خۆسوتاندنی بەناز جەواد پوچیی سیسته‌می دامه‌زراندن وپڕۆژه‌کانی چاکسازی سه‌رۆکه‌کانی کوردستانی، سه‌لماند!
Tuesday, 13/09/2011, 12:00
بەناز جەواد، دوای ساڵ و نیوێک چاوەڕوانی بۆ دامەزراندن و نائومید بوونی لەبەدەست هێنانی ئەم مافە زۆر سەرەتاییەی، گڕی بەردایە جەستەی خۆی و گیانی لەدەست دا.
ئەگەر بەناز شانسی هەبوو بەر لەمه‌رگی، دان بنێت بەهۆکاری خۆکوژییەکەیدا، ئەوا بەنازەکان و لاوانی ئامادە بەکاری ژن و پیاو کە بەهۆی بێ‌کاری و دەست نەکەوتنی کار‌و بەڕێنەچوونی ژیان و گوزەرانیان، دەست دەبەن بۆ خۆکوژی و خۆسوتاندن، یان پەنا دەبەنە بەر هەڵاتن لە دۆزەخی ژیان و بەناو تەلی دركاوی و کیڵگەکانی لوغم و سەربازیدا، خۆیان ڕادەستی مەرگ دەکەن... کێ گوێ لەدەنگیان دەگرێت و هۆکاری مەرگە ناوەختەکانیان دەزانیت؟
مەرگی بەناز، هێندەی مەرگی ناوەختی ئینسانیكی وێڵ بەدوای کار‌و ئومێدایە، هێندەش دڵرەقی سیستەمی سیاسی ئابوری و چاوچنۆکی دەسەڵاتی سەرمایەدارییە لە کوردستان.
ئۆردوی بی‌کاران لەکوردستان، نەبوونی خەبەریک لەبیمەی بیكاری ودابینکردنی لانی کەمی بەڕیوەچوونی ژیان... مەیدانێکی جەنگی ڕانەگەیەنراوو شاراوەی دەسەڵاتە بۆرژوازیه‌که‌ی یه‌کیه‌تی وپارتیه لەدژی کرێکاران ولاوان وئومێدەکانیان. بی‌کاری لە پاڵ گرانی بازار و نەبوونی خزمەتگوزاری و بیمەی کار‌و کۆمەڵایەتیەکاندا، بەهەزاران بەنازی لە نازی ژیانکردن، بێبەشکردووە.
دەسەڵات لەکوردستان کەپارێزەری ملیونێرو مۆلتی ملیاردێرەکانە، سەرچاوە وهۆکاری داسه‌پاندنی بی‌کاری وبرسیتی وگرانی وگەندەڵی وهەموو کوێرەوەریەکانه به‌سه‌ر لاوان وخه‌ڵکی کرێکار وزه‌حمه‌تکێشانه‌وه ومەرگی بەنازەکان و بەتاڵانبردنی دەستی کاری هەرزانی چینی کرێکاری کردۆته ڕێگای چاوچنۆکی سه‌رمایه وکه‌ڵه‌که‌ی زیاتری.
بانگەشەکانی چاکسازی سەرۆکی هەرێم و حکومەت... بەرهەمەکەی ئەوەیە کەئینسانی ئامادەبەکار، دوای هەوڵ و تیکۆشانێکی زۆر و دوای ساڵەها گەڕان بەدوای کار‌و دامەزراندندا، سەرئەنجام لەبەر بێ‌کاری و دانەمەزراندن...دەبێ دەست ببات بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی. مەرگی بەناز لەگەڵ ئەوەدا کەپوچی سیسته‌می دامه‌زراندن وپڕۆژه‌کانی چاکسازی سه‌رۆکه‌کانی هه‌رێم وحکومه‌ت ده‌سه‌لمێنی، هاوکات لاوانی ئاماده‌به‌کار وسه‌رجه‌م بێکارانی کوردستان بانگه‌واز ده‌کات بۆ پێویستی خۆرێکخراوکردن و تیکۆشان بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە. به‌ناز ده‌کرا ڕو‌به‌ڕووی مه‌رگ نه‌بێته‌وه وبه‌بێکاری له‌چواردیواری ماڵدا ته‌نها نه‌بێت. ده‌کرا له‌سه‌رمایه وداهاتی دزراوی کۆبوه‌وه‌وه له‌ده‌ستی به‌رپرسانی حزبی وحکومیدا، له‌پاڵ هه‌زاران کوڕ‌و کچی لاوی تردا، له‌کار یان بێمه‌یه‌کی شایشته‌ی ئینسانی به‌هره‌مه‌ند بکرێن وڕوبه‌رووی کاره‌ساته‌کانی خۆکوژی نه‌بنه‌وه.
"کاری شایسته به‌ئینسان، یان بیمه‌ی بێ‌کاری تێروته‌سه‌ڵ" ئه‌مه ئه‌وخواسته‌یه که‌ده‌بێ هه‌موو بەنازەکان و بێکارانی کوردستان وه‌ک ئۆردی چینی کرێکار ده‌ستخه‌نه نێوده‌ستی یه‌کتره‌وه و بۆ بەرگری لەمافەکانیان رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان لەناوەندەکانی بەرهەم هینان و لەکارگەکان، وە لەشوێنی ژیاندا پێک بهێنن. ئه‌مه ڕێگای خه‌باتی داسه‌پاندنی خواسته‌کان ودورخستنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کانی مه‌رگ وخۆکوژی لاوانه.
بەناز قوربانی دەسەڵاتی چاوچنۆکی سەرمایەیە لە کوردستان، ئەم دەسەڵاتە بەخۆشی خۆی نە چاکسازی دەکات و نەپاشەکشە... بۆیه دەبێ بەڕیزی ڕیکخراو وخەباتی شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ری کرێکار ولاوان وژنان وئازادیخوازان سنورێک بۆمانه‌وه‌ی دابنرێت. ده‌بێ مه‌رگی به‌ناز ئیلهام به‌خش بێت بۆ سه‌دان هه‌زار ئینسانی بێکار وکرێکاری کوردستان، که‌هه‌ر ئێستا بۆ نه‌هێشتنی بێ‌کاری و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی جیاکاری چینایه‌تی و به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆسیالیستی بێنه مه‌یدانه‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست