کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كه‌نعان مه‌كییه‌: له‌(22)ی ئابدا بارزانی به‌نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا رێككه‌وت

Friday, 04/09/2009, 12:00


تایبه‌ت به‌ رێگا (31)ی ئابی ساڵی‌ (1996)ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌هه‌میشه‌ له‌به‌رامبه‌ر پارتی دیموكراتدا به‌مانای خیانه‌تی نیشتمانی وه‌بیر ده‌هێنرێته‌وه‌، ئه‌و مێژووه‌ هاتنی ده‌بابه‌و سوپای به‌عسه‌ بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش به‌خواستی پارتی و له‌سه‌ر داوای نامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ سه‌دام، ئه‌و سه‌دامه‌ی كه‌ سێ برای مه‌سعود بارزانی كوشتووه‌و (8) هه‌زار بارزانیشی ئه‌نفال كردووه‌.
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌كتێبی رۆژمێری پێشمه‌رگه‌یه‌ك، له‌به‌رگی چواره‌مدا ده‌ڵێت: له‌به‌غدا نامه‌ی سه‌رۆكی پارتی دیموكرات خوێندرایه‌وه‌ كه‌ له‌(22/8/1996)دا بۆ سه‌رۆكی عیراقی نوسیبوو، داوای هێز ده‌كات و ده‌ڵێت پارتی توانای مقاوه‌مه‌ی نه‌ماوه‌و ناتوانێت هیچ بكات و خاكی عیراق له‌مه‌ترسیدایه‌و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێت، فریامان بكه‌ون زۆر به‌په‌له‌.
ئه‌مه‌ ئه‌و رووداوه‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌تاكو ئێسته‌ش پارسه‌نگی هێزی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوری و جوگرافی (3) پارێزگاكه‌ی كوردستانی تێكداوه‌، ئه‌و رووداوه‌یه‌ كه‌هه‌موو كورد جگه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكرات زیانیان لێكردووه‌و تاكو ئه‌م ساته‌ش عه‌ره‌به‌كانی نه‌یاری پێشووی سه‌دام و ئێسته‌ی حوكمڕانی به‌غدا به‌ڕووی بارزانیدا ده‌ده‌نه‌وه‌.
سه‌رۆكی ده‌زگای یاده‌وه‌ری عیراقی كه‌باره‌گای سه‌ره‌كی له‌واشنتۆنه‌، ده‌رباره‌ی (31)ی ئاب نوسینێكی له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ ژماره‌ (1377)ی (7/1/1997)دا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌تێیدا نوسیویه‌تی (مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی (1991) له‌باكوری عیراقدا چاوم به‌مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌وت كه‌جێمهێشت وام هه‌ستكرد له‌وه‌ باشتر نابێت بۆ عیراقییه‌كان كه‌كه‌سێكی ئاوا سه‌رۆكایه‌تی بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقی دوای سه‌دام حسێن بكات، ئه‌وكات بارزانی پێی وتم برینی نێوان ئێمه‌و سه‌دام زۆر قوڵه‌، ته‌نانه‌ت زانی نێوان ئێمه‌و هه‌ندێك گروپی به‌رهه‌ڵستكاری عیراقیش به‌سوێیه‌و تیماركردنی ئه‌و برینه‌ش زۆر زه‌حمه‌ته‌، مه‌سعود بارزانی به‌چاوی خۆی بینی سێ برای به‌ده‌ست سه‌دام حسێن كوژرا، من له‌وبڕوایه‌دا بووم مه‌سعود بارزانی كه‌سێكه‌ بڕوای به‌وه‌فاو رێز هه‌یه‌ كه‌هێمای شه‌ره‌فن لای كورد، له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ وامده‌زانی كه‌خاوه‌نی قسه‌ی خۆی بێت، كه‌هه‌میشه‌ به‌ئازاره‌وه‌ ئاگای له‌میرات و ئه‌شكه‌نجه‌ی گه‌له‌كه‌ی بێت، سه‌رسوڕمانم به‌بارزانی كه‌به‌وشێوه‌یه‌ بوو، وه‌ك یه‌كێك له‌ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی نیشتمانی یه‌كگرتووی عیراق (INC) ده‌مویست كاندیدی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیمانبكات، به‌ڵام بارزانی له‌ (22)ی ئابی ساڵی‌ (1996) به‌نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا رێككه‌وت و داوای له‌سه‌دام كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، من له‌وبڕوایه‌دابووم بارزانی بڕوای به‌شه‌ره‌ف هه‌بێت، ناوه‌كه‌ی ببوو به‌ڕه‌مزی خه‌بات دژی دیكتاتۆرییه‌ت له‌به‌غدا، نازانم چۆن وابه‌هه‌ڵه‌دا چوو؟!
(31)ی ئاب له‌میدیای جیهانییدا
نزار ئاگری له‌ڕۆژنامه‌ی (النهار)دا له‌(12/12/1996)دا نوسیویه‌تی (31)ی ئابی ساڵی‌ (1996) ئه‌و مێژووه‌یه‌ كه‌سه‌ركرده‌كانی كورد دوا گوله‌و گوله‌ی به‌زه‌ییان گرته‌ جه‌سته‌ی كیانی شلۆقی كوردی، گوله‌یه‌ك بوو ته‌واوی پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردی له‌گۆڕناو ساچمه‌كانی ئه‌و گوله‌یه‌ ئیعتیباری ده‌ولی مه‌سه‌له‌ی كوردی پێكاو پاشماوه‌ی سۆزه‌ جیهانییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كورد نه‌هێشت، له‌وڕۆژه‌دا سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌كی ده‌ستنوسی بۆ سه‌رۆكی عیراق سه‌دام حسێن ناردو داوای لێده‌كات هێزی سه‌ربارزی بنێرێت بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێرشی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان).
ناوبراو له‌ڕۆژنامه‌ی حه‌یاتی له‌نده‌نی له‌(1/11/1996)دا نوسیویه‌تی (هاوپه‌یمانی دوێنێ و هاوڕێی یه‌ك سه‌نگه‌رو براو شه‌ریكی مه‌سه‌له‌ هاوبه‌شه‌كان بوو به‌خائین و دووژمن، كه‌چی دوژمنی دوێنێ و دیكتاتۆری هه‌مه‌جی و بكوژو خوێنڕێژی ئه‌نفاله‌كان و قه‌یابی هه‌ڵه‌بجه‌ بوو به‌هاوپه‌یمان و دۆست).
له‌ڕۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌(29/10/1996)دا عه‌بدولعه‌زم كورد نوسیویه‌تی (چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی كه‌م پێش ئێستا بارزانییه‌كان به‌یارمه‌تی راسته‌وخۆو ته‌ده‌خولی كاریگه‌ری ده‌بابه‌و سه‌ربازه‌كانی سه‌دام حسێن ده‌ستیان به‌سه‌ر شاری هه‌ولێردا گرت، ناكۆكی نێوان تاڵه‌بانی و بارزانی كۆنه‌ بۆ ئه‌و رۆژانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تاڵه‌بانی حزبه‌كه‌ی دروستكرد له‌ساڵانی‌ (1975-1976)، هه‌رله‌ساڵی (1977)دا بارزانییه‌كان سه‌دان كه‌سیان له‌ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی له‌قه‌سابخانه‌ی به‌ناوبانگی هه‌كاری و له‌نزیك سنوره‌كانی توركیا كوشت).
ولیه‌م پێری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا: پارتی په‌یمانێكی له‌گه‌ڵ سه‌دام ئیمزاكردو سوپای عیراقی هێنا
ولیه‌م پێری وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌(3/9/1996) له‌كه‌ناڵی (CNN)ی‌ ئه‌مریكی‌ نیشاندرا، وتی: ده‌مێك ساڵه‌ سوپاكه‌ی سه‌دام خه‌ریكی كوشتن و سه‌ركوتكردنی گه‌لی عیراقه‌، سه‌دام هه‌زاران به‌رهه‌ڵستكاری كوشتووه‌و ملیۆنه‌ها كوردی ئاواره‌كرد.
سه‌باره‌ت به‌شه‌ڕی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكرات، ئه‌مریكا هه‌وڵیدا كۆتایی به‌شه‌ڕه‌كه‌ بهێنێت و ئه‌و دوو لایه‌نه‌ ئاشتبكاته‌وه‌، یه‌كێتی یارمه‌تی له‌ئێران وه‌رگرت، كه‌چی پارتی سوپای عیراقی هێنا، پارتی په‌یماننامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ سه‌دام ئیمزاكردووه‌، دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌عیراق هێزی سه‌ربازی كۆده‌كاته‌وه‌و ئاگادارمانكرده‌وه‌ كه‌هێزه‌كانی نه‌هێنێته‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی نه‌كردین و به‌هێزێكی (40) هه‌زار سه‌ربازی توانی هێزی به‌رگری یه‌كێتی نیشتمانی بشكێنێت كه‌ له‌چه‌ند هه‌زارێك میلیشیای چه‌كدار پێكهاتبوو.
كلینتۆن: هاوكاریكردنی لایه‌نێكی كوردی له‌گه‌ڵ سه‌دام دا بۆ په‌لاماردانی هه‌ولێر هیچ پاساوێكی نییه‌
هه‌مان رۆژی موشه‌ك بارانكردنی چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای عیراق، بیل كلنتۆنی سه‌رۆكی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌لێدوانێكی فه‌رمیدا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی په‌لكێشی سوپای عیراقی بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، وتی: سه‌ره‌ڕای وریاكردنه‌وه‌ی به‌رده‌واممان، سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر حكومه‌تی‌ عیراقی هێرشی سه‌ربازی كرده‌ سه‌ر شاری هه‌ولێرو كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كان هێنا له‌و شاره‌دا، پاشان هه‌واڵی پاشه‌كشه‌یان له‌و شاره‌ درۆ ده‌رچوو، هێشتا هێزه‌كانی سه‌دام له‌حاڵه‌تی هێرش و په‌لاماردانن، ئه‌مه‌ش پێویستی كرد زه‌برێكی سه‌ربازی له‌سه‌دام بوه‌شێنین.
هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نێكی كوردی هاوكاری سه‌دام ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ پاساوی نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌دام په‌لاماری هه‌ولێر بدات و گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
له‌(31)ی ئابدا سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ ئه‌مریكی و بیانییه‌كان كوردستانیان جێهێشت
به‌هۆی په‌لاماری سوپای عیراق بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر له‌(31)ی ئابدا زۆرینه‌ی رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌مریكاییه‌كان كوردستانیان به‌جێهێشت و له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌هۆی مه‌ترسی گرتن و په‌لاماردانه‌وه‌.
رۆژنامه‌ی گاردیان-ی به‌ریتانی له‌ژماره‌ی (14/9/1996)دا نوسیبووی (به‌فشاری ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ (2500) كوردی عیراقی كه‌به‌شێك بوون له‌كاره‌كانی پلانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه‌، چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق).
هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كانی نیۆرك تایمزو واشنتۆن پۆست و ئینته‌رناشینال هیرالد تربیون له‌(9/9/1996)دا لێدوانێكی فه‌رمی جه‌نه‌ڕاڵ جۆن شالیكاشفیلی-یان بڵاوكردبویه‌وه‌ كه‌ده‌ڵێت: وه‌حده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌باكوری عیراق بوو له‌ناوچه‌ی زاخۆ نزیك به‌ه‌سنوری توركیا، كاری هه‌ماهه‌نگی بوو، به‌هۆی په‌لاماری سوپای عیراقه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌مان كشانه‌وه‌ بۆ ناو خاكی توركیا.
رۆژنامه‌ی تایمز له‌هه‌مان رۆژدا بانگه‌وازێكی تاڵه‌بانی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی ئه‌مریكای كردبوو بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی خه‌ڵكی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر په‌لاماری سوپای سه‌دام به‌پێشڕه‌وی پارتی دیموكرات.
رۆژنامه‌كه‌ ئه‌وه‌شی بڵاوكردبویه‌وه‌ كه‌ تاڵه‌بانی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ده‌نگ نه‌یه‌ت، ئه‌وا هانا بۆ ئێران ده‌بات.


ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌نعان مه‌كییه‌: له‌(22)ی ئابدا بارزانی به‌نامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا رێككه‌وت
- http://regamagazine.com/view.php?id=322
گۆڤاری ڕێگا ..... rega magazine - http://regamagazine.com/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە