دەسەڵاتی كوردی ساوا نەماوە بەسە ئیتر دڵمان تەقی !
Monday, 30/05/2011, 12:00
ئەوەی لایەنگرانی پارتە مۆنەپەلەچیەكانن لەھەریمی كوردستان دوای ئەوەی نزیكەی بیست ساڵ بەسەر حوكمڕانیان تێپەڕی كردوە ھەر بەساوا بانگی دەكەن!
كاتی خۆی برادەرێكی زەمەنی ھەرزەكاریم، زۆر زوو ئارەزووی ژن ھێنانی دەكرد ، بەڵام ھەر كە دەگەیشتە سەر ئەوەی ئەم باسە لەگەڵ باوكی دا بكاتەوە ، باوكی زۆر بەتووندی بەڕەو ڕووی دەبۆوە كلیلی داخستنی باسەكەی ئەوە بوو گوایە "ھێشتا منداڵەو بۆنی شیری خاوی لە دەم دێت"، ھەركاتێكیش ئەم بەستەزمانە سەرلەبەیانیەكان كەمێك درەنگ لەخەو ھەڵستابا، لە ژێر ڕەحمەتی بۆڵەی باوكی دا دەبوو تائێوارە، ھەرچی دەرو جیران ھەبوو بەم بەزمەی ئاشنا بوو بوون، دنگی ڕوژە ڕێك ھەڵدەبڕی و دەیگووت " ھەتیو لەوە گەورەتر دەبیت، بەتەمای چی ئەوەندە خەریكی خەوی" ! زۆر جار ئەو ھاوڕێیەم لەبەر خۆیەوە دەیبزڕكاند، ئەگەر بەگەورەم دەزانی ئەوە ژنەكەم بۆ بێنە، ئەگەریش منداڵم لێمگەڕێ با تێر خەوبم. جا باسەكەمان لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو پارتانەی لەمەر خۆمان كاتێك دەگەنە سەر یادكردنەوەی حزبەكانیان ئەوە بە توانا و لێھاتووی و كارامەی ، توانەوەیان لە سیاسەت ، بڕێنی چەندین ڕێگای سەخت و دژواردا ڕێگایان كردوە ھەڵدەڵێن و دەیلاوێنەوە، بەڵام ھەركە دەگەنە ئاست تەنگەژەیەك بەرامبەر بە داواكاریەكان، ئەوە خۆیان ساوا دەكەنەوە گوایە جارێك تەجروبەو تاقی كردنەویان نیە لەبواری دەسەڵاتدا، لەیادیان دەچێت كە سەركردەكانمان لە باپیرمەوە ناویانم بیستوە، ئێستاش منداڵەكانم بەدیداری ھەمان سەركردە شادەو خوا تەمەن درێژیان بكات بۆ نەوەكانم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست