دیسان دهیڵێمهوه بۆ کێ شهڕ بکهم؟
Tuesday, 27/11/2012, 12:00
لەسەر بڵاوكردنەوەى بابەتێكم لە كوردستانپۆستدا بەناونیشانى (بۆكێ شەڕ بكەم) گەلێك رەخنەو ناڕەزایى وتەنانەت جنێو قسەى ناشیرینیشم بۆهات كە زۆرێكیان بە خائین و پیاوى مالیكى و بەشێكیان وەكو پیشەى هەمیشەیان بەتابورى پێنج لەقەڵەمیان دام، لەبەرامبەریشدا من بچوكترین قسەى نابەجێم بۆهیچ كامێكیان نیە و نابێت، لە سڵاو ورێز خۆشەویستى زیاتر هیچ وەڵامێكی تایبەتیان نادەمەوە، تەنها هێندە دەڵێم كە سەردەمى عەتف و خۆشەویستى و كاریزما و شەڕە پەڕۆو كێ رابەر و كێ سەروەرە بەسەرچوو، كورد ئیدى چۆتە قوناغێكى نوێوە و ئەگەر خوا یاربێت و سەركردەكان دڵسۆز و خەم خۆربن هەنگاو بەرەودەوڵەت و حكومەتى سەربەخۆ دەنێن، بۆ ئەوەش پێویستیمان بەعەقڵ وبیرو هۆش و لۆژیك هەیە،كەسى زاناو دانا و سیاسى و راستگۆمان دەوێت كە بتوانێت میللەت بەو ئامانجە بگەیەنێت
بۆ مەسەلەى شەڕو هەرا و ناكۆكى نێوان بەغدا و حكومەت خوا نەكات شەربەرپا بێت ،چونكە من خۆشم كەسێكى دانیشتوى ئەم هەرێمەم و كوردم و پریشكى ئەو ئاگرەش كەم و زۆر بەرمن دەكەوێت،بەڵام ناكرێت مرۆڤیش خۆى لەراستى و حەقیقەتەكان بدزێتەوە و بەعەتف و سۆز وخۆشەویستى باسى شەر و ئاكامەكانى بكات بەدەردى كابرا واتەنى بەخەون وخەیاڵى شاعیرانە سەركەوتن بەدەست نایەت..
وەكو پێشتریش باسمكردوە ئەمە چۆن شەڕو دوژمنایەتیەكە سەرجەم پەرلەمانتار و وەزیر و فەرماندەى سەربازى وكاربەدەستانى كورد تا رۆژى ئەمڕۆ لەبەغدان و هاوبەشى حكومەتەكەى مالیكین و ئیش و كارى رۆژانەیان بێ كێشەو گرفت بەڕێوەدەبەن،لەلاشەوە جاڕى شەڕدەدەیت و سەنگەرى لێ دەگریت؟. لەوەش سەیرتر هێزەكانى 70 كەلەشارى سلێمانین سەر لەبەریان سەربەوەزارەتى بەرگرى بەغدان و موچەو خول هەموشتیكیان لەبەغداوە بۆ دێت. ئەمە چەندى بەچەند؟!..ئەوانەش بەهەر حاڵ گریمان ئەو شتانە ئوتوماتیكى گۆڕانیان بەسەر هات كورد لەگەل بەغدا تێكچوو هەموو پەیوەندیەكان پچڕا و ئاگرى شەڕ وردە وردە هەڵگیرسا، ئەبێت ئەوەمان لەپێش چاو بێت كە مالیكى و حكومەتەكەى لەلاى سەرجەم وڵاتانى ئیقلیمى و دەولى دان پێدانراون و وەكو دەوڵەت و حكومەت ناسێنراون و پشتگیرى دەكرێن ،كوردەى هەش بەسەریش وەكو ساڵان لەچیاكان زیاتر كەس دۆستى نیە ئەوە حەقیقەتێكەو خۆ لێ هەڵەكردن گێلیە.ئایا سیاسى و سەركردەو پێشمەرگە وەكو جاران متمانەو تاقەتیان ماوە دوبارە بچنە دەرەوە و جارێكى دیكە ئەو رێگە سەخت و دژوار ناخۆشە بگرنەوە بەر، ئایا لادێكان و خەڵكانى دیكە وەكو جاران باوەش بۆ پێشمەرگە دەكەنەوە و بەخێویان دەكەن؟
ئەگەر ئەم سەردەمە بەراورد بكەیت لەگەڵ ساڵانى نەوەدەكاندا جیاوازى زۆرە، ئەو كاتە خەڵك هەموو خاوەن بیر باوەڕو مەبدەئى شۆڕشگێرى بوو بە نان وئاو بێ پارەو پول وبەتفەنگى خۆى شەڕی دەكرد،كار گەیشتە ئەوەى لەسەر بیرو باوەڕ برا براى خۆى بكوژێت،هەروەها ئەوسەردەمە بەرپرس و سەركردەكان وەكو ئێستا بوغراو لەخۆبایى نەبوون و چونكە نە بیرەنەوتیان هەبوو،نە كۆمپانیا، نە بەرژەوەندى تر، بەڵام ئێستا هەموان لەمن باشتر دەزانن كە هەستى نەتەوەیى چۆن سوك و بێ بایەخ بوە، لاى فەرماندە وسەركردەیەك سۆزانیەك لە كورد و كوردستان بەنرخترە، هەروەها بەرپرسەكانیش چۆن كەوتونەتە ژیانى تایبەتى خۆیان و هەموو خەریكى بەرژەوەندى و كەسابەت و پارە وپول چنینەوەن.. هەموو ئەو رۆژگارانەتان لەیادەكە جاران پێِشمەرگە بەسوارى وڵاغ و تراكتۆرى خەڵك دەچوون بۆ شەڕ،ئیستا بەمۆنیكا و وەنەوشەى 2013 ئەڕۆن،جاران پێشمەرگە پارەى نان و چایەكى نەبو ئێستا بۆ ئەوەى بێتاقەت نەبێت بۆ تەبدیل جەو سەیارەى پیكاشۆ و لاپتۆپ و مۆبایل پلەى ستەیشن پیتزاو گەس و مریشكى برژاو لەگەڵ خۆى دەبات بۆ بەرەى پێشەوەى شەڕ. ئایا شەڕ بەوانە دەكرێت.؟؟؟
شەڕ بەتەنها شەڕى تفەنگ و سەنگەر گرتن نیە، جوداشە لەشەڕى جاران و پارتى زانى و دەست بوشێنەو رابكە،نەخێر ئەم شەڕە شەڕى داگیركاریە یان دەبێت عەرەب زاڵ بێت یان كورد،بۆ ئەوەش دەبێت سەنگەر و مەتەرێز لەیەكتر بگرین، باشە گریمان شەڕەكە چەندین مانگ وساڵى خایاند گرنتى چیە بۆ ئەوەى پێشمەرگە و هێزى سەربازى كورد سەنگەر چۆڵ نەكەن و بۆ هەر ئەگەرێكى وەها چ بەرنامەو پلانێك هەیە كى شوێنەكانیان پڕدەكاتەوە؟؟، هەموومان ئەزمونى شەڕى یەكێتى وپارتیمان بینیوە پارتى لە دێگەڵەوە جموجوڵى دەكرد كەچى یەكێتى رایدەكرد و لەسەر سنور دەگیرسایەوە،یەكێتى لەسنور دەهات بەمدیودا پارتى رایدەكردە باوەشى حكومەتەوە، ئەوانەى ئێٍستا هەمان ئەو پێشمەرگانەى ساڵانى زوون وهیچ گۆڕانكاریان بەسەردا نەهاتوە بە هات هاتێك سەنگەر چۆڵدەكەن و ورەو ئازایەتى وقارەمانى قروشێك ناهێنێت. ئەوان هیچ چەكێكى پێشكەوتو چاكیان لەبەرامبەر بەكار نەهات ئاوها ورەیان بەردەدا رایان دەكرد، ئەى لەبەرامبەر ئەمان چیدەكەن تۆپ و فرۆكە وكۆپتەرو كاتۆێشا،یان كام سەركردە ئامادەیى تیایە لەسەنگەردا هاوشانى پێشمەرگە بجەنگێت.؟؟
لەوەش زیاتر لەسەدا هەشتا بۆ سەرەوەى ئەفسەرەكانى پێشمەرگە هەمووى خاوەن پلەى بەرز و دەرجەدارن بەڵام تاك وتەرایان نەبێت خوێنەواریان نیە ، ئەدى پلان وزانستى سەربازى و نەخشەو هێرش وتاكتیكى سەربازى بەكەسانى نەخوێنەوار پەیڕەو دەكرێت، یان هەر لەسەر حسابەكۆنەكە هێرش بەرەو چی تالانى و دەستەكەوتێكت هەبوو بۆخوت؟!
شەڕى ئەمجارە لەچاو شەڕەكانى تردا جیاوازە، ئەوە نیە بڕۆیت دوفیشەك بتەقێنیت ورابكەیت یان لەرێگەى خەڵكەو بەكولێرەو ناوساجى و هێلكەى كوڵاو سوپا بەرێ بخەیت و چەند رۆژێك بێت و تەواو ئەبڕێتەوە،،ئەمەیان شەڕى درێژخایەنە و مانەوەو خۆراگرى و هێزى دەوێت، پێویستە لەسەر سەركردەكانى لەلایەنى لۆجستیەوە پێداویستى شەر بە ئازوقە و فیشەك وجبەخانەوە وتەواوى پێداویستیەوەدابین بكەن، ئایا حكومەتەكەمان لەتوانایدا هەیە ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆ، هەمان كات بتوانێت ئارامى وئاسایش و خۆراك و موچەش بۆ هاوڵاتیانىیش دابین بكات؟ بێگومان نەخێر چونكە تائێستاش ئێمە هەموسەرچاوەكانى ژیان وموچەشمان لەسەر بەغدایە خۆ ئەگەر شەڕ هەڵگیرسا حەتمەن بەو چەكە گەورەترین شەڕت لەگەڵ دەكات، ئەى حازرێتى و خۆ سازدانى كورد بۆ ئەوە چیە، ؟ ئەوەتا وەزارەتى دارایى حكومەتى هەرێم دانى بەوەدا ناوەكەئەگەر بەغدا مانگانە پارە نەنێرێت ئەوان لەتوانایاندا نیە موچەى یەك مانگى موچەخۆران دابین بكەن.
سەربارى ئەوانەش با خۆمان نەخەڵەتێنین و بەعەقڵ و لۆژیك بۆ مەسەلەكە بچین، ئەم شەڕە شەڕى كورد نیە،شەڕى زەوتكردنى ماف و ئازادى نیە،شەڕى بەرگرى و شەرەف وكەرامەت نیەـ شەڕى تۆڵە سەندنەوەى ئەنفال و كیمیا باران نیە، شەڕى رزگارى خاك ونیشتیمان نیە. بەڵكو شەڕى گرێبەستە نەوتیەكانى نێوان بەغدا و سەركردە نەوت فرۆشەكانى كوردە وبەئێمەى دەكەن ،شەڕى مالیكى یە لەگەڵ هەرێم لەسەردۆسیەى(تاریق هاشمى). دەى ئەوە كوڕانى بەرپرس و خزمەكانیان هەموو كەسانى دەرەجەدارن و یەكى سێ چوار داڵ و ئەستێرەو شمشێر وابەسەر شانیانەوە لە خۆشى وئاهەنگ وشادیدا خۆیان بادەدەن ویەكى لیوایەك پاسەوانیان هەیە ئەى ئەوان بۆ هیچ ناكەن بۆچ لەسەنگەرەكانى پێشەوەدانین و چ وەك دیكۆر چ وەكو ئیعلام تۆزێك ورەى پێشمەرگە بەرزبكەنەوە؟ من دەڵێم ئەم شەڕە هەمان شەڕى كۆنى سەفەوى و عوسمانیەكانە بەبەرگ وشێوازێكى نوێ هەرچى مەسعودە نوێنەرى عوسمانى وتوركەكانەو هەرچى مالكیشە پیاوى سەفەوى شیعەكانەو رق وقین وململانى و تەماعكاریەكانیان لەرێگەى ئەوانەوە پیادەدەكەن نەهامەتى و قوربەسەرى و باجەكەشى دەكەوێتە سەرشانى ئێمە .
. هیوادارم كە ئەو بەڕێزانە وسەرجەم ئەو بەرپرسانەشى بەنیازن هەرێمەكە بەرەو شەڕو ماڵوێرانى بەرن با پێش هەرشتێك بزانن لەشەڕدا نوقڵ نابەخشنەوە شەریش بە خۆ گیف كردنەوەو عەرزى عەزڵات نابێت، دوژمنەكەت لەبرى فیشەك گوڵت بۆناهاوێت،.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست