ئەرێ یەکێتی دەرس وەردەگرێت
Monday, 23/09/2013, 12:00
1661 بینراوە
لە دوای ئەو شکستە گەورەیەی لە هەڵبژاردنا تووشی یەکێتی نیشتمانی بوو مەکتەب سیاسی لە شەرما نەک تەنها قسەی پێناکرێت بەڵکوو خۆیانیان حەشارداوە وشاردۆتەوە. مەکتەب سیاسی دەبوایە کەمێ هەست بە بەرپرسیاریەتیان بکردایە وباجی ئەو هەڵە گەورەیان بدایە. دەبوایە یەکسەر نەک تەنها خۆیان بە بەرپرسیاری ئەو شکست وشەرمەزارییە بزانن ودانی پێدابنێن بەڵکوو دەبوایە یەکسەر دەستیان لە کار بکێشایەتەوە ولە مەوقعی بڕیار دوور بکەونەوە وڕێگا بۆ جیلێکیتر، بۆ گەنجەکان خۆشبکەن وبەرپرسیارەتییان ڕادەستبکەن. بەڵام مەکتەبسیاسی لەو ئاستەدایە هەنگاوێکی وا بنێت، ئەو جورئەت ودڵسۆزییەی وجوودی هەیە؟ باوەڕ ناکەم.
هۆکاری شکست ونوشستێکانی یەکێتی زۆرن مەکتەب سیاسی بەرپرسی یەکەمە، بێجگە لە تەکەتول وخزم خزمێنە گرنگتریان پەیمانی ستراتیجیانە لە گەڵ پارتی کە قۆرخکردنی دەسەڵات وبەهێزکردن وچەسپاندنی حوکمی عەشایەری دواکەوتووی لێمەبەست ونیاز بوو، ئەمەش لە گەڵ جەماوەری حزبێکی ئیدعای سۆشیال دیموکرات ودروشمی پێشکەوتندا ناگونجێت وزۆر لێوەی دوورە. هەروەها کودەتای ٣٠ی حوزەیران ودرێژکردنەوەی بەناحەق وناشەرعی ماوەی حوکمی بەرزانی کە نەک تەنها جەماوەری یەکێتی بەڵکوو هەموو میللەت لێی وەڕەس وبێزارە. فرسەت قۆزینەوە ودەربازکردن وجێبەجێکردنی ئەجندا گڵاوەکانی پارتی کە دژ بەئیرادەی گەل بوون هەروەها ناڕوونی ودرۆکردن لە گەڵ کادر هەوادارانی یەکێتی خۆیدا لە شاردنەوە وپەردەدان بەسەر چارەنووسی تاڵەبانیدا وتاکوو ئێستاش لە تاریکیدایە. یەکێتی لە حزبی ڕۆشنبیرانەوە، پارتی ئاسا کرایە حزبێکی میلیشیایی مافیایی هەڕەشە بە چەک وجبەکانیەوە دەکات وکارکردن وتجارەتکردن بە نەوت وتەنها لە بەرژەوەندی چەند تاکەکەسێک وبێبایەخ کردنی ئازارەکانی گەل وداواکانی شەقام کاردەکات. بۆیە بەسەیری نازانم لە ماوەی بیست ساڵدا سی کورسی پەرلەمانی زیاتر وسەربەخۆیی خۆی لە دەستبدات.
ئێستاش نێچیر بەرزانی نامەیەکی لە تەعزییە نامە دەچێت ڕەوانەی یەکێتی بریندار وشکستخواردووی کردووە، هانیدەدات بۆ بەردەوامبوون ووهەمان ڕێگای هەڵە وڕێچکە گرتنەبەر وخزمەتکردنیان. پارتی کار وئەجندای زۆری ماوە بە مەکتەب سیاسی یەکێتی جێبەجێ ودەربازی بکات، مەسەلەی دەستوورەکەی بنەماڵە ودەربازکردنی وپشتقایمکردنی خۆی بەرانبەر هەڵکشان وسەرکەوتنی گۆڕان وئۆپۆزسیۆن بەگشتی. بۆیە هێشتا پێی دەڵێت کاکە.
مانی هەمان مەکەب سیاسی وگرتنەبەر وبەردەوامی لە سەر هەمان هەڵە وڕێگای چەوت زامنی یەکسانکردنی یەکێتی نیشتمانییە بە حسک وحزبی شیووعی لە هەڵبژاردنی ئایندەدا.