کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چی بەدوای خۆی دێنێ؟

Friday, 14/10/2011, 12:00






ئەوکاتەی مەسعود بارزانی سەردانی نەوشیروان مستەفای کرد ووتی، پێوستە دەست وبرد لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێ و ڕێو شوێنی خێرای بۆ دابین بکرێ.. دیارە ئەم ڕستەیەی مەسعود جگە لەوە درۆیەکی گەورە نەبێ ، هیچی تر نیە. ئەوەی نەختێ لەم سەرۆکە تەزوویرە شارەزا بێ ، ئەزانێ ئەوەی ئەێڵێ بەتەواوەتی پێچەوانەکەی ڕاستە. خۆ بۆئەمەش چەندین بەڵگەو دۆکیومێنت لەبەردەستدان کە گەواهی ئەوە ئەدەن کە مەسعود هەرکاتێ بەڵێنێکی دابێ، وەیان بڕیارێکی دەرکردبێ، ئەوا تەواو پێچەوانەکەی بوە.. هەر بۆ نمونە کاتێ لەئیتالیا بوو، ووتی ئەگەر ٥٠ هەزار واژوو لەدژم کۆبکرێتەوە ئەوا واز لەسەرۆکایەتی هەرێم دێنم، کەوازی لێنەهێنا. چەندین جار ئەوەی ووتوە کەجارێکی تر کورد بەدەستی کورد ناکوژرێ، کەچی ڕوداوەکانی ١٧ شوبات بەئەمری خۆی گەنجی کوردی لەخوێن هەڵکێشا. وەیان دڵمان گەورەیەو ئەوەی پێشمەرگە بێ لەڕەخنە ناترسێ، کەچی کاك عەبدول ستارو سۆران و سەردەشتی تیرۆر کرد. هەنووکە دوای بڕیاری ئەوەی تەقەکەران دادگایی بکرێن کەچی تەواو پێچەوانەکەی ئەبینین و پلەو پایەیان بڵندتر ئەکرێ و لەجیاتی ئەوان (ئیبراهیمی کاکە ئەحە) دەست گیر ئەکرێ. ئەمەو چەندینی تر کە ڕەنگە ژماردنیان هەروا سانا نەبێ.

ئەی کەواتە با بپرسین بۆچی ئەم هەڵبژادنە وا دواخراو هەر ڕۆژەی بیانویەکی بۆ ئەدۆزنەوەو ئەیانەوێ زیاتر و زیاتر دوای بخەن. ڕۆژێ بیانوی کۆمیسیۆن و ڕۆژێکی تر ئایا کێ بەرپرسیار بێ لەدابین کردنی ئاسایش بۆ بنەکەکان، پۆلیس وەیان ئاسایش. ڕۆژێکی تر بیانوی تۆپباران کردن و بارودۆخی ناسکی هەرێم و ڕۆژێکی تر و هەزار بیانوی تر،، کورد وەتەنی(بیانوی تڕ، نانی جۆیە) بۆیە بەم جۆرە پاساو و درۆیانە کەس باوەڕیان پێناکاو لەمێژە متمانەیان لای کەس نەماوە.

لەڕاستیدا گەمەی دواخستن تەنها کارو بەرنامەی دەسەڵات نیە، بەڵکە بەشێوەیەکی ترسناکتر، ئۆپۆزیسیۆنیش تیادا بەشدارە.. ڕەنگە هەبێ بپرسێ، باشە بۆ ئۆپۆزیسیۆن، خۆ ئەوان دەنگی زیاتر دێنن لە دەسەڵات، بۆچی ئەبێ پیداگری لەوەنەکەن کە ئەم هەڵبژاردنە پیوستە لەکات و وادەی خۆیدا بکرێ(کە زۆریش دواخراوە).

ئێمە ئەزانین چوونە ناو هەر هەڵبژاردنێك لەتەك ئەم دوو پارتە مافیایەی ئیستا، هەمان ئەنجام ئەدات بەدەستەوە، ئەویش سەرکەوتنیانە و کورسی باش دێنن، لەبەرئەوەی هەمان تەزوویر بەئەنجام ئەگەیەنن و پارەیەکی زەبەلاح و هەڕەشەی نانبڕین وەك دوو ئامرازی باشیش لەبەردەستیانە،، لەهەمان کاتیشدا ئۆپۆزیسیۆن وەك لەرابردوودا بینمان ئەنجام و ئاکامی هەڵبژاردنەکان هەر چۆنێك بێ ، ئەمان پێی ڕازین و قبوڵی دەرئەنجامەکانی ئەکەن.

ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لەم گەمەی دواخستنەدا بۆ ئەوەیە کە خەڵکی بێزارو بێزارتر بێ و بەژمارەیەکی کەم (جگە لەهەوادارانی دەسەڵات)بەشداری تیا بکەن ،ئەوسا دەسەڵات بەشێوەیەکی یاسایی و لەڕێگای دەنگدانەوە بەخشکەیی زۆربەی کورسیەکان بۆ خۆیان ئەبەن و ئەبنەوە بەهەمان کەڵەگای پێش ٢٥/٧/٢٠٠٩ . لێرەوە ئەمەش کۆتایی ئەو گەمەیەیە کەبەئۆپۆزیسیۆن سپێرداربوو تا بتوانن دەنگی ناڕەزایی خەڵك بۆماوەیەکی تر کپ بکەنەوەو ئاوێك بکەنە ئاشی دەسەڵات و بۆ ماوەیەکی تر دەسەڵاتیان درێژە پێبدەن.

لەڕاستیدا جەماوەرو شەقام هیچ کاتێ ئەوەندە وەك ئێستا بێ هیوا نەبوون و هەموو درۆکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیان تاقی کردەوەو چی تر ناتوانن گرەو لەسەر ئەسپی هیچ لا بکەن. بۆیە بەڕای من دوای ئەم سیناریۆی هەڵبژاردنە ، جارێکی تر دەنگی شەقام بەجۆرێکی تر خۆی نمایش ئەکا. ڕەنگە لەسەرەتادا وەك ناڕەزایی و شێوازی خۆپیشاندان بێنەوە سەر جادەو کۆچەو کۆڵانەکان، لێ دڵنیام گەلێ بەخێرایی شێوازەکەیان ئەگوڕێ و هەمان شێوازی لیبیا و سوریاو یەمەن لەکوردستان دەست پێ ئەکا. نەدەسەڵات تا سەر ئەتوانێ خەڵکی بترسێنێ، وە نە ئۆپۆزیسیۆنیش ئەتوانێ شەقام گێل بکاو لەبەرژەوەندی خۆیدا بەکاری بێنێ.. لەکۆتاییدا دەنگی یەکەم و بڕیاری کۆتایی لای شەقام و جەماوەرەوە ئەبیسترێ. ئەم دوو دیکتاتۆرەی لەمەڕ خۆشمان کاتێ خەبەریان بۆتەوە کار لەکار ترازاوەو هیچ بەڵێنێك و شەرعیەتی پێشمەرگایەتی و ١٥٠ هەزار دیناری بیمەی بێکاری و گەڕانەوەی مافی نانبڕوان و نەهێشتنی سزای سیاسی و سوکایەتی بەڕۆشنبیرو ڕۆژنامەنوسان و تیرۆرکردنیان هیچ فریان ناکەوێت و ئەبێ باجی هەڵەکانیان بدەن .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە