کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان لە نێوان هەڵچوون و داچوونی جەماوەر و خیانەتدا

Wednesday, 07/04/2010, 12:00


یەكێك لە خەسڵەتەكانی كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی كورد، هەڵچوون و دابەزینی خێرایە. ئەم خەسڵەتە بە توندی پەیوەستە بە عاتیفە، كە عەقڵ تیایدا لاوازترین فاكتەرو پاڵنەرە. ئەم خەسڵەتە كە باڵا دەستە لەم جیهانەی ئێرە و، هەیمەنەیەكی تەواوی هەیە بەسەر كایەكانی ژیانەوە، هیچ ڕاهێنانێكی نەكردووە لەسەر تاقیكردنەوەیەكی عاقڵانە و پشوو درێژی، لەسەر بەئەنجام گەیاندنی كار. نەخێر، زۆر بەلایەوە ئاساییە لەهەر ساتێكدا، كار لە نیوە جێبهێڵێ و تور هەڵیدا، بگەڕێتەوە خانەی سفری سەرەتا و، لەوێوە گەمەیەكی نوێ دەست پێبكاتەوە. ئەمە، كار و پیشەی سیاسەتی نێو میللەتێكی زیندوو نیە. زۆربەی كورد چاوەڕوانی ئەوە بوون، لیستی گۆڕان سێ یان چوار بەرابەری ڕێژەی ئێستای بێنێ، بەڵام ئەم پێشبینیە كورتی هەڵێنا. هۆكاری لاوازی ئەنجامەكانی لیستی گۆڕان و لیستی ئیسلامی، بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، گرنگترینیان نەبوونی هۆشیاریە لە نێو كۆمەڵگاكەمان، ئنجا هەیمەنەی دەسەڵاتێكی عەسكەری دیكتاتۆری: كە زەق ترین دوو پیشەی لەخۆراكی خەڵك زەوت كردن و تەزویر خۆی دەدۆزێتەوە، بێجگە لە كەم و كورتی ئۆپۆزۆسیۆنیش. كەواتە لە لاوازی بەرەی ئۆپۆزۆسیۆن، جەماوەر بە پلەی یەك تاوانبارە و ئنجا خودی ئۆپۆزۆسیۆن و پاشان دەسەڵاتی ڤاوستیانە، كە هەموو شتێكی فرۆشتووە بۆ چێژ و لەزەتەكانی. سیاسەتیش ماتماتیك و هاوكێشەی كیمیا نیە، بە ئەنجامێكی سوڕ دەربچێت. سیاسەت پێشبڕكێیەكە، ئەنجامەكەی تەنها پەیوەست نیە بە هێزی گەمەكەر و كێشی قوڕسایی گەمە بە تەنها، بەڵكو بازنەیەكی چەند جەمسەرە و هۆكاری زۆری ناوەكی و دەرەكی، ڕۆڵ دەبینن لە سەر پێگە و مەكانەتی ئەم و ئەویتر. ئەو دەنگەی پێی خراپە ئۆپۆزۆسیۆن دانوستاندن بكا لە گەڵ لایەنی دەسەڵات، جێگای ڕێزە، بەڵام لە تەرازووی عەقڵ و واقیعدا زۆر جێگای سەنگ نیە. لە ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان، كە زروفێكی تایبەت لە ئارادایە، ناكرێ لە بەر خاتری لە ناوبردنی پارتی و یەكێتی، لە بار ببردرێت و بێ هەبوونی ئەلتەرناتیڤ، ئێستای كورد بە ڕێگایەكی نادیارو بزر بسپێردرێت. لەگەڵ دەسەڵاتدا، زۆر خاڵ هەیە ئۆپۆزۆسیۆن (گەر بە ڕاستی لە پێناو خەڵك بخەبتێت) دەتوانێ دانوستاندنی لەسەر بكا. ئەمەیان خیانەت نیە لە كاتێكدا دەبێ لە ئەرزی واقیعدا كێش و قەبارەی ئۆپۆزۆسیۆنمان لە بیر بێ، كە ئەو بەهێزە نیە لە نێو گۆڕەپانی سیاسیدا و، بە كۆی ئامادەبوونی كوردیش بە گشتی، كەمایەتیەكی ترسێنەرە لە ئاستی بازنەی عێراقدا. كەواتە دەبێ سیاسەت بە ڕێنمونی عەقڵ ڕێڕەو بكرێت. پڕۆسەی گۆڕینی واقیعی كوردستان، لە گۆڕانی تاكی كوردەوە دەست پێدەكا، كە ببێت بە كارێكتەرێكی عەقڵانی، كە ئەمەش ڕێگا و هۆكاری خۆی هەیە وەك: ڕۆشنبیری، جۆر و ئاستی ڕۆشنبیری، خوێندن، گونجان و توانەوەی پێكهاتە جۆراو جۆرەكانی كورد لە فۆڕمی نەتەوەدا (زمان، ڕۆشنبیری هاوبەش و ئامانجە هاوبەشەكان)...هتد. گۆڕینی حاڵی خراپی كوردستان، بە هەڵبژاردنێك و دووان نابێت. هەروەها، بە هاتنی كتوپڕی بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەكان نابێ. ئەمەیان سەرو گرفتێكە، بە لە دایكبوونێكی ناهەموار و سەركێش و درێژ خایەن تێدەپەڕێت. دەكرێ لە ئاستی سیاسیدا، ئۆپۆزۆسیۆن لەلایەك بۆ ئامانجە ستراتیجیەكانی كوردستان، دانوستاندن و ڕێككەوتن بكا لە گەڵ دەسەڵات، لەلایەكی تریش هەوڵی بەردەوام بدات بۆ لاوازكردنی خودی دەسەڵاتەكە خۆی، بە مەرجێ ئۆپۆزۆسیۆن كۆپیەكی تری دەسەڵاتی زوڵم و ستەم نەبێت. ئەوەی جێگای نیگەرانی، خاوەنی ئەم دێڕانە ئەوەیە، ڕۆشنبیران (كە چینی ئینتلجنسیای هەر میللەتێكن) لە ئاستێكی سادە و عاتیفیانەی ئەوتۆبێ، پێش چەند هەفتەیەك بە حەماسەتەوە چەپڵەی بۆ حاڵەتێكی تایبەت لێدەدا، بەڵام پاش تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێك بكەوێتە هەڵلا لە هەمان حاڵەتدا. ئەمەیان دەلالەتی بیركردنەوە و هزر بەكار هێنان نیە. ئەمەیان گیر و گرفتێكی قووڵی چینی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانە، كە بیری ڕۆژانەیی (جم و جۆڵ و پێداویستی ئاسایی ڕۆژانە) زاڵە بەسەر بزاوتی بیركردنەوە و تێفكرینیان لە كایە گرنگەكان، لە ئاستێكدا، مامەڵەكردن لە گەڵ ڕوداوێكی هاتوو چۆ و، یارییەكی وەرزش و مەسەلەیەكی گرنگی سیاسی لە یەك ئاستدا دەكرێ. ئەمەش بەروبوومی عەقڵی ئاهەنگ سازیە، كە بەزم دەستی پێكرد، ئەم چینەی ناوبراو بە دەستە دەكەوێتە سەرپێ و دەكاتە هەڵلا. لە گەڵ تەواو بوون، هەوو شتێك خامۆش دەبێ. عەقڵی ئاهەنگ سازیش لە سیاسەتدا كارەساتە. لەویش كارەساتتر نەبوونی نێوەندێكی باڵا دەستە لەنێو پێكهاتەی كورد، كە بە عەقڵی سەر و مەنتیق و خوێندنەوەیەكی قووڵ و فراوان، ئەم هەموو كایانە مەترەح و تاوتوو بكا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە