کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زه‌نگی‌ ته‌له‌فونێكی‌ ناوه‌خت

Monday, 05/03/2012, 12:00




 
به‌یانیه‌ك به‌ر له‌كازیوه‌ له‌خه‌وێكی‌ زۆر قوڵدا بووم له‌پڕ زه‌نگی‌ ته‌له‌فونه‌كه‌م به‌ئاگای‌ هێنام‌و رای‌ په‌ڕاندم.. به‌زه‌حمه‌ت توانم به‌تانیه‌كه‌ له‌سه‌ر خۆم لابه‌رم و ته‌له‌فونه‌كه‌م هه‌ڵگرت.
كاتێك مایكی‌ ته‌له‌فونه‌كه‌م به‌گوێمه‌وه‌ نا.. به‌ده‌نگێكی‌ هێمن‌و خه‌واڵووه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ تازه‌ له‌مه‌یخانه‌ گه‌ڕابمه‌وه‌ ووتم..
به‌ڵێ‌ چاوه‌كه‌م فه‌رموو..
ده‌نگێكی‌ زۆر ناسك هه‌موو هه‌ستی‌ هه‌ژاندم‌و ته‌واو هێنامیه‌وه‌ دۆخی‌ ئاسایی‌ خۆم له‌وه‌ ده‌چوو هه‌ر نه‌نوستبم, یه‌كسه‌ر خۆم راستكرده‌وه‌و دانیشتم.
پێده‌چوو كچێكی‌ ته‌مه‌ن منداڵ‌ بێت سه‌یر بوو به‌لامه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ بۆیه‌كه‌مین جاربوو ئابه‌و شێوه‌یه‌و به‌و به‌یانیه‌ زووه‌ كچێك ته‌له‌فوونم بۆ بكات..
*كاك ئومێد به‌یانیت باش ببوره‌ له‌خه‌وم كردی‌..
-ناچاوه‌كه‌م ده‌مێكه‌ خه‌وم لێزڕاوه‌ ژیانت باش..
*بۆ!!!!!!! كاك ئومێدخۆ خوانه‌ خواسته‌ هیچ خه‌ونێكی‌ ترسناك ئازاری‌ نه‌داوی‌..
-دوور نیه‌ چونكه‌ خه‌ڵكانی‌ وه‌كو ئێمه‌ هه‌میشه‌ ژیانیان پڕه‌ له‌ترسوو گومان!
*تێناگه‌م مه‌به‌ستت چییه‌؟
-گه‌ر گوێم لێبگری‌ باشتر تێده‌گه‌یت..
*ده‌مه‌وێ زیاتر بۆم روون بكه‌یته‌وه‌.
-من زۆر به‌ڕونی‌ قسه‌ ده‌كه‌م به‌ڵام تۆ تێناگه‌یت.
*بۆچی‌ تێناگه‌م خۆ به‌زمانێكی‌ تر قسه‌م له‌گه‌ڵ‌ ناكه‌یت.
-نه‌خێر هه‌ر به‌هه‌مان زمانی‌ تۆ قسه‌ ده‌كه‌م به‌ڵام ماناكانی‌ زمانی‌ من جیاوازه‌و قوتابخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت فێری‌ ئه‌م زمانه‌یان كردم.
*سه‌یره‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاره‌ گوێم له‌م وشانه‌بێت‌و قوتابخانه‌ی‌ تایبه‌تیشم نه‌بیستووه‌..
-منیش له‌ئێستاوه‌ مه‌به‌ستمه‌ ناوی‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ت پێڕا بگه‌یه‌نم..
*كاك ئومێد هیچ كاتێك گوێم له‌م وشانه‌ت نه‌بووه‌و به‌م شێوه‌یه‌ش قسه‌ت له‌گه‌ڵدا نه‌كردووم.. به‌ڕاستی‌ تۆ كاك ئومێدی‌؟
-ئه‌ونیم به‌ڵام ده‌مه‌وێ‌ ئومێدێكی‌ نوێت بۆ دروست بكه‌م.
*ئه‌وه‌ ده‌ڵێی‌ چی‌ گاڵته‌به‌قسه‌كانم ده‌كه‌یت.
-به‌پێچه‌وانه‌وه‌ من گاڵته‌ به‌كه‌س ناكه‌م به‌ڵام زۆر وشیار نه‌بم ده‌بینه‌ گاڵته‌جاڕی‌ ژیان.
*وشیاری‌ چی‌‌و ژیانی‌ چی‌ كێ‌ گاڵته‌ی‌ به‌تۆ كردووه‌ من ئه‌م ناوانه‌ ناناسم.
-نا هاوڕێ‌ زۆر باش ده‌یان ناسیت‌و لێت ون بوون‌و نه‌تتوانیوه‌ به‌دیداریان شادبیت.
*من له‌تۆ ناگه‌م.. تۆ ئه‌و كه‌سه‌نیت كه‌من ده‌مه‌وێ‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكه‌م پێم بڵێ‌ تۆ كێیت؟
-جه‌نگاوه‌رێكی‌ ماندووی‌ پیر؟
*زۆر سه‌یره‌؟؟؟ كارت چییه‌.
-كارم گه‌ڕانه‌ به‌دوای‌ حه‌قیقه‌تدا.
*له‌وه‌ ده‌چێ‌ من به‌هه‌ڵه‌دا چوبم‌و ژماره‌ی‌ ته‌له‌فونه‌كه‌تم به‌هه‌ڵه‌ لێدابێت ژماره‌ی‌ ته‌له‌فونه‌كه‌ی‌ تۆ چه‌نده‌.
-یه‌كه‌مین ژماره‌ی‌, خاڵی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ژیان..‌و دواین ژماره‌ی‌ مێژوو!
*تۆ وه‌ڵامی‌ هیچ له‌پرسیاره‌كانی‌ منت نه‌دایه‌وه‌ پێم بڵێ‌ تۆ كێیت‌و ناوت چییه‌؟
-ئه‌و ئومێده‌ی‌ تۆ ناتوانیت هیچ ئومێدێكی‌ پێ‌ ببه‌خشیت‌و خودی‌ ئومێدیشی‌ لێ‌ زه‌وت ده‌كه‌یت.
*مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ تۆ ئومێدێكی‌ تریت.
-به‌ڵێ‌ ئه‌وه‌و زۆر شتی‌ تریش.. به‌ڵام به‌س مه‌به‌ستم ناوه‌كه‌م نییه‌؟
*باشه‌.. ببوره‌ من به‌هه‌ڵه‌دا چوو بووم‌و به‌هه‌ڵه‌ ژماره‌ی‌ ته‌له‌فونه‌كه‌تم لێ‌ دابوو ببوره‌ له‌خه‌وم كردی‌ خوات له‌گه‌ڵ‌.
پێش ئه‌وه‌ی‌ ته‌له‌فونه‌كه‌ دابخاته‌وه‌ خێرا وتم..
-بۆسته‌ كچێ‌ ئه‌و ته‌له‌فونه‌ دامه‌خه‌ ته‌مه‌نت چه‌نده‌.
*(23) ساڵ‌.
-قوتابیت.
*به‌ڵێ‌ قوتابی‌ زانكۆم قۆناغی‌ چواره‌می‌ كۆلێژی‌ پزیشكی‌.
-باشه‌ سه‌ركه‌وتوو بیت, ئه‌ی‌ ناوت چییه‌؟
*كاكه‌ من له‌وه‌ زیاتر ناتوانم قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بكه‌م چونكه‌من تۆ ناناسم‌و نازانم تۆ كێیت.
-گرنگ نیه‌ بزانیت من كێم.. من مرۆڤێكی‌ نه‌خوێنده‌واری‌ هه‌ژارم‌و تۆ زۆر باش ده‌ناسم.
*له‌كوێ‌ منت بینیوه‌و ده‌مناسیت له‌زانكۆ له‌گه‌ڵماندایت یاخود دراوسێمانیت.
-پێم راگه‌یاندی‌ من نه‌خوێنده‌وارم‌و هاوسێشتان نیم ته‌نانه‌ت نه‌شم بینیویت.
*ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر منت نه‌بینیوه‌ چۆن من ده‌ناسیت.
-بۆ تۆ پێت وایه‌ گه‌ر به‌سیما مرۆڤێك نه‌بینیت ئیدی‌ نای‌ ناسیت من له‌ڕێگه‌ی‌ وشه‌كانته‌ ئێستا زۆر باش تۆ ده‌ناسم.. ته‌نانه‌ت ده‌شزانم چۆن‌و به‌شێوه‌یه‌ك كاڵاكانت له‌به‌ر ده‌كه‌یت‌و چۆن ده‌یان گۆڕی‌ هه‌موو ئه‌مانه‌و چه‌ندین شتی‌ تریش قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌كه‌م فێریان كردم.
*باشه‌ ئه‌و قوتابخانه‌ تایبه‌ته‌ی‌ تۆ باسی‌ ده‌كه‌یت وانه‌ی‌ چی‌ تێدا ده‌خوێنی‌.
-وانه‌ی‌ ئازار.
*ناوی‌ قوتابخانه‌كه‌ت چییه‌و له‌كوێیه‌؟
-قوتابخانه‌ی‌ (سه‌ره‌تایی‌ ژیانی‌ تێكه‌ڵاو) به‌ڵام شوێنی‌ قوتابخانه‌كه‌مان دیاریكراو نیه‌و زۆرجار له‌هه‌موو كوچه‌و كۆڵانێكی‌ ئه‌م دنیایه‌دا بوونی‌ هه‌یه‌.
*به‌ڕاستی‌ من له‌تۆ تێناگه‌م پێده‌چێت به‌م به‌یانیه‌ زووه‌ شێت بووبیت.
-خاتون دور نییه‌ من شێتبم به‌ڵام شێتێك ده‌توانێ‌ ته‌فسیری‌ یاساكانی‌ ژیان بكات؟ شێت ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه‌ ده‌توانێ‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژیاندا بچێته‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌ جه‌نگه‌وه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ له‌خودی‌ ژیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌ زۆرجاریش به‌بێ‌ ترس‌و بویرانه‌ به‌ره‌نگاری‌ مه‌رگیش ده‌بێته‌وه‌ تاكو دواین پشوو به‌ڵێ‌ خاتوون شێت ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه‌ شۆڕشی‌ عیشق له‌گه‌ڵ‌ گشت یاساكانی‌ ژیانی‌ مرۆڤایه‌تی‌‌و سروشتدا به‌رپا ده‌كات.. ئه‌وه‌شت له‌یاد نه‌چێت ئه‌و پێویستی‌ به‌سۆزوو عاتیفه‌ی‌ من‌وتۆ نییه‌.. هه‌ندێ‌ جار سۆزو عاتیفه‌ی‌ ئێمه‌ش ئه‌ی‌ سوتێنێ‌‌و گه‌ڵبه‌ی‌ بێ‌ ئاگایمان ئازادییه‌كانی‌ بریندار ده‌كات‌و تك تك خوێنی‌ لێ‌ ده‌چۆڕێ‌ هیچ كه‌س هه‌وڵی‌ ساڕێژ كردن‌و تیماركردنی‌ برینه‌كانی‌ نادات ئێستا تێگه‌یشتیت خاتوون شێت چۆن بوونه‌وه‌رێكه‌.. ئه‌گه‌ر من شێت بم شانازی‌ باڵای‌ پێوه‌ ده‌كه‌م به‌ڵام ئه‌و شێته‌ نا؟ كه‌سانی‌ وه‌كو ئێوه‌ ناوی‌ لێده‌نێن.
*له‌وه‌ده‌چێت تۆ نیازت باش نه‌بێت هیچ تێناگه‌م سۆزو عیشق‌و عاتیفه‌و......؟چی‌, ببوره‌ له‌وه‌زیاتر ناتوانم گوێت لێبگرم خوات له‌گه‌ڵ‌.
-ئه‌وه‌ دواین وشه‌ی‌ ئه‌و كچه‌ بوو ته‌له‌فونه‌كه‌ی‌ به‌سه‌ردا داخستمه‌وه‌؟من دركم به‌وه‌كردئه‌و پێچه‌وانه‌ له‌وشه‌كانم تێ‌ گه‌یشتبوو, ئه‌و واتێگه‌یشتووه‌ من ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ........؟! به‌ڕاستی‌ ئه‌و جۆره‌ مرۆڤانه‌ شایه‌نی‌ به‌زه‌یین كاتێك له‌گه‌ڵ‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌یاندا ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ به‌تایبه‌ت ره‌گه‌زی‌ به‌رامبه‌ریان هیچ شتێك ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئه‌و وشه‌یه‌ی‌ مه‌به‌ستیانه‌ سه‌رقاڵ‌‌و شپرزه‌یان ناكات.
ئای‌ خودایه‌!!... ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ی‌ دوارۆژن‌و هه‌ر ئه‌مانه‌ش دواڕۆژمان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن, ده‌بێت مێژوو نوسان چۆن‌و به‌چ شێوه‌یه‌ك باس له‌هه‌زاره‌ها زه‌نگی‌ ته‌له‌فونی‌ ناوه‌ختی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ بكه‌ن‌و چی‌ ده‌رباره‌ی‌ رابردوومان بنوسن.
باشه‌ تۆ بڵێی‌ مێژوو نوسان گوێ‌ بیستی‌ زه‌نگی‌ ته‌لوفونه‌كه‌ی‌ من‌و ئه‌و كچه‌ش بووبن, خۆ ئه‌گه‌ر وابێ‌ دڵنیام ده‌بینه‌ گاڵته‌چی‌ نه‌وه‌كانی‌ خۆمانوودوای‌ خۆشمان ئه‌و نه‌وانه‌ی‌ به‌شێكن له‌ئێمه‌ به‌ڵام.. ئێمه‌و زۆربه‌ی‌ سنوره‌كانی‌ ئێمه‌ش تێك ده‌شكێنن.
خودایه‌!!... چه‌ند شه‌رمه‌زارییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ بونه‌وه‌رێكدا بچیته‌ جه‌نگه‌وه‌ هیچ جۆره‌ چه‌كێكی‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی‌ پێ نه‌بێت, ته‌نانه‌ت توانای‌ بینینی‌ جه‌نگیشی‌ نه‌بێت له‌دووره‌وه‌.
له‌پڕ بریسكه‌یه‌ك به‌گشت ده‌ماره‌كانمدا گوزه‌ری‌ كردوو ئه‌ندێشه‌كه‌می‌ بچڕاند ته‌واو هه‌ستم به‌نائارامی‌‌و قورسی‌ جه‌سته‌م ده‌كرد, هه‌ناسه‌یه‌كی‌ قوڵم هه‌ڵكێشاو به‌هێمنی‌ راكشامه‌وه‌و چاوم لێك نا.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە