کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کاتێك هەرێم لەقەیراندایە و دەسەڵاتداران لەخەوێکی قوڵدان

Wednesday, 18/01/2012, 12:00





لە کاتێکدا ئێمە لەقوڵترین قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگیداین ، لەهەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ، سەرقاڵی چارەسەر کردنی قەیرانی نێوان سونە و شیعە و وڵاتانی دەوروبەرن ، لە کاتێکدا لە حکومەتی مەرکەزیەوە ، خەرجییەکی زەبەلاح بەناوی میلەتەوە وەردەگیرێت ، بەڵام هەژاری وەختە وەک تاعوون بڵاو دەبێتەوە و بەرۆکی هەموو ماڵێکی کورد دەگرێت ، ڕۆژانەی شاشەی تیڤییەکان پشوییەکمان پێنادەن لەبەر ڕیکلامکردن بۆ دەشتی بەهەشت و شاری خەونەکان و گەورەترین شارەکانی دونیا و ، حەشیمەتی ڤێلا و ئەپارتمانت و ... هتد .. لەپاڵ ئەمەیشدا ، ڕێژەی هەژاری ڕووی لەهەڵكشاندایە و قەبرستانەکان ئاوەدان دەکرێنەوە ، تەنیشت قەبرەکان دەبن بە ماڵ و کێلی قەبرەکانیش دەبن بە شاری یاری بۆ منداڵەکان .
تەمەنی ئێمە لە ساتەوەختێكدا گوزەردەکات ، دەسەڵاتدار و سەرمایەدارانمان لەبری خێر و بەرەکەت ، درۆ و تاعوون دابەش دەکەن بەسەر میلەتدا ، هەندێك میدییایشیان دروست کردووە ، لەبری گواستنەوەی واقع ، ساز و ئامادەکراون بۆ ئالارمی جەنگ و ، پەخشکردنی وتەی ڕەنگاو ڕەنگی بێناوەڕۆک .

ئێستا ئەو ساتەیە دەبێت دەسەڵاتدارانی کورد ، لە زەنگ و ئەلارمی ئەمڕۆ تێبگەن ، سەردەمی ترساندن و لۆژیکی خێڵایەتی و قسەی بێناوەڕۆک بەسەر چوون ، ئەوەمان بۆ ڕوون بووەتەوە ، ئەقڵیەتی ئەمڕۆی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان ، درێژکەرەوەی هەمان ئەو ڕژێم و کەلتورەیە ،کە لە بەهاری عەرەبیدا ڕوخان و ئاسەواریان گۆڕستان و قەفەزێك بوو . نابێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ، چاوەڕوانی ئەوە بن ، تاکو ئاگرەکە دێت و دەیان سوتێنێت ، دەبێت پێش ئەوەی پێیان بگات ، بە جدی هەوڵی چارەسەرکردنی بۆ بدەن ، چونکی ئەمە قەیرانێکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیست ساڵی ڕابردوو .

نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت کە هیچ حوکمڕانێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، ناتووانێت بەبێ پراکتیسەکردنی دیموکراسیەت ، مۆدێلی ئەوروپی بگوازێتەوە ، ئەزموونی تورکی نموونەیەکی ڕوونە بۆ ناوچەکە ، جگە لە فاشیزم شتێکیتری بەرهەم نەهێنا ، نموونەی وەک حوسنی موبارەک و زەینل عابدین ، کە ئەوانیش ڕووکارێکی دیموکراسییان بۆ خۆیان دروست کردبوو ، بەڵام ئەوە تەنها پەردەیەکی ڕەنگاڵە بوو بۆ داپۆشینی ڕووە ناشرینەکانیان ، لە ڕاستیدا ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیش بە کردار دەبینرێن ، درێژکەرەوەی هەمان کەلتوری ئەوانە ، بەڵام لەژێر چەتری شۆرش و کوردایەتیدا .

هەنووکە هیچ دەمامکێك نیە ڕووی دەسەڵاتدارانی کورد بپۆشێت ، چونکی لە دوو دەیەی ڕابردودا ، وەڵامی نەوەیەک نەدراوەتەوە ، ئێستا نەوەیەکیتر پێگەیشتووە و ئەوانیش پرسیاریان هەیە ؟! تاکو نەوەکان بێ وەڵام بمێننەوە ، تەمەنی دەسەڵاتدارانیش کەمتر دەبێت ، ئەوەی لە باشوری کوردستانیشدا گوزەردەکات ، لەباکورو پارچەکانیتریش چەکەرەیان کردووە ، واتە وادەی چاوەڕووانی لە ستەمکاران ، بەرەو ساتەکانی کۆتای هەنگاو دەنێت ، ئیتر پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد لەو خەوە قوڵە هەستن ، قوڵتر لە خەوی ئەواندا ، ئەو کەسانەن کە پارێزگاری لە ئەواندەکەن و بارەگا و بینا دەسوتێنن ، دەبێت لەوە تێبگەن و پەلە بکەن ، کە ئیتر بەبێ چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و یەکخستنی ماڵی کوردی و یەکسانی کۆمەڵایەتی ، تەمەنی دەسەڵاتیان درێژ نابێت ، چوونکی تەنها ئەوانن لە کۆتایدا ، سەریان دەدرێت بە تاشەبەردی ڕاستییەکان ، پێویستە لایەنی دەسەڵاتدار ئەوە باش بزانێت ، کات لەبەرژەوەندی ئەواندا نیە ، هێشتنەوەی دۆخی ئێستا بەبێ چارەسەکردن ، گڕی ئاگر لە خۆیان نزیک دەکاتەوە ، کەیسەکانیان قورستر دەبێت ، پاشان لێخوش بونیان لەدەستی ئەو نەوەیە کە زیاد لە بیست ساڵە پرسیار دەکەن و وەڵام نادرێنەوە .
























نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە