پڕۆژەی چارەسەری دیموكراتیانە بۆ كێشەكانی باشووری كوردستان
Thursday, 24/02/2011, 12:00
جەماوەری بەشەرەفی كوردستان، رۆشنبیران، راگەیاندنە بەڕێزەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و لایەنە سیاسیەكان
ماوەیەكە گەلانی باكوری ئەفریقیاو رۆژهەڵاتی ناوین دەستیان بەشۆڕشێكی جەماوەری كردووە، لەئەنجامی ئەو شۆڕشە جەماوەریەشدا، گەلی تونس و میسر توانیان كۆتایی بە دوو دەسەڵاتی ستەمكاری ناوخۆیی بهێنن. گەلانی تریش ئێستا لەهەوڵداندان بۆ ئەوەی هاوشێوەی هەردوو گەلی میسر و تونس سیستەمەكانیان بگۆڕن. دیارە ئەم بارودۆخە راستەوخۆ كاریگەریی لەكوردستانیش كردووە، هەربۆیە گرنگە ئێمە هەموومان بەشێوەیەكی راست ئەم سەردەمە نوێیە بخوێنینەوەو هەڵویستی لەبەرامبەر نیشانبدەین.
بێگومان ئەم شۆڕشە جەماوەریانە لەئەنجامی كەڵەكەبوونی كێشە فكری، سیاسی، نەتەوەیی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، رەگەزیی، ئاینی و ئاینزایی و ئیدارییەكان و بێچارەبوونی سیستەمە دەسەڵاتدارەكان لەبەرامبەر ئەم كێشانەدا بەرپابوون. ئەم شۆڕشانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە گەلان لەمە زیاتر ناتوانن دان بەخۆیاندا بگرن و ئەو ستەم و ناعەدالەتیەی لەبەرامبەریان بەڕێوەدەچێت پەسندی بكەن. هەربۆیە پێویست دەبینن ئەو رژێمانە بگۆڕدرێن. ئەم شۆڕشانە ئەو پەیامەیاندا ئیتر چاوەڕوانی چارەسەری لەدەستێوەردانی دەرەكی و ئەو مۆدێلانەی لەلایەنی رۆژئاواوە وەكو چارەسەری پێشكەشی رۆژهەڵاتی ناوین كران ناكەن و پرۆسەی دەنگدان وەكو تەنیا چارەسەری نابینن بۆ كێشەكان، ئەفغانستان و ئێراقیش دوو نمونەی زەقن. وەهەروەها ئەم شۆڕشانە پەیامێكی تریشیان دا ئەویش تێپەڕكردنی كودەتای سەربازی بوو كە شێوازی كلاسیكی گۆڕِانكاری بوو و لەرابردوودا پشتی پێدەبەسترا. لەگەلأ ئەمەدا ئەم شۆڕشانە ئۆپۆزسیۆنی كلاسیك و گۆشەگیریی و پێشەنگایەتی تاكە ئایدیۆلۆژی و تاكە حیزبی تێپەڕكردو جەماوەر خودی خۆی بووە هێزی گۆڕانكاریی بنەڕەتی. شۆڕشی گەلانی تونس و میسر سەركەوتن و ئەوەتا چەندین گەلی تر بەرەو سەركەوتن هەنگاودەنێن، بەڵام ئەوەی جێی مەترسی و دڵەڕاوكێی خەڵكە، دەستێوەردانی زلهێزە هەرێمی و جیهانیەكان و ئیسلامی سیاسیە كەدەیانەوێت بەگوێرەی بەرژەوەندیەكانیان شۆڕشەكان و ئەنجامەكانی ئاڕاستە بكەن. ئاشكرایە رێگەگرتن لەوەها بارودۆخێك ئەركی پێشەنگانی شۆڕش و ئازادیخوازان و دیموكراتخوازانە.
هەرچی تایبەتە بەئێراق و باشوری كوردستان؛ گەلەكەمان لەئەنجامی تێكۆشان و قوربانیەكی بێ هاوتاو لەگەلأ ئەو بارودۆخە تایبەتە نێودەوڵەتیەی بۆی رەخسا، توانی لەرێگای راپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991 ەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی رژێمی بەعس لەبەشێكی كوردستاندا بهێنێت و كۆمەڵێك داموودەزگای ئیداری بونیاد بنێت، كاتێك لەساڵی 2003 دا بەهۆی دەستێوەردانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیەوە كۆتایی بەدەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی رژێمی بەعس هات، دەرفەتی ئەوە دروستبوو دۆزی گەلەكەمان و سەرجەم كێشەكانی ناوخۆ چارەسەر ببێت. بەڵام ئەوا بیست ساڵ بەسەر راپەرێن و هەشت سالأ بەسەر روخاندنی رژێمی بەعسدا تێپەڕی هێشتا كێشە سەرەكیەكانی خەڵكی كوردستان و ئێراق چارەسەر نەبووە. ئەمەش وایكردووە ناڕەزایی جەماوەر لەبەرامبەر ئەو بارودۆخە رۆژبەڕۆژ لەزیادبووندابێت، دەسەڵات و ئەو مۆدیلە سیاسییەی كە بەڕێوە دەچێت لەبەرامبەر ئەم بارودۆخە بەرپرس دەبینێت.
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە ئەمڕۆی كوردستان بەچالاكی رەواو دیموكراتی دەبینین، كار دەكەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دیموكراتی و ئاشتییانە بەردەوام بێت و هیچ لایەنێك بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری نەهێنێت، بەپێویستی دەبینین دەسەڵاتداران بەهەندی وەربگرن و هەرچی زووە وەڵامی داواكاریەكانی جەماوەر بدەنەوەو، هۆكاری ئەو گرژیانە چارەسەر بكەن كە ئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەییە لەسیستەم و دەسەڵاتدا، نەك بەفیشەك وەڵامی خۆپیشاندەران بدرێتەوە. هەروەها بەهەستكردن بە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر مێژوو، كاردەكەین بۆ ئەوەی ناڕەزایی و راپەڕینی جەماوەری كوردستان، بەئاڕاستەی راستی خۆیدا بڕوات و نەبێتە زەمینە بۆ ململانێ لەسەر دەسەڵات و دابەشكردنی ئیمتیازات لەنێوان چەند لایەنێكی سیاسیدا، هەروەها نەبێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاییكردنەوەی كۆنە قینی هەندێك كەسایەتی و لایەن كەلەڕابردوودا هەمیشە لەڕێگای ئەو ململانێیەوە دەنگی نوێ و دیموكراتخوازیان كپ كردووەو كوردستانیان بۆ دواوە گەڕاندۆتەوە.
لەپێناوی چارەسەرییەكی دیموكراتیانەو نەتەوەییانەو بەرقەراركردنی دادوەریی كۆمەڵایەتی و دابینكرنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی جەماوەرو بنەبڕكردنی گەندەڵی ئیداری و كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حیزب و گەڕاندنەوەی دامودەزگاكان بۆ جەماوەرو سەقامگیركردنی ئاشتییەكی كۆمەڵایەتی، هەروەها بۆ تەواو كردنی ئەو پرۆژانەی كەلەلایەن كەسایەتی و لایەنە جیاوازەكانەوە خراونەتە روو، ئەم پرۆژەیە پێشكەش دەكەین:
1- پشتیوانی لەبەردەوامبوونی خۆپیشاندان و هەموو ناڕەزایەتیەكی دیموكراتیانە دەكەین و كاردەكەین بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەوانەی بەرپرسیارن لە تەقەكردن لەخۆپیشاندەران بدرێنە دادگا.
2- جەماوەری خۆپیشاندەرو رۆشنبیران و پێكهاتە جیاجیاكانی كۆمەڵگا بانگ دەكەین تاكو ئەنجومەنێكی جەماوەری بەرفراوان دروستبكەین، بۆ ئەوەی داخوازیەكانی جەماوەر لەچوارچێوەی پرۆژەێكی نەتەوەیی دیموكراتیدا گەڵاڵە بكەین و بیكەینە ستراتیژی كار و چالاكییەكان.
3- كاربكرێت بۆ ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا، دەستورێكی دیموكراتی بۆ هەرێمی كوردستان دابڕێژرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش هەڵبژاردنێكی دیموكراتیانەو پێش وەخت ئەنجامبدرێت.
4- هەرچی زووە كۆتایی بەدەسەڵاتی حزبگەرایی بهێنرێت و ئەو موڵك ماڵانەی حكومەت كەلەسەر حیزبەكان تاپۆ كراوە بگەڕێنرێتەوە، هەروەها داموودەزگاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خزمەتی نشتیمانی و پسپۆڕی رێكبخرێنەوە.
5- چارەسەركردنی كێشەی ژنان، لاوان، بێكاری، هەروەها دابینكردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی خەڵك لە" ئاو، كارەبا، رێگاو بان و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری".
6- لەپێناو گەڵاڵەكردنی ستراتیژییەكی نەتەوەیی و یەكریزی گەلەكەمان و چارەسەركردنی دۆزی نەتەوەیمان لەئێراق و باشووری كوردستاندا، كار بكەین بۆچارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان.
لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیەدا هەموو هەوڵ تواناكانی خۆمان دەخەینەگەڕ و داواكارین لەجەماوەری گەلەكەمان و رۆشنبیران و راگەیاندنەكان و رێكخراوەكان و لایەنەسیاسیەكان بەبەرپرسیاریەتی هەڵسوكەوت بكرێت لەبەرامبەر ئەو بارودۆخەدا تاكو بتوانین لەو گۆڕانكاریانەی ئێستادا دۆزی رەوای گەلەكەمان چارەسەربكەین و پێداویستیە دیموكراتی و خزمەتگوزاریەكانی خەڵك دابین بكەین.
دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
24 ـ شوبات ـ 2011
هەولێر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست