نە قینى سیاسى سەرۆكى هەرێم ... نە گۆشتى مالكى!!!....
Thursday, 31/05/2012, 12:00
هەر دەسەڵات و پێگەیەكى سیاسى گەورە... وەك دەفرێكى شووشەیى كە پڕبێ لە ئاوى پاك وەهایە... لەتەك ڕۆشتنى كات و بەردەوامى گەر ئاوەكە نەگۆڕى و پرۆسەى بە فلتەركردنى ئەنجام نەدەیت، بێ گومان ئاوەكە دووچارى گەنین و بۆگەن كردن دەبێت...
دەسەڵات و سیستمى سیاسى(لەئەگەرى بونیدا) ،لە هەرێمى كوردستان گرەو لەسەر مان و نەمانى (نان، ئاو، سوتەمەنى) میللەتەكەى ئەكات، لە هەمان كاتدا لە خەیاڵدان و ژورە تاریكەكانەوە ، مانۆرو دیدەگەیان ئەوەمان پێ دەڵێن: دەسەڵات خەریكى یارى و گرەو كردنە لەسەر سەبرى میللەت!!!...
سیاسەتكردن لەسەر چۆك و لەسەر ئەژنۆ هونەرێكى پەیڕەوكراوى دەسەڵاتى بیست ویەك ساڵەى عاشقانى كورسى حوكمى سیاسى و سیستمى سیاسى سەرانى كورد(بێ جیاوازى)، جاران وانەى هونەرو و وەرزش لەبەرایى چونە نێو خوێندنگەى سەرەتاى و پاشان ناوەندى و ئەوجا ئامادەیى دواجار خوێندنى باڵا كەسەكان بەپێى حەزو ئارەزو بەدەردەكەتن و كەسانى كارامەو شیاو لێهاتو پەڕەموچەو یاریكردن بە ڕەنگ دەبوە خولیاو داهێنان و ئەفراندن دەرئەنجامى حەتمى بوو!!!...
شارڵ دیگۆل دەڵێت (گەیشتمە دەرئەنجامێك ... سیاسەت بابەتێكى گەلێ گرنگە، زۆر مەترسیدارە بۆ سیاسیەكانى بە جێ بهێڵین)!!...ئەم وتەیەى دیگۆل كت ومت ڕەنگدانەوەى لەواقیعى ئەمڕۆى هەرێمى كوردستان كاڵا بە قەد باڵایە!!!...
بڕوانن... زیاتر لە پێنج مانگە بەتۆخى سیاسیە ڕەشیدەكانى هەرێم سیستمى سیاسى و دەسەڵاتى حوكم بەرەو كام كەنارى ئارامى هەنگاو دەنێن؟!... ئەى لەبەرامبەردا ئەگەرى فەنابون و لەدەستدانى ئەم هەلە مێژوییە، بەتایبەت لە 1991تا 2003 كێ بەرپرسى نەمان و لەبار بردنیەتى؟!... كێ خۆى دەكاتە بەرپرسى نەهامەتى و قەیرانى كەڵەكەبوى(سیاسى، ئابورى ،كۆمەڵایەتى، ڕۆشنبیرى،فەرهەنگى ،كلتورى)...ئەم نەتەوەیە؟!... كێ ویژدانى ئەیهەژێنێ بۆ ئینتیما بون بۆ ئەم نیشتمانە؟!...
یاخود بەڕاست ئەمانە سیاسین؟!!...یاخود بازرگانێكى خاوەن پلان و پیلانن؟!!... كێن ئەوانەى تەواوى بوارە زیندەیى و ژیارییەكانى ئەم كۆمەڵگەیەى داگیرو حەپەلوش كردووە؟!... ئایا شەڕ شەڕى نەتەوەیە؟!... یاخود شەڕى ژێرخانى ئابورى و بەهێزكردنى پایەى بوارى ئابورى كۆمەڵێ سیاسى خۆسەپێن و بەرژەوەند پەرست؟!... كێن ئەوانەى خۆیان گۆشكرد بەپارەو ماڵى گشتى؟!...ئەى كێن ئەوانەى بونە فیرعەونى بازرگانى سیاسى سامانى سروشتى ئەم نیشتمانە، بەزۆن و بەزۆردارەكى قۆرغى سەرچاوەو داهاتى ماڵى گشتى و بەرژەوەندى گشتیان بۆ حیزب و خێڵ و خێزان و كەسە فیرعەونەكانى ناو ئەمانە لەژێر ڕەحمەتى دوگمەى كۆنترۆڵى دیجتاڵى پلارو پلان و پیلانى سیاسیە بازرگانەكان ؟!...
فریدریك شیلر دەڵێت(دەنگى زۆرینە بەڵگەى دادپەروەرى نیە)...
دەسەڵاتى سیاسى كوردى لەلایەك كار بەزۆرینە دەكات... بۆ هەر كارێك پاساویان ئێمە دەنگى زۆرینەیین... یاخود دەڵێن سەرۆك شەرعیەتى یاسایى هەیە ، 70%دەنگەكانى وەچنگ هێناوە!!... كەواتە دەنگى زۆرینە لەم هەرێمەدا بەماناى بونى دادپەروەرى نیە لە واقیعدا!!... كەس هەیە بڵێ وانیە؟!...
ئەوە چ دادپەروەریەكە سەرۆكى هەرێم كەس لەئێمە دركى پێ ناكەین و بەڕێزى دركى بەو مەترسیە كردوە، بونى مالكى ترسە لە هاتنەوەى دیكاتۆریەت؟!... یاخود بونى فڕۆكى ئێفەكان نەهامەتى و ستەمكارى بەرهەم دێنێتەوە؟!...
هەرگیز ترس لە كەسە سیاسیەكانەوە مایەى خوڵقاندنى ئەو ترسە گەورەیەنیە بیكەیتە مادەیەكى ئیعلامى و ڕیكلامێكى هەرسنەكراو، بەهێندى ئەوەى گرفت و كێشە دەبنە قەیران و قەیران وەك مۆرانە بەربۆتە جەستەى سیستمى سیاسى... ئەكرا سەرۆكى هەرێم بونیادى ئەم تیۆرى ترسە سیحراویەى لەسەر كەسایەتیەك بنیاد نەنایە بەڵكە لەسەر بونیادو سروشتى سیستمى سیاسى و دەستورى ئەم هەڵایەى تەبەنى بكردایە!!!...
ئەبراهام لینكۆڵین دەڵێت(بۆ ئەوەى هاوسۆزى و هاوپشتى نەتەوەكان لە دۆسێى دۆزى نەتەوەكەت وەدەست بێنیت، پێویستە متمانەى ئەوە لەلایەن دروست بكەیت كە تۆ هاوڕێیانى)...
سەیرم لەسیاسەتى ئەم سەركردە كوردانە دێت... خۆیان مالكى دروست دەكەن، بە موقتەدا دەیڕوخێنن!!...وەرن سەیرى كۆلكە هاوبەشەكانى نێوان مالكى و موقتەدا بكەن بزانن چەندیان بەسەر ئێوەدا دەشكێتەوە؟!...
ئاخر كە دەستور دەستورى تەوافوق و بەش بەشێنە بێت، تەنها سەداى ئەوە دەبیستیت ، كە قەیران بەرەو فەنابونتان دەبات!!!....
هۆشى مینە دەڵێت(ئەگەر بتەوێ شۆڕێك بەرەو گەندەڵى بەریت، نگرۆى كە لەنێو لێشاوى پارە)..
.ئێوە تا ئەم چركە ساتە هەمووبەها جوانەكان لەخۆتانا دەبیننەوە، شەرعیەتى شۆڕشگێڕى تەنهاو تەنها لاى ئێوە دەست دەكەوێت... وەلێ لەبیرتان چوە شۆڕشتان بەو كارەساتە ترسناكە نادیارە برد، كەئێستا تل و گل و تل ئەخوا لە نێو زەلكاوى گەندەڵیەكاندا، بۆن و بەرامەى دنیاى كاس كردووە!!...
خۆ دەربازكردن لەقەیرانى سیاسى هەرێمى كوردستان و خۆ تێكەڵكردن و بونە یەك ڕووبارى قەیرانى گەورەى مەترسىدارى عێراق تەنهاو تەنها ئیفلاسى سیاسیە و وەستانى عەقڵە، ئیدى ئێوە ئەو هەویرە نیین، كە میللەت دەست و پەنجەى خۆى لەتەكتانا نەرم بكات!!...
ئەندێرا غاندى دەڵێت(لە هیندستان كەسێكى سیاسى ئازا چنگ ناكەوێت، تا بتوانێ متمانەى میللەت وەچنگ بێنێت بۆ ئەوەى كە گۆشتى گا دەكرێ بخورێت)...
جا سیاسیە ئازاكانى ئەم هەرێمە ... خۆشیان باش دەزانن كە جانتا و مۆرو موشەماى سیاسى خۆیان و حیزبەكانیان سەرەى ڕۆشتنیان گرتوە، وەلێ دارە دارەى ئەوە دەكەن پێمان بڵێن بابە گۆشتى مالكى بۆ خواردن ناشێ و دیكتاتۆرە!!...
قەناعەتم وایە... نەقین و ڕكى سیاسى سەرۆكى هەرێم ...نەگۆشتى مالكى ...نەئۆپۆزسیۆنى شەرمنى كوردى... دۆزى كورد بەكەنارى ئارامى ناگەیەنێت!!!....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست