کێ تیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمانی کرد ئەنسارول ئیسلام یان ئەفرادهای بارزانی؟!
Saturday, 18/09/2010, 12:00
ئەگەر مەسعود بارزانی تۆزقاڵێک جورئەت و بوێری ئەدەبی هەبێت، ئەوا دەبێت دەستبەجێ ئیستیقالە بدات و دەست لەم پۆستەی سەرۆکایەتیش هەڵگرێت و کارێکی تر بۆ خۆی پەیدا بکات کە ئەقڵی پێی بشێ، چونکە پۆستی سەرۆکایەتی پێش هەموو شتێک لێهاتوویی و زیرەکی و ئەقڵیەتێکی پێشکەوتنخوازی دەوێت، ئەقڵێکی نیشتمان پەروەرانەی دەوێت، ئەقڵێکی دەوێت خیانەتکار نەبێت، نیشتمان فرۆش نەبێت، دزو تاڵانچی نەبێت، کورد کوژ نەبێت، پۆستی سەرۆکایەتی ئەقڵێکی دەوێت، لەوە بگات کە چۆن ڕیزی یاساو دادگا بگرێت و پێشێلی سەروەریان نەکات، ئەقڵێکی دەوێت کە بزانێت، چۆن ڕیزی هاووڵاتیانی خۆی دەگرێت و هاووڵاتی بوونی لا پیرۆزبێت، ئەقڵێکی دەوێت کە ڕیز لە ژیان و مەرگی هاووڵاتیانی خۆی بگرێت، وە بە هیچ شێوەیەکیش بێ حورمەتی و سوکایەتی بە بەهاو کەرامەتیان نەکات. ئەمانەو دەیان سیفاتی تر هەیە کە دەبێ هەبێت لە هەر کەسێک کە سەرۆکە یان دەیەوێت ببێت بە سەرۆک. بەڵام ئێوەو ویژدانتان کۆمەڵانی خەلکی کوردستان، خۆێنەرە بەڕێزەکان، هیچ کامێک لەم سیفاتانە لە مەسعود بارزانی سەرۆک خێلدا هەیە؟؟! وەڵامەکەش بۆ ئێوە جێدێڵم. مەسعودی مەلا مستەفا بارزانی ئاشبەتاڵچی و چۆکدادەری ئەقڵ خێڵەکی چەقیو لە کات و جێماو لە مێژوودا، بەم ڕاگەیاندنەیان دەربارەی لێکۆڵینەوەکان لە کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، دوور لە هەرچی بنەمای ڕەوشت و مرۆڤایەتی و ویژدان هەیە دووپاتیانکردەوە، کە هەر کاتێک مەسەلەکە دەگاتە سنوری بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی بنەماڵە تاڵانچی و دزەکەیان،ئەو کات نە کورد نە کوردستان، بۆیان ناکاتە یەک قڕانی قەڵپ، هەر هەمووی ئەخەنە ژێر پێ لە پێناوی خۆیاندا. ئەو دەرەنجامەی کە لیژنەی لێکۆڵینەوەکە پێی گەیشتوەو ڕایانگەیاند، بە شێوەیەکی ڕەها، سیناریۆیەکی سەد دەر سەدی سیاسیە، وە ئەو دەرەنجامەی لیژنەکە بڵاویکردەوە بەهەمان شێوە و، ڕەها تریش دوورە لە تەواوی بنەمای زانستی و لۆژیکی یاسایی و قانونی بەدوا داچون لە ڕوداوی ڕفاندنی مرۆڤێک بە نوێژی نیوەڕۆو تیرۆرکردنی. بەڕێزانم سەیرکەن هەروەک لە سەرەتای تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەست عوسماندا بینیمان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بنەماڵەی بارزانی هەولیاندا کەیسی تیرۆرکردنەکە لە چوارچیوەی ڕوداوێکی مەدەنی سرفدا بهێلنەوە. بنەماڵە هەرچی تواناو دەسەڵاتی سیاسی و ڕاگەیاندنیان هەبوو خستیانە گەڕ بۆ ئەوەی شەهید سەردەشت تەنها وەک خوێندکارێکی نۆڕماڵ بیدەنە قەڵەم، نەوەک وەک ڕۆژنامە نووس و خوێندکارێک. کەچی ئەوەتا هاتوون لە کۆتایی ئەم سیناریۆیە گاڵتەجاڕیە لە ئەنسارول ئیسلام چەند تاوانبارێکیان داتاشیوە. ئەنسارول ئیسلامیش ڕوونە بۆ هەموومان کە ڕێکخراوێکی سیاسی تیرۆرستی دژ بە کوردو کوردستانە. بەڵام لەمەش گاڵتەجارانەو قەشمەریانە تر ئەوەیە کە شەهید سەردەشتیان کردوە بە هاوکارو ئەندامی ئەنسارول ئیسلام!! لێرەدا بە ئەقڵ و خوێندنەوەی بنەماڵەی بارزانی بۆ ئەم کەیسە وا دەردەکەویت کە سەردەشت عوسمان کەسێکی سیاسیش بووە!! کەچی هەر بە خۆشیان نەک هەرنەیانگوتووە سەردەشت عوسمان کەسێکی سیاسی بووە، بەڵکو نکۆڵی لە ڕۆژنامە نووس بوونیشی دەکەن!! لێرەدا دەردەکەوێت کە تێکڕایی ئەندامانی ئەم لیژنەیەو ئەو سەرۆکەی فەرمانی دروستکردنیدا، هەر هەموویان مەودای تێڕوانین و دوور بینی ئەقڵیان لە سەری لوتیان تێپەرناکات. وە ئامانجیشیان تەنها تۆڵەکردنەوەیە. من لە نووسینەکانی پێشووتریشم وتوومە کە سەردەشت عوسمان بنەماڵەی بارزانی و پارتی لە ڕەگ و ڕیشەوە هەژاندوە... ڕاستی ئەم قسیەشم ئەوەتا خودی بنەماڵە بەم سیناریۆیە سیاسیە سەرلێ شێواویەیان سەلماندیان. ئێستا سەردەشت عوسمان بووە بە سومبلێک و پێنووسێک و سەرمەشقی خەباتێکی مەدەنی بەرفراوانی بەرەی گەل، خەباتێکی نوێ و سەردەمیانەی مۆدرێن، دژ بە بنەماڵەی بارزانی و دەسەلات و ئەقڵیەتە خێلەکیەکەیان لە کۆمەڵگای کوردیدا، بۆ لادان و دادگایی کردنیان لە بەردەم دادگای گەلی کوردستان. شەهید سەردەشت عوسمان نەک هەر بەڵانس و پێگەی کۆمەڵایەتی وجەماوەری و سیاسی بنەماڵەی تێکدا، بەڵکو بەڵانسی ئەقڵیشی تێکداون و توشی نەخۆشی دەرونی کردون. شەهید سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووس کەسێکی گۆڕانخواز بوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، تیرۆرکردن و شەهید کردنی بە دەستی بنەماڵەی بارزانی، بووە هۆکارێکی تەقینەوەی ڕق و کینەو بێزاری پەنگخواردووی بەرەی گەلی کوردستان، بە تێکڕایی چین و توێژەکانەوە ڕژانە ناو شەقامەکان و هەرچی پیرۆزی و گەورەیی وەهمیانەی بنەماڵەی بارزانی هەبوو خستیانە ژێرپێ. بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی تێکۆشانی سیاسی کوردی توانرا بە شێوەیەکی سەردەمیانەو یەکگرتوانە لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕان و تەواوی ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسیانەی کە دژ بە فکرو سیاسەتی بنەماڵەن، تاوەکو بەیەکیەتی نیشتمانیشەوە، هەڵوێستێکی جوامێرانەو شۆڕشگێڕانە دژ بەم کردەوە تیرۆرستیانەی بنەماڵەی بارزانی دەربڕن، وە زەبرێکی کوشندەشیان خێواندە مێژووە پڕ لە درۆو، وەهماویەکەی بارزانی...کە ئەمەش شتێکی هەرگیز چاوەڕوان نەکراو بوو لەلایەن ئەم بنەماڵە بوختان چیە، تاماویشن بۆیان قووتنادرێت و تەحەمولی ناکەن. بۆیە ڕاگەیاندنی دەرەنجامی لێکۆڵیەوەی ئەم لیژنەیە، بەم سیناریۆیە سیاسیە، جگە لە تۆڵە سەندنەوەیەکی خێلەکیانەو سیاسیانە بەم لاوە مەحاڵە شتێکی تربێت. ئەم تۆڵەیەش بە تۆمەتبارکردنی سەدەشت عوسمان بە تیرۆرست، تۆڵەیە لە تاک بە تاکی ئەو کەسانەی ڕژانە ناوشەقامەکان دژ بە بنەماڵەی خیانەتکار، تۆڵەیە لە تەواوی خەلکانی ڕۆشنبیرو ئازادیخوازو نووسەرو ڕۆژنامەنووسەکان، لە تەواوی ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کە بەرگریان لە شەهید سەردەشت کرد، لە سەروی هەمووشیان تۆڵەیەکی سیاسیە لە بزوتنەوەی گٶڕان و خودی کاک نەوشێروان مستەفا...هەروەها تۆڵەیە لەیەکیەتی نیشتمانیش، بەڵام ئەمجارەیان نازانین یەکیەتی چی بەسەرهاتووە، ئەرێ هۆوووو یەکیەتی نیشتمانی هۆ! ئەوە چ ڕویداوە؟ چیتان لێقەوماوە؟ ئەرێ لە کوێن؟ بۆ وا بێدەنگن؟!! تاک بە تاکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەتایبەتیش خەڵکە ئازادیخوازو ڕۆشنبیرو نووسەرو ڕۆژنامە نووسەکان، دەبێ ئەوە بزانن ئەو کردەوە قێزونەی ئەمڕۆ بنەماڵەی مەلا مستەفای ئاشبەتاڵچی دژ بە سەردەشت عوسمان کردنیان، بەیانی دژ بە یەک بە یەکی هەر هەموومان دەیکەن، دژ بە هەرهەموو ئەو ڕێکخراوو حزبانەی کە دژیانن دەیکەن، تەنانەت ئەو حزبە سووک و پوچانەی کە ئەمڕۆ خۆشیان فرۆشتوە بەبنەماڵە. بەم سیناریۆیە سیاسیە بنەماڵەی بارزانی ڕایدەگەنن کە ئەمکردەوە تیرۆستیانەی کە تا ئێستا بە نەهێنی دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەنجامیانداوە، لە مەودوا بە ئاشکرا دەیکەن و دەستیش ناپارێزن لە هەر کەسێک دژ بە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان بوەستێتەوە، ئەم سیناریۆیە بێ سەروبەرەی بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی کورد کوژو، وەهم لە مێژووی کوریدا، ڕاگەیاندنی شەڕە دژ بەتەواوی کۆمەڵگای کوردی و چاوترسێنکردنی خەڵکە، هەروەک چۆن سەدام حوسێنی دیکاتۆریش وایدەکرد. بەڵام لە کوێتانە بنەماڵەی بارزانی باشبزانن چیتر واتان بۆ ناچێتە سەر، دڵنیابن بەرەی گەل وەڵام و کاردانەوەی پڕ بە پێستە بۆگەنەکەتانی ئامادەکردوە، کوردستان تێکڕای وا دەبێتە سەردەشت عوسمانی تۆڵە لێتان، بەڕێوەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست