عیسای په‌ژمان سه‌رو سه‌ودای بارزانی و ساواکی ئێران 1961 تا ئاشبه‌تاڵی 1975(به‌شی 1)
Saturday, 09/05/2009, 12:00
3079 بینراوە
پێش ئه‌وه‌ی گفتوگۆ و چاوپێکه‌وتنه‌که‌تان پێشکه‌ش بکه‌ین، به باشمانزانی وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئه‌وانه‌ی، که ناوی عیسا پژمانیان نه‌بیستووه، به کورتیی ئه‌م که‌سایه‌تییه‌تان پێ بناسێنین. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێمه ده‌گه‌ڕیینه‌وه بۆ ئه‌و کتێبه‌ی که له‌به‌ر ده‌تماندایه، که زۆر به کورتیی وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر کوردیی، زۆر که‌س پێیوایه ده‌قه فارسییه‌که به ئه‌مانه‌ته‌وه به ته‌واویی باسی لێوه‌ده‌کات، ئه‌و کتێبه‌ش به ناوی (نهێنییه‌کانی به‌ستنی په‌یمانی 1975-ی ئه‌لجه‌زائیر)ه له لایه‌ن ناسر ئیبراهیمی وه‌رگێردراوه، که سه‌ره‌تا وا له خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێ که قسه‌کانی عیسێ پژمان ڕاست نیین چونکه عیسێ ساواک بووه و به‌رامبه‌ر به مه‌لا مسته‌فا بارزانی ناهه‌قیی کردووه. به هه‌رحاڵ ئێمه ده‌قی ئه‌و پێشه‌کییه‌تان پێشکه‌ش ده‌که‌ین و به دوایدا چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ستاڤی کوردستانپۆست کاک مسته‌فای حه‌سه‌نه گه‌وره‌تان بۆ بڵاوده‌که‌ینه‌وه، که له پاریس له گه‌ڵیدا ئه‌نجامی داوه.
بۆ خوێندنه‌وه‌ی پێشه‌کییه‌که له سه‌ر ناسینی عیسا پژمان کلیکی ئه‌و لینکه بکه:
http://kurdistanpost.info/kitebxane/isa_pijman.pdf ئاماده‌کردنی مسته‌فای حه‌سه‌نه گه‌وره:بۆ یه‌که‌مجاره له‌ژیانمدا له‌گه‌ڵ ساواک و جاسوسێک ڕوو به ڕوو ده‌بمه‌وه، بۆیه سه‌دان پرسیار له‌ساتێکا خۆیان ده‌کرد به‌ناو بیرمدا، به‌ڵام چونکه خۆم نه‌بووم دوو هاوڕێ و دوو هاوکاری تری ته‌له‌فزێۆن بووین به هه‌رسێکمان هروژمی پرسیارمان به‌سه‌ردا داده‌به‌راند، زۆرجار له تووڕه‌ییماندا کۆنترۆڵی خۆمان له ده‌ست ده‌دا، وه‌ک هه‌ر تاکێکی کورد به توڕه‌ییه‌وه ڕه‌خنه‌مان ئاڕاسته‌ده‌کرد و باسمان له خراپی ساواک و داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌کرد، که‌چی ئه‌و زۆر ئاسایی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ده‌د‌اینه‌وه و به‌بێ هیچ سۆز و خۆشه‌ویستیه‌ک بۆ کورد و نیشتیمانه‌که‌ی که کوردستانه، خۆی نه‌به‌په‌شیمان ده‌زانی، نه به‌خه‌جاڵه‌ت و نه تاوانبار باسی خۆی ده‌کرد، که به‌درێژایی ته‌مه‌نی خزمه‌تی ڕژێمی شای ئێرانی كردوه و ده‌یووت: من وه‌ک ئه‌فسه‌رێک و سه‌ربازێك بووم، ئه‌رکه‌کانم به جێگه‌یاندوه، هه‌رگیز سه‌رپێچی فه‌رمانی سه‌رووی خۆمم نه‌کردوه، هه‌ر بۆیه جێگای متمانه شای ئێران موحه‌مه‌د ڕه‌زا شا بووم، تا کار گه‌یشتۆته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی کچی خوشکی شاهه‌نشام بده‌نێ به‌ناوی ئازاده خانم.
عیسای په‌ژمان ئێستا ته‌مه‌نی 85 ساڵه له پاریسی پایته‌ختی فه‌رنسا ده‌ژی. پیره پیاوێکه زۆر زۆر جار وه‌ڵامه‌کانی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌کرد، به‌ڵام له‌کاتی چاو پێکه‌وتنه‌که‌یدا ئاماده نه‌بوو بۆ ته‌نیا ساتێکیش داوای لیبوردن بکات، سه‌رانی کوردیشی وه‌ک که‌سایه‌تی سوک و سه‌وداکه‌ر به دۆزی کورد له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا.
دوای بڵاو کردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانی، له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و پیاوه‌کانی له ئه‌وروپا، به تایبه‌تیی له فه‌ره‌نسا، ویستیان شکایتی لێبکه‌ن، به‌ڵام هیچیان بۆ نه‌کرا و به‌رده‌وام بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ده‌نووسێته‌وه. من و هاوکارانم بۆ ماوه‌ی 4 کاتژمێر قسه‌مان له‌گه‌ڵدا کرد، به وینه‌ی ڤیدیۆیی تۆمارمان کرد، سه‌دان قسه‌و باسی تری پێ‌بوو، که‌وا بڕیاره له دانیشتنه‌کانی ترا بۆمان باس بکات.
پرسیاره‌کان زۆرن، من نامه‌وێ لێره به شێوه‌ی پرسیار و وه‌ڵام بیخه‌مه به‌رده‌ستی ئێوه‌ی خۆشه‌ویستی خوێنه‌ران کوردستانپۆست، به‌ڵکو له‌شێوه‌ی ڕێپه‌رتاژێکی کورت‌دا قسه و باسه‌کان ده‌گێرمه‌وه، دواتریش ته‌واوی قسه و باسه‌کان به ته‌له‌فی‌یۆن و له ڕیگای یوتۆب پێشان ده‌درێت، ئه‌گه‌ر ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌یکوردستانپۆستیش که‌وته کار، که ئیستا کێشه‌ی ماددیمان هاتۆته ڕێ، ئه‌وا له‌وێشه‌وه به ته‌واویی هه‌موویتان پێشکه‌ش ده‌که‌ین.
سه‌ره‌تای قسه و پرسیاره‌کانمان له‌وێوه ده‌ستی پێ‌کرد، که چۆن بوو به سه‌رۆکی ساواکی به‌شی کوردستان ئێراق، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ووتی:
- من ئه‌وسا له به‌غدا له ساڵی 1961 له سه‌فاره‌تی ئێران کارم ده‌کرد، کاتی زانیمان عه‌بدول که‌ریم قاسم و مه‌لا مسته‌فا ده‌یه‌وێ زیاتر له یه‌کتر نزیک ببنه‌وه، من پێشنیارم کرد بۆ سه‌رۆکی ساواک، که هه‌وڵ بده‌ین، ئێمه مه‌لا مسته‌فا به‌لای ئێران‌دا ڕابکێشین، پاش ماوه‌یه‌ک گه‌ڕامه‌وه تاران توانیم بۆیه‌که‌مین جار شا ببینم پێم ووت: باشتر وایه ئێمه هاوکاریی بارزانی بکه‌ین. شا سه‌ره‌تا توڕه بوو ووتی: تۆ ده‌ته‌وێ من چه‌ک و پاره بده‌م به دوژمنانی خه‌ڵکی ئێران؟ ئه‌و مه‌لا مسته‌فایه‌ی، که حوکمی ئیعدامی هه‌یه لای ئێمه و سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری ئێرانی شه‌هید کردوه؟
ووتم: گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی ڕۆیی ... ڕۆیی، بۆ خۆمان واته بۆ ئێران قازانجه و ئیمه هێج زه‌ره‌رێک ناکه‌ین، ئه‌گه‌ر 1000 بڕنه‌وی کۆنی ناو عه‌مباره‌کانمان، له‌گه‌ڵ یه‌ک ملێۆن تمه‌نیان پێ بده‌ین، ئه‌گه‌ر به‌گوێی ئێمه‌یان کرد ئه‌وه باشه و زیاتر هاوکاریان ده‌که‌ین، ئه‌گینا چیتر هاوکاریان ناکه‌ین.
شا هه‌ڵسا له شوێنی خۆیی و چه‌ند هه‌نگاوێک ڕۆیشت و هاته دواوه، ووتی: زۆر باشه ئه‌مه بنووسه و من جێبه‌جێی ده‌که‌م، خۆشت ده‌بیته به‌رپرسی ئه‌م په‌یوندییه.
پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و پاره و چه‌کانه‌م گه‌یانده کوردستان له ڕیاگای (کێله شین) له سنووری سه‌رده‌شت ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه په‌یوندییمان به‌رده‌وام بوو، تا ڕێکه‌وتنی کوتوپڕیی ساڵی 1975
پرسیار: چیتان له بارزانی داواکرد له به‌رامبه‌ر چه‌ک و پاره پێدانا؟
له وه‌ڵامدا ووتی: هه‌ر له‌یه‌که‌م هه‌نگاودا 52 ئه‌ندامی حزبی دیموکراتی ئێرانیان ته‌سلیم به ساواک کرد و هه‌موویان له سێداره دران.
یه‌که‌م سه‌ردانم بۆ لای بارزانی:ساواک ئه‌مریان پێکردم، که سه‌ردانی بارزانی بکه‌م و بڕێک پاره‌م پێ‌بوو، وه‌ک دیاری و قسه‌و باس گۆڕینه‌وه، بیده‌مێ. پاش قسه‌و باس کاتی ئه‌وه‌هات پاره‌که‌ی بده‌مێ، بارزانی هه‌موو ئاماده‌بووانی ده‌رکرد هه‌ر من و خۆی ماینه‌وه، منیش وتم: ئه‌وه دیاری ساواکه بۆ ئێوه، ئه‌ویش پاره‌که‌ی وه‌رگرتوو مه‌بله‌غێکی جیا کرده‌وه و ووتی ئه‌وه‌ش دیاری منه بۆ تۆ، من ووتم پاره‌م ناوێ من ئه‌فسه‌رێکی ساواکم، مووچه‌ی باشم هه‌یه، پاشان من وا فێرنه‌کراوم به‌رتیل وه‌ربگرم، ئه‌ویش یه‌و دیاریه جل‌و دیاری بۆ منداڵه‌کانی بکڕه ووتی ئێمه له‌چیایین جل‌و دیاریب چی پاشان ووتی ئه‌فسه‌ران ئێرانی هه‌موویان دزن، ووتم هه‌موویان و منیش پاره‌ی تۆ قبوڵ ناکه‌م..
پاشان، که گه‌ڕامه‌وه هه‌موو قسه و باسه‌کانم بۆ ساواک گێڕایه‌وه، سه‌ردانه‌کانم بۆ لای بارزانی، که هه‌میشه‌ش هه‌وڵی ده‌دا پاره‌م بداتێ، به‌ڵام من هه‌ر قبووڵم نه‌کرد. جارێکیان مه‌لا مسته‌فا پێی ووتم که چویته‌وه بڵی 25 هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه، منیش ووتی ئاخر ئه‌وه‌نده نابێت من درۆ ناکه‌م، ده‌بێ ئه‌م ژماره‌یه ببینم، یه‌سا به‌قه‌ده‌ر ژماره‌که‌تان هاوکاریتان ده‌که‌ین، پاشان برایم ئه‌حمه‌د و براده‌رانی تری مه‌کته‌بی سیاسیم بینی، ووتم بارزانی ده‌ڵێ 25 هه‌زار پێشمه‌رگه‌مان هه‌یه، ئه‌وانیش وتیان ته‌نیا 10 هه‌زار ده‌بین، له ڕاستییدا که نه‌ش ده‌بوون.
دواجار بارزانی ده‌مانچه‌یه‌کی به‌دیاری پێدام منیش ئه‌وه‌م قبوڵ کرد و به‌ساواکیشم ووت، پاشان شام بینی چیرۆکی ده‌مانچه‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه، ئه‌ویش ووتی: ئه‌ی ئێمه چی بده‌ینێ به‌دیاری؟ وتم من که‌سێک ده‌ناسم ده‌مانچه‌یه‌کی زێڕی هه‌یه، که سه‌ردار جاف بوو، تازه له مه‌لیکی ئوردونی وه‌ک دیاری وه‌رگرتبوو له به‌غدا، من ده‌مانچه‌که‌م له سه‌ردار جاف کڕی و بردم بۆ بارزانی، ووتم: ئه‌وه دیاری شایه بۆ تۆ.
پرسیار: ئێوه به‌ئاشکرا ده‌وری ئه‌وه‌تان بینیووه، که هه‌وڵ بده‌ن بارزانی له‌گه‌ڵ عه‌بدول که‌ریم قاسم یان هه‌ر حکومه‌تێکی تری به‌غدا ڕێک نه‌که‌وێت، ته‌نانه‌ت ساواک ده‌وری هه‌بووه له‌تێکدانی بارزانی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی؟وه‌ڵام: به‌ڵی وایه ساواک هه‌رگیز نه‌یویستووه به‌ینی بارزانی و حکومه‌تی ئێراق خۆش بێت، به‌ڵام ده‌یانتوانی به‌قسه‌مان نه‌که‌ن، ئێمه ئه‌وانمان به‌کرێ گرتوون کاریان بۆ کردووین، به‌ڵام نێوانی بارزانی و باڵی مه‌کته‌بی سیاسی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نه‌بووه خۆیان کێشه‌یان بووه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت ئه‌وکاتی، که هه‌ڵاتن بۆ ئێرانیش ئێمه هه‌وڵماندا ئاشتیان بکه‌ینه‌وه، جارێکی له هه‌مه‌دانه‌وه بیانهێنینه‌وه‌بۆ کوردستانی عێراق، چونکه ته‌نانه‌ت منداڵیکیش ده‌یزانێ چۆن ئیران یارمه‌تی کورده‌کانی ئێراق ده‌دات و پاش وه‌رگرتنی خودموختاری بۆ کورده‌کانی عێراق پرسیار ده‌کرا: ئه‌ی چی به‌و کوردانه‌ی کوردستانی ئێران ده‌ڵێن ئایا ئه‌وانیش داوای هه‌مان خود موختاری ناکه‌ن، ئه‌مه گه‌مه‌یه‌کی سیاسیی بوو، که سه‌رنجامه‌که‌ی به ئاشبه‌تاڵی 1975 کۆتایی هات.
چاوه‌ڕێی به‌شه‌کانی دیکه بکه‌ن، که شتی زۆر سه‌رنجڕاکێشتان بۆ باس ده‌که‌ین.
بۆ به‌شی دووه‌م کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه بکه:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=33b6a862