ئەگەر یەك بەردیش نەگیرایەتە لقى 4........
Thursday, 24/02/2011, 12:00
نووسەرى گەورەى عەرەب كەنعان مەكییە دەڵێت : سەدام بێ دەنگى دروست نەكرد، بەڵكو بێ دەنگى سەدامى دروستكرد. ئێستا ئەو ئان و ساتەیە كە خەریكە ئێمە ئاڕاستە دەكات بەرەو لە دایك بوونى دیكتاتۆرییەكى حەتمى و دیموكراسییەكى حەتمى. مەبەستمە بڵێم بە بێ دەنگ بوونمان سەدامێكى حەتمى دروست دەكەین و بە دەنگ هەڵبڕینیشمان دژ بە نادادى و گەندەڵى و حوكمى حیزب و بنەماڵە بۆ هەمیشە سەددامێكى تر لە گۆڕ ئەنێین. ڕەنگە لە دنیادا هیچ نەتەوەیەك نەبێت وێنەى كورد مێژوویەكى پڕ لە ئاڵۆزی و تەم و غوبارى هەبێت هەر بۆ نموونە تا ئێستا تەواوى كوردستان ڕێك نین ئاخۆ مەلاى خەتێ خیانەتكارە یان دڵسۆزو نیشتمان پەروەرە. شۆڕشى ڕزگار كورد زۆرترین بەشى لەم تەمومژە بەردەكەوێت. ئەمەش هۆكارەكەى ڕەنگە ئەوە بێت ئێمە تا ئێستاش نەمانتوانى تۆمەتبارێكى نیشتمانى لە ڕێگاى دادگاوە تاوانبار یان پاكى ڕابگەیەنین. وە هۆكارێكى تریش ڕەنگە ئەوە بێت تاكى كوردى یان دەروێشانە دەكەوێتە شوێن لایەنە سیاسیەكان و لە پێناویا هەموو شتێك ڕەتدەكاتەوەو سروشتێكى پیرۆز ئەبەخشێت بە حیزب و سەركردە خوازراوەكانى یان ئەوەى ڕەتكردەوە سەد دەر سەد ڕەتیدەكاتەوەو ئەیباتە ئاستى شەیتان. بۆیە لێرەشدا دوو هەڵبژاردنمان لە بەردەستدایە ئەگەر دیكتاتۆرەكەمان دروستكرد ئەوە وەك وڵاتانى عەرەبى با خۆمان ئامادەكەین 20 - 30ساڵ چەپڵە و گۆرانى بۆ سەرۆكە دیكتاتۆرەكەمان بڵێین. ئەگەر دیموكراتیەتیشمان دروستكرد ئەوا خۆمان لەو بەینەدا ڕا گرین و لەسەر بناغەى ڕەخنە گرانە ئاراستەى ڕاستى هەنگاوەكانى دەسەڵات بكەین و نەهێڵین و لێیقبوڵ نەكەین هەڵە بكات. ئەم هەنگاوەشمان بەوە دەبێت كە كەسمان خۆى بچوك نەكاتەوە بۆ ئاستى ئەندامێتى كردن لە حیزبێكا چونكە ئێمە كەرامەتمان بە مرۆڤ بوونمانەوەیە نەك بە حیزبى بوونمان ئەمەش وامان لێدەكات هەمیشە باشترین هەڵبژێرین. ئێستا با بێینەوە سەر تەمومژاوی مێژوو و لەم ڕووانگەوە خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆژى پێنجشەمەى خویناوى (17/2/2011) لە سلێمانى و بەردبارانكردنى لقى چوار و وەڵامە دڕندانەكەى پارتى بۆ بەرد بكەین. ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە وەكو تاكى كورد بیزانین پارتى حیزبێكە یەكهەم : بچوكى بە ماناى قەبارەى جەماوەرى قبووڵ ناكات ئەگەر هەر جۆرە كەسێك لە دەورى بێت، ئەگەر كەسە جاشەكانیش نەما ئەوا قبوڵیەتى سندوقەكانى دەنگدان پڕكات لە دەنگى وەهمى. دووهەم : بێ هێزى قبووڵ ناكات. واتە قبووڵى نییە بە هیچ جۆرێك دەزگاى مخابەراتى پاراستن و هیزى پێشمەرگەى لێبستێنى و بیانكەى بە دەزگاى نیشتمانى بۆ كوردستان. سێهەم : دۆڕانى دیموكراسییانە قبوڵ ناكات. واتە نایەوێت بە دەنگدان هەرگیز بیدۆڕێنێت. چوارهەم : زۆربەى كارەكان و خۆ خۆشەویست كردنى لەلاى خەڵك، لە ڕێگاى دەزگاى پاراستن و ڕاگەیاندنەكانەوە دەكات ئەم حیزبە و دەسەڵاتە ناوچەییەكەى لە هەولێرو دهۆكدا بەردەوام لەسەر ئیلهامى سیناریۆكانى دەزگاى پاراستن دەژى. وەك ئەوەى كە ئێستا بە خەڵكى دەفرۆشن لە كاتى فراوان بوونى ناڕەزاییەتیەكانى خەڵكدا، كە باس لە گرتنى تریاك و تیرۆریست دەكەن بۆ ئەوەى بەمانە هەست و سۆزى خەڵكى بجوڵێنن. پێنجهەم : ڕەخنەگرتن قبووڵ ناكات و خوێنەوارە هەرە بەرزەكانى گیرۆدەى سەرۆكە نەخوێنەوارەكەیانن. بۆ نموونە ڕەخنەكەى شەهید سەردەشت عوسمان خەڵكانى عەرەب و ئینگلیز لێیگەشتن. بەڵام خوێنەوارەكانى پارتى بە سوكایەتى كردن بە كچى سەرۆكیان دادەنا بۆیە بە حەقیان زانى وایلێكراوە. با بێینە سەر ڕووداوەكان، بزووتنەوەى گۆڕان لە كۆتایى مانگى یەكى (2011) دا بەیاننامەیەكى حەوت خاڵى پێشكەش بە ڕاى گشتى كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەى حكومەت و پەرلەمانى كوردستان. وە لە هەمان كاتدا ڕاگەیاندنى گۆڕان توانیان بە تەواوى پارتى و یەكێتى و حكومەتە حیزبیەكەیان تەنگەنەفەس بكەن بە بڵاوكردنەوەى ئەو هەموو بەڵگەنامە ڕوونانەى كە خەڵك بە چاوى خۆى دەیبینى، بەڵام خەڵك نەیدەتوانى یان میكانیزمێكى نەدەدى تا بە ئاشكرا باسى بكات. بەڵام KNN و ڕادیۆى گۆڕان و ڕۆژنامە بەشێوەیەكى زۆر ورد لە ماوەیەكى كەمدا توانى هێندە گەندەڵى و قۆرخكارى و دەست بەسەراگرتنى ماڵ و موڵك و زەوى گشتى بڵاوبكاتەوە تا گەیشتە قۆرخكارییەكانى تاڵەبانى و مەسعود و نێچیر. ئیتر لێرەدا ئەمانە پەتى تەحەمولیان پساو بیریان لە تۆڵەكردنەوەیەك دەكرد لە گۆڕان وەك چۆن لە 2005 لە یەكگرتوویان كردەوە لە بەرامبەر قسەكردن. ئەو تۆڵە كردنەوەش بە هێرشكردنە سەر بارەگاكانى گۆڕان بوو لە سەرتاسەرى كوردستان و بنبڕكردنیان بە ناوى جەماوەرەوە. لێرەشدا دوو بەڵگەنامەى ڕۆژنامەوانى هەیە كە بتوانین ئاماژەى بۆ بكەین.
یەكەمینیان : لە ژمارە (151) گۆڤارى لڤیندا دەڵێت ئەو شەوەى كە بزوتنەوەى گۆڕان بەیاننامەكەى بڵاوكردەوە پارتى ویستى بەناوى جەماوەرى هەولێرو دهۆكەو هێرش بكاتە سەر بارەگاكانى گۆڕان بەڵام یەكێتى ئاگادارى پێداوە كە ئەو ناتوانێت بارەگاكانى لە سلێمانى بپارێزێت بۆیە پەشیمان بووەتەوە.
دووەمینیان : لە پاش تەنگەتاوكردنیان لە لاییەن ڕاگەیاندنى گۆڕان و دەرخستنى قۆرخكارییەكانیان لە هەولێر و مەسیف و سەرى ڕەش و پیرمام ئیدى پارتى زانى سومعەى لەكەیەكى گەورەى بەركەوتووە كە بچوكترنیە لە لەكەى 31/ ئاب. بۆیە باشترین ڕێگا تۆڵە كردنەوە بوو لە گۆران تاكو بێدەنگى بكات ئەویش بەو ئەخلاقە هەمیشەییەى كە خۆى لە كوشتن و ترساندن و سوتاندنى باەگاكاندا خۆى دەبینێتەوە. ئەمیش بە پێى ئەو بەڵگە نامەیەى كە (چاودێریكى سیاسى لە هەولێرەوە) ڕۆژى 15/2/2011 لە كوردستان پۆست بڵاوى كردۆتەوە بە ناوى (سیناریۆی یهکی پارتی بۆ بزووتنهوهی گۆڕان) و داواى لە گۆڕان كردووە كە وریاى خۆیان بن. تێیدا هاتووە. (سەرچاوەیەكى باوەر پێكراو لە ناو رێكخستنەكانى پارتى ئەم هەوالەى راگەیاند
دواى سەفەرە چاوەروانەكراوەكەى مەسعودى دیكتاتۆر كە دوێنێ دەستى پێكردوە گوایە تەنها پێنج رۆژى پێدەچێت هەروەها دواى دانانى هێزەكانیان لە ئامادەباشى پلە (ج) هەواڵەكان لە ناو رێكخستنەكانى حیزبى دیكتاتۆرى پارتى ئەم ئێوارەیە لە ناو هەولێر سیناریۆیەكى نەهێنى پارتى بۆ لێدان لە بارەگاكانى بزوتنەوەى گۆران بلاوكراوەتەوە كە بەم جۆرەى خوارەوەیە.
كۆكردنەوەى جەماوەر و لایەنگیرەكانى پارتى و بۆ رێكخستنى خۆپیشاندانێكى گەورە بە ناو خەلكى كاسبكار و بنەمالەى شەهیدان لە دژى بزوتنەوەى گۆران گوایە داواى پاراستنى دەستكەوتەكان دەكەن
وە هاوكات لەگەل ئەم خۆپێشاندانە هێزە چەكدارەكانیان هەلبكوتنە سەر بارەگاكانى بزوتنەوەى گۆران و بەشێوەیەكى باش گشت بارەگاكان بسوتێنن و داگیریان بكەن .
ئینجا دواى ئەم پرۆسەیە لە راگەیاندنەكان وا پیشانبدەن گوایە جەماوەرى كوردستان لە گشت چین و توێژەرەكانى وەك كسبكاران و كەسەكارى شەهیدان ئەم كارەیان ئەنجامداوە خۆشیان وا پیشان بدەن كە پارتى دەستى لەم كارە نەبووە.
بەلام سەرچاوەكە گووتى تاكو ئێستا نازانین كە ئایا ئەم سناریۆیە تەنها لە هەولێر ئەنجام دەدرێت؟ وەیان لە سلێمانیش.) بەڵام كە ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى لە سلێمانى بە تەماى خۆپیشاندان بوون بۆ پشتگیرى كردن لە ڕاپەڕینەكانى تونس و میسر پارتى ئەمە بە هەلێكدەزانێ بۆ دەستكەوتنى بیانوویەك بۆیە واى تێكدات لە قازانجى خۆیاندا بەكاریبێنن تاكو بیانوویەكیان بە دەستەوە بێت بۆ سوتاندنى بارەگاكانى گۆڕان. بۆیە ئەگەر هەر كەسێك ئەو ڤیدیۆیەى دیبێت بۆى دردەكەوێت كە لقى 4 بەردبارانى خۆپیشاندەران دەكەن تاكو توڕەیان بكەن و ئەوانیش كاردانەوەیان هەبێت. وە پاشان هیوا ئەحمەد مستەفا لە ڕادیۆى زاگرۆس و سایتى پەیامنێرەوە، بێ سێ و دوو نایە ملى گۆڕان و هەر ئەو شەوە لە سنورى هەولێرو دهۆكدا بارەگەكانى گۆڕان توشى سوتاندن و تاڵانكرن بوونەوە. ئەم سیناریۆیە پێدەچێت یەكێتیش تێیدا شەریك بێت چونكە ئەو شەو هێزەكانى زێرەڤانى كە لە هەولێرەوە گوشتبوونە سلێمانى، ویستیان گردەكەش داگیر بكەن و كەناڵى KNN و ڕادیۆى گۆڕانیش بسوتێنن بەڵام هەندێك لە سەركردایەتى یەكێتى بەمە ڕازى نەبوون.كەواتە ئەگەر یەك بەردیش نەنرایە بە لقى 4 ەوە ئەوا بارەگاكانى گۆڕان هەر توشى سوتان دەهاتن. بەڵام ئاخیریەكەى توانیان كەناڵى نالیا بسوتێنن. لێرەشەوە بۆمان دەردەكەوێت ئەم دوو حیزبە زۆر لە ڕاگەیاندنى ئازا ئەترسن. وە ئەم ئازاییەش لەو چەند سەعاتەى نالیا دەركەوت. كەواتە تكایە با هەموو ڕۆژنامەو گۆڤارە ئەهلیەكان ئاگایان لە خۆیان بێت!. چونكە شەمشەمە كوێرەكان لە كاردان. لە كۆتایشدا دەڵێم ئەگەر بە ڕاپەڕین و ئەگەر لە ڕێى سندوقى دەنگدانەوەیە ئەبێت ئەم دوو حیزبە بە سزاى خۆیان بگەیەنین. ئەمانە ناتوانن ئامانج و ئاواتەكانى ئێمەى كورد وەدى بێنن. بەڵكو تێدەكۆشن لە پێناو ئامانج و ئاواتە كەسى و بنەماڵەیەكانیاندا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست