وەزیرى كارەبا درۆى كــــــــرد
Thursday, 12/08/2010, 12:00
لە مێژە پرسیارەك لە هزرم دا دەخولێتەوە. بۆچى هیچ دەسەڵاتدار و بەرپرسێكى ئەو ووڵاتە ناتوانن ئەگەر بە قسەش بێت و كردارى لەگەڵ نەبێت دڵى ئەو میللەتە ستەم دید و زوڵم لێكراوە بۆ جارێكیش بێت خۆش بكەن و فەڕەهنایى بخەنە دەرونیانەوە؟. دەكرێ دڵى ئەوان لە ئێمە جیابێت؟ یان هەر خوێن هێنەریان لە جەستەدا هەیە و خوێن بەریان پچڕاوە.دەبا لە پرس و مەسەلەیەكدا یەكێكیان پیاوانە بێتە سەر شاشەیەكى تەلەفزیۆن و موژدەیەك بە خەڵك بدات. بۆ لاى ئەوان ئەو كارە چۆتە ئاستى گوناه و كەس زاتى ئەوە ناكات لەگەڵ ئەو میللەتە بەستەزمانەى بەهەموو كاڵ و كرچى ئەوان قایل و ڕازیە, زمانى هاوخەمى و هاونیشتیمانى ببزوێنێ؟ یان ئەوەتا دوژمن ئاسا لە خەڵكى شار و ووڵاتەكەیان دەڕوانن. چونكە باشتر لە ئێمە خۆیان دەناسن. یان ئەوەتا دەسەڵاتى هیچیان نیە و هەموو بڕیار و دەسەڵاتێك لەلاى كەسە نەبینراوەكانە ئەوانەى جنۆكە ئاسان و جگە لە هاوبیر و ڕەگەزى خۆیان كەس سێبەریشیان نابینێت. لەو ڕۆژانە نزیك بوو لەوەى ئەو بیرە ئاڵۆزەم بۆ وەڵامى ئەو پرسیارە لەمێژینەم ئارام بێتەوە و بگات بە ئەنجامێك.كاتێك وەزیرى بەناو كارەباى حكومەتى هەرێم لە موژدەیەكى بێ بنەما و بێ سەروبەردا بە خەڵكى دڵسافى كوردستانى ڕاگەیاند كە لە مانگى ڕەمەزانى پیرۆزدا ڕۆژانە نزیكەى 20 كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت.وە بۆ دەرخستنى وێنەى خۆى میدیاى دونیا و قیامەتى لە دەورى خۆى كۆكردبۆوە.وەلێ لەگەڵ یەكەم بانگى بەرەبەیانى ئەو مانگە پیرۆزەى خەڵك تێدا لە چاوەڕوانى ڕەحمەتى كارەبادابوون.كارەبامان لێ تۆرا و ئەو ووڵاتەى هەر لێ جێهێشتین. بەجۆرێك كە پێشتر ئاشنایەتیەكمان لەگەڵى هەبوو.كەچى ئێستا بوینەتە دوژمنى باوك كوشتەى یەكترى.بۆ تەنها دەقەیەكیش ئاوڕمان لێ ناداتەوە. لێرە بۆ وەڵامى وەزیرە موژدە بەخشەكەى كارەبا دەلێم لەگەڵ ئەو بەسەرهاتە و چەندین پرسى دیكەى ئەو ووڵاتە مەسەلەى كفن دزەكەمان دێتەوە یاد. هەر بەڕاستى ئێستا بۆ مەسەلەى كارەبا خۆزگە بە كفن دزەكە دەخوازین.چونكە پێشتر كارەبامان هەبوو بەڵام بەردەوام نەبوو.كەچى ئێستا ڕازین تەنها بە هاتنەوەى.مەسەلەى كارەباش لەم ووڵاتەى ئێمەدا هاوشانى حیكایەتى گلگامێشە و ئەوەندە دوور و قۆلە كۆتایى بۆ نیە.وەلێ لەنێو هەر چیرۆكێكدا پاڵەوانێك هەیە. كە لە ووڵاتى ئێمەدا نیە. ئەوەتا جوانترین نمونەى ئەو بابەتە لە وەزیرى كارەباى حكومەتەكەى مالیكى دا بینرا, كاتێك زانى ئەو ناتوانێت گرفتى كارەبا چارەسەربكا و گازاندەى هاووڵاتى نیشتیمانەكەى لێ بەرزبۆوە, دەست بەجێ ئیستیقالەى كرد و دەستى لە پۆستەكەى كێشایەوە. كە لە هەرێمەكەى ئێمە هەرگیز ڕوونادات و باسكردنیشى دەبێتە هۆى گرانەتاى بەرپرسە نامەسئولەكان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست