پارتى هێشتا بەخیانەتى نەتەوەیى تینووە!
Thursday, 03/01/2013, 12:00
هۆكارەكانى داخستنى سنورى كوردستانى رۆژئاوا لەلایەن پارتیەوە!
لەماڵپەڕى ئاوێنە ئەو هەواڵەم خوێندەوە كە ئاژانسى فوراتى نزیك لەپارتى كرێكارانى كوردستان، توانیویانە بڕۆنە سنورى نێوان رۆژئاواو باشورى وڵات و وێنەڤیدیۆى ئەو سنورە تۆماربكەن و لەگەڵ پاسەوانێكیشدا دەدوێن، لەپاسەوانەكە دەپرسن : بۆچى ئەم سنورە تەلبەندكراوەو پاسەوانیشى هەیە؟! كابراى پاسەوانى داماو زۆر بەساناییەوە وەڵامدەداتەوە كە ئەمە بۆئەوەیە تاوەكو كەس نەتوانێت سنور ببەزێنێ و ئاژاوەدروست بكەن، هەڵبەت ئەو پاسەوانە خێرلەخۆنەدیوە ئەم قسەیەى فێركراوە یا واى تێگەیەنراوە، ئەگینا ئەوە لەوەڵامى ئەو ناچێت، بەهەرحاڵ .....
دەبوایە ئێستا حكومەتۆكەى هەرێم بەهەموو شێوەیەك پارێزگارى لەكوردانى رۆژئاوا بكردایەو كارێكى وەهایان بكردایە كە كوردان هەست بەئاوارەیى و ئەزمەى نان و شتومەكى ناچارى رۆژانە نەكەن، بەڵام بەداخەوە حكومەتۆكەى هەرێم هیچى پێ نەكراوەو هەمووشمان دەزانین لەدێگەڵە بۆ سەرەوە پارتى حاكمیەتى، بۆیە بێ هیچ گومانێك پارتى ئەو سنورەى داخستووە بەڕووى كوردانى بەشمەینەتى رۆژئاوا، لەكاتێكدا هەمووى چەند ساڵێكە ئێمەى باشورییان هەمان موعاناتمان بینى و بۆ پارچە نانێك لەچادرگانشینەكانى ئێران و توركیا دەیان پیاوى كورد ملى خۆى دەشكاند!
ئێستا با بزانین پارتى بۆچى ئەم سنورەى داخستووە؟!
پارتى وەك پیشەى هەمیشەیى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆى خیانەتى نەتەوەیى كردووە، دەبینن كە هێزێكى دیموكراتیخوازو ئازادى كورد (پەیەدە) كۆنتڕۆڵى هەرێمى كوردستانى رۆژئاوایان كردووەو دەیانەوێ عەداڵەت و ئازادى بچەسپێنن لەو هەرێمەدا، لەبەرامبەریشدا پارتى هێزێكى میلیشیایى لەسەرەتاى كۆنترۆڵكردنى هەرێمى كوردستانى رۆژئاوا ڕەوانەى ئەوێ كردو دەیانویست لەوێش بڕۆنە سەر سفرەى حازرى و دەسەڵاتى ئەوێش بگرنەدەست، بەڵام هەر زوو لەلایەن پەیەدەوە پاشەكشەیان پێ كرا، لەلایەكى تریشەوە توركیا دژایەتى راستەوخۆى پەیەدە دەكات و بەوە زۆر قەڵسە كە ئەو هێزە كۆنتڕۆڵى هەرێمى رۆژئاوایان كردووە، لەئیستاشدا پەیوەندى نێوان پارتى و توركیا خۆش و بەهێزە، بۆیە توركیا پارتى وەكو داردەستى خۆى بەكارهێناوە بۆ داخستنى سنور بەڕووى كوردانى رۆژئاواو پەیەدەدا، بەدیوەكەى تریشدا ئاغاى بارزانى پێى وایە یاریەكى سیاسیانە دەكات ، بەوەى كە هەم سنور بەڕووى ئەو هێزە دادەخات كە پێشتر قبوڵیان نەبووە حیزبەكەى بارزانى بڕۆنە سەر سفرەى حازر، لەهەمان كاتیشدا توركیا بەكاردەهێنێ وەك پاڵپشتێك بۆ خۆى لەدژایەتى مالیكیدا، بەڵام ئاغاى بارزانى زۆر بێ ئاگایەو لەهەڵەدایە ئەگەر پێى وابێ توركیا پاڵپشتى دەكات لەدژایەتى مالكیدا، چونكە توركیا وەك حیزبۆچكەیەك لەگەڵ پارتى مامەڵە دەكات، بەڵام وەك دەوڵەت لەگەڵ عێراق مامەڵە دەكات، مێژووش شاهیدى ئەوەیە كە تورك و فارس و عەرەب بەبێ رەچاوكردنى جیاوازى مەزهەبى و نەتەوەیى نێوانیان هەمیشە كۆكبوون لەسەر دژایەتى كورد، ئینجا بارزانى بەئامانجى یەكەمیشى كە گوایە تۆڵە لە پەیەدە بكاتەوە، بەهەمان شێوە لەهەڵەدایە، چونكە بەبیانووى دژایەتى ئەو هێزە كوردیەوە زیاتر لە سێ ملیۆن كورد برسى و رەزیل دەكات، كە ئەمە جگە لەخیانەتى نەتەوەیى و پەڵەیەكى ڕەش بەنێوچاوانى پارتى و بارزانیەوە هیچ پێناسەیەكى تر هەڵناگرێ!!
پارتى لەڕابردوودا خیانەتى 31 ى ئابى هەیەو پێش ئەوەش ئاشبەتاڵ كە بارزانى باوك بە 120 پێشمەرگەو چەند تفەنگێكى ژەنگاویەوە دەستى بەشۆڕش كرد، بەڵام كاتى ئاشبەتاڵ دواى رێككەوتننامەى جەزائیرى ساڵى 1975 بە زیاتر لە 120.000 هەزار پێشمەرگەو چەكى قورس و لەبڕیشدا زۆر ئاشبەتاڵى ڕاگەیاند، ئەوەتا ماوەى 22 ساڵیشە جگە لەشەڕى براكوژى و وێرانكارى و كپكردنەوەى دەنگى نارەزایەتى و دەستگرتن بەسەر داهاتى گشتى بۆ بەرژەوەندى حیزبى تایبەتى خۆیان و برسیكردنى هاوڵاتیان لەپێناو مانەوەى كورسی دەسەڵاتدا چى بەرهەمێكیان بۆ كورد وەدەستخستووە؟! ئەمە جگەلەوەى كە چەندین هەلى نەتەوەیى گرنگ هاتۆتە پێشەوە بۆ گەلى باشور لەماوەى ئەم 22 ساڵەدا، بەڵام لەدەستیان داوەو نەیانتوانیوە سوودى لێوەربگرن لەبەرژەوەندى نەتەوەى كورد!
بەراستى پارتى زۆر بێ شەرمانەو لەم سەردەمى جیهانگیرى و تەكنەلۆژیایەداو بەبەرچاوى دۆست و دوژمن و هەموو دونیاوە كوردانى پارچەیەكى برسى دەكات، ئەمەش تەنها لەپێناوى بەرژەوەندى تایبەتى وحیزبى خۆیاندا، بۆیە ئەمەش یەكێكى تر لەخیانەتە نەتەوەییەكانى ئەو پارتەیە كە بۆ خۆیانیان تۆماریان كرد، بەداخەوە هێشتا پارتى تینووى خیانەتى نەتەوەییە!
فەرمان خێڵانى - چالاكوانى مەدەنى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست