كێشەكە ئەوەیە شەقام متمانەى بەئۆپۆزسیۆن نەماوە
Wednesday, 16/11/2011, 12:00
ئێمە كەسپێدەیەكى زوو لەخەوهەڵئەسین لەبەردەم دوو رێگەداین: یان ئەوەیە بخەوینەوەو خەوببینین،وەیاخود هەڵسین و خەونەكانمان بەدیبهێنین.لەبۆشایی و ناتەواوى ئەو كەشە ناجۆرەى دەسەڵات نیشانى داین لەڕابردوودا،وەئیدامەدانى بۆئێستا ئەكرا دوو فۆڵدەرى تربكەینە دوورنماى چاكسازى و سەربەخۆیمان،بیبەینە ئەو ئاستەى ئیتر ئایندە دیارى بكەین لەستراتیجیەتى سیاسیى و ئاسایش و سامانى نەتەوایەتیماندا،ئەم دوو لیڤڵەش:یەكەمیان نەوەى نوێ و دووەمیان : ئۆپۆزسۆن.
نەوەى نوێ بەدیوێكدا ئەوەیە:كە گشت مێژوو جوگرافیاى گەلەكەى نادات بە قۆڵ و پرچێكى نانسى و هەیفا وەهبى،یان گشت ئایندەى نیشتمانەكەى لەو تۆپەدا كۆكردۆتەوە كە یاریزانێكى بیانى گۆڵێكى پێ ئەكات.قەد بیرم ناچێت چوار ساڵ پێش ئێستا مەكتەبى ڕێكخراوەكانى یەكێتى كۆڕێكى بۆ ساڵیادى "د:قاسملۆى كورد" رێكخستبوو،بەیەك دنیا ڕیكلامى پێش وەختەوە تەنها (27) كەس ئامادەبوون...!!.
ئۆپۆزسۆن: لەكوردستان قسەباسى لەسەر دروستبوونى جۆراوجۆرن،هەندێك لەدروستبوونى ڕۆژنامەى "هاوڵاتیەوە و هەندێكیش لەحزبە ئیسلامیەكانەوە كە ماوەیەك بەشدارى حكومەتیان نەكرد و هەندێكى تریش دروستبوونى بزوتنەوەى گۆڕان لە (25/7/2009) بەلەدایكبونى ئۆپۆزسۆنى راستەقینە ئەزانن.كەئەمەیان تەواوترە.لەواقیعدا هاتنى بزوتنەوەى گۆڕان زۆر قسەوباس هەڵئەگرێت.تائەو كاتەى كەئەمان بەشێكن لەیەكێتى و ئەیانەوێ خۆیان بەیەكێتى بكەن و تۆڵە لەزۆر كەس بسێنن لەئایندەدا.بەڵام هەرچییەك بن ئەوان بەهاتنیان زۆر كارى باشیان كرد،تەنهاو تەنها ئەوە بەسە كەدروستبوون..ئەمە بەدەر لەوەى سامان و داهات و زۆرشتى تریان بۆ میللەت روونكردەوە،خەڵكیان هاندا داواى مافەكانى خۆى بكا و دەنگهەڵبڕێت...هتد.
ئێمە لێرە زۆر بەگلەیین لەوەى ئۆپۆزسۆن (بزوتنەوەى گۆڕان بەتایبەتى) ناتوانن لەئێستادا چارەسەرى دوو گرفت بكەن، یەكەمیان : ئیستیعابى تەواوى دەنگە ناڕەزاكانى شەقام ناكەن،ئەمە بەتایبەتى لەو چركەیەى دواى تەقەكانى (17ى شوبات) ەوە.وتەبێژەكەیان بەهەناسە سوارییەكەوە،ئەیووت : ئەمانە چەند ئاژاوەگێڕێكن.ئێمە نین...ئێمە ئەوى ڕۆژو دواتریش لەشەقامدا ئەمانزانى بێ ئۆپۆزسیۆن هیچمان پێناكرێت،ئەمانزانى شەقامێك ئۆپۆزسیۆنى لەپشت نەبێت زۆر نابووت و ناماقووڵە.ئەوانیش كەهاتنەوە لەڕۆژانى دواییدا شەرمنانە و بێ بەرنامەبوون،لەڕێگەى مەقاش و دەسكێشەوە هاتنەوە،نەك ڕاستەوخۆ.بۆ پیس و پاككردن هاتبوون..!!.بۆیە لێرەوە گرفتى سەرەكى ئەوان دەستیپێكرد..چۆن..؟ ئەوان ناتوانن یان نایزانن ببنە مینبەرێك بۆ هەموو دەنگە ناڕەزاكانى شەقام.هەموو كەس نا دوێنن.كەشرۆڤە بكات،جاران ئەمانووت: دەسەڵات هەرچى لەگەڵى نەبێت دوژمنیەتى،ئێستا ڕەحمەت لەودەسەڵاتەى كەخۆشى لەگیانى خۆی بێزارە.ئەمان لەبنەڕەتدا بۆ ڕەخنە دروستبوون كەچى یەك ڕەخنە قبوڵناكەن..!!.كەباسى گەندەڵیش ئەكەیت ئەلێن: جائەمە وەك تەپوتۆز وایە هەموومان هەڵمانمژیوە.
لەدواى دامركاندنەوەى خۆپیشاندانەكان و پێشتریش،ئێمەومانان دەیان جارو هەرجارەو بەشێوازێك ڕووبەڕووى نەعلەتیەكى دەسەڵات بووینەوە لەم ناوچەیە.كەپێشتر لەغیابى میدیاى كۆى ئۆپۆزسیۆن ئێمە میدیاكانى دەسەڵاتمان بەكارهاورد.دواتریش لاى ئەوانەوە بانگى خۆفرۆشى وموزایەدەبازیمان بەسەرا سەپێنرا..لەمەش واوەتر "د:فایەق گوڵپى " ڕاستى كرد كە بەفەرمانى گۆڕان ڕۆژنامەى "هاوڵاتى" بایكۆتى خۆمان و نووسینەكانى كردووین.ئاخر گۆڕان چۆن وادەكرێت..؟؟.هەموو پێمانووتن : لەگەڵ دەسەڵات دامەنیشن لەسەرەتاوە چونكە ئەوەتا بەپیش چاوتانەوە داركارى و فەزاحەت بەردەوامە،چوون دانیشتن دوایی بایكۆتتان كرد و بودجەكشیان بڕین.دیسانەوە هەڵوێست دەستى پێكرد دواى چوار بڕیارەكەى سەرۆكى هەرێم كە یەكێكیان جێبەجێكرا،ئەویش گەڕانەوەى بودجەكە بوو،ئیتر بێدەنگبوون.
كاتى خۆی دەنگتان بە ڕەشنووسى دەستوورداو ئێستاهاتوون دنیایەك ڕەخنەى لێئەگرن..بابەتى شەفافیەتى نەوت و ڕوونكردنەوەى بۆ پەرلەمان،لەبرى حكومەت بێت بۆ پەرلەمان،پەرلەمانتارەكانى گۆڕان هاوشانى دەسەڵات چوونە نووسینگەى سەرۆكى حكومەت لەوێ ڕوونكردنەوە درا.
ڕۆژێك دائەنیشن و ڕۆژێكى تریش هەڵیئەپەسێرن..ئەبێت بزانن یەكەم كارى ئۆپۆزسیۆن بریتى یە لە پاراستنى ئاسایشى كۆمەڵگە.
دووەمین: لەسەر ئاستى شەقام و گوتارى میدیاییان یەك ڕاو یەك بیرو یەك ئاڕاستە نین.ئەمەش داخراوى میدیاى ئۆپۆزسۆن ئەسەلمێنى بەڕووى ئەوانى تردا.تائەوكاتەى وەكو تەماشاكەرێك ئەمێنێتەوە لە گۆڕەپانەكەدا،ئەبێت لەمەولا بزوتنەوەى گۆڕان خاوەنى بەرنامەو ستراتیژییەتێكى ڕوونتر بێت لەمەڕ هەڵس و كەوتكردن لەگەڵ شەقام و دەنگە ناڕەزاكانى تر،چونكە ئیتر ئەو دایك و باوكى گشت دەنگە ناڕەزاكان نییە.ئەمە واقعێكەو وەك ڕۆژى ڕووناك دیارە.هیوادارین ئەمە ببێتە بنەمایەك بۆ بەخۆداچوونەوە،نەك وەڵامى ڕەخنەكانمان،ڕەخنەو شكاندن و تەخوین وشتى تر بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست