بەرپرسى لقى پارتى پەلامارى پاسەوانى بەرپرسێكى حیزبەكەى دەدات
Wednesday, 05/06/2013, 12:00
تایبەت بەرایەڵ
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسى لقى پانزەى خانەقینى پارتى پەلامارى پێشمەرگەیەك دەدات و شوێن قەڵەمێكى تێدەگرێت، هەروەها داوا لە پێشمەرگەكە دەكات خانەقین بەجێبهێڵێت.
ئەو پێشمەرگەیەى لەلایەن شێخ جەعفەرەوە پەلاماردراوە و هەڕەشەى لێكراوە پاسەوانى محەمەد عەزیز ئەندامى ئەنجومەنى سەركردایەتى پارتى یە لەكەركوك، بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ پێشمەرگەكە ئامادەنییە خانەقین جێبهڵێت.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەكێشەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵى راگەیاند" ئەو پێشمەرگە لەلایەن ئەندام مەكتەبێكى پارتییەوە بەناوى بێریڤان لاى بەرپرسى لق شكاتى لێكراوە بۆیە بەرپرسى لق هەڕەشەى لێكردووە".
سەرچاوەكە وتى" بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكە پاسەوانەكەى محەمەد عەزیز لەگەڵ شێركۆ تۆفیقى كارگێڕ لق دا رۆیشتوونەتە ژوورەكەى بەرپرسى لق بۆ گفتووگۆكردن لەسەر كێشەكە".
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد كاتێك رۆیشتوونەتە نێو ژوورەكەى شێخ جەعفەر پەلامارى پێشمەرگەكەى داوە و شوێن قەڵەمێكى تێگرتووە.
كێشەى نێوان پێشمەرگەكە و بەرپرسى خانەقین قوڵتربوویەوە، كاتێك پێشمەرگەكان رێگەیان لەو ژنە و مێردەكەى گرت كە شكاتیان لێكردبوون ، لەناو لق دا پێشمەرگەكان پەلامارى ژنەكە و مێردەكەیانداوە ،كە ژنەكە ناوى بێریڤان جەبارە و بەڕێوەبەرى رادیۆى گوڵان و بەرپرسى سەنتەرى مروارى پارتییە.
كێشەى نێوان ئەو ژنە و پێشمەرگەكان لەوەوە سەریهەڵداوە لە تۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبووك تۆمەتى كۆمەڵایەتى دراوەتە پاڵ ژنەكە و ئەویش گومانى لەو پێشمەرگانە هەبووە و لە لق شكاتى لێكردوون.
سەرچاوەیەكى بەرپرس لەناو لقى 15ى خانەقینى پارتى تەواوى رووداوەكەى بۆ رایەڵ گێڕایەوە، وتى" لەتۆڕى كۆمەڵایەتى فەیسبوك تۆمەتى نادروست دراوەتە پاڵ بێریڤان جەبار بەڕێوەبەرى رادیۆى گوڵان، ئەویش بەگومانى دەستهەبوون لەوكارە شكاتى لەچەند پێشمەرگەیەك كردووە".
سەرچاوەكەى ناو لقى خانەقینى پارتى كەداوایكرد ناوى بڵاونەكرێتەوە بۆ ئەوەى كێشەى بۆ دروست نەبێت، وتى" بێریڤان لەگەڵ مێردەكەیدا هاتووە بۆ كۆبوونەوەى لق، لەوكاتەدا پێشمەرگەكان لەسەر ئەوەى شكاتى لێكردوون رێگەیان لەخۆى و مێردەكەى گرتووە و پەلاماریان داون و دەسترێژێكى گوللەیان لێكردوون".
ئاشكراشیكرد دواتر بێریڤان و مێردەكەى گەڕاونەتەوە بۆ ماڵ و پێشمەرگەكان شوێنیان كەوتوون، بۆیە ئەوانیش سكاڵاى یاساییان لەسەر ئەو پێشمەرگانە تۆماركردووە.
بێریڤان رزگار بەڕێوەبەرى رادیۆى گوڵان تەواوى زانیاریەكانى سەرچاوەكەى پشتراستكردەوە، وتوویەتى" ئەو زانیاریانە هەمووى راستن، بەڵام نامەوێت قسە لەسەر كێشەكە بكەم ، چونكە حیزب بەڵێنیان پێداوم لێپیچینەوەى حیزبى بەرانبەر بەو پێشمەرگانە بكات".
بێریڤان جەبار و مێردەكەى لەلقى گەرمیانى خانەقین ئەندام مەكتەبن، هەروەها پێشمەرگە تۆمەتباركراوەكانیش یەكێكیان كوڕ و پاسەوانى سەڵاح قادر كارگێڕى مەڵبەند و یەكێكى تریان پاسەوانى محەمەد عەزیزى ئەندامى ئەنجومەنى سەركردایەتى یە لەكەركوك.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست