کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌وه‌ی به‌ سه‌قه‌تی بیربکاته‌وه‌، که‌وابوو به‌ سه‌قه‌تی بوونی هه‌یه

Sunday, 01/11/2009, 12:00


من بیر ئه‌که‌مه‌وه‌، که‌وابوو من هه‌م (دیکارت)
منیش ئه‌ڵیم تۆ به‌ سه‌قه‌تی بیر ئه‌که‌یته‌وه‌، که‌وابوو به‌ سه‌قه‌تی هه‌یت
عەلی مەحمود، که‌ پێی خۆشه‌ به‌ عه‌لی سیاسیی ناوی بهێنرێت، ئه‌وه‌ی نه‌شی زانێ سیاسه‌ته‌، ئاخر ئه‌م کۆنه‌ شیوعیانه‌، سیاسه‌تیشیان پیس و لیخن کردووه‌،تا ئیستا کێ دیوێتی، بیستوویه‌تی، یان خوێندوویه‌ته‌وه‌، ئه‌م کابرایه‌ نقورچێک، یان ڕه‌خنه‌یه‌کی سووکه‌ڵه‌ له‌ حیزبی شیوعی بگرێت، به‌ڵام که‌ دێته‌ سه‌ر نه‌وشیروان و لیستی گۆڕان به‌رده‌وام له‌ سه‌ریان ده‌نووسێت.
له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و نووسینه‌یدا که‌ وه‌ڵامی ئێمه‌ی داوه‌ته‌وه‌، به‌ گووته‌یه‌کی دیکارت ده‌ست پیده‌کات، که‌ دەڵێت: (من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم)، ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ بکه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت بڵێین (عەلی مه‌حمود بیر ناکاتەوە، کەواتە ئه‌و نییە، ئه‌گه‌ر بیریش ده‌کاته‌وه‌، به‌ سه‌قه‌تی بیرده‌کاته‌وه‌، که‌وابوو، ئه‌و سه‌قه‌تی هه‌یه‌‌) چونکە ئەگەر به‌ باشی بیری بکردایەتەوە قسەکانی مەلا بەختیار و ئازاد جوندیانی و سەرۆ قادری نەدەکردە به‌ڵگه‌.
ماوەیەک لەمەوبەر عەلی سیاسی لەڕێی نووسینێکی شپرزەوە ویستی کەلێنێک بدۆزێتەوەو لەو ڕێ یەشەوە فرسەت بدۆزێتەوە تا په‌لاماری کاک نەوشیروان بدات ، سه‌ره‌نجام کەوتە بەر ڕەخنەی هەندێک نووسەری گۆڕانخواز، که‌ من یه‌کێک بووم له‌وانه‌ دوا جار بەکۆمەڵێک تەپ و تۆزی نشوستی عەقڵیەوە هەستایەوە و هەر وەک ئەوە چۆن بڵێیت (عوزر لە قەباعەت خراپتر) نووسینێکی زمانزبری نووسی.
سەرەتا بەم دێڕە شیعرەی لووتکە مەحوێ دەست پێدەکەم کە دەفەرموێ :
(شکور موورم بوومە پاماڵی میرێ ، بەبێ نامی ژیام و نامەوەر چووم) .
واتە مێروولەیەک بەو بچوکیە هیچ ناوێکی نیەوە کەسیسش ناوی ناهێنێت ، کاتێک کە دەبێت بەژێر پێی میرێکەوە ئیتر ناو دەردەکات ، چونکە دەڵێن مێروولەیەک بوو بەژێر پای میرێکەوە.
عەلی سیاسی تەواوی نووسینەکەی کەلەسەر نەوشیروان مستەفا نووسیویەتی لەبەر دەم میدیادا بەشێوەی وەڵامدانەوە ، تەنهاو تەنها خۆی لەیەک مەبەستدا دەبینێتەوە ئەویش ئەوەیە کەدەیەوێت بەوەکالەت شەڕێک بۆ مەلا بەختیار و سەرۆ قادر و ئازاد جوندیانی بکات بە پەنابردنە بەر هەندێک ووتە و دەستەواژەی بێماناو بێ بەڵگە کە لەگەڵیاندا هاوتەریبە و سەرچاوەی گرتوە . با بێمە سەر نووسراوەکەی .
لە نووسراوەکەیدا بەوە دەستی پێکردوە دەڵێت گویا ئەوانە کێن ؟ وەڵامی نووسینێکی پێشو تریان داوەتەوە کە لەژێر ناو نیشانی (موچەکەی نەوشیروان مستەفا بەئەندازەی مووچەی 5 ساڵی سەرۆکی هیندستانە) نووسیبوی و هەر لەگەڵیشدا درێژەی پێداوە و دەڵێ تۆ بڵێی ! ئەو کەسانە کە وەڵامیان داوەتەوە لەو کەسانە بن کە قوربانیان بە زەویدا داوە بۆ چاک بوونەوەی جەلال تاڵەبانی و لە فڕۆدگاکان جانتایان بۆ هەڵگرتوە .
یەکەم : نازانم ئەم ووشە سەقەتەی فڕۆدگاکانی لە فەرهەنگی کام کەلاوە وە هێناوە و دەیەوێت تێکەڵ بەفەرهەنگی کوردی بکات .. ئەم ووشەیە لەوە دەچێت ، ویستبێتی وەک نووسەرێکی کارا خۆی نیشان بدات فەلسەفاتێک بنوێنێ و لەسەر تۆناتی ویستگاکان یان پرسگەکان . شتێک لەسەر ئەو وەزنە دروست بکات، بۆیە دەڵێم ئەوە هەڵەیەکی ناڕەوایە لە ڕووی ڕێزمانەوانییەوە ناگونجێت و پێویست ناکات فڕۆکەخانە بگۆڕدرێت بە فڕۆدگاکان.) .
وەڵامی دووهەمیش : نەخێر ئەو کەسانەی وەڵامیان داوەتەوە کەسیان هێندە سوک و خۆ بەکەم زان نین تا جانتا هەڵگری بۆ جەلال تاڵەبانی و ئەمسالەکانی بکەن ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جانتا هەڵگرانە هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ عەلی سیاسی چونکە ئەویش قسەی مەلابەختیار و سەرۆ قادر و ئازاد جوندیانی هەڵدەگرێ جا چ جیاوازیەک هەیە لەنێوان ئەم دوانەدا ئەگەر کەمتریش نەبێت .
دواجار دەڵێت: من هەمووکات دژایەتی یەکێک بکەم بایی دۆستایەتی و پاشەکشەی تیا دەهێڵمەوە . منیش دەڵێم ئەمەی ئەم عەلی سیاسیە دەیڵێت لە ووتە بازاڕیەکانەوە هێناویەتی کە دەڵێن (نەشێس بسوتێ و نەکەباب) ئەم دەستەواژەیەش لەگەڵ ئەو پەندە عەرەبیەدا یەک دەگرێتەوە کە دەڵێت : (خیرو الامور اوسگها) ئەمە لەکاتی چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی تایبەت و ناکۆکیە عەشایریەکاندا بەکار دەهێنرێت و زۆر نامۆیە و بەهیچ جۆرێک لە هیچ کونجێکی فەرهەنگی سیاسی دا جێی نابێتەوە . چونکە لە فەرهەنگی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەیی دەبێت خەڵکی خاوەنی یەک هەڵوێست بێت . یان بەمانایەکی تر دەتوانم بڵێم ئەگەر ئەو عەقڵیەتەی عەلی سیاسی بگوێزینەوە بۆ دنیای سیاسی دەبێت بە (اسخف الامور اوسگها) چونکە ناکرێت بۆ ڕووبەڕو بونەوەی چمکی سیاسییەکی حەقیقی ، سیاسەتی دوو لایەنە بەکار بهێنرێت هەر وەک ئەوەی بڵێیت نەشیش بسوتێ و نەکەباب دەبێت هەڵوێستێکی نەگۆڕ و یەک لایەنە بیت .
دەڵێت: (نازانم بۆ ئەوانەی لەم دورەوە جەربەزانە دەنوسن نازناو بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن ئیتر نازانم ترسە یاخود لەکوردستان پۆستدا ڕۆستەم و زۆرابن) . منیش دەڵێم بەڵێ وایە ئەوانەی لە کوردستانپۆستدا بەو ستایڵە چەکوشییە دەنوسن ڕۆستەم و زۆرابی ئەم واقیعەن.
ئەو نووسەرە بەڕێزانە هەریەکە و نازناوێکی کوردی جوانیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە بەو نازناوە دەنووسن . لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەجدیش وەری بگریت . لەهەمان کاتیشدا ووشەی دوفاقی بەکارهێناوە. جا خۆ هەر خودی خۆی دانی بەوەدا ناوە کە خۆی که‌سایەتیەکی دوو فاقە ، ئەی ئەوە نیە عەقڵی نەشیش بسوتێ و نەکەباب پیادەکات . نازانم ئەم سیاسیە دەبێت چۆن لە دووفاق گەیشتبێت .
لەیەکێک لە بڕگەکانی نووسراوەکەیدا هاتوە دەڵێت :(من 18 ساڵە لەسەر ژیانی گشتی و تایبەتی سەرۆکەکان و خێزان و مناڵەکانیان دەنووسم و ژیانی تایبەتیشمان خستۆتە ژێر چاودێریەوە) . منیش دەڵێم کەسێک نوسەر بێت هەرگیز نابێت ئەو مافە بەخۆی ببەخشێت لەسەر منداڵ و خێزانی خەڵکی بنووسێت، دەشێت تێگەیشتنی هەبێت لەوەی کە ئەوانە بێتاوانن .بەڵکو دەکرێت لەسەر بیرکردنەوە و عەقڵیەت و ئەدائی کارکردن بنوسرێت دوا جاریش ئەو جۆرە نووسینانەی کە عەلی سیاسی دانی پێدا ناوە لەوڵاتانی ئەوروپاو دنیای یاسادا، دەکرێت ڕووبەڕوی دادگا بکرێتەوە بە تاوانی تەشهیرو ناوزڕاندنیش تاوانبار بکرێت . کەچی کاک عه‌لی لەوە دەچێت تا ئێستا نە لەدور نە لەنزیک تێگەیشتنی بۆ ئەو پرنسیبانە نەبێت . دوای ئەوەش کاری ڕۆژنامەوان و نوسەر لەوەدا نیە لەسەر ژیانی تایبەتی هیچ کەسێک بنووسێت . لەتەک ئەوانەشدا دەڵێت : (کاک نەوشیروان لەم چرکە ساتەی ژیانی سیاسیدا ئۆپۆزسیۆنی خاوەند هژمۆنیا لە کوردستان) نازانم ئەم ووشە سەقەتەی تری (هژمۆنیایەی) لەکوێ هێناوە . دوا جاریش ناحاڵییبوونی عه‌لی سیاسیی لەوەدا دەبینرێتەوە کە دەیان ساڵی تەمەنی سیاسی ئەو پیاوە بەڕێزەی تواوەی دنیای سیاسەتی لا بەچرکەساتە) .
لەشوێنێکی تردا دەیەوێت لەمەسەلەکە ڕابکات و دەڵێت :(مەلابەختیار ووتویەتی کاک نەوشیروان موچەکەی 60000 هەزار دۆلارە) منیش دەڵێم وا دیاره‌ به‌ڕێزتان بوونه‌ته‌ زمانحاڵ و تووتی مەلا بەختیارو سەرۆ قادر، ئه‌گه‌ر وا نییه‌ چۆن دەتوانێت کۆپی ئەو ستایڵە درۆیایانە ببێت ، یان چ کارێکی بەسەر ئەو هەواڵە بێ بەڵگەو بێ بنەمایەوە هەیە تابیگوێزێتەوە بۆ ناو میدیا . من لێرەدا دەپرسم بێجگە لە کۆیلە زوڕنا ژەنەکانیان بۆ کەس هەیە، هێندە کەمفیکر بێت باوەڕ بەو کەسە یەقەوە بوانەی ناو درۆ بکات؟
لە بڕگەیەکی تریشدا هاتوە ووشەی موچەی ڕەواو ناڕەوا بەکار دەهێنێت ، کە گوایا ئەو مووچەیەی کاک نەشیروان ناڕەوایە . منیش دەڵێم دەبێت ئەم کاک عەلییه‌ خودی خۆی محەلی چی بێت لە ئیعرابا؟ تا بەو جورئەتەوە ووشەی موچەی ڕەوا و ناڕەوا دیاری دەکات . بۆ ئەو موچەیەی خۆی وەری دەگرێت ڕەوایە ؟ لە شوێنێکی تردا هاتوە بەهەمان شێوە دەڵێت: موچەی خانەنشینی کاک نەوشیروان . له‌مه‌شدا تێگەیشتنێکی نیە بۆ مانای موچەی خانەنشینی ، لەوەش زۆر بێئاگایە کە موچەی خانە نشینی دەدرێتە کەسێکی تەمەندارو پەک کەوتەکان و بێکارەکان.
عەلی سیاسی لە نووسراوەکەیداکۆمەڵێ ووشەو دەستەواژه‌ی بەکار هێناوە کە هەر هەمووی لە ئەلفەوە تا دەگات بە کۆتایی پڕە لەهەڵەو سەقەتی، وەڵام دانەوەشی کات گرتنێکی زۆری دەوێت . بەڵام من تیشک دەخەمە سەر هەندێکیان ئەوانەی کەمەبەست دەپێکن. بۆ نموونە : ووشەی (ئاسمان و ڕێسمان) بەکار دەهێنێت ، که‌ لەگەڵ ئەوەی لە نووسیندا کۆڵەوارە ، ڕێزمانەوانیشی سەقەت کردوە . چ پێویست دەکات ئەو ووشەیە بەکار بهێنێت . هەر وەک ئەوەی بڵێیت (تەپڵەک و مەپڵەک ، گسک و مسک ، قاپ و ماپ ، قسەو مسە) پێم باشە کەمێک ووشیار بێت لەم بەکارهێنانە .
لە تێبینیەکی تردا ئەم زاتە بەچڕی لیبراڵ و لیبراڵیزم و ئازادی بەکار دەهێنێت بەبێ ئەوەی تێگەیشتنی بۆ لیبراڵ هەبێت دەشیەوێت لیبراڵ ولیبراڵیزمیش لە گەڵ ئازادیدا بەیەکەوە گرێ بدات . کە دوو شتی جیاوازن ، لیبراڵ و لیبرالیزم پراکتیزە کردنە و ئازادیش ئامانجە ، بەئاشکرا لە نووسینەکەیدا دیارە کە زۆر شتی شێواندوە . یاخود دەڵێت مارکس دوژمنی باوە کوشتەی لیبراڵەکانە نازانم ئەمەی لە چ فەرهەنگێکدا دۆزیوەتەوە، دەشێت ئەو فەرهەنگەمان پێبڵێت ئاخر خۆ ئەم مێژووی مارکس و لیبراڵیزم نازانێت کەی بووە و چۆن بووە ؟ کەچی بەکاریان دەهێنێت ، مارکس پێش لیبراڵیزمە ئەمە لەکوێ بوو بە دوژمنی باوە کوشتەی . دیارە ئەم کەسە کاتێک کە لەگەڵ چەپەکانی هاوڕێیدا هەر بەم خراپییه‌ بیریان کردۆته‌وه‌، بۆیه‌ وا به‌ هه‌ڵه‌ لێکدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و زاراوه‌ سیاسییانه‌ هه‌یه‌.
لەلایەکی تردا تێنه‌گه‌یشتنی خۆی زیاتر خەست کردۆتەوە دەڵێت : لیستەکەیان لە پەڕلەماندا . هەتا ئێستا تێگەیشتنی بۆ لیست نیە . ! ئاخر لیست هەر ئەو کاتەیە کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن . دوای ئەوە کە چوونە ناو پەڕلەمانەوە دەبێتە فراکسیۆن . کەواتە دەبوایە بیوتایە فراکسیۆنەکەیان لە پەڕلەماندا. نەک لیستەکەیان لەپەڕلەماندا .
لەهەندێ شوێنی تردا باس لە کوڕەکەی کاک نەوشیروان و کەسوکاری دەکات . دەڵێت کوڕەکەی لە زانکۆی ئەمریکی دەخوێنێت . منیش دەڵێم جا بۆ نا قەیدی چییە ! کوڕێکی زیرەک و بە ئەدەب و ڕەوشت بەرزە ، خاوەنی کەفائەتێکی زۆرە ، هەر زۆر لەوە زیاتریش دەهێنێت ، هەر بۆ ئەوەی کەمێک زانیاریشی بدەمێ ئەو زانکۆیەی ئەو کوڕە لێی دەخوێنێت تەنها کەسی زۆر زیرەک و بەکەفائەت وەردەگرێت پاش تاقیکردنەوەیەکی زۆر، کەم کەس دەتوانێت لەو تاقیکردنەوانەدا دەربچیت . دوا جاریش ئەو زانکۆیە لەسەر حسابی خۆیان هەموو پێداویستیەکانی بۆ دابین دەکات. دەبوایە عەلی سیاسی شانازی بەو گەنجەوە بکردایە کە لە نێو هەزاران قوتابی کوڕێکی کورد هەڵدەبژێن ، دەربارەی کەسوکارەکەشی ئەوانیش هەموویان کەسی ماندوون و ساڵانێکە لەگەڵ ئەو ڕەوتە سیاسیانەدا هەموویان قوربانی دەدەن، دیارە ئەم سەرچاوانەش هەر لەمەلا بەختیارو ئازاد جوندیانی و سەرۆ قادر و جه‌مال عه‌بدوڵڵا وەری گرتوە.
لەلایەکی تریشەوە باس لەمێزی شەوانی کاک نەوشیروان دەکات ، بێئاگا لەوەی کە بەدرێژایی تەمەنی کاک نەوشیروان پیاوی مێز ڕازاندنەوە نەبووە.
بابێمە سەر ئەو وەڵامانەی کە بۆ خۆمی نووسیوە وەک ڕۆشار: بەتەوسێکی لووت بەرزیوە نووسیویەتی دەڵێت : من ئەو کەسە ناناسم تا لێی زویر بم ئەوەش دەرەنجامی ئەوەیە کە من نووسینێکم بەڕێزەوە ئاڕاستە کردوە بێ ئەوەی کەمێک عەقڵیەتە خوارەکەی ڕاست بکەمەوە . خۆ گرنگیش نییە کەسایەتییەکە ڕووبەڕوو بناسیت هەندێک جار خەڵکی لە ڕێ ی نووسینەوە خەڵکی دەناسێت، بەڵام ئەمه‌ی پێی کەمە ئەگەر نووسەری کورد بناسێت، بەڵام حەزدەکات دیکارت بناسێت . له‌وه‌شدا باس لە ناوی خوازراو دەکات ، منیش دەڵێم بۆ عەلی سیاسی کەس ڕێی لێ گرتوە کە ناوی خوازراو بەکار دەهێنێت و خۆشی ناو ناوە عەلی سیاسی یاخود ئەمە لە بەدوا چونە مخابەراتیەکەی مەلا بەختیارو سەرۆ قادر و پیاوە سوکەکانی دەسەڵاتە سەرچاوەی گرتوە بۆ ناسین و بەدواچوونی ئەو نووسەرانە . دوای ئەوە ووشەی سەر تەنور بەکار دەهێنێت و دەڵێت : تۆ بوخچەکەی کاک نەشیروان شارەزایت و دەزانیت کە دوو دەست جلی هەیە . منیش دەڵێم ئەوە تەنها زانیاری من نییە بەڵکو هەموو کەس ئەو زانیاریە دەزانێت چونکە کاک نەوشیروان هیچ کات و قەتیش شتێکی شاراوەی نییە ئەو کەسایەتیەکی شەفاف و بەڕێز و سونبولێکی جوانە پیاوی بوخچە و شاردنەوەی نییە .
دواجار با بێمەوە سەر دووبارە کردنەوەکەی ئەو سەرۆکەی کە عەلی سیاسی پێ سەرسامە کە ئەو سەرۆکە خاتونەی هیندستانە . ئەو سەرۆکە خاتونە کە ئەم کردویەتی بە شانازی بۆ خۆی ،لەهەمان کاتیشدا دەشێت ئەویش وەک سەرۆکێک بەملێۆن کەس لە هیندستان قبوڵیان نەبێت . ئاخر ئەوە بەد بەختیەکەی میللەتی کوردە کە لەم جۆرانەی تیا دروست دەبێت خۆشیان ناو دەنێن سیاسی و کۆپی ئەخلاقیەتی خۆ بەکەم زانینی مەسعود بەرزانی و جەلال تاڵەبانی دەکەن و پەیڕەوی ئەو عەقڵیەتە سەقەتە دەکەن کە بێگانە بەگەورەو گرنگ تر لەخۆیان دەزانن و لەبەر دەمیانا بچوک دەبنەوە کەچی کەسە جوان و بەتواناکانی خۆمان بەکەم دەزانن . من نازانم نەوشیروان مستەفا چی لە سەرۆکی هیندسان کەمترە بۆ ئێمەی کورد، خۆ من ئەگەر بەراوردی بکەم لە گەڵ سەرۆکی هیندستان کاک نەشیروان بە هیمالایە دەبینم لەچاو ئەو سەرۆکەدا، یان باس لەسەرۆکێک دەکات لە هیندستان کە ڕۆکێتی دروست کردوە هەر بۆ ئەوەی بڵێن کەسێکی شارەزایە و خوێندنەوەی دەرەکی هەیە ، ئاخر ئەوە بەعەیب نازانێت کە خوێندنەوە بۆ بێگانە بەو شێوانە بکات و کەچی بەو شێوه‌یه‌ خوێندنەوه‌‌ بۆ کاک نەشیروان بکات . یان دەبێت ئەوە چ جوانیەکی تیابێت شانازی بەکەسێکەوە بکرێت کە ڕاکێت دروست بکات بۆ لەناو بردنی مرۆڤ. باشە بۆ شانازی نەکرێت بەکاک نەوشیروانێکەوە کە لە هزری ئەوەدایە کە عەقڵیەتی ڕاکێت نەمێنێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بەهای خۆی لەدەست نەدات و لە ناو نەچێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە