كەناڵی تیرۆریستی زاگرۆس ...تیرۆری سەردەشت بهرهوا دهبینێ..
Saturday, 15/05/2010, 12:00
رۆژی هەینی 14/5 كە دەكاتە چەند رۆژێك لە دوای دۆزینەوەی تەرمی (سەردەشت عوسمان) لە شاری موسڵ، لە كەناڵی زاگرۆس كە كەناڵێكی ئاسمانییە بەرنامەیەكی زۆر بێ مانا پەخش كرا ئەویش بە ناونیشانی (نیگەرانی لە هەمبەر گێرەشێوێنی هەندێ دەزگای راگەیاندن) كە چەند گەنجێك زۆر بە دڵ فراوانییەوە ئاماژەیان بەوەدا كە هەندێ دەزگای راگەیاندن زیاد لە پێویست باس لە (هەندێ دیاردە) دەكەن وگەورەی دەكەنەوە، تەنانەت پێیان شەرمەزاری بوو بڵێن (رفاندنی وكوشتنی رۆژنامەنووسێك) ،دەیانووت شاری هەولێر كۆمپانیای بیانی زۆری تێدایە وئارامەو با راگەیاندن بەو شێوەیە ئارامی شارەكە نەشێوێنن، ئەوەی ئەو بەرنامەیە بینیبێت دەڵێت دەزگا راگەیاندنەكان (سەردەشت)یان كوشتووە نەك دەسەڵاتدار. كوشتنی گەنجێكی تەمەن (23) ساڵ ولە زانكۆ لەبەر بابەتێك لەسەر دەسەڵات بایی ئەوە نیە باس بكرێت بەو شێوەیە ،واتە كەناڵی زاگرۆس وهەندێك لە خەڵكی نازانم كە سەر بە چ لایەنێكن پێیان باشە خەڵكی بێ تاوان ئەگەر كوژرا با كەس باسی نەكات نەك كۆمپانیا بیانییەكان كە(توركی و ئێرانی و..هتد)ن ڕوو لە هەولێر نەكەن.
بە راستی ئەمە جێی نیگەرانییە كەسی وا هەبێت قسەی نا بە جێ بكات كە تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵییەوە بێت ولە كەناڵی ئاسمانی قسەی وا بكەن ،ئیتر نازانم ئەمە لەبەر ئەوە بوو كە ئێوارە خۆیان ببینن لە كەناڵی ئاسمانی یان كەس وكاریان خاوەن كۆمپانیان ،یان كەناڵی زاگرۆسیش پیێ باش نیە ئازادییەك هەبێت باس لە جیاوازی نێوان ژیانی خەڵك ودەسەڵاتدارەكان بكات ئەو دەسەڵاتدارانەی كە زیاتر لە نیوەیان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی وەك (سەردەشت) لە زانكۆ قوتابی بن. لە كەناڵی زاگرۆس تیڤی ئازادی تەنها ئەوەیە كۆمپانیای بیانی هەبێت كە ئەمەش هیچ سودێكی نییە بۆ خەڵكی هەژار وئازادی خواز جگە لە بەرپرسە بازرگانەكان. پێمان باشە بكوژانی (سەردەشت و سۆران) دەستگیر بكرێن ،بەڵام دەستگیر ناكرێن چونكە ئەوان منداڵی بارزگانەكان نین وبەرپرسی حزبی نین بڕفێنرێن ودوای چەند رۆژێك لە هەر كوێ بن بدۆزرێنەوەو بدرێنە دادگا. وئەمەش روونە كە هیچ لایەنێك ناتوانێ قوتابییەك لە ناو زانكۆ بڕفێنێت لە هەولێر تەنها یەك لایەن نەبێت ئەویش ..
كەسانێك هەن دەڵێن گوایە سەردەشت باسی لە كچی مسعود بارزانی كردووە وئەمەش قسەی جوان نیە ؟؟!! من دڵنیام كە سەردەشت كچی بارزانی بە خەویش نەبینیوە وخۆزگەش بەوە ناخوازێت بیبینێت. بەڵام (سۆرانی مامە حەمە) كە لەبەردەم ماڵی خۆی ولەگەڕەكێكی كوردنشین لە (دڵی كوردستان) كوژرا باسی كچی كەسی نەكردبوو بەڵكو باسی ئافرەتی لەشفرۆشی كردبوو كە چۆن پشتیان قایمە ولەناو جەرگەی شاردا كاری خۆیان دەكەن. ئەم قسەو هەڵسوكەوتانەی دژ بە دەسەڵات دەكرێت و وەستان لە دژیان كۆتایی نایەت تا كۆتایی بەكارە ناڕەواكانیان نەیەت، وموژدەش بۆ ئەوانەی كە سەردەشت وسۆرانیان كوشت كە گەنجی خوێن گەرم وئازادی خواز زۆرە لە هەولێروكەركووك و سلێمانی و موسڵ وچەمچەماڵ وكۆیە وشارو شارۆچكەكانی كوردستان كە دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵن یان ئەبێ هەموویان بكوژن ئەویش پێتان ناكرێ ، یان ئەوان دەسەڵاتی گەندەڵ وبێ شەرم وبكوژ لە ناو دەبەن ئەویش دوور نیە چونكە لەم وڵاتە گەورەترین رژێم روخێنرا..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست