وەزعى سیاسى و ئیدارى یەكێتى لە پشدەر لە پەراویزى سەردانەكەى مەسعود بارزانی دا
Saturday, 09/01/2010, 12:00
ئاسۆس
خوێنەرى بەڕێز....
ئەوەى ئەیخوێنیتەوە بۆ پشتگیرى لە پارتى و یەكێتى و هیچ كەس و لایەنێك نى یە ، بەڵك و تەنها چەند زانیارى یەكە دەربارەى وەزعى سیاسى و ئیدارى قەزاى پشدەرو شارى قەڵادزێو ، بەرچاو ڕوونى یەكە بۆ جەماوەرى شارى قەڵادزێ بە تایبەت ئەوانەى ئامادەى كوبونەوەكەى مەسعود بارزانى بوون لەگەڵ بەشێك لەخەڵكى قەزاكە .
من بەهۆى ئەوەى وەك و میوانێكى دەرەوەى ناوچەكە ئامادەى ئەو كۆبوونەوەیە بووم ، قسەكانى مەسعود بارزانیم لەسەر وەزعى ئیدارى ناوچەكەو چەند جار تەئكید كردنەوەى لەوەى قەڵادزێ زۆرى ماوە بۆى بكرێت (كە پێچەوانەى قسەكانى قایمقامى قەزاكە بوو كە پێشتر ووتى قەڵادزێ زۆرى بۆ كراوەو كەمى ماوە) ، سەرنجى ڕاكێشام بۆ ئەوەى دواتر بە دواى سەرەداوى ئەو سەرنجەم دا بگەڕێم بە تایبەت لاى هەوادارانى پارتى ،كە ئایا خوێندنەوەیان بۆ ئەم قسەیەى سەرۆكەكەیان چى یە ؟ ، ئایا لەپشت ئەو جۆرە لێدوانەوە چى شاراوە هەیە بە تایبەتى كە پەیوەندى نێوان پارتى و یەكێتى ووردە ووردە بەرەو لاوازى ئەچێت ، لە ئەنجامى كۆمەڵێك گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە بەو ئەنجامە گەیشتم .
خاڵى لاوازى قایمقام قسەكانى جەنابى قایمقام و ئەتەكێتەكەى ، جەنابى قایمقامى بەلاوازى لاى مەسعود بارزانى و سەرجەم ئامادەبوان پیشان دا چونكە :
1- جەنابى قایمقام لەبیرى چولە سەرەتادا داواى دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانى شەهیدان بكات و بەخێرهاتنى وەفدە یاوەرەكەى مەسعود بارزانیشى نەكرد كە ئەمە شڵەژان و مستەواى جەنابى قایمقامى پیشان دا ، وەك و وەڵامێكیش بۆ ئەو خاڵە لاوازەى قایمقام مەسعود بارزانى خۆى دواتر داواى دەقیقەیەك وەستانى كردو باسى وەفدە یاوەرەكەشى كرد.
2- جەنابى قایمقام لە قسەكانى دا وتى كە بە(هیممەتى) مەسعود بارزانى و حكومەتى هەرێم زۆر شت بۆ قەڵادزێ كراوەو كەمى ماوە ، ئاخر مەسعود بارزانى خۆى باش ئەزانێ كە خۆى هیچى بۆ قەڵادزێ نەكردووە ئایا جەنابى قایمقام ئەو (هیممەتەى) ئەوى لەكوێ بەدى كردووە ئەگەر ماستاو ساردكرنەوە نەبێت.
3- جەنابى قایمقام لە قسەكانى دا كە نوسیبونیەوە زۆر بەسادەیى دواو شێوازى دەربڕینەكەى لە هى كەسێك نەدەچو كە لێپرسراوى قەزایەكى (120000) سەدو بیست هەزار كەسى بێت.
خاڵە لاوازەكانى یەكێتى لە قەڵادزێ چەند خاڵێكى تر كەپێدەچوو ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەدەست مەسعود بارزانى بگەیشتبن ، بەتایبەت كە مانگێك پێش سەردانەكە دەزگاى پاراستن كەوتبۆ خۆ لە شارەكەو ووردترین زانیارى كۆئەكردەوە بەتایبەتى لەڕووى ئەمنى و ئیدارى یەوە ، وە ئەوانەش جۆرە سەرنج و تێڕوانینێكى دیارى كراویان بۆ مەسعود بارزانى لەسەر وەزعى سیاسى و ئیدارى ناوچەكەو وەزعى یەكێتى لە ناوچەى پشدەر بۆ دروست كردبێت كە لێرەدا تیشك ئەخەینە سەر چەند لایەنێكى وەزعى ناوچەكە كە ئەگونجێ بوبنە بەشێك لە زانیارى یەكانى دەزگاى پاراستن و دەستى مەسعود بارزانییان واڵا كردبێت بۆ ئەوەى وا بەكەم تەماشا ئەو پڕۆژانە بكات كە بۆ قەڵادزێ كراون (هەر چەندە دەسەڵاتەكەى خۆیشى ئەوەندەشى بۆ قەزاكانى ژێر دەسەڵاتى خۆى نەكردووە .
بارودۆخى یەكێتى ومەڵبەندى 24ى پشدەر پارتى باش ئەزانێت سەركەوتنى لیستى كوردستانى لە هەڵبژاردنەكانى 25 ى تەمموزى پاردا هۆكارەكەى بۆ بەهێزى یەكێتى ناگەڕێتەوە لە ناوچەكە بەڵك و پەیوەندى بە ئاستى لاوازى هەندێك كەسى ناو بزووتنەوەى گۆڕانەوە هەبوو لە ناوچەكە كە لاى خەڵك خۆشەویست نەبوون كەواى كرد خەڵكى ناوچەى پشدەر وەك و شوێنەكانى تر دەنگ بۆ لیستى گۆڕان نەدەن .
دواى چونەدەرەوەى كادیرەكانى گۆڕان لە یەكێتى مستەواى ئەداى سیاسى و جەماهیرى یەكێتى لە ناوچەكە دابەزیوە و یەكێتى كادیرە ئەساسیەكانى خۆى لەدەست داوە هەر بۆیە ئێستا یەكێتى لە ناوچەكە سەرەڕاى ئەزمە سیاسى یە گشتى یەكەى لە ناوچەكەدا تووشى ئەزمەیەكى تر بووە كە نەبوونى كادیرى بەتوانایە بۆ شوێنە بەتاڵ یان شوێنە لاوازەكانى .
تا ئێستا چەند كۆمیتەیەكى مەڵبەندەكە بێ لێپرسراو ماونەتەوە وەك كۆمیتەى قەڵادزێ كە ئەساسترین كۆمیتەى مەڵبەندەكەیە وەكۆمیتەكانى ڕاپەڕین وهێرۆو هەڵشۆ ئەمە سەرەڕاى وەزعى ناو مەڵبەند كە تەنسیق كردن بۆ كارەكان لەناو مەڵبەنددا زۆر لاوازەو لە مستەواى لێپرسراوى مەڵبەند تا كارگێڕو ئەندام بەشەكان .
جەماهیرى یەكێتى زۆر كەم بۆتەوەو زۆر بەكەمى هاتووچۆى مەڵبەندو كۆمیتەكان ئەكەن مەگەر جارجارە بەهۆى ناونوسین یان بانگەشە كردن بۆ بڕینەوەى مەعاش بەناوێكەوە قەرەباڵغى یەك لەلاى خۆیان دروست بكەن هەموو ئەمانە لە لایەك و ئەو گەندەڵى یەش كە خەڵك باسى ئەكا لەناو مەڵبەندا هەیەلەلایەكى تر.
وەزعى ئیدارى دواى لابردنى قایمقامى پێشوو كە سەر بەلیستى گۆڕان بوو (هەرچەندە ئەویش كەسێكى سەركەوتوو نەبوو) وە دانانى قایمقامێكى تر سەر بەخەتى گشتى وەزعى ئیدارى ناوچەكە خراپتر بووە نەك باشتر وە سیقەو متمانەى جەماهیرى لە ناوچەكە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو لاوازى ئەچێ بەرامبەر ئیدارەى ناوچەكە لە بەر چەند هۆكارێك :
1-ئەداى جەنابى قایمقام زۆر لاوازە ، بەوە ناسراوە كە زۆر لە خەڵك تووڕە ئەبێ و تواناى گوێگرتنى كەمە بۆ داواكاریەكانیان وەمستواى تێكەڵاوبوونى لەگەڵ خەڵكى ناوچەكە لاوازەو زیاتر لەگەڵ چەند كەسێكى دیاریكراو كە لاى خەڵكى ناوچەكە خۆشەویست نین هەڵسوكەوت ئەكا .
2-بە پێچەوانەى هەركەسێكەوە كە بیەوێت ئیدارەیەكى باشى دەزگایەك بكات جەنابى قایمقام چەند كەسێكى بێ تواناو هەلپەرستى لە دەورى خۆى كۆكردۆتەوە كە گفتوگۆو ڕاوێژیان لەگەڵ ئەكا نەك هاتبێت دەستەیەك لە خەمخۆران و ڕۆشنبیرو گەنجانى ناوچەكە لە دەورى خۆى كۆبكاتەوەو ڕاوێژیان پێ بكات لە ئیش و كارەكان و پێداویستیەكانى ناوچەكە .
3-ئەم جۆرە تەعامولەى جەنابى قایمقام چەند سەرنج و گومانێكى گەندەڵى لاى خەڵك سەبارەت بە قایمقام دروست كردووە ، وەك و ئەوەى كەزۆر باس ئەكرێ لە ناو خەڵكا تێكەڵاوى زۆرى جەنابى قایمقامە لەگەڵ كەسێكا بەناوى (ر.ح .س) كە ئیشى بەڵێندەرایەتى و سوتەمەنى و موەلیداتى ئەهلى وحكومى ئەكا ، كە گوایە لە هەموو ڕوویەكەوە كارئاسانى بۆ پڕۆژە گوماناویەكانى ئەكرێت لەلایەن قایمقامەوە ، وەك و ئەوەى ئیش و كارەكانى بەرنامەى ووشكەساڵى (2008) بە بێ تەندەر درا بەو كەسە یان هەموو ئەو پڕۆژە بچوكانەى لە دەسەڵاتى ئیدارەى ناوچەكەیایە بە (دعوە خاێە) یان بە (تنفیژ مباشر) ئەدرێن بەو كەسە وە ناوبراو كە ئێستا دوو بەنزینخانەى حكومى و یەكێكى ئەهلى بەڕیوە ئەبا گومانێكى زۆرى دزینى سوتەمەنى لە حێەى ناوچەكە لە سەرە هەر لە خراپى عددادەكانى بەنزینخانەكانیەوە بگرە تا فرۆشتنى بەشە سوتەمەنى هاووڵاتیان بەتایبەتى لەكاتى ئەزمەكانا كە گوایە جارى وا هەبووە بەتانكەر بووە وەیا گۆڕینى بەنزین و گازى ئەێڵى بە عادى ، وە گوایا ئێستا بە شێكى سوتەمەنى بەنزینخانە ئەهلیەكەى لە ڕێگەى لیستى پێویستى سوتەمەنى (بەنزین و گازوایل) بۆ دەوائیرى حكومى و موەلیدە حكومیەكانەوە دابین ئەكا ، موەلیدەى ناحیەى هەڵشۆو سید احمدان بەنمونە كەدواى وەستانیان لەكاركردن بەهۆى ئەوەى كارەباى نیشتمانى یان بۆ چوە حەوت مانگ دواى وەستانیان بەشە گازەكەیان بۆ هاتووە كە سەجەمى نزیكەى (150000) سەدو پەنجا هەزار لیترگاز ئەكا ، لەكاتێكا لە قەڵادزێ یا بە سەدان ماڵى هەژار هەیە كە ڕۆژانە نەوت بە 5 پێنج لیترى ئەكڕن وە جەنابى قایمقامیش چاوپۆشى لە هەموو ئەمانە كردووە
4-جەنابى قایمقام لەناو مەڵبەندو كۆمیتەكان و دەوائیرەكانا زۆر بەگەرمى خەریكى دروست كردنى كوتلەیەكى تایبەت بەخۆیەتى بۆ ئەوەى دواى لێپرسراوى ئێستاى مەڵبەند خۆى جێگاى بگرێتەوە ، هەر بۆنموونە ئێستا لە هەوڵى ئەوەدایە لێپرسراوى ئێستاى نەخۆشخانەى قەڵادزێ بگۆڕێت بە كەسێكى نزیكى خۆى سەرەڕاى ئەوەى لێپرسراوەكەى ئێستاى كەسێكى چالاك و تاڕادەیەك دەست پاكە.
5 لەناو قەڵادزێ و دەوروبەرى بەتایبەت لەناو گەڕەكە تازەكانا ڕۆژانە چەندین پارچە زەوى نیشتەجێ لەلایەن لێپرسراوانەوە داگیر ئەكرێ و ئەفرۆشرێ ، لە كاتێكا گەنجانى شارەكە بەهۆى نەبوونى شوێنى نیشتەجێ بوونەوە تووشى جۆرەها كێشە ئەبنەوە .
6-فەرمانگەى پۆستەو گەیاندنى قەڵادزێ كە یەكێكە لە فەرمانگە ئیداریەكانى ناوچەكە بەتەواوى پەكى كەوتووە بەهۆى ئەوەى كێبڵى تەلەفۆنەكانى بەهۆى كەمتەرخومى خۆیانەوە لە چەندین شوێن پچڕاوەو چاك نەكراوەتەوە ، وەئێستا لانى كەم 65% خەتەكان لەكار وەستاون بێ ئەوەى جەنابى قایمقام لەم كێشەى خەڵكى پرسیبێتەوە .
7-وەزعى پەروەردە بە حاڵەتێكى زۆر خراپا ئەڕوات زووربەى قوتابخانەكان بە هۆى كەمى بیناوە قەرەباڵغى یەكى زۆریان تیایە زووربەى پۆلەكان لە (50) قوتابى كەمتریان تیا نى یە ، ئەمە سەرەڕاى لاوازى ئیدارەى هەندێ قوتابخانە كە بەڕێوەبەرەكانیان زۆر لاوازن بەڵام بە هۆى حیزبى بوونیانەوە لە شوێنى خۆیانا هێڵراونەتەوە .
ئەمانە هەموویان نموونەى مشتێكن لە خەروارى ئەو نابەرپرسیارێتى و گەندەڵى یەى لە ناوچەى پشدەرا هەیە بۆیە پێشبینى ئەكرێت لە هەڵبژاردنەكانى پەڕلەمانى عیڕاقا لیستە ئۆپۆزسیۆنەكان دەنگى زۆر باش لەم ناوچەیە بەدەست بهێنن هەرچەندە سەردانەكەى مەسعود بارزانى بۆناوچەكە بۆ ئەوە بوو كە دەنگى زیاتر بۆ لیستى پارتى و یەكێتى كۆبكاتەوە بەڵام من پێم وایە سەرەڕاى بوونى ئەم گەندەڵیانە خودى سەردانەكەى مەسعود بارزانى نەتایجى عەكسى لێ كەوتەوە بە هۆى ئەو هەموو هێزە زۆرەى لەگەڵیا بوو وە ئەو بێ سیقەییەى بەرامبەر خەڵكى ناوچەكە نواندیان ، تەنانەت پارتیەكانیش بەگومان كەوتبوون كە ئایا بۆ ئەبێ ئەو هەموو ترسەى هەبێت ....؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست