کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە 112هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردیدا، هەوڵ بۆ ئاراستەیەكی فكری نەتەوەیی ـ دیموكراتیانە بدەین

Tuesday, 20/04/2010, 12:00


بیست و دووی نیسانی ساڵی 1898 بۆ یەكەمین جار رۆژنامەیەكی كوردی بەنێوی كوردستان لەسەردەستی میقداد مەدحەت بەدەرخان و پێش 112ساڵ لەمەوبەر لەقاهیرەی پایتەختی میسردەرچووەو ئەمەش نرخ و بەهایەكە لە مێژووی گەلەكەماندا وهەر بەم بۆنەوە رۆژی لەدایكبوونی یەكەمین رۆژنامەی كورد" كوردستان" وهەمیش 112هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری كورد لەگەلەكەمان وهەموو ئەو قەڵەمە بەجۆرئەت و راستگۆو رەخنەگرەرانەش پێرۆز دەكەین.
بێگۆمان یادكردنەوەی یەكەمین رۆژنامەی كورد وبەتایبەت كوردستانی نرخ و بەهایەكی پیرۆزە كە هەر وەكو چۆن لەسەرەتای دەركەوتنی یەكەمین رۆژنامەی كوردیدا ئامانجی كوردستانی بوون وسەلماندنی ئەو راستیە تاڵ و پەرتەوازییەی گەلی كورد و داگیركاری سەركوردستان بوەو بەرۆحی خاوەندارییەتی كردن لەبەها پیرۆزەكانی گەلەكەمان خاوەن رۆڵ و پێگەیەكی رۆژنامەوانی لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵانی گەلی كوردستان بوو، توانیوویەتی ببێتەی بەردی بناخەی رۆژنامەگەری كوردی و ببێتە مەنبەرێك بۆ دیاری كردن و دەستنیشانكردنی ئەركی تاكی كوردو كۆمەڵگای كوردی و لەهەمان كاتیشدا توانییوویەتی بەدەركردنی یەكەمین رۆژنامەی كوردی تاك ی كورد لەبەرامبەر بە مەسەلە هەستیارەكانی نەتەوەكەی ونیشتمانی هۆشیار بكاتەوەو لەسەر ئەم بنەمایەش بتوانێت هەوڵبدات دەنگی كوردان لەهەندەران و ناوەوەی وڵات بەكاتەیەك و لەسەر یەك ئامانج ویەك خەبات كۆیانبكاتەوە.
لەراستیدا ئەگەر سەیرێكی رابردووی رۆژنامەگەری و رۆژنامەوانی كوردی لەم سەدساڵەی دواییدا بكەین بەڕاشكاوانە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە چەندە رۆژنامەگەری و رۆژنامەوانی كوردی لەبنەما ئەساسی و پرەنسیپە هاوبەشەكانی نەتەوەیی ونیشتمانی دووركەوتووەتەوەو چەندەش توانیوویەتی لەخزمەت بەبوژاندنەوەی ژێرخانی كۆمەڵگای كوردی و دەستنیشانكردن وئاراستەی نەتەوەیی و دیموكراتیانە رۆڵ ببینێت. جێگای داخەو پەژارەیە كە ئەگەر هەتا دوێنی ئامانج لەدەرخستنی رۆژنامەیەكی كوردی ئاراستەكردن وهۆشیاركردنەوەی نەتەوەیی و پێناسی ئەرك و مافی هاووڵاتی بوون و هاونیشتمانی ونەتەوەیی بوو، ئەمڕۆ رۆژنامەگەری كوردی لەژێر چەتری حزبایەتی تەنگ و ئاسۆیەكی تاریكدا كەرەستەیەكە بۆ چەواشەكاری كۆمەڵگای كوردی و پەرتەوازە بوون و مەنبەرێكێن بۆ داسەپاندنی سیاسەتە چەپەڵەكانی دەوڵەتانی سەردەستی لەكوردستاندا. لەگەڵ بینینی هەمووی ئەم راستیانەشداو بەهەڵوێستەكردنێكی بابەتیانە، پێویستە ئەوەش بڵێین كە رۆژنامەگەری و رۆژنامەوانی بۆ ئەوەی كە بتوانن لە گۆڕەپانی كوردستاندا بەگشتی و بەتایبەتی لەباشووری كوردستاندا خاوەن لەبەرپرسیاریەتی خۆیان دەركەون، پێویستە لەسەر بنەمای راستیەكانی گەل و نیشتمان هەڵسوكەوت بكەن و سەرچاوەی ئەساسی رۆژنامەو رۆژنامەوانی كورد، كۆمەڵگای كورد و رای جەماوەری كوردستان بێت نە مەدیاكانی دەوڵەتانی داگیركەر لەسەركوردستان كە ئەمەش هەتا ئاستێك لەباشووری نیمچە ئازادكراوەی كوردستاندا ئەم چەمكە بۆوەتە بەشێكی كاری گۆڕەپانی رۆژنامەگەری ورۆژنامەوانی، ئەوەی جێگای سەرەنجە بەجێگای ئەوەی كە سەرچاوەی هەواڵ، بابەت و بەدواداچوونەكان شەقامی كوردی و رای كوردستانیان بێت و بەرژەوەندییە نیشتمانی ونەتەوەییەكانی گەلەكەمان لەبەرچاو بگیرێن، ناراستەوخۆش نەبێت، بووینەتە وتەبێژی سیاسەتە چەپەڵەكانی دەوڵەتانی داگیركەری سەركەوردستان بێ ئەوەی كە پرەنسیپە ئەخلاقی ونەتەوەییەكانی گەلەكەمان لەبەرچاوبگرین، هەوڵدەدەین خۆمان لەگەڵ بەرژەوەندییە كاتی و بێ بنەماكانی ئابووری سەرمایەداری گلۆباڵ و دیموكراتییەتی لیبڕاڵی جیهانی وهەرێمی رێكبخەین، ئەمەش نە بەرژەوەندی گەلی كورد و نەش گەلانی تێدا، بەڵكۆ تەنها خزمەت بە داگیركەری و بێ مافی دەكات و هیچی تر.
ئەمڕۆ بەهۆی ئەو گەڕەلاوژەیی و بێ سەروبەرییەی لەمەیدانی كاری رۆژنامەوانی كوریدا دەبینرێت رەنگبێ لەرۆژنامەوانی هیچ گەلێكی دیكەدا نەبینرێت، ئەمەش وا دەكات هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی ئاستی رۆژنامەوانی كوردی بەتایبەتی لەباشووری كوردستاندا دژوارتر وزەحمەتتر بێت، لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەو دۆخەی رۆژنامەوانی كوردی تێكەوتووە كەمتر لەهەردۆخێكی تری نێو بوارەكانی دیكە ببێتە رۆژەڤی خودی رۆژنامەو دەزگا راگەیاندنییەكان. هەر لە بێبەریبوونی لەپارادیگمای نەتەوەیی ـ دیموكراتییەوە بگرە تاخنكاندن لەنێو بازنەی بەرتەسكی حزبایەتی ودەستەگەڕێتی، هەر لەمتمانە نەدان و متمانە وەرنەگرتن لەجەماوەرەوە بگرە تا دەگاتە هەوڵنەدان بۆ دروستكردنی رای گشتی جەماوەرو ئەو پەتایانە و چەندین پەتای دیكە بینەقاقای رۆژنامەوانی كوردی گرتووەو لە پەلوپۆی خستووە.
لە باشووری كوردستاندا بەهۆی ئەو بێ جیهانبینیەی لەئاستی پێشەنگەكانی كۆمەڵگاكەماندا بەتایبەتی لەئاستی حزب و حیزبایەتیدا دەبینرێت وبەهۆی لاوازی هزری نەتەوەیی ـ دیموكراتییەوە ئەدەبیاتێكی سەقەت ونالەباریش پێكهاتووە وتاكی رۆژنامەوان و ئاسۆی رۆژنامەگەریشی بەم چەشنە ئاراستەدەكات كە خزمەتی كێ و بۆچی دەكات بەگشتی دیار نییە، هەر بەم بۆنەوە رۆژنامەگەری لەكوردستاندا بەجێگای ئەوەی كە كۆمەڵگا لەپەرتەوازە بوون دەربێنێت وئاراستەیەكی فكری، ئەخلاقی، رێكخستنی، ژیانی بكات، تاكێكی بێ بەرنامە، بێ هیوا و بێ ئامانج وسەلێشێواوی خوڵقاندووە كەنازانێت، پەرەنسیپ، مبدا وبنەما ئەخلاقی و نیشتمانییەكان چین و بۆچی گرنگن.
ئەمە لەحالێكدایە كە لەئاستی كوردستاندا بەگشتی بەدی دەكرێت، و پێویستە ئەوانشمان لەبیر نەچێت، ئەمڕۆ گەلی كورد، خاوەن سەدان رۆژنامەو تەلەفزیۆن و رادیۆ و مەدەیای كوردییە، ئەمە هەنگاوەێك پێویستە بەبچووكی نەبینین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوانەی كە خاوەن رێبازی فەلسەفیانەو هزری هاودەم بن و كۆمەڵگای كوردی لەبەرامبەر بە مەسەلە هەستیارو چارەنووسسازەكانی خۆی هۆشیار بكەنەوە، دەكەونە بەر پەلامارو دەستدرێژی داگیركەران و ناحەزانی بیری رۆشنبیری گەلەكەمان، هەر لەم ساڵەدا، گەورەترین پەلاماری سەر دام ودەزگای راگەیاندنی كوردان لە وڵاتی بەلجیكا، تەلەفزیۆنی رۆژتیڤی و رادیۆ مێزوپۆتامیادرا، بەڵام راگەیاندنە كوردییەكان بەگشتی وەكو پێویست نەیانكردە، بابەت و رۆژەڤی خۆیان، ئەمەش كەمترخەمێكی مەزنە لەبەرامبەر بە بەها ونرخە نەتەوەییەكانمان، هەر لەم حەفتەیەدا، لەباكووری كوردستان كارمەندێكی رۆژنامەی ئازادیای وڵات، لەئەدەنە، قەتڵ دەكرێت و یەكی تریش لەكارمەندەكانی ئەم رۆژنامەیە دەكەوێتە بەرهێرش و پەلامارەكانی دەوڵەتی توركیا، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستانیش، رۆژنامەوانێكی كوردی و رۆژنامەوانی كورد، رۆژانە رووبەرووی ئەزیەت و ئازاری دەوڵەتانی ئێران و سووریا دەبنەوە، بەڵام جارێكی تر ناتوانین هەوڵ و ماندووبوون و فیداكاری ئەوكەسایەت و رۆژنامە و رۆژنامەوانان بەجۆرئەت و بەئەمەكانە نەبینین كە هەوڵدەدەن لەم بازەنە تەسكەی رۆژنامەوانییە باوە دەركەون وبەرۆحێكی بەرپرسیارییەتی و نیشتمانی ونەتەوەییەوە هەوڵی پاراستن و ئاراستەكردن وهێنانە زمانی راستیەكانی گەلەكەمان و ئەو راستیە تاڵەی كراوەتە حەقیقەت وداگیركەرانی سەركوردستان بەرێوەی دەبن هەوڵدەدەن دەمامكێكی ئەوان هەڵماڵن و بەگیانێكی خۆبەخشانەوە تێدەكۆشن.
هیوادارین لە 112هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری ورۆژنامەوانی كوردیدا جارێكی تر، ئەرك وبەرپرسیارییەتی نەتەوەیی ودیموكراتیانەی خۆمان دەستنیشان بكەین و بەرۆحی رۆژنامەوانێكی خۆبەخش هەوڵ بۆئاراستەكردن ودەستنیشانكردنی ستراتیژیەتێكی نەتەوەیی و بەستنی كۆنفرانسێكی نەتەوەیی و رۆژنامەگەری كوردی بدەین و لەهەمانكاتدا مەدیا و راگەیاندنە كوردییەكان پێویستە لەبەرامبەر بە هێرشە راگەیاندنیەكانی دەوڵەتانی داگیركەر خاوەن هەڵوێست بن و پیلانە چەپەڵەكانی سەرگەلەكەمان پۆچەڵ بكەنەوە.
جارێكی تر، 112هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی، لەهەموو رۆشنبیران و رۆژنامەوانی و خەباتكارانی ئەم گۆڕەپانەی كوردستان پیرۆز دەكەین.

كۆمیتەی راگەیاندنی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
20-4-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە