حكومەت و سوالی پارە!!
Saturday, 22/02/2014, 12:00
ئەم هەرێمە لەداهێنانە مەحاڵەكاندا وەختە لە كتێبی گینس زیاتر ببێتە سەرچاوەی كۆكردنەوەی سەمەرەكانی دوونیا، لەوەتەی ئەم هەرێمە كەوتوەتە نێو كایەی سیاسی و بوەتە خاوەن قەوارە، كۆرپەلەیەكی ساواین و تەمەنمان لەبیست تێپەڕی كرد هێشتا بەلفكەی خۆماڵی پیسیمان لەلەشمان نەكردوەتەوە، دەڵێن حكومەتەكە سادەو ساوایە و ناتوانێ ئامرازی پێویست بەرهەم بێنێت، مەگەر بەجیرانەكەمان بڵێن بەقەرز هەندێ شمەكمان بداتێ تا گەورەبووین بیان دەینەوە. بەڵام رۆژهات و چوو گەشتە ساڵ و ئەویش هات و چوو، ئەوە دەیە تەراتێنێتی دێت و دەچێت هێشتا وەكو ئەوەی لەزكماكیەوە ئفلیج بوبێتین و قەدەر وای لێكردبین كە هەر پێنەگرین چاوەڕێی رەحمەتی دەرگای جیرانەكانمانین و بیرمان لە بژاردەی تر نەكردوەتەوە.
دەگێڕنەوە دەڵێن وەختی خۆی پاشایەك هەبوە بڕیاری داوە بەوڵاتدا بگەڕێ و هەرچی وتەی جوان و بەسودە كۆیان بكاتەوەو عەمەلی پێبكات، لەبەرامبەر هەر وتەیەكی جوانیشا پاداشتی ئەو كەسە بكات كە وتەكەیان پێ دەڵێت، رۆژێك پاشا لەگەلأ دار و دەستەكەی لەگەڕاندان دەچنە گوندێ دەبینن پیرە پیاوێك خەریكی چاندنی داری زەیتونە، پاشا روو لەپیرەپیاودەكات و دەڵێت پیری زەمانە تۆتەمەنت پێنج و دوو رۆژێكی ماوە بۆچی دارێك دەچێنیت كە دەزانی پێش ئەوەی پێبگات تۆ لەژیانا نەماوی، پیرە پیاو وەڵامی دەداتەوەو دەڵێ جەنابی حەزرەت گەر باو باپیرانی من بیان چاندایە ئێستە ئێمە لەبەرهەمەكەیمان دەخوارد و دەفرۆشت من نامەوێ نەوەكانی منیش هەمان شت بەمن بڵێن، پاشاش دەڵێت ئافەرین؛ ئەمە پیرە پیاوە شایستەی دیاریەكی بەنرخە لەخەزێنەی دەوڵەت هەزار دراوی بدەنێ، لەو كاتەیە پاشا بەتەمایە بڕوات دەبینێت پیرە جوتیار پێدەكەنێت پاشا عاجزدەبێت و دەڵێت خێرە پیرە پیاو پێدەكەنی ئەویش دەڵێت، بۆیە پێدەكەنم ئەوەتە هێشتا من بەرهەمی زەیتونەكەم نەچنیوەتەوە ئەوە پارەی بەرهەمەكەیم وەرگرت، پاشاش دەڵیت هەی ئافەریم بۆ ئەم بیركردنەوە جوانەت ئەمرەكات هێندەی تر پارەی بدەنێ، بەم جۆرە پیرە جوتیار هەر وتەی جوان دەڵێت پاشا دەڵیت هێندەی تر پارەی بدەنێ، پیرەجوتیار هێندە قسە دەكات ماندوو دەبێت و دەچێتە نێو بیركردنەوەیەكی قوڵەوە، پاشاش لەوكاتەیا دەڵێت خێراكەن هەتا زوە با بڕۆین گەر وابڕوات رەوشەكە باش نیە و پارە خەزێنەی دەوڵەتا نامێنێت.
لەم چەند رۆژەیا جەنابی سەرۆك بەڕێكەوت لەدەمی دەرچوو بوو وتبوی؛ بەهۆی سیاسەتی هەڵەی یەكێتی و پارتیەوە بوو لەرابردووا كەوا ئێستا حاڵمان باش نیە، بەهەمان شێوە دەڵێن یەكێ لە شەجەرە(سەربەبنەماڵە)ی سوڵتانیش دوای پارەی لەجیرانەكەمان كردوە و ئەوانیش پێیان وتوە بچن پارەی دارودەستەكەی سوڵتان لەخەزینەی ئەوروپا دەربێنن بیدەن بەو خەڵكە. چەند ناخۆشە جیرانەكی هێندە بێ رەحم و سپڵەمان هەیە ئەوە زیاتر لەبیست ساڵە جیرانی یەكترین ئەوەی خۆی نەیتوانی بۆخۆی بیكات بۆمان كرد، تەنانەت لەپێناوی دراوسێتی چەندان خۆشەویستی خۆمان بۆكوشت ئاومان دانێ، سۆپاكەیان نەوتی تیانەمابوو بۆ ئەوەی رەق نەبەنەوە نەوتمان دانێ، لەبەر ئەوان خۆمان لەبراكانمان عاجزكرد ئەوە چەندین ساڵە دوژمنایەتیان دەكەین، جا توخوا چیمان بۆ نەكردن بەڵام حەیف ئەجری دراوسێتی نازانن ئەوە من پیان دەڵێم خوا بتان گرێت دراوسێ بۆ رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ نەبێـت بۆچی باشە! .
با بێینە سەر جیرانە خۆشەویستەكەمان كە هاوماڵین چەند ساڵ پێش ئێستا كاتێ ماڵیان هاتە گەڕەكەكەی ئێمە روت و رەجاڵ بوون بەڵام دیار بوو خانەدانن و رۆژگار وای لێكردون، ئێمەش فرسەتمان بینی وتمان ئێ خواكردی ئەمانە خۆیان گرتوە بێگۆمان ئێمەش دەكەوینە سەر ناز و نیعمەتا بەڵام بیرمان لەوە نەكردەوە كە لەوانەشە پێچەوانەكەی بێت سەرەتا جیرانێكی خوێن شیرین هەموو شەوێ لەماڵی یەكتر دەخەوتین تەنانەت هێندە تێكەڵ بوین كاسەی ماڵەكەشمان ببوە یەك بەڵام مرۆڤ قسەیەك بۆ حەق بكات، ئەوان لەبەر ئەوەی زۆری و زەحمەتیان بینی بوو قەدری زۆر شتیان دەزانی، هەموو شتێكیان بەبەرنامە دەكرد، بۆیە وای لێهات ئەوان هەر ئەچوو گەورە دەبوون زیاتر خۆشەویست دەبوون، ئێمەش لەداخی ئەوانە ئەمان ویست گەورە تر بین بەڵام نەمان دەزانی چۆن ئەوە بكەین. ئەوان نەوتیان زۆر بوو هەر دەیان فرۆشت ئێمەش دەستمان پێكرد تەنانەت نەوتی نێو عەلادینەكەشمان دەفرۆشت و ئاگامان لێنەبوو كە زۆربەی خەڵك سەرمایەتی، ئەوان پەنایان بۆ جیرانەكەی ئەو دیومان برد ئێمە لەداخی ئەوانا باوەشمان بۆ جیرانە بێ رەحمەكەی خۆمان كردەوە.
لەئەنجامدا هەم لەعەلی بوین هەم لەوەلی ماڵمان واتێكچوە كە پێشتر هەموو ئەو زەوی و زارانەی كە سەوزە و میوەو تەماتە و باینجان و تەنانەت گەنمیشمان تێدا دەكرد فرۆشتمان و كردمانە باڵەخانەی زەبەلاح ویستمان لاسایی دووبەی بكەینەوە بەڵام نەمان زانی بەئەقڵی خافڵ ژیانی نێو شارێكی دوبەی ئاسا وەكو ژیانە لەنێو خەیاڵی رۆمانەكاندا، وامان لێهاتوە توانای بەرهەم هێنانی مریشكمان نەماوە لەوسەری هەسارەی زەویەوە گۆشت و هێلكە و مریشكمان بۆ دێت، ئەو تەماتە و میوەی كە زۆرجاران هێندە زۆر بوون جێگای نان و ژەمە خواردنیان گرتبوەوە لەئەفریقاوە بۆمان دێت، لەهەمووشی خۆشتر هێما سەرەكیەكەمان كە جلە كوردیەكە بوو ئێستا چین هێندەی بۆ ناردوین لەئێمە باشتر دروستی دەكات و جلەكەی ئەوان جێگای ستارخانی و مراد خانی و ران و چۆخەكەی گرتوەتەوە، ئاوەكەشمان لەلێواری خۆمان خۆشدایە لەچێشتخانەكاندا هێندە ئاوی نێو كارگەكانی ئێران و توركیا پڕفرۆشن ئاوی كانی و رووبارەكانیش هەموویان بونەتە ئاوەڕۆی سەرەكی پاشماوەی كارگەكان، ئیتر هەموو شت گۆڕاوە بۆیە جەنابی سەرۆكیش دەڵێ یەكێتی و پارتی لە رابردوودا ئەوەی كردیان هەڵە بوو بۆیە ئەمڕۆژەمان بەسەراهات. پارەمان نەما خەڵك بێمەعاش بوون، براكانمان لێمان عاجزبوون جیرانە هاوماڵەكەمان هەڕەشەمان لێدەكات و چەندان شتی تر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست