نامەیەکی کراوە بۆ گۆڕانخوازان!
Monday, 01/07/2013, 12:00
1161 بینراوە
لە دەمەدەمی قووڵبوونەوەی ناکۆکیەکاندا لەهەموو سووچێکی دونیادا، میسر سەر لە نوێ و تورکیایش بە دوایدا، هەردووکیشیان لە چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی نوێدا لە ئێراندا، بە توندوژیژی سەرشەقامەکان، شانۆگەریەکی نوێ پێشکەش بە ناوچەکەو جیهان دەکەن. کوردستانیش لەو شانۆگەریەدا، مەشهەدێکی نوێی بەردەکەوێت.
ئەمڕۆ لەبەردەم تەنگوچەڵەمەیەکی قووڵی ئابووریدا کە سەرتاسەری جیهان بەدەستیەوە گرفتارە، شەپۆلی سەرشەقامەکان چڕتر دەبنەوەو سنوورێک بۆ ناکۆکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ناهێڵنەوە، تەنگوچەڵەمەیەک کە تا ئێستا تەنها نەرویج و سویسرا ماوە ئەو دەردەیان تیادا دابکەوێت. ژمارەی بەتاڵە لە هەموو ووڵاتێکدا بە جیا، جگە لەو دوو ووڵاتەی ناوبران، دەکەوێتە سەروو ١٠%. ئەمە لە کاتێکا کە ئابووری هەر ووڵاتێک بۆ خۆی یان جیهان بە گشتی، تا ئەو دەمە ئاسایی گوزەردەکات کە ٦% ی تێپەڕ نەکردووە.
لە بارێکی ئاوادا، ئەوەی لە هەر گۆڕانکاریەکی سیاسیی ناو پەرلەماندا، جڵەوی دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست، تێڵاکە لە سەری ئەودا دەشکێتەوە. بڕواننە میسر تا ڕوونتر ئەو ڕاستیە بەدی بکەن. ئەو تێڵایە بە دەستی ئەو ژمارە لەبن نەهاتووەوەیە کە ڕۆژانە شەقامەکان دەپێون بۆ پەیدا کردنی پاروە نانێک. بۆیە ئەو ستراتیژیەتەی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ژیان و گوزەرانی ئەو تێڵا بەدەستانەیە. ئەو ژمارەیە تادێت لە عیراق و کوردستانیشدا بەرەو سەرەوە دەچێت، وە ئیتر چیتر نە مەکتەبی کارکردن و نە ئاخنینیان بۆ ناو فەرمانگەکان، بە فریایان ناکەوێت، جونکە تا دێت ژمارەیان لە زیاد بوونە، وە یارمەتیەکی بێکەڵکی سۆشیالیش چارەسەری هیچ دەردێکیان ناکات لە کاتێکا کە ڕێژەی هەڵاوسان بەردەوام دەچێتە سەرەوەو نرخی پارەو دراو دەچێتە ئاستی نرخی کاغەزێکی بێکەڵک و بەدوایشییدا نرخی پێداویستیە هەرە گرنگەکانی ڕۆژانەی ژیان، بەردەوام گوزەرانی هەژاران و بێکاران سەختتر دەکەن، ئەمەیش سەراپای جیهانی گرتۆتەوەو چارەسەری لە دەستی چەند ئابووریناس و سیاسەتمەدارێکدا نیە. هەر ئەمەیش وامان لێدەکات بە ئاسانی ئەوە ببینین کە خوڵقاندنی فرسەتی کار لە ئێستادا، وە یان یارمەتیەکی سۆشیال، هەرگیزاو هەرگیز، ستراتیژیەتی بەردەم ئەو ژمارە زۆرە نیە لە بێکارو هەژار، کە بۆتە ئاشکراترین دیاردە بە ناوچەوانی ئەم چەرخەوە. وە هەر لێرەیشەوە ئەوە بەدی دەکەین کە بەشێکی زۆری گۆڕانخوازان، لە دواینجاردا، ناچاردەبن بەدووی ستراتیژیەتی شەقام بکەون. هەر ئەوەیش دەیانخاتە ناکۆکی لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە ئسیلامیانەدا کە شەقامێکیان دەوێت لە شەقامەکانی ئەمڕۆی میسر نەچێت، واتە شەقامێکیان دەوێت لەوێدا وەستابێت کە محمد مرسی تێدا وەستاوە، وە چیتر هەنگاوێک بەرەو پێش نەڕوات.
ئەم ستراتیژیەتە لەگەڵ باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆی جیهاندا ناگونجێت، بۆیە لەهەر حاڵێکدا وەرچەرخانێکی سیاسی نوێ لە پەرلەماندا، لە بەرژەوەندی گۆڕان و هاوپەیمانە ئیسلامیەکانی ڕووبدات، هەمان باری سیاسی ئەمڕۆی میسر چاواڕانکراوە لە کوردستانیشدا، ئەمەیش لەگەڵ دەستتێوەردانە بێگومانەکانی ئێراندا لەبەرژەوەندی ئیسلامیەکان کە هەروەک ئێستای میسر، دەکەوێتە هەوڵی گێڕانەوی بزووتنەوەی شۆڕشگێری و ئامانجەکانی بۆ دواوە بە سەدان هەنگاو.
هەر لەبەر ئەمانە، گۆڕانخوازان کەوتوونەتە بەردەم ئیختیارێکی چارەنووسساز، وە ئەو ڕستەیە بە فریایان ناکەوێت کە بڵێن: هەرچی ڕوویدا دەسەڵات بەرپرسیارە!
لە ڕاستیدا ئەو گوتارە هەمان گوتاری ڕۆژی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ یەو زۆرشەرمنانەتر دووپات دەکرێتەوە. دەنا دەبوو لە ٣٠/٦/٢٠١٣ دا، لە بری ئەو گوتارە، ڕایبگەیاندایە کە گۆڕان لە ١/٧/٢٠١٣ دا خۆپیشندانی سەرتاسەری ڕێکدەخات لە کوردستاندا. ئەوان خۆیان لە ماڵەکانیاندا دەشارنەوەو بە خەڵکی دەڵێن بجوڵێن بۆ سەر شەقامەکان. بەڵام ئێمە زۆر دڵنیاین لەوەی کە ژمارەیەکی زۆری گۆڕانخوازان ئامادەن بە لێشاو بڕژێنە سەرشەقامەکان و دەستەویەخەی جەندرمەکانی دەسەڵات ببنەوە، وە هەرگیز نایانەوێت هیچ جۆرە شەراکەتێک لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە داڕزیوو پەککەوتەیەدا بکەن کە سامانی نیشتمانییان کردۆتە کانی ئاڵتوون بۆ خۆیان و بیابانێکی بێئاو بۆ دانیشتوانی کوردستان. وە هەر ئەو بارە سیاسیەیش ئەو گۆڕانخوازانە دەخاتەوە ڕیزی خەڵکی و هاوشان بە خەڵکی سەر شەقامەکان، لە ستراتیژیەتێکدا خۆیاندەبیننەوە کە لە دروشمە سادەو ساکارەکانی تێڵا بەدەستەکاندا نمایش دەکرێن نەک لە ژوورە بازرگانیەکاندا.
سەرکەوتووبێت خەباتی هەژاران و بێکاران!