بەئەمریكاییكردنى سعودیە
Sunday, 15/03/2009, 12:00
لەهەر سەردانێكى هەر بەرپرس و سیاسەتزانێكى رۆژئاوایی یان ئەمریكاییدا لەڕۆژگارى ئەمڕۆدا بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەراست, زۆربەیان ئاراستەى نیشتنەوەكەى عەربستانى سعودییەی پێكاوە, بەواتاى لەهەرمەسەلەو بابەتێكدا كە تایبەت بوبێت بە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەراستى گڕ تێبەربوو، هەر واشنتۆن خۆى بەپزیشكى چارەسەرى زانیوەو دەزانێت, ئاكام راستەوخۆ فرۆكەى وەفدهەڵگرى بەرەو ناوچەكە دەخاتەرێ و بەدڵنیاییەوە عەربستانى سعودیە خاڵى ڕاستەوخۆى نیشتنەوەى بووە. نموونەى سەردانەكانى چەند جارەى كۆندۆلیزا رایس-ى لێزانى سیاسەتى دەرەكى و سەردانى وەزیری بەرگرى وچەندان سیاسەتزانى ئەو وڵاتە, هەروەها كەسایەتى و سیاسەتزانانى بەریتانیی و فەرەنسی, ئەڵمانیی, تەواوی ڕۆژئاوا كە راستەوخۆ لەهەر سەردانێكى تایبەت و ناوادەدا, هەر عەربستانى سعودیە كراوەتە خاڵى دابەزینیان.
سعودیە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست...
پێدەچێت لاى زۆركەس دەرك بەوە كرابێت كە سعودیەى پاشایەتى كراوە بە خاڵى لێكگەیشتن و بەریەككەوتنى ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات بەگشتى, بۆچى؟, بێگومان ئەو وڵاتە بە وڵاتێكى ستراتیژى و گرنگ و پربایەخ تەماشا كراوەو دەكرێت بەلاى ڕۆژئاواوە، بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا و تەواوى ئەوروپا, بۆ؟چونكە:
1- عەربستانى سعودیە ئەو وڵاتەیە كە ماڵى گەورەى هەموو موسوڵمانانى تێدایە وەك ماڵێكى سەرەكى گشت موسوڵمانان, ئەمەش بۆ خۆی خاڵێكى گرنگە بەلاى ڕۆژئاواوە بە تەواوى (مەسیحی و جولەكەكان)ەوە, بەوەى لەمڕۆدا تێروانینێكى دژئامێز لەزهیەتى تەواوى موسوڵماناندا هەیە بەرامبەر مەسیحى و خاچ پەرستان, جا لەوێوە ڕۆژئاواییەكان دەیانەوێت عەربستانى سعودیە بكەنە خاڵى لێكنزیكبوونەوەودڵنەواى هەردوولا, چونكە هەر عەربستانى سعودیە دەتوانێت لەئایندەدا ئەو بارودۆخە بڕەخسێنێت.
2- وڵاتێكى ئاوێتە لەهەموو مەزهەب و ڕیبازە جیاجیاكانى ئیسلام, (سوننە, شیعە, وەهابییەكان, ئیمامەكانى شافعى, حەنەفى, حەنبەلى...هتد)، ئەم تەوەرنەش, هێندە گرنگە بۆ ڕۆژئاواییەكان, بەتایبەتى ویلایەتە یەكگرتووەكان, كە لەمڕۆدا ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەراست بووەتە ناوەندى بەرژەوەندى و سیاسەتى دەرەوە بۆ كۆشكى سپى, جا ئەو ناكۆكى و شەرى مەزهەبیەى ئەو ناوچەیە بووەتە رێگرێكى گەورە لەبەردەم سیاسەت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكەى كۆشكى سپیدا بۆیە واشنتۆن لەرێگەى پتەوكردنى ئەو پەیوەندییەى لەگەڵ سعودیەداو هاوكات هەوڵى بە ئەمریكاییكردنیدا دەیەوێت ئەو كێشەو ناكۆكییانە بڕەوێنێیتەوەو نەهیڵێت, بۆ ئەوەى چیدى نەبێتە كۆسپى بەردەم بەرژەوەندى و ستراتیژەكانى لەناوچەكەدا.
3- وڵاتێكى بەهێزوگەورەى ئاڵتونى رەش (نەوت).
4- وڵاتێك كە زۆربەى وڵاتانى عەرەبى وئیسلامى وەك مەرجعێكى گەورە لێی دەروانن.
بۆیە ئەو چەند خاڵە گرنگیبوونى ئەو وڵاتە دەنرخێنێت بەلاى ڕۆژئاواوە.
نەك هەر رۆژئاوا ئەو بایەخە دەداتە ئەو وڵاتە, بەڵكو لەهەمانكاتدا خودى عەرەبستانى سعودیە لەهەوڵى بەردەوام و فراوانى ئەو نرخاندنەى وڵاتەكەیدا, كە روونە لەهەركیشەو مەسەلەو ئاڵۆزییەكى ناوچەكەدا یەكسەر, عەباكەى لەكۆڵ كردوەو وەك خاوەن و خەمخۆرى بابەتەكە خۆى گەیانووەتە وڵاتانى رۆژئاوا.
وەك نموونەیەك, ئەوەبوو لەماوەى پێشوودا پادشاى سوپەر دەسەڵاتى سعودیە سەردانێكى فراوانى بەچەند وڵاتێكى ئەوروپایى و رۆژئاواییدا بەئەنجامگەیاند, ئیدى ئەو سەردانە چەندان پرسیارى لەزهنیەتى هەمووماندا خولقاند, بۆچى ئەو سەردانە؟، لەپێناو چیدا؟, چ پێویستى دەكرد لەو كاتەدا؟, ئەمەو دەیان پرسیارو گومان و لێكدانەوەى تر.
عەرەبستانى سعودیە یەكێكە لە وڵاتانى كەنداوى عەرەبى و جیهانی ئیسلامی و ئەكتەرى گەورەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، كە هەمیشەو هەمیشە لەهەوڵی سوپەردەسەڵاتى ناوچەكەو بەدەستهێنانى هاوپەیمانێتى رۆژئاوادا بووەو دەبێت، بە تایبەت كۆشكى سپى، هاوسات ویست و حەزێكى هێندە فراوانى لەناخدایە كە دەسەڵاتێكى سێنتەریاڵى ببەخشێتە خۆى و بەدەست بهێنێت!.
سعودی ئەمرۆ ئەو هەلەى بۆ لواوەو رۆژئاواو واشنتۆنیش بە تایبەت پێشوازى گەورەى دەكەن و یارمەتیدەری دەبن, دەیانەوەێت بیكەنە خاڵى ناوەندى ستراتیژى پێوەندییەكانى هەردوو بەرەى رۆژهەڵات و رۆژئاوا.
ئەوەى جێى شرۆڤەى فراوان هەڵدەگرێت و تەواو گومان لەبەئەمریكاییكردنى سعودیەدا دەكرێت, ئەو سەردانە لەناكاوو پڕگومانەى پادشاكەیەتى, بەمەبەستى ئامانجگەلە شاراوەكانى.
سعودیەو خەونى ئەتۆمى.
زۆربەى وڵاتانى عەرەبى لەمڕۆدا خواستى بەدەستهێنانى وزەى ئەتۆم دەكەن و لەهەوڵی هەمیشەییدان هەر لەئوردن، سوریا، میسر، ئیمارات، قەتەر..., بەڵام عەربستانى سعودیە سەرتەڵى ئەو وڵاتانەیە كە فرمێسكى بەدەستهێنانى ئەو وزەیە دەرێژێت و لەهەڵپەى بەردەوامدایە, بەڵام نەك ئەو ئەتۆمیەى لەشێوەى ئەتۆمییەكەى ئێران كە بووەتە بنێشتى دەمى هەموو جیهان و وەك فۆبیا لێی دەروانرێت بۆ سەر تەواوى مرۆڤایەتى بەڵكو ووزەى مەدەنى، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە تاچەند زەمانەتى ئەوە دەكرێت ئەو ووزەیە لەئاینیەدا نەبێتە مەترسییەكى گەورە بوسەر ناوچەكەو لێكەوێنەوەى پێكدادان و لێكەوتنەوەى دۆخێكى فرەئاڵۆزتر لەئێستا, كە هەروەك سەرۆكى پارتێكى ئیسرائیلى بە ترسەوە دەڵێت: ئەگەر میرى سعودیە بەرنامەى ئەتۆمى بەرهەم بهێنن ئەوا دەبێتە هۆى سیناریۆیەكى كارەساتبار بۆ سەر ئێمەو تەواوى ناوچەكە. بەڵام لێرەدا دوو گوومان خۆی دەنوێنێت، یەك: پێدەچێت لەو كاتەدا زەمانەتێك لەسەر دەستى ویلایەتەیەكگرتووەكانى ئەمریكا دروست بكرێت چونكە پاڵپشتى سەرەكى سعودیەیە لەبەرهەمهینانى ئەو ووزەیەو بەشێوەیەك ئەو ستراتیژە دادەرێژێت كە هیچ كات دەرەنجامى مەترسى لێنەكەوێتەوە، دوو: سعودیە لەبەدەستهێنانى ئەو ووزەیەدا ئەگەرى ئەوەى لێدەكرێت هەر هەمان سیناریۆى ئێران دروست ببێت، كەپیشوەخت چەندان جار رایگەیاندبوو كە ووزەى ئەتۆمى بۆ كاربارى مەدەنى بەرهەم دەهێنێت, بەڵام دواجار ئەو دۆخ و سیناریۆیەى ئەمڕۆى لێكەوتەوە كە تەواوى رۆژئاواو واشنتۆن بەترسەوە لێى دەڕوانن وپێیان وایە لە(2015)دا ئێران ئەو چەكە مەترسیدارە بەدەستدەهێنێت, بەهەمانشێوەش دەكرێت بە گومان و ترسەوە بڕوانرێتە ئایندەى ئەو ووزە ئەتۆمییەى كە سعودیە هەوڵی بەدەستهێنانى دەدات, كە خاڵێكى گرنگى سەردانى ئەو ماوەیەى پادشای سعودیە باسكردنى ئەو بابەتە بوو لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوادا. كەواتە چاوەڕوانى بەئەمریكاییكردنى سعودیە بن لەشێوەى بەئەمریكاییكردنى ئیسرائیل.
سعودیە.. هەوڵی بەپادشابوونى ناوچەكە!
خاڵێكى پربایەخ وپڕ ئاواتى عەربستانى سعودیە ئەویە كە لەبرى ئەوەى تەنها پادشاى وڵاتەكەى خۆى بێت بەتەنها, دەشییەوێت بە پاڵپشتى و یارمەتى ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانى ئەوروپا ببێتە پادشاى جێهانى عەربى وئیسلامى و دەسەڵاتى سوپەر ناوچەكە, بۆ ئەمەش كۆشكى سپى و ئەروپییەكان خواستى زۆریان لەسەرەو یارمەتیدەرین, بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەو داوكارییانەى ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكان بكرێت كە بەردەوام ئاراستەى عەربستانى سعودییەى دەكەن بەوەى كە رۆڵى گەورەى هەیە بەسەر ناوچەكەوە, كە بتوانێت ئاشتەوایى نێوان ئیسرائیل-فەڵەستین ئەنجامبدات. كە دەبینرێت لەهەموو پرسەو ناكۆكییەكدا لەپیش هەموو وڵاتێكى ئیسلامى و عەرەبییەوە وەك ئەوەى خۆى بەپادشاى ناوچەكە بزانێت یاداشت و لێدوانى خۆى پیشكەش دەكات. تەلەفۆنییە دوو قۆڵییەكەى ئەم رۆژەى نێوان مەلیك عەبدوڵاو حوسنى موباركی سەرۆكى میسری دەربارەى گۆڕانكارییە هەرێمى و نێودەوڵتییەكان بە تایبەت رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نموونەى زیندووى ئەوەیە كە وەكخاوەنى ناوچەكە خۆیان ئەژمار دەكەن.
هەوڵێكى ترى عەربستانى مەككە ئەوەیە كە بتوانێت خۆى بكاتە مەرجەعێكى گشتى ئاینى ئیسلامى وسەردارى رێساو بڕیارە ئاینییەكان, چۆن و بە چ شێوەیەك؟، لە دیدارە دوو قۆڵییەكەى پادشاى سعودیەوە لەگەڵ پاپاى مەسیحى لەڤاتیكان بۆمان دەردەكەوێت و بە چاوی خۆمان بینیمان كە پادشاى عابا رەش وەك خاوەنى ئایینى ئیسلام و بەناوى سەرجەم موسوڵمانانەوە هەڵوێستى خۆی پێشكەش بە پاپا كرد. بەڵام ئەوەى جێى پرسیارو توانجە ئەوەیە ئایا تاچەند سەركەوتوو دەبێت لەكاتێكدا دۆخی ناوخۆى خودی سعودیە گیرۆدەى دەیان قەیرانى ئاینی و مەزهەبی بووەتەوە هەرلەشیعەو سوونەوە تادەگاتە وەهابیەت!.
سعودییە - ئەمریكا، پشتى پەرەدە.
تەوەرێكى تركە عربستانى سعودیە هەوڵى بودەدات و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش لەپیشى پەردەو ژیراوژێر پشتگیرى دەكات, دەرخستنێتى لەشێوەى ئیسرائیل و توركیا كە هاوپەیمانێكى بەهێزى ئەمڕۆى سیاسەت و ستراتیژى واشنتۆن پێك دەهێنن لەناوچەكەدا, بەمەبەستى ئەوەى چیتر لەشێوەى وڵاتێكى بچووكى عەرەبى وئیسلامی وەك پەراوێزو تەماشا نەكرێت, بەڵكو بتوانێت ببێتە وڵاتێكى بەهێزو خاوەن نفوزى هەرێمى و نێودەوڵەتى و دەستى یەكلاكەرەوەى هەبێت لە مەسەلە جۆراوجۆرەكانداو, بۆ ئەمەش لێدوان وزارى بەرپرسانى حكومەتى سعودى لەمەسەلەو بابەتە هەمەجۆرەكانى ناوچەكە گەواهیدەى ئەو راستییەن, وەك قەیرانى سەرۆكایەتى لوبنان، كێشەى فەڵەستین-ئیسرائیل, مەسەلەى ئەتۆمى ئێران, مەسەلەى توركیاو باكورى عێراق, رۆڵگێڕى سەرەكى لوتكەى ئۆپیك...هتد.
هاوكات عەربستانى سعودیە یەكیكە لەوڵاتە دەوڵەمەندە خاوەن بەرو بوومە سروشتیەكان لەنەت وغازو دەیان كەرەستەى تر, بەو بۆنەیەوە بەردەوام خەون بەوەوە دەبینێت كە سوپەر دەسەڵاتى سیاسى و ئابورى بەدەست بهێنێت و ببێتە وڵاتێكى كاریگەر, وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا لەمڕۆدا رۆڵیكى فراوان دەگێرێت لە بازارى ئابورى جیهانى و ناوچەكەدا, هەمیشە لە هەوڵى پتەوكردنى پەیوەندى ئابوریدایە لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكەو وڵاتە ئەوروپیەكان, بۆ نموونە ئەنجامدانى چەند پەیماننامەیەكى ئابورى نوێ لەگەڵ توركیادا كە بەپێی وتەى سەرچاوەیەكى توركى: ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات لە(2006)دا (3،3)ملیار دۆلار بووە, بەڵام لە (2007)دا ئەو رێژەیە دابەزییوە بۆ (1،3)ملیاردۆلار, بۆیە لەو سەردانە فرە ئاراستەیەى پادشاى سعودیەدا كە دواترینیان وڵاتى توركیا بوو باس لەوە كرابوو كە بتوانرێت پەیوەندییە ئابورییەكانى هەردوو وڵات بەرێژەیەك زیاتر لە(2006) كە (3،3)ملیار دۆلار ئاڵوگورى نێوانیان بووە, ئاڵوگۆرى بازرگانى و شتومەكى ئابورى بەرزیكرێتەوە.
كەواتە ئاشكرایە سەردانێكى لەو جۆرەى پادشاى سعودیە كە ژێرى عەباكەى دەیان مەسەلەو مەبەستى لە خۆگرتبوو, لەزەمەنێكى وەك ئەمڕۆدا كەچەندان مەسەلەو كێشەگەلێكى هێندە لە ئارادایە, بێ مەرام نییەو نابێت و جێگەى دەیان گومان و لێكدانەوەى هەمەچەشنى تێدا جێگە دەبێتەوەو ئایندەش دەریدەخات كە سعودیە دەگاتە كوێ؟!.
تێبینی/ ئەم راپۆرتە لەچەند مانگی پێشوودا لەهەفتەنامەى رێگاى كوردستان بڵاوكراوەتەوە، بە گونجاوم زانی دووبارە كە لەكوردستان پۆستەكەمان بڵا وی بكەمەوە...
سەرچاوەكـــــــــــــــــان :
- http://www.newsvote.bbc.co.uk
- http://www.albayan.ae
- http://www.asharqalawsat.com
- http://www.aljazeera.net
- http://www.carnegieendowment.org
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست