ئەنفال/ ڕۆژی بەدی گەلی کورد ١٩٨٨/٤/١٤ کەسوکاری ئەنفال...
Friday, 16/04/2010, 12:00
هیچ فەرقی نەکرد کافری بێ ویژدان
لە کۆرپەی ساواو لەپیرو لە جوان
هەمووی ڕاماڵی بۆ سجن و تەعزیب
بەڵام چۆن سجنێك پڕ ئازارو ژان
منداڵان بە دەم زریکەو هاواردا
لە تاو برسێتی و بێ شیرو ئاودا
لە بەر چاوی دایکی جگەر سوتاویان
بوون بە پەپولە گیانیان لە دەست دا
هەر لە دبسەوە بەرەو تۆپ زاوا
هەر لە بەیانی هەتا خۆر ئاوا
هەر ساتەو مردنێك پڕ خەم وخەفەت
بەرەو نوگرای بەد هیلاك و شەکەت
ڕۆژێکی شوم بوو تراژیدیای گەرمیان
ڕۆژێکی ڕەشی پڕ شین و گریان
لە منداڵەوە دەستی پێ کردو
زریکەو هاوار بێ دەنگی شکاند
بە گەورەو بچوك لە پیرو لە جوان
بوون بە ژێر خاکی لە نوگراسەلمان
لەناو سەحراو تەپ و تۆزو
لەڕۆژێکی پڕ زریانێك
لە هەر زیندە بە چاڵێك و
لە هەر دۆڵ و بیابانێك
هەزاران کۆرپەو مناڵی
لە یاری وخۆشی دابڕاند
لە خەوو خۆراکی تۆراندو
وەك گوڵاڵە سورەی بەهار
هەموویانی هەڵ پڕوکاند
زۆربەی تەرمی کوردی نازدار
بون بە خۆراکی سەگی هار
لە نوگراسەلمانی برسی
کاروانی زیندە بە چاڵم
تەنها کەسێك لێ ی نەپرسی
هەر ئەو کاروانە بێ دەنگە
مافی مرۆڤی ڕسوا کرد
کەڕو کوێرو بێ هەڵوێست بون
لەئاست گەلی هەژاری کورد
موئەساتی گەرمیانەکەم تا ئەبەد کۆتای نایە
چاوی دایکی شەهیدانم هەرلە چاوەڕوانی دایە
سەرەڕای گشت دەردو مەینەتی
کەس وکاری ئەنفالەکان
لەجیاتی ڕێزو تەقدیریمان
بە چاوی بەزەیی سەیر ئەکرێین و
خراپە باری ژیانمان
ئەڵێین ئێمە نزمترین
چینی هەژاری ئەم سەردەمەین
ژیان لامان وەك هەورازە
بۆ خەم لێژەو فێرە پێمان
لە هەر شوینیکدا خەم هەبێ
خۆی دەخزێنێ و دێ بۆلامان
... ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست