کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نوێنه‌رایه‌تیی به‌ریتانیای حكومه‌تی هه‌رێم ‌سیفه‌تی دیبلۆماسی نییه‌و وه‌ك كۆمپانیا تۆماركراوه‌

Thursday, 26/11/2009, 12:00


نوێنه‌رایه‌تیی به‌ریتانیای حكومه‌تی هه‌رێم ‌سیفه‌تی دیبلۆماسی نییه‌و وه‌ك كۆمپانیا تۆماركراوه‌ 24/11/2009 لڤین: راپۆرتی هه‌ڵگورد سه‌مه‌د

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ سیفه‌تی دیبلۆماسی نییه‌ له‌لایه‌ن کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌شه‌وه‌ وه‌کو لقێکی پارتی سه‌یرده‌کرێت

نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ریتانیا سیفه‌تی دیبلۆماسی نییه‌و ‌وه‌كو كۆمپانیایه‌ك له‌و‌وڵاته‌ تۆماركراوه‌‌و حكومه‌تی به‌ریتانیا ‌وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكات، ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یشی لێده‌گیرێت كه‌ له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ قۆرخكراوه‌‌و لێپرسراو‌و كارمه‌نده‌كانی سه‌رجه‌میان سه‌ر به‌ پارتین، ئه‌مه‌ش ‌وایلێكردووه‌ زیاتر له‌ باره‌گایه‌كی حیزبی بچێت تا نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم.
له‌ به‌شی ئینگلیزی پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی حكومه‌تی هه‌رێم ناونیشانی 12 نوێنه‌رایه‌تی نووسراون، به‌ڵام تا ئێستا سێ نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ناسێنراون‌و ئه‌وانیش نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تن له‌وڵاتانی ئێران‌و به‌ریتانیا‌و ئه‌مریكا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دیكه‌ هیچ ناونیشان‌و كاریان دیارنییه‌‌و كه‌س نازانێت نوێنه‌ره‌كانیان كێن، ئه‌وانیش نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمن له‌م ‌وڵاتانه‌ (سویسرا، ئوسترالیا، نه‌مسا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ‌وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌نافیا، ئیمارات، ئیسپانیا‌و پورتوگال‌و نێرراوی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌كێتیی ئه‌وروپا).
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا، (به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان)ه‌، كه‌ باوكی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بووه‌، دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كراوه‌ به‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا.
باره‌گای ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیایه‌. لڤین له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ له‌ له‌نده‌ن زانیویه‌تی كه‌ كارمه‌ندانی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ كه‌ 15 كارمه‌ند ده‌بن، هه‌موویان كادری پێشكه‌وتووی پارتین‌و هیچ كامێكیان سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان نین. جگه‌ له‌ به‌یانی سامی عه‌بدولره‌حمان، یانی خوشكیشی ‌وه‌ك كارمه‌ند هه‌ر له‌وێ كارده‌كات، هه‌روه‌ها سه‌یران محسین دزه‌یی‌و كچێكی سامی شۆڕشی ‌وه‌زیری پێشووی رۆشنبیری كارمه‌ندی ئه‌وێن.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه‌ تا ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تیی فه‌رمی له‌ به‌ریتانیا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ‌وه‌كو كۆمپانیایه‌كی لۆبی له‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا تۆماركراوه‌ نه‌ك ‌وه‌ك نوێنه‌رایه‌تییه‌كی فه‌رمی، "بۆیه‌ حكومه‌تیش به‌وشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات‌و حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ‌وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی ددانی پێدا نانێن."
جگه‌ له‌وه‌ش دوو سكرتێری سه‌فاره‌تی عێراقی له‌ له‌نده‌ن كوردن، یه‌كێكیان ناوی (سه‌روین)ه‌ كه‌ هاوسه‌ری (شازاد سائیب)ی ئه‌ندامی پێشووتری سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتییه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی دیكه‌ش به‌ناوی (شێروان)ه‌وه‌. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندیی نێوان به‌یان سامی‌و ئه‌و كارمه‌نده‌ باڵایانه‌ی سه‌فاره‌تی عێراقی ناخۆشه‌‌و هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌كیان له‌ نێواندا نییه‌.
هه‌ر گۆڕانێكی سیاسی له‌ كوردستان رووبدات له‌سه‌ر كورده‌كانی به‌ریتانیا كاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌. بۆیه‌ زۆربه‌ی ناكۆكییه‌كان كاردانه‌وه‌ی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر په‌نابه‌ره‌ كورده‌كانی ئه‌وێ هه‌یه‌، په‌نابه‌ره‌كان گله‌یی ئه‌وه‌یان له‌ نوێنه‌ری حكومه‌ت هه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه‌ په‌روه‌رده‌بووه‌‌و ناتوانێـت تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك ببێت.
عه‌دنان كۆچه‌ر رۆژنامه‌نووسه‌‌و دانیشتووی شاری له‌نده‌نه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌یان كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌‌و تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك نابێت."
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێتی كه‌ نه‌یویست ناوی بهێنرێت به‌ (لڤین)ی راگه‌یاند كه‌ پارتی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ی تاكڕه‌وانه‌ داناوه‌‌و ئه‌وان ئاگاداری چۆنیه‌تیی پێكهێنانی نین، "راسته‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ له‌بری نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌‌واشنتۆن دراوه‌ به‌ پارتی، به‌ڵام ته‌واوی كارمه‌نده‌كانی پارتین‌و ته‌نانه‌ت یه‌ك یه‌كێتیی لێنییه‌‌و ئاگاداری كاره‌كانیان نین."
عه‌دنان كۆچه‌ر ده‌ڵێت "جارێكیان مه‌لا به‌ختیاری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی هاته‌ له‌نده‌ن، من ده‌رباره‌ی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ پرسیارم لێكرد، ‌وتی ئێمه‌ ئاگامان له‌ ئیش‌وكاره‌كانی نوێنه‌رایه‌تیی به‌ریتانیای حكومه‌ت نییه‌، به‌ڵكو پارتی له‌خۆوه‌ كارده‌كات."
ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ لیڤن ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جگه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌ت له‌‌واشنتۆن ئاگاداری ئیش‌وكاره‌كانی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی دیكه‌ نه‌بووین، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئێران‌و به‌ریتانیاش نوێنه‌رایه‌تیی هه‌یه‌."
به‌ بۆچوونی ئارێز عه‌بدوڵا به‌هۆی بێسه‌روبه‌ریی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ جگه‌ له‌و سێ ‌وڵاته‌، له‌ چه‌ند ‌وڵاتێكی دیكه‌ نوێنه‌رانی حیزب ‌وه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌ت خۆیان ده‌ناسێنن." تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كاره‌كانیان روون نین."
رۆشار نه‌وزاد یه‌كێكه‌ له‌ په‌نابه‌ره‌ كورده‌كان‌و كه‌سێكی چالاكه‌ له‌ رێكخراوه‌كانی به‌رگریكردن له‌ په‌نابه‌ران، رۆشار پێیوایه‌ له‌ به‌ریتانیا هیچ شتێك نییه‌ پێیبوترێـت نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا ئۆفیسێكی پارتییه‌‌و ناویان ناوه‌ نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌ت، "كاره‌كانیاشیان ته‌نیا مۆركردنی چه‌ند گرێبه‌ستێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ له‌ لیستی ره‌شی كۆمپانیاكاندان له‌ به‌ریتانیا. كارێكی دیكه‌شیان ناساندنی حیزبه‌كه‌ی خۆیانه‌."
به‌ بۆچوونی رۆشار كاره‌كانی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن خودی مه‌سعود بارزانیی سه‌رۆكی پارتییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیده‌كرێن، ئه‌و به‌ڵگه‌ی قسه‌كانی به‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ ساڵی پار دوای ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌ردانی له‌نده‌نی كرد، (خه‌سرۆ ئاشگه‌یی)ی كرده‌ جێگری به‌یان، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ ئه‌و پیاوه‌ هیچ له‌ سیاسه‌ت‌و دیپلۆماسی نازانێت‌و ده‌رچووی كۆلێژی شه‌ریعه‌یه‌. رۆشار ‌وتیشی "ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ لێكترازاندنی ریزه‌كانی ره‌وه‌ندی كورد له‌ به‌ریتانیا‌و دژی ئه‌وه‌ن كه‌ یه‌كگرتووییه‌ك هه‌بێت له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ئه‌و ‌وڵاته‌."
عه‌دنان كۆچه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ تا ئێستا چه‌ندین زه‌ماله‌ی خوێندن له‌‌وڵاتی به‌ریتانیا بۆ قوتابییانی كورد ‌وه‌رگیراون، به‌ڵام راسته‌وخۆ دراون به‌كوڕی گه‌وره‌ به‌رپرسانی پارتی‌و یه‌كێتی‌و خه‌ڵكی دیكه‌ی لێبێبه‌شكراوه‌.
ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ ناكۆكییه‌كی قووڵ له‌ نێوان (شێركۆ حه‌بیب)ی به‌رپرسی ناوچه‌ی به‌ریتانیای پارتی‌و به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حماندا هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ئاهه‌نگی یادی دامه‌زراندنی پارتیدا له‌ 16ی ئاب، شێركۆ حه‌بیب نه‌یهێشت كه‌ (خه‌سرۆ ئاشگه‌یی) ‌وتاری نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم بخوێنێته‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێتییه‌كان گله‌یی زۆریان هه‌یه‌ له‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌‌و زۆرجار ئه‌و ناڕه‌زایی‌و گله‌ییانه‌یان گه‌یاندووه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی، به‌ڵام ‌وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی یه‌كێتی باسیده‌كات له‌به‌ر ناسكیی بارودۆخه‌كه‌ یه‌كێتی تا ئێستا ‌وه‌كو پێویست ئه‌و مه‌سه‌له‌ی نه‌ورووژاندووه‌، ئه‌گینا ئه‌وانیش پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی پارتییه‌‌و هیچی تر.
عه‌دنان كۆچه‌ر ره‌دیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ هه‌ماهه‌نگیی په‌نابه‌رانی كردبێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ داخراوه‌‌و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورده‌كانی ئه‌و ‌وڵاته‌ نییه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "ته‌واوی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه‌ هیی پارتییه‌‌و كه‌سی دیكه‌ بۆی نییه‌ له‌وێ دابمه‌زرێت‌و كاری تێدا بكات."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه‌ ‌وه‌ك ناوه‌ندی چاك چه‌ندین جار كارمان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌نفال له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ‌وه‌ك جینۆسایدی گه‌لی كورد بناسرێت، به‌ڵام خاتوو به‌یان رێگر بوو له‌به‌رده‌م ئه‌م پێشنیازه‌ی ئێمه‌دا. ئه‌و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌ندام په‌رله‌مانێكدا هه‌یه‌، كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئێمه‌ سه‌رنه‌گرێت."
ده‌رباره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌م راپۆرته‌ (لڤین) چه‌ندین جار په‌یوه‌ندیی به‌ نوێنه‌رایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ كرد له‌ به‌ریتانیا، دوای زیاتر له‌ مانگێك چاوه‌ڕوانی‌و چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیكردن، هیچ ‌وه‌ڵامێكی پێویستیان نه‌داینه‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە