بەڵی بۆ سیستمی پەرلەمانی نا بۆ هەژموونی هیچ سەرۆکێک!
Thursday, 04/07/2013, 12:00
1264 بینراوە
وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەپەرۆشیەکی زۆرەوە چاودێری ئەم بارودۆخە نوێیەی کوردوستان دەکەین و خوازیارین بۆ تەنها جارێکیش بێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرژەوەندی گشتی لەپێش هەموو ئەولەویاتەکانی دیکەوە دابنێن .
ئەزمونی چەند ساڵی ڕابوردو سەلمێنەری ئەو ڕاستیە بوو کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە لە 25-7-2009 هەڵەیەکی مێژویی گەورە بوو وە لە ئێستەدا هەموومان باجەکەی دەدەین، لەماوەی رابوردوداو لەمیانى پرۆسەی چاودێریکردنمان بۆ گفتوگۆکانی دەستور و هەڵبژاردنەکان هەمیشە مەترسی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک و داتاشینەوەی ئەو پۆستە بۆ کەسێکی دیاریکراو جێی مەترسیمان بووە. هەربۆیە سەرەڕای هەموو لایەنە سلبیەکانی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی کە ناڕازایەتییەکی گەورەی چین و توێژەکانی کوردوستانی بەدوای خۆیدا هێنا ئێمە داواکارین کە ئەم هەلە بقۆزرێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەلایەن هاوڵاتیانەوە و ئەم ماوەیەش کە سەرۆکایەتی درێژکراوەتەوە بکرێتە هەلێک بۆ سەروەری ڕاستەقینەی ئەزمونی پەرلەمانی و نەهێشتنی هەژموونی سەرۆکایەتی تاکە کەسی!؟
هاوکات ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرانبەر بەو هێزەی پۆلیس کە حەرەمی پەرلەمانیان شکاند ! و هیوادارین بێدەنگی لەم پرسە نەکرێت و سەرجەم ئەو پۆلیسانەو بەرپرسەکانیان ئاڕاستەی دادگا بکرێن و لە کارەکانیان دوور بخرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دی هیچ فەرمانبەرێک ئەگەر فەرمانیشی پێ بکرێت مافی ئەوەی نەبێت بچێتە ناو هۆڵی پەرلەمان و ڕێگری بکات لە پەرلەمانتاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانیان بەهەر جۆرێک بێت چونکە ئەو دیمەنە لە هیچ پەرلەمانێکی دونیادا نمونەی نەبووە کە پۆلیس " دەرگا لەسەر پەرلەمانتار دابخات ، دەسبەسەری بکات ، ڕێگری لێبکات " لەکاتێکدا پلەی هەموو حکومەت لەخوار پلەی نوێنەرانی گەلەوەیەو سەروەری و هێزی ڕاستەقینە لای پەرلەمانتارانە نەک پۆلیسەکان بەڵکو وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسە ئەمنیەکان و سەرۆکی هەرێمی ئێستاش بخەنە ژێر لێپرسینەوە !
چارەسەری ئەم بارودۆخەی هەرێمیش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانە لەکاتی خۆیداو جێگیرکردنی سیستمی پەرلەمانییە لە دەستوردا بۆ ئەوەی جارێکى تریش ڕوبەڕی ئەم جۆرە قەیرانانە نەبینەوە.
فیدراسیۆنى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى