ئێوە چاومان کوێر بکەن، دواییش قەرەبوومان بکەنەوە
Sunday, 09/06/2013, 12:00
2463 بینراوە
ئەو باڵندەیەی لە قەفەزدا لە دایک دەبێت، لەناخەوە حەزی لە فڕین نییە بە ئاسماندا بە ئازادییدا، ئەو مرۆڤەی لەسێبەری دیکتاتۆریشدا لە دایک دەبێت ڕقی لە گۆڕینی سەرۆکەکەیەتی، چونکە نرخی ئازادیی نازانێت "جۆدۆرسکی".
٢٣ ساڵە گەلێک کۆیلە دەکرێت. ٢٣ساڵە تاک بەتاکی کورد لەو هەرێمەدا سوکایەتی پێدەکرێ، دەسوتێ و دەکوژرێ و زەهر خوار دەکرێ، خۆراکی بەسەر چوو بەگەرویدا دەکرێت، ژینگەی پیس دەکرێت، هەوای ژەهراوی هەڵدەمژێت، سەدان نەخۆشیی لەڕێگەی بازرگان و دەسەڵاتدارەکانەوە و بەپلانی داگیرکەران لەڕێگەی ئەوانە کەسایەتیان تێکدەشکێنرێ و بازاڕەکانیان تژی کردوە لە داو و دەرمان و خۆراک و گۆشتی ماوەبەسەرچوو. ویژدان و ئەخلاق لە نیشتمانی ئێمەدا قاتی بووە، خۆپەرستی و خۆویستی لە لوتکەدایە، سەرباری هەموو ئەمانەش هەموو لە هەوڵی قەرەبودان ، قەرەبوو بۆتە کەلتورێک دەتوانرێ خوێنی تاک بەتاکی ئەم گەلە هەڵلوشێ و قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەو دەمەی ئەمەریکییەکان چەند چەکدارێکیان کوشت کە ناویان پێشمەرگەبوو لە موسڵ و تکریت، لەباتی تۆڵەکردنەوە و ئاسودە کردنی کوژراوەکان، دەسەڵاتی کوردی و خاوەن کوژراوەکان داوای قەرەبوویان کرد لە ئەمەریکییەکان، ئەوانیش چەند دۆلارێکیان پێدان، مێژووی خەبات و پێشمەرگایەتیشیان ناشرین کرد. کاتێک گوێم لە یەکێک لە چاوکوێرەکان گرت لە یەکێک لە کەناڵەکانەوە ووتی داوا لە حوکمەت دەکەم قەرەبوومان بکاتەوە. من لەناخەوە هەستم کرد ئیتر مرۆڤ نییم، بەڵکو هەر کوردیش نییم، ئاخر لەدنیادا دیوتانە کەسێک چاوی کوێر بکەیت دوایی بێت و داوای سواڵ بکات. تۆ کاتێک سواڵ داوادەکەیت، ئەو مانایە دەگەیەنێت، کە تۆ هیچ نیت کەسێکی تێکشکاوی، گرنگ نییە تەمەنت چەندە؟
کاتێک هەواڵی ئەو گەنجانەم دەبیست کە گورچیلەی خۆیان بە پارە دەفرۆشن، ووتم: ئەوانە هەژاریی هانای لەبەر بڕیوون، میللەت بێدەنگی هەڵبژارد و گورچیلە فرۆشتن بوو بە کەلتور و گەلەکەم قبوڵی کرد. پەندێکی جوانی یابانی هەیە دەڵێن "یەکێک لە شانازییەکانی سواڵکەر ئەوەیە کارەکەی خۆی پێ وەک دزی نییە".
ئاخر لە فەرهەنگی کێدا هەیە چاوانی دەربکەیت و دویی داوای سواڵت لێبکات؟ ڕۆژانە بە کۆمەڵێک کارەسات و ئازاردا دەڕۆین، بەڵام باوەڕ ناکەم لە مێژووی ژیانی ئێمەدا قەت بێئابڕووی و ترسنۆکی وامان دیبێت؟
ئەو کاتەی ڕاپەڕین بوو، ئەگەر ئێمە سنورێکمان بۆ جاش و خۆفرۆشەکان دابنایە، پاشان سیخورەکانمان چەپڵەڕێزان نەکردایە، ڕۆژمان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. کاتێک ڕێگەمان بە دزین و تاڵانکردنی سەدی بێخمە دا بە واژۆی تاڵەبانی و بارزانی، ئیتر دەروازەی دزیی و فەسادی و هەراج ئاوەڵە نەدەبوو، کاتێک تفمان لە ڕووی ئەم سەرکردە و ئەو بەرپرسانە بکردایە، کە دەستە و تاقمیان دانابوو ڕێچکەی تاڵانیان ئاودیوو دەکرد ڕۆژمان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت، سەری ئەو پۆخڵانەمان پان بکردایەتەوە، کە شۆفڵ و کێلی قەبرد و دارتەلی کارەبا و شەقامی قیر و سەری پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەیان دەبرد بۆ ئێرانییەکان، ئەوا بەدڵنیایەوە ڕۆژمان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. کاتێکیش ئەمەریکییەکان عێراقیان داگیرکرد خۆیان وەک داگیرکەر نمایش کرد و سەرانی کورد بە ڕزگاریخوازیان دەزانین، هەراجی ئۆتۆمۆبیل و شیش و چیمەنتۆ و ماڵی خەڵکیمان لە خواری عێراق ڕابگرتایە ژیان بە وێنەیەکی تر خۆی نمایش دەکرد، سنورێکمان بۆ ئازادی کەرکوک دانایە لە جیاتی شڕەخۆری و ئۆتۆمۆبێلی علوج نەخرایەتە ژێر حاجی و پیاوە دینی و بەرپرسەکانمان ئەوا بەدڵنیایەوە ڕۆژمان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت،
ئەمڕۆ بە ئاشکرا چاومان کوێر دەکەن، کەچی وامان لێنەدەهات، سواڵی بۆ چاوی کوێرمان بکەین و بترە قینەوە بڵێین چاو چییە ؟ خۆ ئێمە جگە لەسەری سور و زمانی کوردی تێکشکاو جلی خاکی ئوتو کراو، مایکرافۆن و درۆی شیرینی دەمی بەرپرسەکان و دزینی نەوت و خۆڵ و خاش و ئۆتۆمۆبێل و قەرەباڵغی شەقامەکان هیچی تر نابینین، ئیتر چاومان بۆ چییە؟ فەرموو هەڵیان کۆڵ و قەرەبوومان بکەنەوە. کاتێک یەکەمین ژن ئاگر لە جەستەی بەر بوو، تۆمەتی بەدڕەوشتیمان دوا نەخستایە و بەرپرسە بەدڕەوشتەکانمان لە جێگەیان بسوتانایە بەدڵنیایەوە ڕۆژمان بەم ڕۆژە نەدەگەیشت. کاتێک بەڕووداوی هاتووچۆ سەرقەبرانێکی مەزنمان ئاوادان کردۆتەوە ئیتر دەبێت چاوەڕی ئەوەبین، کە ژیان لە بێمانای خۆیدا بمان خواتەوە و بمان کوژێت . ئێمە هەموو ڕۆژێکمان مردنە، خەستەخانەکان شاهیدن نەخۆشەکانمان چەندە؟ خۆڵبارینەکان شاهیدن چەندە ڕێز لە ژینگە دەگرین؟ قەرەباڵغی شەقامەکان شاهیدیمان بۆ دەدەن چەندە تەندروست خۆمان تەیار دەکەین؟ وورگ و دانەزەربووەکانیشمان پێمان دەڵێن ئێمە چ مرۆڤێکین؟
مەلایەکی دینی لە سەر بەرگی خانمێکی گۆرانیبێژ لەمینبەرەکانەوە دەڕشێتەوە و هەوادارانی بە بەدڕەوشت دەداتە قەڵەم، کەچی مەلا بە بەر چاوی زەقییەوە لەشکرێک کوێر دەکەن بەدەرمانی بەسەر چوو سەری دەخاتە ژێر عەمامەکەیەوە و نقە ناکات نەبا دەسەڵاتدار و بازرگانەکان ئازاریی بدەن و موچە و بەراتی ببڕن، ئاخر حەزرەتی نالی و حەمدی و مەحوی دە هەڵسن و سەرێک لە گۆڕەکانتان بەرز بکەنەوە و بزانن کێ شوێن پێی ئێوەی هەڵگرتوە؟ چ مەلایەکی پیسو خائین و نەزان و پۆخڵ چوونەتە شوێنەکانتان.
بۆچی گەلی ئێمە بێدەنگی هەڵبژارد لە کوێربوونی ئەو هەموو پیرانەدا و هەڵکۆڵی چاویاندا؟ ئەم پرسیارە لە مێژە ووروژاندومی و دەمەوێت بڵێم نەدوعا نە نارە نە سۆران نە سەردەشت و نە شەهیدەکانی ١٧ی شوبات نەبوونە کەیسی جدی و نەتەوەیی ئەواتانێ ئەمڕۆ بە بەر چاوی دنیاوە چاومان هەڵدەکۆڵن، وەک ئەو جوتیارە ئەمەریکانەی کە بە ناڵی سورەوەبوو گاکانیان مۆر دەکرد و ئەوانیش تەنها هاوارێک لەناخەوە دەیوروژاندن لەشێوەی بۆڕەدا بوو ئیتر دەچونەوە بۆ ناو گایەلەکە و مۆرەکە دەبووە ناونیشانیان، ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی لە باتی مۆری سورەوکراوی کاوبۆیەکان، چاومان هەڵدەکۆڵێت و لەباتی بۆڕە ئێمە داوای قەرەبوو دەکەینەوە.
مەکسیم گۆڕکی جوانی ووت: "ڕاستی بە ساکاریی و بە ئاسانی خۆی دەنوێنێت، بەڵام ساختە پێویستی بەئاڵۆزییە.
"دەسەڵات "عەلی قەمبور" چەند ڕۆژێک بەناوی گرتنەوە وون دەکات ڕەنگە سەفەری قوبروسیان پێ کردبێت، دوای دێتەوە و بێتاوان دەست دەکاتەوە بەکار کردن شاگردی چایچێتی نا بەڵکو بازرگانی هێنانی دەرمان. گرێکە کۆنەکان دەیان ووت "کاتێک مرۆڤ نەزانێت ئامانجی کام بەندەرە سود لە هیچ بایەک نابینێت" بەڕاستی وایە لەباتی ئەو چەند کەسە هەموو شاری هەولێر و سلێمانیش کوێربکەن خەڵک هەمان هەڵوێستی دەبێت، ئۆپۆسیسیۆنیش مۆسیقای خەمگین و قسەی پوچ لەگەڵ قوربانییەکان دەکات بۆ ڕاوکردنی سۆزی خەڵک.