داعشی نوستوو لە نێو کۆمەڵی ئیسلامیدا
Tuesday, 26/08/2014, 12:00
ئاسۆ کهمال
دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی لەوەڵامی پەیامی عەلی باپیری دەڵێ" دەترسم ئەم پەیامە کۆمەڵی ئیسلامی بکاتە تەرەف لەم شەڕە .لەڕوی شەرعیەوە ناتوانم قەناعەت بەخۆم بکەم و خەڵکی هاندەم بۆ شەڕێک ،..نەشتوانین بەلایەنی بەرانبەر بڵێین موسڵمان نین وێڕای هەموو هەڵەو پەڵەو بێ شەرعی و کەم و کوڕیەکانیان."
بەم هەڵوێستەی دڵشاد گەرمیانی کە داعش و دەوڵەتە ئیسلامیەکەی بەموسوڵمان دەزانێ بۆیە ئامادەی بەرگریکردنی لەهێرشەکانیانی نیە تەنانەت بۆ ئەو ناوچەی گەرمیانەش کە لێی دەژی ،ئاشکرایە کە ئەم سەرکردەیەی کۆمەڵی ئیسلامی لە چ بەرەیەکی ئەم شەڕەدایە. ئەو بەئاشکرا دەڵێ" ئامادەنیم بەهیچ پاساوێکەوە لەسەر حسابی خەڵکێکی مەزڵومی ئەهلی سونە بچمە بەرەی ئەمریکاو ڕۆژئاواو ئەو وڵاتە ئەقلیمیەی پشتیوانی و پارێزگاری لەو ڕژێمە خوێن ڕێژە تائفیەی عێراق دەکات(کەدین و ژینی خەڵکی عێراقی تێک داوەو ئەم شەڕەش جارێکیتر دەسەڵاتە خوێناویەکەی حکومەتی عێراقی لەهەرەس دەپارێزێ)؟!
".کەواتە داعش و دەوڵەتە ئیسلامیەکەی لەبەرئەوەی خەڵکی مەزڵومی ئەهلی سونەن بۆیە دەبێ وەڵامی هێرشەکانیان نەدرێتەوە بەو هۆیەوە کە دژ بەبەرەی ئەمریکا و ئیران و حکومەتی عێراقن. گەرمیانی بەرامبەر بە جینۆساید وتاوانەکانی داعش دەڵێ "ئەو قەناعەتەشم لادورست نەبوە کەهیچ جەماعەت و لایەنێکی ئەهلی سونە جدی بن و بیانەوێ هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان،بەتایبەت پاش ئەوەی بەچاوی خۆم ڕۆژانە لەشارەکەی خۆم و سنوری گەرمیان میلیشیای چەکداری ئەملاولام دەبینی و لێرەو لەوێ لەهەوڵی دزەکردن و هەڵگیرسانی شەڕەکەو تێوەگلانی کورد بون". لەڕوداوەکانیشدا ئەوەی دەیبینێ ئەوەیە کە " ڕۆژانە خوێنی خەڵکی مەدەنی سونی مەزهەبی بێ تاوانی بەبەرمیلی پڕ تی ئێن تی وەحشی گەرانەی تەیارە نادیارەکان دەڕژێ و ناشزانرێ کام لەم دەنگۆیانە ڕاستن تەیارەکان سوری یان ئێرانی یان عێراقین؟
".
ئەم هەڵوێستەی گەرمیانی لەدژی شەڕ بونیوە نیە ئەگەر وابوایە تاوانی جینۆسایدی یەزیدی و مەسیحی و خەڵکی ناوچەی موسڵ و مەخمور وجەلاولای بە دەستی داعش بە" هەڵەو پەڵەو بێ شەرعی و کەم و کوڕیەکانیان " نەدەزانی و وەک باسی ئەمریکاو ئێران باسی ئەوانیشی دەکرد. ئاشکرایە ئەم هەڵوێستگیریەی گەرمیانی نیشانەی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ بەرەی ئەهلی سونە کە داعش نوێنەرایەتی دەکا و سەرەڕای "کەموکوڕیەکانیان" بەڵام نابێ بەرەنگاریان ببینەوە لەبەرئەوەی دامەزراندی خەلافەتی ئیسلامی ئامانجێکە کە گەرمیانی لەپێناویدا ڕایگەیەنێ" بەمافی خۆمی دەزانم بترسم لەگوناهی بەشداری کردن(بەوشەیەکیش)" لەشەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش. ئەمە هەمان هەڵوێستی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامیە پێش ساڵێ ٢٠٠٣ کاتێک هاوپەیمانی ئەنساروئیسلامی زەرقاوی و ئەلقاعیدە بوون لە ناوچەی هەورامان و ڕێگایان بۆ کوشتاری ئاوایی حەمە خۆشکرد و ئیمارەتی ئیسلامیان بەهەمان شێوەی داعش لە هەلەبجە وهەورامان ڕاگەیاند . ئەم باڵەی ناو کۆمەڵی ئیسلامی کە گەرمیانی نوێنەرایەتی دەکا دەوری شانە نوستوەکانی داعش لە کوردستان دەگێڕن. ئەم ڕەوتە ئیسلامیە سەلەفیەی کوردستان لەم ململانێ مەزهەبی و تایفەگەریەی نێوان شیعە وسونەدا کە لەئاستی عێراق و ناوچەکەدا بوەتە سیمای شەڕی دوو قوتبی ئێران و سعودیە-قەتەر تورکیا و تیکەڵی شەڕی سوریا بوە لەم پەیامەی گەرمیانیدا ڕایدەگەیەنن لەم شەڕەدا بەرەی داعش و سونەیان گرتوە. ئەم هەڵوێستە سیاسیەی سەلەفیەکانی کوردستان پشتیوانیەی سیاسیە بۆ بەرەیەک کە داعش نوێنەرایەتی دەکا و هەربۆیە ناکرێ ئەگەر هێرشیش بکەنە سەر کوردستان (بەوشەیەکیش) بەرامبەریان بوەستنەوە. لە شەڕێکی درێژخایەندا کە داعش و ئیسلامی سیاسی سونە دەیکا دژ بە خەڵکی کوردستان ئەم شانە نوستوانە هەرکات فرسەتی گونجاویان بۆ هەڵکەوێت ئاکتیڤ دەبنەوە و بەشێکی کاریگەریەکانی ئەم باڵە سونە سەلەفیە دەمێکە خەریکی تەجنیدکردنی لاوانی کوردستانە بۆ بەرەکانی داعش و پروپاگەندە و هێزکۆکردنەوە بۆ داعش و خەلافەتە ئیسلامیەکەی.
شەڕ لەگەڵ داعش لەکوردستاندا تەنیا لەناوچەکانی موسڵ و مەخمور و جەلەولا نیە بەڵکو بەرە و ئامانجێک کە داعش و ئیسلامی سەلەفی و ئیسلامی سیاسی سونە کۆدەکاتەوە خەلافەتی ئیسلامی و سەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیە ،هەربۆیە پێویستیەکانی سەرکەوتن لەم شەڕەدا ڕێگەنەدان بە گەشە و فرسەت پەیداکردنی ئیسلامی سیاسیە بۆ کردنەوەی بەرەی پشتیوانی و هاوپەیمانی لەگەڵ بەرەی سونە و داعشدا و دورخستنەوەی کوردستانە لەم قوتبەندیە سیاسی و ئیقلیمیەی بەناوی شەڕی سونە وشیعەوە وەزعی عێراقی کردۆتە کۆکتێلی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێتی وپارتی بەمانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا خەتەری ئەم تێوەگلانی کوردستانیان لەم شەڕەدا مسۆگەر کردوە و لەم نێوەشدا ئیسلامی سیاسی و سەلەفی سونە دەتوانن بە پشتیوانی بەرەی عێراقی و ئیقلیمی هەمیشە خەتەرێکی نوستوبن و ببنە جێگای هەڕەشە لەسەر ئایندەی کوردستان.
ئایندەی کوردستان لەم نادیاریەی چارەنوسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا بە جیابونەوەی لە عێراق و ململانێکانی دەوڵە ئیقلیمیەکان دەکرێ نەک بەبون بەبەشێک لەم بەرە کۆنەپەرستانە و لەم ڕێگایەوە شەڕی بەرگری لەدژی داعش بۆ خەڵکی کوردستان ڕۆشنتر دەکاتەوە کە شکست هێنان بە هێرشەکانی دوژمنێکە نەک خۆدانە دەست شەڕی دوو قوتبی ئیقلیمی و نوێنەرەکانیان لەعێراقدا کە جگە لە ئایندەیەکی ڕەش وخویناوی هیچی تری دیارنیە. کوردستان نابێت بکرێتە قوربانی شکست و ناڕۆشنیەکانی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەعێراق و ناوچەکەدا و کەوتنەدوای سیاسەتەکانی ئەمریکا کوردستانی هەمیشە لە بەردەم نادیاری و قوربانی بوندا ڕاگرتوە. ڕێگانەدان بەهاتنەدی خەونەکانی شانە نوستوەکانی داعش و گەرماینی لە کوردستاندا لەڕێگەی جیاکردنەوە و دورخستنەوەی کوردستانە لەم شەڕەی هێزو دەوڵەتە ئیسلامی و قەومیەکانی عێراق و ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە پاشکۆیەتی کوردستان بۆ ئەم هێزانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست