کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


مسته‌فاى حه‌سه‌ن گه‌وره‌ له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندى پارتى و ئه‌نفالچيه‌کان و هۆکاره‌کانى دادگایی نه‌کردنیان ده‌دوێت‌

Tuesday, 15/04/2014, 12:00


سازدانى ـ بێریڤان محه‌مه‌د
مسته‌فاى حه‌سه‌ن گه‌وره‌ که‌ ماوه‌یه‌ک به‌رپرسى به‌شى تاوانبارانى ئه‌نفال له‌ رێکخراوى چاک بوو و ئێستاش وه‌ک چالاکوان له‌ بوارى جینۆساید کار ده‌کات، له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ (چه‌ترپرێس) له‌ باره‌ى په‌یوه‌ندى پارتى و ئه‌نفالچى و مسته‌شاره‌کانه‌وه‌ ده‌دوێت هۆکاره‌کانى دادگایی نه‌کردنى جاشه‌کان له‌لایه‌ن ده‌خاته‌روو، ده‌ڵێت هه‌موو ئه‌و جاشانه‌ى که‌ ئێستا لاى مه‌سعود بارزانین داواى یاساییان له‌سه‌ره‌ ده‌ستنیشانى ده‌کات که‌ پێشتر زۆر هاوکارى پارتیان کردوه‌ له‌ کوشتنى پێشمه‌رگه‌ى لایه‌نه‌کانى تر، هه‌وره‌ها ده‌ڵێت" پارتى ده‌مێکه‌ ده‌یه‌وێت شه‌ڕێکى ناوخۆ له‌ کوردستان دروست بکات".

چه‌ترپرێس: سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد له‌ پاش راپه‌رینه‌وه‌ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌نفالچیه‌کاندا مامه‌ڵه‌ى کردوه‌؟

ـ له‌ 23 ساڵه‌ى ته‌مه‌نى حکومه‌تى هه‌رێمدا، له‌ زروفێکى سیاسىدا به‌ره‌ى کوردستانى لێبوردنێکى بۆ جاشه‌کان ده‌رکرد بۆ ئه‌وه‌ى جاش و مسته‌شاره‌کان پشتیوانى له‌ راپه‌رینى خه‌ڵکى کوردستان، ئه‌م لێبوردنه‌ خۆى له‌ خۆیدا زۆر قسه‌وباس هه‌ڵده‌گرێ، به‌ڵام له‌ قسه‌کانمدا ئه‌وه‌ کورته‌که‌مه‌وه‌، ئه‌م لێبوردنه‌ ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و کاته‌ باشبوبى و بۆ رێگرتن بوبێ له‌ خوێنرشتن و بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئازاد کردنى کوردستان هه‌نگاوێک بچێته‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌ره‌ى کوردستانى هات له‌ جێگه‌ى خه‌ڵکى کوردستان ئه‌و بڕیاری داوه‌، به‌ره‌ى کوردستانى دواى چه‌ندین شه‌ڕی ناوخۆ له‌سه‌ر ده‌ستى جمهورى ئیسلامى له‌ تاران پێک هاتوه‌، هه‌ڵبژێراوى خه‌ڵکى کوردستان نه‌بوه‌، تا له‌ جێگه‌ى خه‌ڵکى کوردستان بڕیار بدات. کاتێک بڕیاریش ده‌ده‌ن هیچ بنه‌مایه‌کى یاسایی نیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌پێی یاسایه‌ک که‌ ده‌رچوه‌ له‌ دادگاى باڵاى تاوه‌نه‌کانى عێراق ده‌ڵیت تاوانى کۆمه‌ڵکوژى و جینۆساید هیچ لێبوردنێکى گشتى نایگرێته‌وه‌، ئه‌م یاسایه‌ یاسایه‌کى جیهانیشه‌. به‌تایبه‌ت جاش و مسته‌شاره‌کان و ئه‌نفالچیه‌کان به‌شداریان له‌ کۆمه‌ڵکوژى گه‌لى خۆشیان کردوه‌، زۆر ده‌گمه‌نه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌، بۆیه‌ ئه‌م لێبوردنه‌ى به‌ره‌ى کوردستانیه‌ هیچ بنه‌مایه‌کى یاسایی نیه‌ و بڕیارێکى سیاسی بوه‌ و بۆکاتێکى دیارى کراو بوه‌. هه‌روه‌ها له‌ تاواندا دوو هه‌ق هه‌یه‌، هه‌قى گشتى و هه‌قى تاک، هه‌قى تاک هه‌قێکه‌ که‌ ته‌نها نزیکترین که‌سه‌کانى ده‌توانن لێی ببورن. هه‌روه‌ها ئه‌م لێبوردنه‌ گشتیه‌ى به‌ره‌ى کوردستانى ده‌که‌وێته‌ ژێر پرسیارى گه‌وره‌وه‌، له‌ لێبوردنه‌که‌دا هاتوه‌ که‌ به‌مه‌رجێک ئه‌وه‌ دوباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام دوباره‌یان کردوه‌، له‌دواى ساڵى 1991 یان 1992 کۆمه‌ڵێک له‌و مسته‌شارانه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ به‌عسه‌وه‌ کردوه‌ 24 که‌سایه‌تى ناسراو له‌ کوردستان، که‌واته‌ حکومه‌تى، یان به‌ره‌ى کوردستانى به‌رامبه‌ر یاساکانى خۆشى راست گۆنه‌بوون، پێشێلیان کرد.

چه‌ترپرێس: ئه‌و جاش و مسته‌شار و ئه‌نفالچیان تۆ باسى ده‌که‌ى له‌ کوێن و ئێستا چۆن ده‌ژێن؟

ـ ئه‌وانه‌ وێڕاى ئه‌وه‌ى لێبوردنیان بۆ ده‌رکرا قه‌ره‌بوشیان کردنه‌وه‌، مسته‌شاره‌کان موچه‌یه‌کى باشى هه‌یه‌ دیوه‌خانه‌ى هه‌یه‌، من مسته‌شار ده‌ناسن 3 هه‌زار دۆلار دیوه‌خانه‌ى هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێم به‌تایبه‌ت پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ ده‌یدرێتى، پاشان هیچ مسته‌شارێک نیه‌ له‌ هه‌ولێر خانوى نه‌درابێتى خانو و شوقه‌ى ئاسایی نا، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ڤێلاى دراوه‌تێ له‌ شوێنێک له‌ نێوان مه‌سیف و هه‌ولێر که‌ به‌ جاشاوا به‌ناو بانگه‌، له‌ قاسم ئاغاوه‌ تا برایم ئاغاى سه‌نى سه‌ر و عه‌باس و کوڕه‌کانى ئه‌نوه‌ر به‌گ...هتد له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى که‌س و کارى قوربانى قه‌ره‌بوو بکرێنه‌وه‌ جاشه‌کان قه‌ره‌بوو کراوه‌نه‌ته‌وه‌.

چه‌ترپرێس: که‌واته‌ ئه‌و جاشانه‌ى لاى پارتى دیموکراتى کوردستانن چه‌ند ده‌بن؟

ـ زیاتر له‌ 100 بۆ 200 جاش هه‌یه‌ لاى پارتى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیاتر ناسراون و له‌ دۆکۆمێنه‌ته‌که‌دا ناویان هه‌یه‌ (قاسم ئاغاى کۆیه‌ و و عه‌باسى بایزی باڵۆیه‌ که‌ خه‌ڵکى سه‌نگه‌سه‌رە، زیاتر له‌ 55 خێزان شکاتیان لێ کردوه‌ برایم ئاغاى سه‌نگه‌سه‌رى که‌ برایم ئاغاى کانه‌بیکه‌، ئامۆزاى عه‌باس ئاغایه‌ کوڕه‌کانى شه‌مى هارون کۆمه‌ڵێک که‌سى تریشن.

چه‌ترپرێس: ئه‌و شکاتانه‌یان لێکراوه‌، ئه‌ى چۆن ده‌سگیر ناکرێن؟

ـ ئه‌و شکایه‌تیانه‌ مرکه‌بن له‌سه‌ر کاغه‌ز و هیچى تر نین، چونکه‌ زۆربه‌یان له‌ دادگاکانى کوردستانی بڕیارى گرتنیان هه‌یه‌ و له‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌کانى عێراقیش. هه‌روه‌ها یه‌که‌م تیمى پارێزه‌ران که‌ چونه‌ به‌غدا، له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى کۆبوه‌وه‌، مه‌سعود بارزانى به‌راشکاوانه‌ پێی وتن به‌هیچ شێوه‌یه‌ک باسى جاش و ئه‌نفالچیه‌کان مه‌که‌ن، ده‌ڵى بۆ که‌یسى ئه‌نفال خراپه‌. ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر خه‌ڵکى کوردستان داوایه‌کیان هه‌یه‌ ده‌توانن له‌ دادگاکانى کوردستاندا شکات بکه‌ن، هه‌موو ئه‌و جاشانه‌ى که‌ ئێستا لاى مه‌سعود بارزانین داواى یاساییان له‌سه‌ر له‌لایه‌ن خه‌ڵکى ناوچه‌ جیا جیاکان وه‌ک قه‌ڵادزێ سه‌نگه‌سه‌ر بریارى گرتنیشیان هه‌یه‌ له‌ 2003 یان 2007 هه‌یانه‌ 100 بۆ 200 داواى له‌سه‌ره‌ که‌چى پارتى پاراستوونى.

چه‌ترپرێس: بۆچى پارتى یان مه‌سعود بارزانى ئه‌مانه‌ ده‌پارێزێ؟

ـ چونکه‌ نفوسى مه‌سعود بارزانى زیاتر له‌ خه‌ڵکى جاش و مسته‌شاردایه‌، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ رابردودا له‌ هه‌شتاکاندا پێشمه‌رگه‌ى یه‌کێتى و حزبى شوعى و لایه‌نه‌کانى تریان کوشتوه‌. هه‌موو ئه‌و جاشانه‌ن که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ مه‌سعود بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ هه‌ی، به‌به‌ڵگه‌وه‌ لامه‌ جاش هه‌بوه‌ له‌ سه‌نگه‌سه‌ر تێکۆشه‌رى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانیان شه‌هید کردوه‌، به‌بیانوى ده‌رهێنانى ته‌رمى مه‌لا مسته‌فا کۆمه‌ڵێکن که‌ پێشتریش ناوه‌کانیانم بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌مانه‌ دارده‌ستى پارتین دارده‌ستى تورکیا و هی ئێرانیشن له‌ رێگاى مه‌سعود بارزانى و پارتیه‌وه‌ ئه‌م شتانه‌یان کردوه‌ ئێستا به‌ ئاشکرا ده‌یان پارێزن، رۆژنامه‌نوسێک پێی وتبوون بۆچى جاشه‌کان ده‌پارێزن، وتبووى بێوه‌فا نین ئه‌مانه‌ رۆژى له‌ رۆژان یارمه‌تیان داوین و هاوکارییان کردوین. له‌ ساڵانى هه‌شتاکاندا شتێک نه‌بوه‌ ناوى پارتى بێ، نفوسى خۆیان له‌و هیزه‌ فشه‌ڵ و نا دیموکرات و ناوشیاره‌ که‌ هه‌رچى جاش و مسته‌شاره‌ له‌ خۆیان کۆکردۆته‌وه‌ هێزیان پێ پێکه‌وه‌ ناوه‌ ئه‌مه‌ به‌ردى بناغه‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتى پێ ده‌ڵێن. پارتى ئه‌وه‌ى له‌ شه‌ڕى ناوخۆشدادا به‌کار هێنا، له‌ ساڵى 1994 _ 1996 به‌پێی به‌ڵگه‌کان ئه‌وانه‌ له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه‌، بڕیارییان وه‌رگرتبوو پێی ده‌وتن ئه‌مڕۆ لای پارتى به‌، سبه‌ى لای یه‌کێتى لاى پارتى دیل بکوژه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دژایه‌تى زیاتر بێ و به‌هێزتر بێ، ئه‌مانه‌م به‌ دۆکۆمێنت بڵاوکرده‌وه‌ که‌چى که‌س ئیجرائاتى له‌گه‌ڵ نه‌کردن.

چه‌ترپرێس: هه‌یه‌ ده‌ستی له‌خوێنى کوردا وهه‌بێ به‌رپرسیارێتى حکومى یان حزبى هه‌بێ؟

ـ ئێستا وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى حکومیان هه‌بێ له‌ هه‌رێمى کوردستان نازانم، به‌ڵام به‌رپرسیارێتیان له‌ناو پارتى دا هه‌یه‌، مسته‌شار هه‌یه‌ کوڕى ئامرلیوایه‌ خۆشى راوێژکاره‌، مسته‌شاره‌کان پێویستیان به‌پله‌ نیه‌، چونکه‌ موچه‌ى خه‌یاڵیان هه‌یه‌، مسته‌شاره‌ هه‌یه‌ له‌ گه‌رمیان30 ملیۆن دۆلار پاره‌ى پاسه‌وانه‌کانیه‌تى و 3 هه‌زار دۆلارى دیوه‌خانه‌که‌ى، ئیتر ده‌بێ موچه‌ى خۆى چند بێ، کاتى خۆ له‌ ناوه‌ندى چاک کۆمه‌ڵێ فشارمان هێنا بۆ ئه‌وه‌ى بیانده‌ینه‌ دادگا یا بیانگرین، هه‌مویان له‌ رێگه‌ى فرۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانیه‌وه‌ په‌ساپۆرتیه‌ (جى)یان له‌ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێکدا بۆ دروستکردن و به‌ناوى نه‌خۆشیه‌وه‌ چونه‌ تورکیا و ئۆردن و وڵاتان که‌ فشاره‌که‌ که‌م بوه‌وه‌ هێنایانه‌وه‌.

چه‌ترپرێس: له‌و میله‌تانه‌ى کۆمه‌ڵکوژیان له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌ چوه‌، هه‌یه‌ وه‌ک ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ى تاوانباران بکات؟

ـ له‌ دنیادا کورد تاکه‌ میله‌ته‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جاش و مسته‌شار و تاونباریدا نه‌کرێ، به‌تایبه‌ت تاوانبارانى ئه‌نفال، یاخود کۆمه‌ڵکوژى.

nچه‌ترپرێس: کۆمه‌ڵێک ناو له‌به‌غداوه‌ داوا کراون، ئه‌وانه‌ چیان به‌سه‌ر هات؟

ـ ئه‌وانه‌ى له‌ به‌غداوه‌ داواکراون 450 ناوه‌ لاى وه‌زاره‌تى ناوخۆیه‌ که‌ ئه‌مرى گرتنیان هه‌یه‌ و له‌ دادگاکانى کوردستانیش ناویان هه‌یه‌ و ناوه‌کانیشیان بڵاوکراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تى ناوخۆ ته‌نفیى ناکات، ئێمه‌ که‌ ده‌ڵین دادگاییان که‌ین خۆ ناڵین له‌سێداره‌یان ده‌ین، مه‌رج نیه‌ تاوانى کردبێت، ده‌بێ به‌ دادگایی ئه‌مه‌ بسه‌لمێنرێ، پاشان کاتێ باسى دادگایی جاشه‌کان ده‌که‌یه‌ن دیکۆمێنتیان لایه‌ زانیاریان لایه‌، بۆ نمونه‌ ده‌بێ کبرا وه‌ک شایتحاڵێک بیگێڕێته‌وه‌ که‌چۆن خه‌ڵکى ئه‌نفال کردوه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ئه‌رشیفێکیش بۆ که‌یسى ئه‌نفال و بۆ که‌یسى جینۆساید. مسته‌شارێک هه‌یه‌ کاتى خۆى چاوپێکه‌وتنى له‌گه‌ڵ کراوه‌ ده‌ڵێت نه‌مازانیوه‌ خه‌ڵک ئه‌نفال ده‌کرێت، حکومه‌ت به‌ ئێمه‌ى وتوه‌ بڕۆن بیانهێنن ئۆردوگایان بۆ ده‌ینه‌وه‌، هه‌مان مسته‌شاریش من کاتیخۆى چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ خه‌ڵک کردوه‌، ده‌ڵى فڵانه‌ جاش نامه‌یه‌کى بۆ فڵانه‌ خزمى ناردوه‌ وتوێتى کاتێ ئێوه‌ سوارى زیلکران و بردیانن من دیفاعم بۆتان لێ ناکرێ، که‌واته‌ درۆ ده‌کا، هه‌موویان زانیویانه‌ که‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ ئه‌نفال ده‌کرێت و ئه‌م خه‌ڵکانه‌ قه‌تڵو عام ده‌کرێت. به‌ده‌یان گوند هه‌یه‌ یه‌ک زابتى عه‌سکه‌رى پێی نه‌گه‌شتوه‌، جاشه‌کان خڵکیان هێناوه‌.

چه‌ترپرێس: ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵات دارانى کورد قه‌ره‌بوى جاشیان کردۆته‌وه‌، ئه‌ى قه‌ره‌بووى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوانیشیان کردۆته‌وه‌؟

ـ قه‌ره‌بوى جاشه‌کان کراوه‌ته‌وه‌، جاش هه‌یه‌ ده‌ڵى له‌ سه‌رده‌مى به‌عس معاشه‌که‌م دوو سێ هه‌زار دینار بوو، ئێستا دوو سێ هه‌زار دۆلاره‌، که‌چى که‌سوکارى ئه‌نفال موچه‌یه‌کى مه‌مره‌ و مه‌ژى هیچ نه‌بوایه‌ ده‌بوو موچه‌یه‌کیان پێ بدرایه‌ له‌سه‌ر ئاستى ئه‌مڕۆ پێداویستیان دابینکات، هیچ که‌سوکارێکى ئه‌نفال نیه‌ موچه‌که‌ى هه‌زار دۆلار بێ. به‌ڵام هیچ مسته‌شارێک نیه‌ موچه‌ى دیوه‌خانه‌که‌ى 3 هه‌زار دۆلار که‌متر بێ. پێویسته‌ که‌سوکارى ئه‌نفال قه‌ره‌بووى مادى و مه‌عنه‌ویشى بکرێ، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئێمه‌ له‌ %10ى ئێسک و پروسکى ئه‌نفلکراوه‌کان نه‌هاتۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ داواکاریه‌کانى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان و قه‌ره‌بوه‌یه‌کى مه‌عنه‌وییانه‌، دایکێک ده‌ناسم 60 که‌سى ئه‌نفالکراوه‌، تا ئێستا به‌و ئاواته‌یه‌ ئێسک پروسکى کوڕو کچ و که‌س و کاره‌که‌ى بێته‌وه‌.

چه‌ترپرێس: به‌پێی قسه‌کانت پارتى به‌رگرى له‌ئه‌نفالچیه‌کان ده‌کات، لایه‌نه‌کانى تر به‌رپرسیارێتیان چه‌ند به‌ر ده‌که‌وێ؟

ـ یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان وه‌ک هێزى دوه‌م و شه‌ریکه‌ هاوبه‌شى پارتى ئه‌ویش ئۆباڵى گه‌وره‌ى ده‌که‌وێته‌ ئه‌سۆ، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئۆباڵى ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، تا ئێستا پرسى داگایی کردنى جاش یان که‌یسى ئه‌نفال نه‌بۆته‌ که‌یسێکى زیندوو لاى، ته‌نانه‌ت له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا باسى ناکه‌ن، به‌به‌ڵگه‌وه‌ قسه‌ ئه‌که‌م که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆرانیش باوه‌ڕى به‌ دادگایی کردنى جاش نیه‌ و بڕواى به‌هێنانه‌وه‌ى ئێسک پروسکى ئه‌نفالکراوان نیه‌، حزبه‌ ئسلامیه‌کان هه‌ر به‌ده‌رن له‌وه‌ ئه‌وان هه‌ر جێگه‌ى گومانن و جێگه‌ى ره‌خنه‌ى توندیشن، کاتى خۆشى ئێمه‌ فشارمان بۆ حکومه‌تى هه‌رێم هێنا که‌ دادگایی جاشه‌کان تۆمه‌تباران بکات، که‌چى ئه‌وان لێدوانیان دژى ئێمه‌دا وتیان نابێ دادگایی بکرێن پشتیوانیان لێکردن.

چه‌ترپرێس: ئه‌و به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر فرۆشتنى کچى کورد به‌ وڵاتان بۆ بێده‌نگى لێده‌کرێ؟

ـ به‌ڵگه‌که‌ى له‌ کوردستانى نوێدا له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاکرایه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌کى زیندووه‌، پاشان خه‌ڵک هه‌یه‌ له‌ کوێیت خوشکى خۆى هێناوه‌ته‌وه‌، له‌ خوارى عێراق به‌ ده‌یان کچیان هێناوه‌ته‌وه‌، له‌ سعودیه‌ له‌ میسر، به‌ڵام له‌به‌ر پێکهاته‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى کۆمه‌ڵگاى کوردستان و ڕیگه‌ به‌وه‌ ناده‌ن که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ قسه‌ بکه‌ن، به‌ڕێکه‌وت له‌ قاهیره‌ فڕۆکه‌وانێکى میسریم ناسى، وتى: به‌چاوى خۆم به‌ده‌یان کچم له‌وانه‌ بینیوه‌ و گواستومنه‌ته‌وه‌، هه‌ندێک له‌ کچه‌کان زۆر گه‌نج و جوان بوون، یه‌کسه‌ى ئه‌فسه‌ره‌کان بردویانن بۆ خۆیان. حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نانه‌ت دژایه‌تى ئێمه‌شى ده‌کرد، وشیار زێبارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراقه‌، دژى رێکخراوى چاک لێدوانیدا، وتى کچى کورد به‌ میسر نه‌فرۆشراوه‌، ئێمه‌ چه‌ند خۆپیشاندانمان کرد و به‌ڵگه‌کانیشمان ڕاده‌ستى باڵیۆزخانه‌ى میسر کرد، وتیان وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌بوو. ئه‌مه‌ خه‌م ساردى و ڕه‌خنه‌یه‌کى جدیه‌ ده‌بێت له‌ حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق بگیرێت، چونکه‌ ده‌یانتوانى فشار بخه‌نه‌ سه‌ریان، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانکردوه‌، نوێنه‌رى کورد له‌ قاهیره‌ نکۆڵى له‌وه‌ کرد و ئێمه‌ى به‌درۆخسته‌وه‌.

چه‌ترپرێس: به‌جینۆساید ناساندنى که‌یسى ئه‌نفال له‌ ئاستى نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌وه‌ى که‌ لانى که‌م ئه‌نفال دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران و حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ندێک ئیشیان له‌سه‌رى کردوه‌؟

ـ نه‌ک ئیشیان له‌سه‌رى نه‌کردوه‌، به‌ڵکو ڕێگریش بوون له‌به‌ریدا، ئێمه‌ به‌ده‌یان نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و چالاکوان لێره‌ و له‌ ئه‌وروپا هه‌وڵماندا ئه‌و کێسه‌ بکه‌ینه‌ کێسێکى جیهانى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانى ئه‌وروپاش هه‌وڵماندا، به‌ڵام ئه‌وان ڕێگریان کردوه‌، زۆرجار شاندێکیان هێناوه‌ چه‌ندین هه‌زار دۆلاریان بۆ سه‌رف کردوه‌ بۆ چاوبه‌ستکردنى خه‌ڵک، هه‌موو ساڵێک له‌ ١4٤ و ١٦٣ دێن و دوکانى سیاسى ده‌که‌نه‌وه‌، بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى له‌سه‌ر ده‌که‌ن، هیچ ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ نه‌کردوه‌ ئه‌گه‌ر نا هیچ نه‌بوایه‌ ده‌بوو حکومه‌تى عێراق به‌ڕه‌سمى داواى لێبوردنى له‌ کورد بکردایه‌ چونکه‌ له‌ دادگاى تاوانه‌کانى عێراقدا هاتوه‌ که‌ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ جینۆسایده‌، حکومه‌تى عێراق که‌ میراتگرى رژێمه‌که‌ى سه‌دامه‌ ده‌بیت داواى لێبردوون بکات و دانى پێدابنێت، ئه‌وکات ده‌بێت قه‌ره‌بووى مادى و مه‌عنه‌وه‌ى هه‌موو که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان بکاته‌وه‌، به‌ڵام تائیستا حکومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى شه‌هیدان خه‌مساردى یه‌که‌مین که‌ به‌ئه‌نقه‌ست فشار ناکه‌ن، ئه‌وان کێشه‌یان نیه‌ و پاره‌یان له‌وه‌دا ده‌ستناکه‌وێت، دواى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان که‌وتون، ئۆباڵى یه‌که‌مینى ئه‌مه‌ش ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆى مه‌سعود بارزانى.

چه‌ترپرێس: ده‌وترێ جیاوازى له‌ نێوان ئه‌نفالى بارزانیه‌کان و گه‌رمیانیه‌کان ده‌کرێت؟

ـ مه‌سعود بارزانى تا ئێستا ئه‌و هه‌وڵى ته‌نها بۆ بارزانیه‌کان داوه‌، ته‌نانه‌ت هێنانه‌وه‌ى ڕوفاتى بارزانیه‌کانى خسته‌ پێش رووفاتى هه‌موو ئه‌نفاله‌کانى تر، کاتى خۆشى من وتم ده‌بێت یه‌کێتى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا وه‌ڵامى بارزانى بداته‌وه‌ و رووفاتى ئه‌نفالى گه‌رمیانیه‌کان بێنێته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ تا ئێستاش ئه‌و جیاوازیه‌ له‌ نێوانیاندا ده‌کرێت.

چه‌ترپرێس: ده‌وترێ بۆ له‌ناوبردنى شۆڕشى رۆژئاواى کوردستان پلانى جۆراوجۆرى داگیرکه‌ران هه‌یه‌، که‌چى پارتى بۆ جیاکردنه‌وه‌ى سنورى رۆژئاواو باشور خه‌ریکى خه‌نده‌ق لێدانه‌، ئه‌مه‌ رێگه‌ خۆشکه‌ر نیه‌ بۆ سه‌رخستنى پلانى ترى داگیرکه‌ران دژ به‌ گه‌لى کورد و به‌ ده‌ستى کورد؟

ـ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پارتى ده‌یه‌وێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و شۆڕشه‌ى له‌ ڕۆژئاواى کوردستان هه‌یه‌ له‌ ناوى ببات، هیوادارم شه‌ڕ روونه‌دات، به‌ڵام به‌دوریشى نازانم پارتى هێزیش به‌کاربێنیت، بریندارى کردنى ئه‌و که‌سانه‌ له‌سه‌ر سنوور سه‌ره‌تایه‌که‌، پارتى زۆر ده‌مێکه‌ ده‌یه‌وێت شه‌ڕێکى ناوخۆ له‌ کوردستان دروست بکات، چه‌ندین که‌س له‌ ڕۆژئاوا گیراون و دانیان به‌وه‌داناوه‌ که‌ پارتى مه‌شقى پێکردوون و بۆ ئه‌وه‌ش گروپ ده‌نێرێت بۆ ڕۆژئاواى کوردستان، له‌مه‌سه‌له‌ى باکورى و ڕۆژئاوادا و سیاسه‌تى تورکیا پیاده‌ ده‌کات.

کوردستانپۆست: ئەم بابەتە لەم لینکەی خوارەوە و لە سایتی (چەتر پرێس) وەرگیراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە