گەنجان و ڕۆژنامەنووسان ــى بازیان ئیدانەى ڕوونكردنەوەكەى لێژنەى لێكۆڵینەوەى كەیسى سەردەشت عوسمان دەكەن
Saturday, 18/09/2010, 12:00
لە ئیدانەنامەیەكدا، گەنجان و ڕۆژنامەنووسان ــى بازیان ئیدانەى ئەو ڕوونكردنەوەیە دەكەن كە لێژنەى لێكۆڵینەوە لە تاوانى شەهیدكردنى (سەردەشت عوسمان) دواى 4 مانگ و 10 ڕۆژ لە شەهیدكردنى سەردەشت بڵاویانكردۆتەوە، گەنجان و ڕۆژنامەنووسان ــى بازیان نووسیویانە: "سەردەشت یەكێك بووە لەو گەنجانەى كە بەووتەى خێزان و هاوڕێكانى لەبیرى توندڕەوى و تیرۆرەوە بەدوور بووە، ئیتر بەكام بەڵگە سەردەشت تیرۆرستە و بەدەستى تیرۆرست شەهید كراوە؟! ئەرێ خێرە ئەم لێژنەیە كە هیچ كەس نازانێت كێن و كێ نین باكگراوند بۆ سەردەشت دادەتاشن؟! ئەى بێزەحمەت پێمان ناڵێن چ دڵنیاینامەیەكتان بۆ ڕاستى قسەكانتان هەیە؟!" ئەمەى خوارەوەش دەقى ئیدانەنامەكەیە:
ئیدانەنامەى گەنجان و ڕۆژنامەنووسان ــى بازیان:
سەردەشت عوسمان... تیرۆرستە یان شەهید؟!
بۆ ڕاى گشتى...
لەدواى 4 مانگ و 10 ڕۆژ، لێژنەى لێكۆڵینەوە لەتاوانى شەهیدكردنى ڕۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند كە سەردەشت لەلایەن گرووپى (ئەنسارولئیسلام)ــەوە شەهید كراوە، دواى ئەوەى سەردەشت بەڵێنى هاوكاریكردنى بەو گرووپە داوە بەڵام دواتر پاشگەزبۆتەوە.
ئەم قسەیە لەدیدى ئێمەى گەنجان و ڕۆژنامەنووسان ــى بازیان ــەوە بێمانایە و بە ناڕاست و درووستكراو و سیناریۆى دەزانین، چونكە سەردەشت جگە لەوەى لەسەر بڵاوكردنەوەى بابەتە ڕۆژنامەوانییەكانى هەڕەشەى كوشتنى لێكرابوو لەلایەن برادەرانى (سەرى ڕەش) و (پاراستن)ــەوە وەك خۆى لە دواین پەیامەكانى بۆ (مستەفاى حەسەنە گەورە) ئاماژەى بۆ كردووە، هاوكات یەكێك بووە لەو گەنجانەى كە بەووتەى خێزان و هاوڕێكانى لەبیرى توندڕەوى و تیرۆرەوە بەدوور بووە، ئیتر بەكام بەڵگە سەردەشت تیرۆرستە و بەدەستى تیرۆرست شەهید كراوە؟! ئەرێ خێرە ئەم لێژنەیە كە هیچ كەس نازانێت كێن و كێ نین باكگراوند بۆ سەردەشت دادەتاشن؟! ئەى بێزەحمەت پێمان ناڵێن چ دڵنیاینامەیەكتان بۆ ڕاستى قسەكانتان هەیە؟!
ئێمە پێكڕا چاوەڕوانى لێكۆڵینەوەى جددى بووین لە كەیسى سەردەشت عوسمان، بەڵام بەداخەوە ئەنجامى لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كارەكانى لێژنەى لێكۆڵینەوە بۆ كپكردنى ڕاى گشتى هێوركردنەوەى شەقام و فریودانى ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان و شاردنەوەى ڕاستییەكان و خۆڵكردنە چاوى خەڵكى كوردستان بوون، ئەسڵەن خودى ئەم لێژنەیە كە سەروكارى دیار نییە جێگاى گومانە.
هەربۆیە ئێمە هیچ ئیعتیبار و نرخاندێك بۆ ڕوونكردنەوەكەى ئەو لێژنەیە دانانێین و واى دەبینین ئاڕاستەى لێكۆڵینەوەكان بەلایەكى تردا براوە! هاوكات داوا لەپەڕلەمانى كوردستان وەك مەرجەعى سەرەكى خەڵكى كوردستان دەكەین ڵێكۆڵینەوەى جددى لە كەیسى سەردەشت بكات و ئەنجامەكانیش شەفافانە بۆ جەماوەرى كوردستان ئاشكرا بكات.
نەفرەت لەشاردنەوەى ڕاستى، بژى ئازادى ڕۆژنامەگەرى...
گەنجان و ڕۆژنامەنووسان ــى بازیان
18/9/2010
(30) كەس واژۆیان لەسەر ئەم ئیدانەنامەیە كردووە:
(بەڵێن عوسمان، هەژار جەمال، ئەردەڵان فاتیــح، بەشدار بازیانى، هێرش موحەممەد، هاوكار كەریم، هونەر ئەكرەم، سالار ڕەفیق، ئاسۆ عومەر، ووریا جەمال، نەبەز موحەممەد، ئاودێر ڕەزا، بڕوا سالار، بێرون كەریم، سەربەست لەتیف، فریاد مەهدى، ئامانج ئەسوەد، موحەممەد كەریم، كاروان ئیبراهیم، بیشوان ستار، نەهرۆ لوقمان، ڕێكەوت حەسەن، فەرمان عەلى، خالید غەریب، فەرمان لەتیف، زانا سەردار، هێمن ڕەشید، توانا ئەحمەد، ئاوارە ڕزگار، بڕیار عەلى).
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست