناوە نەكراوە بە وەزیرى تەندرووستى،بۆیە من بە لامەوە گرنگ بوو دەرفەتێك بێتەپێشەوە، بۆ ئەو ئەندام و كادرە فەقیرانەى (ى ن ك) بسەلمێنم كە ئەو پرۆپاگەندەیەى سەركردایەتیەكەیان راست نەبووە،كاتێك د.زریان بووە وەزیرى تەندرووستى لەبەرئەوەى هاورێى خوێندن و هاورێى پێشمەرگایەتم بوو پێوەندیم لەگەلێدا زۆر خۆش بوو،بە شێوەیەكى ناراستەوخۆ وەڵامى چەواشەكاریەكانى بەرپرسانى (ى ن ك) دایەوە،كاتێكیش دكتۆر تاهیر كرا بە وەزیر من دژایەتیم نەكرد و دۆستایەتى دەكەم و دەیپارێزم،ئتركادرو ئەندامەكانى ى ن ك بە تەواى پرۆپاگەندە چەواشەكارەكانى بەرپرسەكانى خۆیانیان بۆ ئاشكرا دەبێت.
هێوادارم ئەو چەند پەرەگرافەى سەرەوە بەس بێت بۆ ئەوەى خوێنەرانى خۆشەویست لە كەسێتى سیاسى و ئەخلاقى و خۆپارێزى من و لەو شێوە ژیانە سیاسیە تایبەتەى ئەمرۆى من تێبگەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست