لەگۆڕەپانی ئازادی تاران چی ئەگوزەرێ؟
Sunday, 13/02/2011, 12:00
بۆ پاڵپشتی کردنی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی تونس و میسر، هاوڵاتیانی ئێرانی سبەینێ ئەڕژێنە نێو شەقام و خیابانەکانی گۆڕەپانی ئازادی، ئەو گۆڕەپانەی ساڵی ١٩٧٩ شای دیکتاتۆریان تیا بەزاند .
ئەم خۆپیشاندانەی ڕۆژی دوو شەممە هیچ جۆرە مۆڵەتێكی بۆ وەرنەگیراوەو ، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان بە جۆش و خۆرشێکی زۆرەوە بەشداری تیا ئەکەن و گۆێ نادەنە ترس و هەڕەشەی ئاخوندەکان. یەکێ لەوانەی بەم کارە هەڵساوە ناوی بەهزادەو بەم شێوەیە باسی لەو خۆئامادەکردنە کرد بۆ دەنگی (بی بی سی) لەڕێگای (سکایپ)وە. لەکاتێکدا ڕژێمی ئێرانی دەست خۆشی لەگەلی میسر ئەکات و وەك شانازی و سەروەریەك بۆ دیموکراسی لێی ئەڕوانێ، کەچی ڕێگا نادات بەهاوڵاتیانی خۆی پشتگیری لێبکات و خۆش حاڵی خۆی بۆ دەرببڕێت، ئەمە بەشێوەیەکی سەرسوڕمان بەهزاد باسی لێوە کرد... بەهزاد پێشبینی بەکارهێنانی هێزو گرتن و ڕاوەدوونان وکوشتنی کرد و هەروەها ووتی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژە ئەم گۆڕەپانە بۆتە مەیدانی سوپاو ئەرتەش و ئیتلاعات و نمایشی سەربازی لێوە نیشانی خەڵکی ئەدەن و زۆربەی پیاوانی ڕژێمی ئێرانی بەو ناوە بڵاو بوونەتەوەو هەڕەشەی کوشتن و بەکارهێنانی چەك لەدژی خۆپیشاندەران ئەکەن.
بەهزاد بەرانبەر ئەم هەڵوێستەی ڕژێم ووتی، گەر لەماڵەوە بێدەنگ دانیشین و هێچ نەکەین، ئەوا هیچ گۆرانکاریەك لەخۆوە ڕوونادا، بۆیە تەنها خۆپیشاندان و ڕاپەڕین ئەتوانێ بمان گەیەنێتە ئامانج و هیواکانمان ، هەروەها پێوابوو ئەوەی لەمیسر ڕوویدا هەر وازوو کپ نابێتەوەو زۆربەی زۆری ناوچەکە ئەگرێتەوە، بۆیە سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشەو گوڕەشەیەی ئاخوندەکان ، گەلانی ئێران سبەینی ڕاپەڕینی خۆیان ڕائەگەیەنن و ئەوانیش وەك خۆشك و براکانیان لەتونس و میسر لەگۆڕەپانی ئازادی دەستی یەکتر ئەگوشن و یەکتری ڕائەمووسن. پێی وایە بۆنی سەرکەوتن لەئێرانیش نزیك بۆتەوەو لەماوەیەکی گەلێ نزیکدا ئەمانیش ئەو شەرەفە بۆ خۆیان و نەوەکانیان تۆمار ئەکەن.هەروەها بەهزاد ووتی لەکاتی خۆپیشاندانەکای ساڵی پار لێدانێكی باشم خوارد، بەڵام ئەوەی جێ خۆشحاڵی بوو، کەهەر دوای یەکەم کێبڵ ئێدی چیتر هەستم بەئازار نەکرد و زیاتر بیرم لەئازادی ئەکردەوە.
ئەم پەیامەی بەهزاد و ئەوانی تر لە تونس و میسر هەمان پەیام ئەبێ کە کوڕانی کوردستان ئەیدەن بەگوێی دەسەڵاتی لەخۆبایی و خەمسارد. بۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ خۆری ئازادی گەلانی ژێر دەستە هەڵدێت و خۆری ئاوابوونی دەسەڵاتە دیکتاتۆرو مافیاکان بەرەو وونبوون مل ئەنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست