ئه‌رێ، به‌ڕاستی، کێ کێی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند؟
Monday, 16/03/2009, 12:00
کێشه‌ی کوردستان و فه‌له‌ستین له‌نێوان "هه‌ڤاڵبه‌ندێتی"ی درۆزنه‌ی رژێمی ترک و رژێمی ئیسرائیل‌دا- ئه‌ڵمانیا:کێشه‌ی کوردستان و فه‌له‌ستین، دووکێشه‌ی قورس و زه‌قی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و ئه‌م جیهانه‌ن و، هه‌ردووکیان بریتین له‌دۆزی دوونیشتمانی داگیرکراو، هه‌رچه‌نده، له‌گه‌لێک رووه‌وه، له‌یه‌کناچن. بۆ وێنه: فه‌له‌ستین، هه‌ر له‌لایه‌ن یه‌ک ده‌وڵه‌ته‌وه که ئیسرائیله داگیرکراوه، له‌کاتێکدا کوردستان، له‌لایه‌ن پێنج ده‌وڵه‌ته‌وه داگیرکراوه. بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی فه‌له‌ستین، بهنێزیکه، هه‌موو جیهان (رژێمی ئیسرائیل و ئه‌مریکای لێده‌رکه‌یت) پشتگیریی لێده‌کات و، رژێمی ئیسرائیل، وه‌ک ده‌ستدرێژکه‌ر تاوانبارده‌کات. کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیش، شێلگیرانه، به‌دوای چاره‌سه‌رێکدا ده‌گه‌ڕێ بۆی و، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌کانه‌وه، به پاره و چه‌ک و داڵده‌دانی ئه‌ندامه‌کانی، یارمهتیدهدرێ.فه‌له‌ستین، له‌سنوورێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، به نیشتمانێکی داگیرکراو ده‌درێته قه‌ڵه‌م و، مافی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین (ته‌نانه‌ت له‌م دواییه‌دا، له‌لایه‌ن ئیسرائیل خۆی و ئه‌مریکای ههڤاڵبهندییهوه) به‌ئاشکرا باسده‌کرێ. به‌ڵام، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، کێشه‌ی کوردستان به‌ره‌وڕووی بێده‌نگییه‌کی گشتگیربووهتهوه و، ته‌نانه‌ت، تاکه‌یه‌ک ده‌وڵه‌تیش له‌م جیهانه پان و به‌رینه‌دا ده‌ستناکه‌وێ، که هێنده زات و ویژدانی هه‌بی، ئه‌گه‌ر بۆ تاکه جارێکیش بووه، خۆی بکاته خاوه‌نی کێشه‌که و بیباته به‌رده‌م کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. کوردستان، لهوشهنامه و نه‌خشه‌ی دیوانی (ره‌سمی)ی ده‌وڵه‌تانی جیهاندا، هیچ نێونیشان و شوێنێکی پێڕه‌وا نابینرێ و، به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌له‌ستینه‌وه، به وڵاتێکی داگیرکراو دانانرێ، به‌ڵکو ههرپارچهی به‌به‌شێک له‌ده‌وڵه‌تێک، که هیچیان ده‌وڵه‌تێکی کوردی نین و، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه؛ کوردستان به به‌شێکی لهدابڕیننههاتووی وڵاتی خۆیان ده‌زانن و، بۆ تواندنه‌وه و تهفروتوونهکردنی کورد؛ هه‌وڵیانداوه و ده‌ده‌ن. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان، له‌سه‌ر ئاینی ئیسلام ده‌ژمێردرێن، سووت له‌م ئاینه وه‌رده‌گرن بۆ له‌نێوبردنی کورد، که له‌نیوه پتریان موسڵمانن. ئه‌مه له‌کاتێکدا که ئیسرائیل ناتوانێ فه‌له‌ستینییه موسلمان و دیانه‌کان بتوێنێته‌وه له‌نێو زمان و فه‌رهه‌نگی خۆیدا، چۆنکه ئه‌وی وه‌ک جوو لهدایکنهبووبێ؛ ناتوانێ و بۆی نییه ببێته جوو، به‌ڵام هه‌ر جوویه‌ک بییه‌وێ، ده‌توانێ ببێته موسڵمان و که بووش به موسڵمان ده‌توێته‌وه.
له‌کاتێکدا رژێمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان و، له‌پێش هه‌موویانه‌وه رژێمی ترک، ئاماده‌نین له‌ڕێی وتووێژه‌وه، چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ی کورد بدۆزنه‌وه و، بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و رزگاریخوازی کورد، به بزووتنه‌وه‌یه‌کی "تێرۆریستی" و "فیتی بێگانه" ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م و، به‌هێزی له‌شکر و چه‌کی قڕکه‌ری کیمیایی و فۆسفۆڕی سه‌رکوتی ده‌که‌ن، رژێمی ئیسرائیل، ئه‌گه‌رچی به‌رامبه‌ر هه‌موو ده‌ستوه‌شاندنێکی فه‌له‌ستینییه‌کان؛ که به"تێرۆر" نێویدهبات، به‌وپه‌ڕی توندوتیژییه‌وه وه‌رام ده‌داته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئیسرائیل با، لهناچاریشهوه بێ، دان به بوونی وڵاتی فه‌له‌ستین و کێشه‌ی فه‌له‌ستین داده‌نێ و، زمانی عه‌ره‌بی، وه‌ک زمانی عیبری، به‌فه‌رمی (ره‌سمی) ده‌ناسێنێ و، هه‌موو کاتێک ئاماده‌بووه و ئاماده‌یه، له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کان و عه‌ره‌به‌کان دابنیشێ و، بکه‌وێته گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان به‌نیازی گه‌یشتن به‌ڕێکه‌وتنێک بۆ کێشه‌که. به‌ڵام ئه‌م ئاماده‌ییه‌ی ئیسرائیل، نێزیکه‌ی په‌نجاساڵه ده‌ست به‌ڕوویه‌وه نراوه و، که سه‌رکۆماری میسر، ئه‌نوه‌ر سادات (1918-1981) له‌ساڵی 1979دا، وره‌ی دایه‌به‌ر خۆی و، دانی به‌مافی ئیسرائیلدانا و، په‌یمانێکی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ست، که به‌پێی ئه‌وه، ئیسرائیل نێوچه‌ی سینای دایه‌وه به میسر، که له‌شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی 1967دا داگیریکردبوو، ئه‌وه‌بوو سادات له‌لایه‌ن خالید ئیسلامبۆلییهوه، به کوشتن سزای درا. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بێژم، ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر ئه‌نوه‌ر سادات هات، که نانخۆرێکی شای لێخراوی ئێران بوو و، یه‌کێک بوو لهههندازیارانی په‌یماننامه‌ی جه‌زایری نێوان شا و سه‌ددام (1975)، به‌سه‌ر ئیسحاق رابینی کۆنه ئه‌فسه‌ری سوپای ئیسرائیلیش هات، که زاتی ئه‌وه‌ی کرد؛ وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیرانی ئیسرائیل، له13/9/1993دا، به نێوبژیکاریی سه‌رکۆماری ئه‌وده‌مه‌ی ئه‌مریکا بیل کلینتن، په‌یمانێکی ئاشتی له‌گه‌ڵ یاسر عه‌ره‌فات (1929-2004) سه‌رۆکی فه‌له‌ستینییه‌کان ببه‌ستێ و، نێوچه‌ی غه‌ززه و ئهریشۆ، بداته‌وه به‌فه‌له‌ستینییه‌کان وه‌ک هه‌رێمێکی ئۆتۆنۆمیدار. بۆ سزای ئه‌مه، رابین له1995 دا، به‌ده‌ستی تێرۆریستێکی جووله‌که شه‌هیدکرا. به‌پێویستیده‌زانم ئه‌وه بێژم که رابین، بهپێچهوای نه‌ته‌نیاهوو و شارۆن و گه‌لێک له‌سه‌رکرده‌کانی دیکه‌ی ئیسرائیله‌وه، شۆڤێنیست و شهڕخوازنهبوو، حه‌زی به ئاشتی و ئارامی ده‌کرد. له‌نامه‌یه‌کی شیریندا که له‌ڕێی هاوبیری به‌ڕێز هه‌ندازیار بروسکه ئیبراهیمه‌وه، بۆ ''ئه‌کادێمیای کوردی بۆ زانست و هونه‌ر''ی ناردبوو، له‌وه‌رامی گله‌یی و بێزاریی ئه‌کادیمیادا له‌هاوکاریی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ رژێمی ترک دژی کورد، باس له‌وه ده‌کات که هه‌موو گه‌له‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به ئازادی بژین. ئه‌م نامه‌یه لهئارشیڤی ئه‌کادیمیادا پارێزدراوه.
وه‌ک گوتم، رژێمه عه‌ره‌بییه‌کان، تا ناچارنهکران، روویان له‌وه نه‌کرد به‌پیر بانگی ئیسرائیله‌وه بچن بۆ وتووێژ و رێکه‌وتن. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، هه‌رکاتێک رژێمه داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان، روویه‌کی خۆشیان له‌کورد نابێ، ئه‌وا حیزبه کورد زمانه‌کان، ده‌ستبه‌جێ بهتهقلهلێدان چوونه‌ته خزمه‌تیان و ئه‌م داگیرکه‌رانه‌یان به "براگه‌وره"ی خۆیان نێوبردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا؛ له‌م ''برایه‌تیی خاوه‌ن چێشتخانه و چێشتکهران''ه، هیچ خۆراکێک تائێستا بۆ کورد نه‌چووه‌ته سه‌ر ئه‌م ''سفره‌ی برایه‌تی''یه.
لێره‌دا پێویسته بگوترێ، سه‌رکرده ده‌ره‌به‌گه ملهۆڕهکانی رژێمه عه‌ره‌به‌کان؛ چۆن په‌نجاساڵ مه‌ترسیی ئیسرائیل و کێشه‌ی فه‌له‌ستینیان کرده بیانوویه‌ک بۆ درێژه‌دان به فرمانڕهواییی دیکتاتۆرانه‌ی خۆیان و هه‌زاران که‌سیان کوشت و هه‌زارانیشیان به‌کوشتدا، به نێوی رزگارکردنی ''خاکی پیرۆز'' (قودس)ه‌وه، له‌ده‌ست ''زاێونیزمی گه‌مار و بیژی'' و، وه‌ک پاڵهوانکهچهڵ که‌وتنه بانگه‌شه‌ی له‌نێوبردنی ئیسرائیل و فڕێدانی جووله‌که ''پیسه‌کان'' بۆ نێو زه‌ریا و، هیچیشیان تائێسته بۆ فه‌له‌ستینییه خێوهتنشینه داماوه‌کان نه‌کردووه، هه‌ر ئاواش سه‌رانی حیزبه کوردزمانه‌کان، که بوونه‌ته مێرده‌زمه بهسهرسنگی ره‌شوڕووتی کورده‌وه، ئه‌مه په‌نجاساڵ پتره، نان لهفشهکوردایهتی ده‌خۆن و، هه‌زاران هه‌زار کوردیان به کوشتداوه و هیچیشیان بۆ کورد نه‌کردووه. ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی که له‌باشووری کوردستاندا دروستبووه و، له‌سه‌ر تاڵه‌موویه‌ک به‌نده، له‌ئه‌نجامی هه‌لومه‌رجێکی نێوچه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی تاکههڵکهوتووهوه، هاته‌بوون، نه‌ک له‌ئه‌نجامی ئه‌و قوربانییه بێوێنهییهی جه‌ماوه‌ری کوردستان داوێتی و، ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رانه پێیده‌ڵێن ''خه‌بات''. ئه‌مه‌ش، هه‌رقسه‌ی ئه‌وڕۆم نییه، له‌ساڵی1993 دا ئه‌مه‌م گوتووه و لهوسایهوه چه‌ندجارێک جه‌ختم کردووه‌ته‌وه (سه‌رنجی: کوردنامه "ژ. 23، گوڵانی 1993 بده، ئه‌م وتووێژه به عه‌ربی کراوه له‌گه‌ڵم). بێجگه له‌مانه‌ش، له‌نێوان فه‌له‌ستین و کوردستاندا جیاوازییه‌کی دیکه‌ش زه‌ق ده‌بێته‌وه: مێژوو ده‌گێڕێته‌وه بۆمان که کورد له‌ده‌ورانی یهکجارکۆندا، ئیمپراتۆرێتیی ماد (میدیا)یان دامه‌زراندووه، که خاکێکی یه‌کجار پانوبه‌رینی له‌رۆژهه‌ڵاتی دوور و ناڤین و نێزیکدا گرتووه‌ته‌وه و، هه‌رئه‌م ئیمپڕاتۆرێتییه، بووه‌ته هۆی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی هه‌خامه‌نشی و پارتی و، پاش ئه‌وه‌ش ساسانی و، دوای ئه‌مه‌ش، له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامیشدا و، تا نێوه‌ڕاستی سه‌ته‌ی 19، گه‌لێک میرنشینی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆی کوردستانی هه‌بووه و، له‌نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ته‌ی رابوردوودا، شانشینییه‌ک (1919-1924) و کۆمارێکی کوردستانی (1946)، بۆ ماوه‌یه‌کی کورت دامه‌زراون. ئه‌مه له‌کاتێکدا، که له‌مێژوودا و تائێسته، هیچ ده‌وڵه‌تێکی عه‌ره‌ب به‌نێوی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینه‌وه له‌فه‌له‌ستیندا نه‌بووه. جووه‌کان، پێش عه‌ره‌ب، له‌فه‌له‌ستیندا ژیاون و ده‌وڵه‌تیان هه‌بووه. بابلییه‌کان له586 ی پێش زاینی‌دا په‌یکه‌ری سلێمانیان رووخاندووه و جووله‌که‌کانیان دیل کردووه و ره‌وانه‌ی سه‌رزه‌ویی مێزۆپۆتامیایان کردوون و له‌نێو کوردستاندا ماونه‌ته‌وه که وڵاتی "میدیا" بووه. پاش حه‌فتاساڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنی خۆیان. ئه‌وجا ده‌وڵه‌ته‌که‌یان له‌ساڵی 79ی زاینی‌دا، له‌لایه‌ن رۆمه‌کانه‌وه، رووخێنراوه و، زۆربه‌ی جووه‌کان بوونه‌ته کۆچه‌ر، به‌ڵام هێندێکیان هه‌ر له‌شوێنی خۆیان ماونه‌ته‌وه. کاتێک جووه‌کان له‌لایه‌ن بابلییه‌کانه‌وه ره‌وانه‌ی میزۆپۆتامیا کراون، حه‌وت هۆزیان له‌وڵاتی میدیا (کوردستانی کۆن)دا نیشته‌جێبوون و، ئه‌وانه بنه‌چه‌و ره‌چه‌ڵکی کورده مووساییهکانی ئه‌وڕۆن. له‌گه‌ڵ ئه‌م جیاوازییانه‌شدا؛ له‌نێوان فه‌له‌ستینی و کورد و فه‌له‌ستین و کوردستاندا، له‌یه‌کچوونێکی بنه‌ڕه‌تیی هه‌یه. کوردستان و فه‌له‌ستین هه‌ردووکیان، دوونیشتمانی داگیرکراون وهه‌ردووکیشیان مافی سه‌ربه‌خۆبوونیان هه‌یه.هه‌ڵوێستی دوژمنانه‌ی حیزبه فه‌له‌ستینییه‌کان و سه‌رکرده‌کانیان به‌رامبه‌ر به کورد و، پشتگیری‌یان بۆ سه‌ددام وبنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د و رژێمی ئێران و، بوختان و درۆوده‌له‌سه هه‌ڵبه‌ستنیان بۆ کورد، نابێ وابکه‌ن لێمان، دان نه‌نێین به مافیاندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی. چۆنکه ئه‌مه پێوه‌ندیی به ئازادی و یه‌کسانیی مرۆڤه‌وه هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م دانپێدانانه‌ش، به‌و مانایه‌نییه و نابێ؛ که مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێ ئیسرائیل به‌جارێک له‌نێو ببه‌ن. ئیسرائیلیش مافی مان و ژیانی هه‌یه وه‌ک ئه‌وان و، که‌س بۆی نییه له‌ڕێی به‌کارهێنانی زۆره‌وه له‌نێوی ببات. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش، هه‌ر هه‌ڵوێستی ئه‌وڕۆم نییه و، هه‌ڵوێستی په‌نجاساڵی له‌مه‌وبه‌رمه، که ئه‌وکاته ئه‌وی بهسووسهیهک قسه‌ی وایبکردایه، ده‌بوو سزای مه‌رگ له‌به‌رچاوی خۆی دابنێ. به‌درێژایی ساڵانیش هه‌وڵمداوه له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلیانه‌ی ناسیومن، وابکه‌م لێیان که گوێ لهدهموکاوێژی شۆفێنیسته عه‌ره‌ب و ئیسرائیلییه‌کان نه‌گرن و دان به‌مافی یهکتردابنێن و، ده‌مێکه پێشبینی ئهوهمکردووه که رۆژێک دێ، ناچارببن، مل بۆ ده‌نگی ئاشتی شلبکه‌ن، جا تازووتربێ چێتره. (سه‌رنجی سهمینارهکهم بدرێ له ستۆکهۆڵم (سوێد) له 11/5/1985 دا له‌ژێر نێوی ''دۆزی ناسیۆنالی کوردستان... هتد، چاپی سوێد 1987، چاپی له‌نده‌ن 2002، چاپی هه‌ولێر 2007 ئه‌م سه‌میناره به زمانی ئه‌ڵمانیش هه‌یه. سه‌رنجی مالپه‌ڕی کوردبوون
www.kurdbun.de بدرێ).
ئه‌وه‌ی راستی بێ، هۆی ههردووکێشهکه، له‌بنه‌ڕه‌تدا، فه‌له‌ستینی و ئیسرائیلی نه‌بوون، به‌ڵکو ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپاییه‌کان بوون، که پاش جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی، ده‌ستی کورد و، پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانی، ده‌ستی جووش و ده‌ستی فهلهستینییهکانیشیان بڕی. ههڤاڵبهندانی ئه‌وروپایی سه‌رکه‌وتوو له‌جه‌نگی یه‌که‌مدا، (به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا)، چۆن و به‌چ جۆرێک، په‌یماننامه‌ی سێڤری ساڵی 1920 یان (که به‌ڵێنی دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆی خسته‌پێش چاوی کورد) بێشه‌رمانه پووچکرده‌وه و، گۆڕییان به په‌یمانی لۆزان (1923) و کوردستانیان لهتوپهتکرد و، هه‌ر لهتهیان نووساند به ده‌وڵه‌تیکی ده‌ستکردی ناسیونالیستی رژێم ده‌ره‌به‌گی دیکتاتۆری ترک و عه‌ره‌ب و فارسه‌وه، هه‌ر ئاوهاش و به‌وجۆره، که کۆڕی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له 1947دا بڕیاری دامه‌زراندنی دوودهوڵهتیان له‌سه‌ر خاکی فه‌له‌ستین دا، یه‌کێکیان بۆ عه‌ره‌ب و ئه‌وی دیش بۆ جوو، که ئه‌وده‌مه فه‌له‌ستین، کۆلۆنییه‌کی به‌ریتانیا بوو؛ ئه‌م بڕیاره، هه‌ر مه‌ره‌که‌بی سه‌رکاخه‌ز بوو، چۆنکه به‌ریتانیاییه‌کان، ئه‌گه‌رچی وه‌زیره‌که‌ی ده‌ره‌وه‌یان Arthur James Balfour (که جارێکیش سه‌رۆکوه‌زیران بوو) له1917دا به‌ڵێنی ده‌وڵه‌تێکی به جوو دابوو که له‌فه‌له‌ستیندا دابمه‌زرێ، به‌ڵام به‌ریتانیا و کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، نه‌چوون هاوکاریی و سه‌رپه‌رشتیی و چاودێریی دامه‌زراندنی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته بکه‌ن، به‌ڵکو به‌ریتانیاییه‌کان، خۆیان له‌فه‌له‌ستین کێشایه‌وه و، عه‌ره‌ب و جوویان لهیهکبهردا. (ئه‌وه‌ش وه‌ک ساڵی 1973 که خۆیان لهنێوچهی که‌نداو کێشایه‌وه و، سێ دورگه - جه‌زیره) ی عه‌ره‌بیان راده‌ستی شای ئێران کرد و، عه‌ره‌بیش له‌بێده‌سه‌ڵاتیدا تا ئه‌وڕۆ هه‌ر ناڵه‌ناڵیانه) خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌ی جووه‌کان، داوود بن گوریۆن (1886- 1973) که به‌بنه‌چه پۆلۆنی و سه‌رۆکی حیزبی ماپای بوو، له14/5/1948دا ئازایانه بانگه‌وازی سه‌ربه‌خۆیی ئیسرائیلی نه‌دایه و، پێشمه‌رگه‌کانیان که به ''ههگانا'' ناسرابوون، ئه‌رکی پاراستنی ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌یان له‌ئه‌ستۆ نه‌گرتایه، ئه‌وا ئه‌و بڕیاره‌ی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، به‌ده‌ردی په‌یماننامه‌ی سێڤر ده‌چوو، که کورد، به‌داخه‌وه، پاش واژۆکردنی په‌یماننامه‌که له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان و سوڵتانی عوسمانییه‌وه، پاڵیان لێدایه‌وه و، نه‌چوون یه‌کسه‌ر بانگی سه‌ربه‌خۆیی له‌کوردستاندا بده‌ن، به‌ڵکو چاوه‌ڕوانی فه‌رمانی ئه‌وروپاییه‌کان بوون. جووه‌کان، له‌مه‌دا، زۆر هۆشیارانه هاتنه‌ده‌ست و ده‌رفه‌تیان قۆسته‌وه و چاوه‌ڕوانی ''پیرۆزبایی''ی ئه‌وروپایان نه‌کرد و، هیچ ئینگلیزێکیشیان به‌رامبه‌ر به‌ڵێنی ''بهلفوور''، گوڵباران نه‌کرد و، بهلفووریان نه‌کرد به ''خواجا'' یان ''حاجی'' بهلفوور.
جا له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رکرده ده‌ره‌به‌گه‌کانی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌کان، که خۆیان به‌زل و خاوه‌ن ماف و خه‌ڵکی دیش به پچووک و بێ‌ڕێز وبێماف ته‌ماشا ده‌که‌ن، ئه‌وا بڕیاری کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیان په‌سند نه‌کرد و، پێنج ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌ب، که یه‌کێکیان عێراق بوو، بانگی جه‌نگیان دا دژی ئیسرائیل و، به‌وه نه‌یانهێشت فه‌له‌ستینییه‌کان سووت له‌و بڕیاره وه‌ربگرن و ده‌وڵه‌تێک بۆ خۆیان بخهنهسهرپێ، که بێگومان ئه‌وده‌مه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه بکرایه، ئه‌وا ئیسرائیل له‌سنوورێکی یه‌کجار ته‌سکدا داده‌مه‌زرا، به‌ڵکو، که‌وتنه هاندانی جه‌ماوه‌ره خێڵه‌کییه ناهۆشیارهکانیان و، به‌نێوی "پاراستنی ئاوڕووی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلام"ه‌وه، بانگی تهفروتوونهکردنی جووله‌که، به‌قسه‌ی وان، ''بۆگه‌نه بیژییهکان'' یان دا و، ئه‌وه‌بوو ئه‌م فسفسپاڵهوانانه، شه‌ڕه‌که‌یان نه‌برده‌وه، چۆنکه جووه‌کان، خۆیان له‌وه‌پێش باش تهیارکردبوو، له‌به‌رئه‌وه، عه‌ره‌به‌کان ناچاربوون له 1949دا شه‌ڕ بووه‌ستێنن و کێشه‌که به‌بێ چاره‌سه‌ریی، بۆ ره‌شوڕووتی فه‌له‌ستینی بهێڵنه‌وه، ریشی خۆیان سه‌لامه‌ت، به‌ڵام وه‌ک ده‌مڕاستی هه‌ڵنه‌بژێردراوی فه‌له‌ستینییه‌کان، له‌فه‌رمانڕه‌واییدا مانه‌وه، خۆ قسه‌ی بێگوومرکیش ئه‌وه هه‌رمه‌پرسه. به هه‌زاران فه‌له‌ستینیش بوونه خێوهتنشین و ژیانی کوله‌مه‌رگییان برده‌سه‌ر هه‌تا ئه‌وڕۆ که ئه‌وه بووبه شه‌ست ساڵی ره‌به‌ق. ئیسرائیلیش پاش ئه‌م سه‌رکه‌وتنه، که‌وته پڕۆپاڵانتهی شۆڤێنیزم و فراوانخوازی و خۆبهزلگرتن و نه‌خشه‌یه‌کی ده‌ستکردی بۆ ئیسرائیل دروستکرد که سنووره‌که‌ی له ''فراته‌وه تا نیل''ی ده‌گرته‌وه (واته به‌شیکی کوردستانیش) و، ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ش ساڵانی ساڵ له په‌رله‌مانی ئیسرائیل‌دا هه‌ڵواسرابوو. ئه‌م بارودۆخه ناله‌باره، نه‌شه‌ڕ نه‌ئاشتی، به به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسرائیل شکایه‌وه. ئیسرائیل توانی، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کات، خۆشی به‌هێزبکات و سهرزهوییهکهشی فراوانتربکات. هه‌رچه‌نده له‌شه‌ڕی ده‌ستدرێژکه‌رانه‌ی 1956دا، که، ئیسرائیل به‌هاوکاریی به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا، په‌لاماری که‌ناڵی سوێسیاندا، که له‌لایه‌ن عه‌بدولناسره‌وه (1918-1970) کرابوو، به موڵکی میسر، هه‌رسێکیان، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ی سۆڤێت و، نه‌رمونیانی نواندنی ئه‌مریکاوه و، له‌ژێر گوشاری هه‌لومه‌رجی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری ئه‌مریکادا، ناچاربوون به ده‌ستی ڤالا بکشێنه‌وه و، ئیسرائیلیش لهڕووڕهشبوون پتر، هیچی ده‌ستنه‌که‌وت، به‌ڵام له‌شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی ساڵی 1967دا، که ئه‌مجاره عه‌ره‌به‌کان، به هاندانی سووریا، بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌ئیسرائیل، په‌لاماری ئیسرائیلیاندا، ئیسرائیلیش توانی نێوچه‌ی سینا و ریتاڵهزهویی غه‌ززه و به‌رزاییه‌کانی گۆلان داگیربکات، به‌ڵام ئه‌مه بوو به ئێسقانی ماسی له‌گه‌رووی ئیسرائیل‌دا. ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌به‌کانیش ناچاربوون، سه‌ر بۆ کاری کراو شۆڕبکه‌ن و هه‌ریه‌که‌یان ئه‌وی دیکه‌ی گوناهبار ده‌کرد. ته‌نێ جه‌مال عه‌بدولناسر له‌نێویاندا مه‌رد ده‌رچوو. به ئاشکرا و له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌دا گوتی: شه‌ڕمان دۆڕاند و به‌رپرسیارێتی ده‌گرمه ئه‌ستۆ و، ئه‌وا ده‌ست له‌کار ده‌کێشمه‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌م باش له‌بیره، له‌زانستگه‌ی ڤیرتسبورگ (ئه‌لمانیای رۆژاڤا) ده‌مخوێند. هه‌موو رۆژێک به‌هۆی رۆژنامه و رادێووه، دوای ده‌نگوباسه‌کان ده‌که‌وتم. خۆم لهرادیۆدا گوێم لێ‌بوو که جه‌مال عه‌بدولناسر ئه‌م قسه‌یه‌ی کرد، به‌ڵام به هه‌زاران ده‌نگ هاواریان ده‌کرد: "نا، نا... له‌سه‌رکاری خۆت بمێنه‌ره‌وه". که‌چی رادێوی ئه‌رده‌نی شا حسه‌ین، که ئیسرائیلی به "دوژمنی خوا و په‌یامبه‌ر" ده‌دایه قه‌ڵه‌م، هه‌ر دووقسه‌ی ده‌کرد و ده‌یگوت: "الویل لاعداو الله" (قوڕبه‌سه‌ر دوژمنانی خوا). جا که هه‌ر زوو ده‌رکه‌وت قوڕه‌که به‌سه‌ری کێوهوهبوو. دیاره که ''دوژمنانی خوا!'' کێبوون! هێژای گۆتنه، به‌ر له‌وه‌ی میسر و سووریا و ئه‌رده‌ن و عێراق، بانگی جه‌نگ دژی ئیسرائیل بده‌ن، سه‌رکرده له‌شکرییه‌کانی عێراق (که ئه‌وسا عه‌بدولڕه‌حمان عارف سه‌رکۆماری عێراق بوو) چووبوونه لای مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی و، داوای ئه‌وه‌یانکردبوو لێی، چه‌ند هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ک بنێرێ بۆ شه‌ڕی ئیسرائیل. ئه‌ویش پێیگوتوون: ''ئه‌وه ناکه‌م و ئێوه‌ش مه‌چن به‌گژ ئیسرائیل‌دا، چۆنکه ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ن و، ئه‌وده‌مه ئاوڕووی خۆتان و عه‌ره‌ب و هه‌موو موسڵمانان ده‌به‌ن''. پێیانگوتبوو: ''ده‌باشه وه‌ک نیشانه‌یه‌کی به‌شداریی، نوێنه‌رێکی خۆت بنێره''، گوتبووی ''باوه‌ڕم به نیشان و میشان نییه و ئێوه‌ش شه‌ڕ مه‌که‌ن''. که گه‌ڕابوونه‌وه به‌غدا، کردیان به‌هه‌را، ''مه‌لامسته‌فا نۆکه‌ری ئیسرائیل و جه‌رده و رێگره''. که شه‌ڕ کۆتاییهات به تێکشکانی عه‌ره‌ب، جاره‌کی دی چووبونه‌وه لای مه‌لامسته‌فا، ئه‌مجاره بۆ راوێژکاری، ئه‌ویش گوتبووی: ''سه‌یره، مرۆڤی ئازا‌و بوێری وه‌ک ئێوه، هاتووه لهجهرده و رێگر و نۆکه‌ری ئیسرائیل راوێژ وه‌ربگرێ''. ئه‌م هه‌واڵه رۆژنامه‌کانی ئه‌وروپا بڵاویانکرده‌وه. (سه‌رنجی: جه‌مال نه‌به‌ز: ''کوردستان و شۆرشه‌که‌ی'' چاپی ئه‌ڵمانی 1972، چاپی کوردی 1984ی سوید و، 2007 هه‌ولێر).
پاش شه‌ڕی ''شه‌ش رۆژه'' و، ناهومێدیی فه‌له‌ستینییه‌کان له ''برا عه‌ره‌به‌کانیان''، بیریان له‌دامه‌زراندنی له‌شکرێکی سه‌ربه‌خۆیان کرده‌وه له 1969دا به سه‌رۆکایه‌تی یاسر عه‌ره‌فات (1929-2004) که سه‌رکرده‌ی ''رێکخراوی فه‌تح'' بوو، حیزبه‌کانیان چوونه ژێر چه‌تری "رێکخراوی رزگارکردنی فه‌له‌ستین"ه‌وه (PLO). ئێدی له‌وساوه، شه‌ڕه به‌ردی منداڵانی فه‌له‌ستینی دژی سه‌ربازی ئیسرائیلی و، ده‌ستوه‌شاندن لهئیسرائیلییهکان له‌لایه‌ن فه‌له‌ستینییه‌کانه‌وه، به تایبه‌تی له‌ڕێی سنووری خوارووی لوبنانه‌وه ده‌ستیپێکرد. فه‌له‌ستینییه‌کانی ژیرده‌سته‌ی ئیسرائیل که‌وتنه راپه‌ڕین (انتفاچه) و له‌وه‌وه شۆرشی فه‌له‌ستینییه‌کان دژبه ئیسرائیلی داگیرکه‌ر بڵێسه‌ی سه‌ند.
فه‌له‌ستینییه‌کان، که به‌دزییه‌وه له‌ڕێی لوبنانه‌وه (که به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆییه‌وه که له1975دا ده‌ستیپێکرد، له‌نێوان میلیشیا دیانه‌کان و میلیشیاکانی "ئه‌مه‌ل" و "حیزبوڵڵا" و فه‌له‌ستینییه‌کاندا، ده‌چوونه نێو ئیسرائیل و له‌وێ دهستیاندهوهشاند، ئه‌مه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه کرا به بیانوویه‌ک و له1982دا له‌شکری ئیسرائیل کشایه نێو لوبنان و، سه‌رۆکی PLO یاسر عه‌ره‌فاتی ناچارکرد، رووبکاته مه‌راکیش. لوبنان، له‌ناچاریدا، بڕیارنامه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل واژۆکرد، به‌ڵام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سووریادا، له‌ساڵی 1984دا لهبڕیارنامهکه په‌ژیوان بووه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئیسرائیل له‌ساڵی 1985دا له‌ژێر گوشاری نێونه‌ته‌وه‌ییدا، لوبنانی به‌جێهێشت، به‌ڵام ریتاڵێکی له‌خوارووی لوبنانه‌وه دایه ده‌ست "له‌شکری باشووری لوبنان" که سه‌ر به ئیسرائیل بوو. که ئیسرائیل ساڵی 2000 پشتی ''له‌شکری باشووری لوبنان''ی به‌ردا و، له‌شکریش ''ئاشبه‌تاڵ''ی کرد، لوبنان که‌وته ده‌ست حیزبوڵڵا و حیزبی ئه‌مه‌ل (امل) ی شیعه. له‌ساڵی 2004 یشدا، ئارێڵ شارۆن، سه‌رۆکوه‌زیرانی ئیسرائیل، که کابرایه‌کی ته‌نگه‌تیلکه و دژ به گه‌لی فه‌له‌ستین بوو، ناچار بوو له‌شکره‌که‌ی له‌غه‌ززه بکێشێته‌وه و، ''دیوارێک'' له‌نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینییه‌کاندا دروستبکات. پاشان غه‌ززه، له‌هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد‌دا که‌وته ده‌ست ''حه‌ماس''. پشتگیریی ''ئێرانی ئیسلامی'' بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان و موسلمانه تهنگهتیلکهکانی دژ به ئیسرائیل، به چه‌ک و به پاره و راهێنان، حیزبوڵڵای لوبنانی هاندا، که له‌خاکی لوبنانه‌وه راکێت بگرێته ئیسرائیل. ئه‌مه بوو به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ساڵی 2006دا، شه‌ڕێکی قورس دژ به حیزبوڵڵای لوبنان بگێڕێ، که هه‌رچه‌ند به کاولکردنی به‌شێکی لوبنان و، رشتنی خوێنی گه‌لێک که‌سی بێگوناه، ته‌واوبوو، له‌نێویاندا 40 کرێکاری کوردیش، به‌ڵام ئه‌و کاره هیچ سووتێکی نه‌خسته ده‌ست ئیسرائیل و وێنه‌ی ئیسرائیلی له‌جیهاندا به‌ته‌واویی شێواند.
به‌ڕاستی، رێکه‌وتێکی زۆر سه‌یره، له‌کاتێکدا که ''ئێرانی ئیسلامی'' له‌ڕێی سهرکۆمارهکهیهوه، ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل هه‌ر به‌جارێک لهنێوببا، که‌چی رژێمی ئیسلامیی، ترک، خۆی کردووه به ''کۆتری ئاشتی'' و به‌نێوی نێوبژیکردنهوه له‌نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستین و، ئیسرائیل و سوریادا، نێوبانگێکی بۆ خۆی وه‌ک ''وه‌ستای دیپلۆماسێتی'' دابینکردووه، دیاره رژێمی ترک، ئه‌مه بۆ ئامانجی مرۆڤدۆستانه ناکات، به‌ڵکو پێویستی به یارمه‌تی ئیسرائیل هه‌یه له‌دژی کورد و، له‌م رێیه‌شه‌وه توانیوێتی که‌ڵکێکی زۆر له‌ئیسرائیل وه‌ربگرێ، چ له‌بواری سوپایی و چ له‌بواری ته‌کنیکی و چ له‌بواری ههواڵگوزارییهوه. هه‌ر له‌ڕێی ئیسرائیله‌وه بوو، رژێمی ترک توانی له1999دا؛ ئاپۆ ئۆجه‌لان، سه‌رکرده‌ی پێ.کێ.کێ، به‌شێوه‌یه‌کی تیرۆریستانه له‌کینیا بفڕێنێ و بیبا بۆ ئه‌نقه‌ره. بۆ ئه‌م کاره قێزه‌ونه؛ ده‌بوو ئیسرائیل ده‌جار بیربکاته‌وه، به‌رله‌وه‌ی ده‌ست بۆ تاوانێکی وا گه‌وره ببات و، برینێکی وا کوور بکاته هه‌ناوی کورده‌وه. مه‌به‌ستم له‌مه‌دا، له‌سه‌رکردنه‌وه و به‌رگری بۆ ئاپۆ و حیزبه‌که‌ی نییه، به‌ڵام ئه‌مه خه‌نجه‌رێک بوو له‌پشته‌وه درا له‌کورد. که کورده‌کانی به‌رلین، له‌به‌رده‌م سه‌فاره‌تی ئیسرائیل‌دا له‌به‌رلین، بێزاری خۆیان به‌رامبه‌ر به‌م تاوانه ده‌ربڕی، کاربه‌ده‌ستانی سه‌فاره‌ته‌که، چوار کوردیان له‌پشته‌وه به گولله کوشت، که یه‌کێکیان کچێکی گه‌نج بوو و، هیچ یه‌کێکیشیان چه‌کی پێنه‌بوو. به ئاگاداریی حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیا، ئه‌و چوار تاوانباره ده‌ربازبوون بۆ ئیسرائیل، به‌بیانووی ئه‌وه‌وه، که ئه‌مانه گوایه دیپلۆماتن. وادیاره دیپلۆمات مافی خوێنڕشتنی کوردیان هه‌یه. (جارێکیشیان دیپلۆماتێکی ترک له‌نێو خانوووی سه‌فاره‌تخانه‌ی رژێمی ترکه‌وه له سویسره، گولله‌ی ئاراسته‌ی خۆپێشانده‌رێکی کورد کرد، که له‌سه‌ر شه‌قامی ده‌ره‌وه‌ی سه‌فاره‌ت بوو. ده‌وڵه‌تی سویسره له تووڕه‌یی به‌ولاوه گونی که‌سی نه‌گرت). نه‌ته‌نیاهوو، سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌وده‌مه‌ی رژێمی ئیسرائیل، په‌سنی ئه‌و تاوانکارانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی جووی دا‌و گوتی: ''فه‌رمانی سه‌رشانی خۆیان به‌باشی به‌جێهێناوه''. بێجگه له‌وه‌ش نه‌ته‌نیاهوو، به په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ''الحیاه''ی گوت، که جه‌نابی ''دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردییه''. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه که ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی له‌به‌رده‌م مه‌ترسی نه‌ماندایه له‌نێو سه‌تان ملوێن عه‌ره‌ب و ملیارێک موسلماندا.
رژێمی ئیسرائیل، 23 گریبه‌ندی جۆر جۆری له‌گه‌ڵ رژێمی ترک به‌ستووه که هه‌موویان دژ به ئازادیی کورد و کوردستانن. ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه، که کورد، نه‌ک هیچ خراپه‌یان بۆ ئیسرائیل و جوو نه‌بووه و نییه، به‌ڵکو زۆر یارمه‌تیشیان داون. به‌هۆی کورده‌وه، هه‌زاران خێزانی جووی عێراق و ئێران، له‌ڕێی نێوچه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه، توانیویانه له‌و دوو وڵاته رابکه‌ن و له‌مه‌ترسیی کوشتن به‌ده‌ستی رژێمه‌کانی عێراق و ئیران رزگاریان ببێ، به‌ڵام وا هورده هورده ده‌رده‌که‌وێ که رژێمی ترک دۆستی رژێمی ئیسرائیل نییه، به‌ڵکو هاوڕێی ده‌ستکه‌وتی خۆیه‌تی. کاتێک که ئارێل شارۆن، سه‌رۆکوه‌زیرانی رژێمی ئیسرائیل، له‌مانگی ته‌باخ (ئاب) ی 2001دا چوو بۆ سه‌ردانی "هه‌ڤاڵبه‌ند"ه ترکهکهنی له‌ئه‌نقه‌ره و له‌به‌رده‌م بوله‌نت ئێجهڤیتی سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌وده‌مه‌ی رژێمی ترکدا که‌وته باسی ''تیرۆری کورد''، وایده‌زانی که رژێمی ترک پاداشتی ئهوپشتگیرییهی به پشتگیریی ئیسرائیل دژ به ''تیرۆری فه‌له‌ستینی'' بۆ ده‌ژمێرێته‌وه. به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی ترک، یه‌ک وشه چییه، له‌ده‌میان نه‌هاته‌ده‌رێ، دژ به فه‌له‌ستینییه‌کان. ئهزژی له‌م باره‌یه‌وه، له‌ژماره‌ی رۆژی 17/8/2001ی رۆژنامه‌ی ''الشرق الاوسگ'' دا که یه‌کێکه له‌ڕۆژنامه هه‌ره پڕخوێنهرهوهکانی عه‌ره‌ب، وتارێکم بڵاوکرده‌وه له‌ژێر نێوی "من یخدع من؟" (کێ، کێ ده‌خڵه‌تێنێ؟) که هه‌فته‌نامه‌ی "میدیا" له‌هه‌ولێر له‌ژ. 104ی 1/9/2001 دا له‌ژێر نێوی ''کێ، ئه‌وی دیکه ده‌ستخه‌ڕۆ ده‌کات؟'' کردبووی به کوردی. له‌و وتاره‌دا ئه‌وه‌م خستبووه‌ڕوو، که ئیسرائیلییه‌کان، پێیانوابوو، ده‌توانن بهدوژمنایهتیکردنی کورد، رژێمی ترک ته‌فره‌بده‌ن و بیکه‌نه دوژمنی فه‌له‌ستینییه‌کان، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که رژێمی ترک ئه‌وانی تهفرهداوه. به‌تێپه‌ڕبوونی کات ده‌رکه‌وت ئه‌و پێشبینییه‌م راستدهرچووه. ئه‌وه بوو، که ئهردۆخانی ئیسلامیست بووبه سه‌رۆکوه‌زیرانی رژێمی ترک هه‌روه‌ک ئێجهڤیتی که‌مالیست، به‌ڵام ئاشکراتر، که‌وته وێزه‌ی ئیسرائیل. ئه‌ردۆخان، به‌رله‌وه‌ی ببێته سه‌رۆکوه‌زیران، شارۆنی به "تیرۆریست" دایه قه‌ڵه‌م. شارۆن ئه‌وکه‌سه‌یه که تاوانی کۆمه‌ڵکوژیی لهفهلهستینییهکانی په‌ناگه‌ی په‌نابه‌رانی سابرا و شه‌تیلا ده‌که‌وێته ملی.
ئه‌ردۆخان، له‌کۆنفرانسی Davos له 30/1 دا به‌ره‌وڕوو به شیمۆن پێرس، سه‌رۆکوه‌زیرانی رژێمی ئیسرائیلی گوت ''ئه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌غه‌ززه‌دا ده‌یکات، تاوانه و کارێکی نامرۆڤانه‌یه'' و گوتی: ''ئیسرائیل باش ده‌زانێ چۆن زارۆ بکوژێ''. ئه‌وجا که رێینهدرا درێژه به قسه‌کانی بدا، به تووڕه‌ییه‌وه کۆنفرانسه‌که‌ی به‌جێهێشت و گوتی: ''جارێکی دی نایه‌مه‌وه داڤۆس''. که گه‌یشته‌وه فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره، شه‌وێکی دره‌نگ و باراناوی بوو، به‌ڵام هه‌زاران ترک لهچاوهڕوانیدابوون و، وه‌ک ''پاڵه‌وان'' به‌خێرهاتنه‌وه‌یان کرد. ئه‌مه‌ش که‌سایه‌تییه‌کی به‌هێزی بۆ ئهدرۆخان له‌نێو ترکه‌کان و عه‌ره‌ب و موسلمانه‌کاندا دروستکرد و، زه‌نگێک بوو بۆ ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ئێرانیش که کێشه‌ی فه‌له‌ستین بێ یارمه‌تی رژێمی ترک، به‌ره‌وپێشه‌وه ناچێ.
هیچ سه‌یرنییه که شێمون پێرس، به‌رامبه‌ر به‌و تۆمه‌تبارکردنه‌ی له‌لایه‌ن ئهردۆخانهوه، پێینهگوت: ''ئێی باشه، که تۆ وا له‌سه‌ر فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌که‌یته‌وه و کرده‌وه سه‌ربازییه‌کانی ئێمه به "تاوان" و "نامرۆڤانه" و "زارۆکوژی" داده‌نێیت، ئه‌ی بۆچی جه‌نگت هه‌ڵگیرساندووه له‌دژی کورد و هه‌زاران کورد ده‌کوژیت و رۆژانه قه‌ندیل بۆمبا‌باران ده‌که‌یت؟''. پێرس، مردووی به‌شی زیندووخۆری، چه‌رمی ده‌موچاو چه‌ندجار عه‌مه‌لیاتی جوانی کراو، ئه‌وه‌ی نه‌گوت و ناشتوانێ ئه‌وه بڵێت؛ چۆنکه رژێمه‌که‌ی خۆی هاوکاری رژێمی ترکه لهشهڕفرۆشتن به کورد و په‌لاماردانی قه‌ندیلدا، چ به‌سیخوڕی کردن به‌سه‌ر کورده‌وه، به‌هۆی فڕۆکهسیخوڕهکانییهوه که به‌سه‌ر قه‌ندیلدا ده‌فڕن و هه‌واڵ ده‌گه‌یه‌ننه له‌شکری ترک و، چ به یارمه‌تی ته‌کنیکی سه‌ربازی و دیپلۆماسی. شایانی باسه، هه‌ر رژێمی ئیسرائیل بوو که له‌به‌رخاتری رژێمی ترک نه‌یهێشت ئه‌مه‌ریکا و ئه‌لمان دانبنێن به گه‌لکوژیی ژۆن ترکه‌کان لهئهرمهنهکان له1915دا. بێگومان، ئه‌وڕۆ رژێمی ترک ده‌توانێ واهه‌ست بکات که ئێدی کاری به رژێمی ئیسرائیل نه‌ماوه و خۆی کردووه به دۆستی عه‌ره‌ب و موسلمانان. سه‌رکه‌وتنێکی دیکه‌ی رژێمی ترک ئه‌وه‌یه، کارێکی وایکرد که چاره‌ی ئیسرائیل لای کورد به‌جارێک ره‌شبکات و، کورد والێبکا ئیسرائیل به دوژمنی خۆیان بزانن و باوهڕنهکهن پێی.
به‌ڕاستی، ئه‌ز باوهڕمنهدهکرد، که سه‌رکرده‌کانی ئیسرائیل، له‌باری ره‌وشته‌وه، هێنده سپڵه و پێنه‌زان و ناسوپاس و، له‌باری رامیاریشه‌وه هێنده ناشی و کورتبین بن لهههڵسوکهوتیاندا به‌رامبه‌ر به کورد. لێ مخابن، وانه‌بوو. له‌وتارێکدا که له‌ژ. 329 ی رۆژی 4/3/2008ی هه‌فته‌نامه‌ی "میدیا" دا له‌ژێر نێوی "دوژمن بچوکیش بێ، ده‌توانێ کاری گه‌وره بکات"، گوتم؛ هه‌تا ئێسته پێموابوو هه‌ر ئێمه‌ی کورد (له‌ڕامیاریدا) نه‌زان و گه‌مژه‌ین، به‌ڵام وادیاره که له‌ئێمه‌ش نه‌زانتر و گه‌مژه‌تر ئیسرائیلییه‌کانن". ئه‌م قسه‌یه‌ش زۆر به‌داخه‌وه راستدهرچوو. ئه‌وه‌تا هه‌ڵوێستی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر به کورد، کارێکی وایکرد که به‌هه‌زاران کورد ده‌چنه سه‌ر شه‌قامه‌کانی کوردستان و دژی ده‌ستدرێژیی ئیسرائیل له غه‌ززه خۆپێشاندان ده‌به‌ن به‌ڕێوه و، ته‌له‌فیزۆنی ''ئه‌لجه‌زیره''ش به ئاووتاوهوه پێشانی ملوێنان عه‌ره‌بی ده‌دات که دیاره، بێزاریدهربڕین به‌رامبه‌ر به‌زۆرداریی، له‌هه‌ر لایه‌که‌وه بێ، کارێکی ره‌وایه. به‌ڵام کورد، غه‌ززه و قه‌ندیل ده‌به‌ستن به‌یه‌که‌وه، چۆنکه رژێمی ئیسرائیل له‌گه‌ڵ رژێمی ترک له‌په‌لاماردانی قه‌ندیلدا به به‌شدار ده‌بینن، بێئه‌وه‌ی کورد هیچ زیانێکیان به ئیسرائیل گه‌یاندبێ.
رژێمی ئێران، که به‌ئاشکرا بۆ نه‌هێشتنی ئیسرائیل تێده‌کۆشێ، هه‌ڵوێستی ئهردۆخانی زۆر ''به‌رز'' راگرت. ئایه‌توڵڵا مه‌کاریمی شیرازی که ئاخوندێکی سه‌ر به رژێمی خامه‌نه‌ییه گوتی: ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستانی خه‌لاتی ئاشتیی نۆبێل، ویژدان و ئازایه‌تییان تێداههبێ، ده‌بێ خه‌لاتی نۆبێلی ئاشتیی ئه‌مساڵ بده‌ن به ''ئه‌ردۆخان''. رۆژنامه‌ی ''به‌رلینه‌ر مۆرگن پۆست'' ی ئه‌ڵمانیش، له‌ڕۆژی 31/1/2009 (ل 3) دا ده‌نووسێ: ''گه‌لی (ترک) به‌زۆری، ئیسرائیل وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی تاوانبار ده‌بینێ''.
ئه‌وه‌ش ده‌زانین که رژێمی ئیسلامیی ئێرانیش، رۆژانه له‌پاڵ رژێمی ترک و ئیسرائیل‌دا، به‌شداره له‌په‌لاماردانی قه‌ندیل و کوشتنی رۆشنبیرانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا.
ئه‌وجا پاش ئه‌وه‌ی ساڵانێکه رژێمی ئیسرائیل یارمه‌تیی رژێمی ترک ده‌دا بۆ سه‌رکوتکردنی کورد، تازه به‌خێرێ، رۆژنامه‌کانی ئیسرائیل وه‌ک ''جێرۆزه‌لیم پۆست'' و ''هائارێتس'' له 6/2/2009 دا، باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که ''رژێمی ترک هه‌زاران گوندی کوردی سووتاندووه و کوردی دهربهدهرکردووه و ده‌بێژن ترکیا مێژوویه‌کی ره‌شی هه‌یه'' و ''هانارێتس'' ده‌فه‌رموێ ''دووڕوویی ئه‌ردۆخان نابێ پێوه‌ندییه‌کانی نێوان ترکیا و ئیسرائیل تێکبدا''. به‌ڵام ئه‌وه باسناکه‌ن که رژێمه‌که‌ی خۆیان، ده‌مێکه ده‌ستی له‌ده‌ستی ئه‌و رژێمه خاوه‌ن ''مێژوو ره‌شه'' دایه و، دڵنیاشبن که کورد ئه‌و قسانه ناکڕێ لێیان، چۆنکه ئه‌وه‌تا سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکری ئیسرائیل داوای لێبوردنی له‌ڕژێمی ترک کرد، به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی یه‌کێک له سه‌رکرده‌کانی له‌شکره‌که‌ی باسی ده‌ستدرێژیی رژێمی ترکی کردووه به‌رامبه‌ر به‌کورد.
تێبینیی: هیوادارم که خوشک و براکورده‌کانی ئیسرائیل ئه‌م وتاره هه‌روه‌ک خۆی، بێده‌ستکاری وه‌ربگێڕنه سه‌ر زاری عیبری و، بیده‌ن به رۆژنامه گه‌وره‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانی ئیسرائیل و، زۆر سوپاس. به‌رلین 17/3/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست