لە هەولێر ئەحمەد سالار و ئەرسەلان دەروێش رەفز كران
Wednesday, 15/04/2009, 12:00
2468 بینراوە
زانا دڵشاد دزەیى- شانۆگەرى مینا لە نووسینى ئەحمەد سالار و دەرهێنانى ئەرسەلان دەروێش لە شارى سلێمانى و رانییە نمایشكرا، بەڵام بە هۆى نەبوونى پارە نەتواندرا شانۆگەریەكە لە شارى هەولێر نمایش بكرێ و لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیری رەفزیان وەرگرت.
لەوبارەیەوە هونەرمەند ئەحمەد سالار لە لێدوانێكیدا بە هاولاتى راگەیاند، شانۆگەریەكەیان لە چەند شارێكى كوردستان سەركەوتنێكى باشى بە دەستهێنا، بۆیە لەسەر داواى وەزارەتى رۆشنبیرى بڕیار بوو لە شارى هەولێریش نمایش بكرێ، ناوبراو گوتیشى "لەسەر داواى وەزیرى رۆشنبیرى و راوێژكارى وەزارەت بانگهێشتى شارى هەولێر كراین بۆئەوەى شانۆگەریەكەمان نمایش بكەین، بەڵام بەداخەوە لە كاتێكدا بینەرێكى زۆر ئامادە بوون و وەڵامى ئێمەیان دایەوە پارەى پێویست لەبەردەستدا نییە، شانۆگەیەكە نمایش ناكرێ"، وێڕاى نیشاندانى گلەیى خۆى، ئەحمەد سالار هۆكارى نمایش نەكردنەكەى بۆ بێ سەروبەرى و كەمتەرخەمى وەزارەتى رۆشنبیرى گێڕایەوە، وتى "ئێمە بە وەزارەتمان راگەیاند تیپەكەمان هیچ پاداشتێك و خەڵاتێكى ناوێت، تەنیا رەنگە بڕێك پارەى كەمى تێبچێت بۆ هێنانى دیكۆرەكە و هێنان و بردنەوەى ئەكتەرەكان، لەوانەیە كۆى گشتى بڕى 1500 دۆلارى تێبچوو بووایە، هەموو كارەكانمان ئامادەكرد بوو، بەڵام دیارە مەبەستیان نەبووە كارەكەى ئێمە ببینرێ".
لە پەیوەندییەكیدا دكتۆر فازل جاف راوێژكار لە وەزارەتى رۆشنبیرى بە هاولاتى راگەیاند، بڕیار وابوو لە ئێوارانى رۆژى پێشانگاكەى نێودەوڵەتى كتێب لە هەولێر چەند چالاكییەك ئەنجامبدرێ، ئەو شانۆگەریەش لە چوارچێوەى ئەو چالاكییانەدا بوو، دەڵێ "وەزارەتى رۆشنبیرى كەمتەرخەمى نەكردووە، لەسەر پێشنیارى من نیاز وابوو شانۆگەرى مینا لە ئێوارەیەكى پێشانگاكەى كتێب نمایش بكرێ، بەڵام كۆى گشتى مەسارفى پێشانگاكە بە وەزارەتى رۆشنبیرى هەڵنەسورا، بۆیە بڕیاردرا چالاكییەكانى رۆژانى ئێواران هەرگیرێن، ئەو شانۆگەریەش یەكێك بوو لە چالاكییەكانى ئێواران".
[email protected]