رەخنەیەکی بێ ویژدانانە لە پەشێوی شاعیر
Sunday, 20/05/2012, 12:00
لە کوردستانپۆست بابەتێک لەسەر پەشیو سەرنجی راکیشام بە ناونیشانی: (پەشێو (تەزبیح)ێکی شیعری پێشکەش بە جەلال تاڵابانی کرد)، دوای خوێندنەوەی هەستم کرد شیوەی رەخنبەگرتنەکە ، بێویژدانی و فێلکردنێکی ئاشکرای تێدایە، هاوکات هەست دەکەم ئەم نووسینە هی نووسەرێکی بێت، لە رێگای ئەم کەسەوە بڵاوکرابێتەوە، تەنانەت ئەگەر سبەی وێنەیەکیش لەتەنیشت بابەتەکەی دابنرێ، من هەر گومانم هەیە.
سەرەتا دەبێت بلێم چەند جار من رەخنەم لە پەشیو گرتووە ، پەشیو نەک بەدەر نییە لەکەم وکورتی و هەڵە ، بەڵکو هەڵەشە ئەگەر پیرۆز بکرێت و بخرێتە دەرەوەی رەخنە. بەشێک لەسەرنجەکانی کاکی نووسەر راستی تێدایە، بەلام لێکدانەوە و رەخنەکەی بەگیانی قین و رەشکردنی هەموو تابلۆی شیوەی پەشێوە ، بۆیە نووسینەکە زۆر لاواز و نابەبەتی دەرکەوتووە ،ک ەلێرەدا نمونەکان دەهێنمەوە:
1) ئاماژە بەوە کراوە، کە پەشێو بەگیانی قین دژ بە تالەبانی شیعری تەزبێحی نووسیوە و هەموو تاوان و دزی وگەندەڵی وناپاکی ئاراستەی تەنیا تالەبانی کردوە و بارزانی لێ بێبەری کردووە . راستە شیعری تەزبێحەکە لەسەر تالەبانیە ، بەلام ئەوەی گوێ لە کۆی شێعرەکە و هەموو شیعرەکانی تری پەشیو بگرێ و خوێندبێتیەوە ، دەزانی ئەو شاعیرە و لە خالێکدا کۆی سیستەمەکە دەداتە بەر رەخنە کانی . خۆ ئەگەر بەو قسەیەی رەخنەگر بێت ، شیعرەکەی دووبەشی لەسەر بارزانیە ، چونکە ئەوە قسەی بارزانی بوو ، ترافیکەکەشی لەسەر نێچیرە، بەلام ئەوەی سەرنجم دابێت شیعری دوبەی و تەزبیح و هەموو ئەوانی تر رەخنەگرتنە لەکۆی رەفتا و هەلسوکەوتی بەرپرس و دەسەڵاتداران.
2) کە دەلێن میری دزان لەگەل کۆسرەتیتی ، نازانریت لەسەر چ بنەمایەک پشتی بەو تۆمەتە بەستووە؟ باشە بۆ نەلێین مەبەستی لە نێچیر، بەرهەم ، تالەبانی و بارزانییە؟ ..سەیری رەفتاری هەمویان بکەی شیعری میری دزان دەیانگرێتەوە .
3) دەلێت یەکێتی نوسەرانی کورد کە پارتی و کۆنە شوعیەکانن بۆیان رێکخستوە و وێنەیەکی مەلا مستەفای داناوە لە کۆڕەکە ... پێم وایە ئەوەی ئاگاداری کاری ناو هەموو ڕێکخراوەکان بێت دەزانێت کە سەرجەم ڕێکخراو ناوەندەکانی هاوشیوەی وەک یەکێتی نووسەران (سەرەتانە پیسەکەیە) ٥٠ بە ٥٠ ، هەڵەش نەبم سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی ئەم جارە بەشی یەکێتیە ، هاوکات دەبێت بشپرسین ئایا وێنەکەی مەلامستەفا تەنیا لەکۆرەکەی پەشیو لەهۆلەکە دانراوە؟ پەشێو و یەکێتی نوسەران هێناویانە دایان ناوە ، یان ئەوەتا وەک هەزاران شوینی تر بە زۆرە ملێ لەوە و پێشتریش دانراوە . ئەگەر ئەوەی یەکەم بێت پەشیو تاوانبار و ماستاوچی پارتیە ، بەلام ئەوەی ئێمە بزانین شوێن نییە وێنەی بارزانی باوک و کور (مەلا مستەفا و مەسعودی لە دەڤەری زەرد تیا نەبێت)، بەلام من هاوڕام کە پەشیو دەبوایە بۆ خوێندکارانی هاوشیوەی زانکۆی سلێمانی یان ناوەندێکی تری سەربەخۆ (ئەگەر لە هەولێر هەبێت)، بیکردایە لەبڕی ئەو نووسەرە جاش قەلەمانە.
4) کاک هەڵۆ عەزیز، ئاماژە بەوەدەکات پەشیو لە شیعرەکەی بۆسەردەشت تۆمەتی لەپاراستن و پارتی وەرگرتۆتەوە خستویەتیە ئەستۆی کۆسرەت رەسول ، هەموو پاساوەکەشی ئەوەیە گوایە باسی جام رەشی کردووە ، دیارە بەپێی رای کاکی رەخنەگر، بەس کۆسرەت سەیارەکانی جام رەشە! ئەمەش راست نییە! ئایا ئەوانەی تر لە بارزانی و هەموو بەرپرسانی تر جامیان وەک ئاوێنە روونە؟ ئەمە جگە لەوەی پەشیو لە شیعرەکەیدا دەلێت:
بۆ من گرنگ نییە جام رەشبوون یان جام روون ، بیژمارە بوون یان بەژمارە
ئەوەی رەخنەی منە پەشیو هەموو شیعرەکەی بۆ سەردەشت لە یەک خالدا چرکردبۆوە کە یاسا سەروەر نییە، بەلام ئەگەر سەیر بکەین شیعرەکەی شیرکۆش بۆسەرەدشت بە ووشەیەکی راشکاوانەی تیا نییە باسی پارتی و بارزانی بکات .... ئیتر نازانم شاعیر کە شیعرەکەی بۆ دێت وای لیدەردەچیت یان هەردوکیان خۆیان دزیوەتەوە . هەرچەندە دەبێت سەرنجێک بدەین کە پەشێو لەکۆی شیعرەکانی بەناو ناوی یەک بەرپرس لە رەخنەگرتندا ناهێنێ، بەڵکو وەکو وتم بە کۆی سیستەم و ئەقلیەتەکە رەخنە دەگرێت
5) کاکی نووسەر ئاماژە بەوەدەکات کە پەشیو بۆچی دوو ساڵ بێ دەنگ بوو لەسەر تیرۆری شەهید سەردەشت کەچی لە پڕێکا دێت شیعرێک دەخوێنیەتەوە، گوایە لەژێر فشار بووە. من شاعیر نیم ، بەلام ئەوەندە دەزانم شیعر دەبێت بۆت بێت بە زۆرەملی یان بۆ خۆشی ناتوانی ووشە ڕیز بکەی، هاوکات یەکێک لە رەفتارە خراپەکانی پەشیو ئەوەیە ، هەرچی رووبدات گەرماو گەرم قسە ناکات ، بەلکو لە کۆرەکانی بیر و سەرنجەکانی خۆی دەردەبڕیت تەنانەت بۆ دوعاش هەمان رەفتاری کردووە، خۆ پەشێو دوای چەندین سال ئێستا دێت قسە لەسەر دوعا دەکات، کە رەنگبێت پێی خۆش بووبێت شیعرەکەی لەسەر سەردەشت لەشاری هەولیر بخوێنتەوە کە بەرای من کاریگەری زیاتر بوو لە پیرە هەولێر خویندیەوە لەبڕی ئەوەی لە هەندەران بینوسیایە، وەلێ راست دەکەی پەشیو چی زیاترە لەچاو ئەو هەموو ڕۆشنبیرو و ڕۆژنامەنوسە گەنج و بوێرەیە ، دەبوایە لە سالیادەکەی لەگەل بنەماڵە و هاوڕیکانی شەهید سەردەشت بوایە ، ئەمە رەخنەیەکی جدیە لە پەشیو.
6) لەخالی کۆتایشدا دەلێم سەیر بکەن کاکی نووسەر چەندە بەزیرەکایەتی هاتووە و چەواشەی خەلک دەکات ، شیعڕیکی پەشیوی ساڵی عەفتاکانی سەدەی پێشوی بۆ مەلا مستەفا دەدۆزیتەوە و بەو ئامانجە بڵاوی کردۆتەوە گوایە ئەوەی بۆ بارزانی وتووە، تا خوێنەر یەکسەر بیری بخاتە سەر (مەسعود) کە وای لێکبداتەوە بۆ ئەوی نووسیوە و ئیستاش ئەمە دەخوات، ئەم رەفتارە قێزەوەندە هەستم کرد بێویژدانییەکی لە سنور بەدەرە، بۆیە نەمتوانی ئەو وەلامە نەنوسم ئەگەرنا پەشیو دنیایەک موریدی خۆی هەیە. ئاخر کەسێک خاوەن مٶرال بێت دەبێت بڵاوکردنەوەی شیعرێکی وا بیگەرێنتەوە بۆ بەروراکەی، کە چ سەردەمێک بووە، بۆیە لە کاکی بەناو رەخنەگر دەپرسم ئەی لە هەمان سەردەمدا شێرکۆش شیعری بە بەژن و بالای مەلا مستەفا هەڵنەدەدا؟ مەگەر هەموو کورد ئەوکات مەلامستەفای پێ سیمبول نەبوو؟
براکەم فەلسەفەی مێژوو ئەوەیە ، هەر مەسەلە و رووداوێک باس دەکەی دەبێت بیگەرێنیەوە بۆ (کات و شوێنی) خۆی ئەگەرنا نەخوێندەوارانە لێکدانەوەکەت، ئەژمار دەکرێ . بۆیە بۆ پەشیو و شیرکۆ لەو سەردەمدا هەڵە نەبووە ئەو لێکدانەوەیان هەبووە، بەلام هەڵەکە لەوەدایە ئەگەر ئەمڕۆ پەشیو ئەو باوەرەی هەبێت. دەلێیت پەشیو بەیەک دێر و رەخنەی لەمالی بارزانی نیە بەلام هاوکات بەهەمان ئاست بەدێرێکیشی لەناو هێنانی هێج بەرپرسێکی یەکێتی شیعرێکی نیە، بەئاستی ئەوەی روداوو هەوالێک سەرنجی رادەکێشێ و دەینوسی؟
من پێم وایە خاڵی لاوازی پەشیو لەزۆربەی ئەو سەرنجانەدا نییە کە هەولی داوە بەتەواوی بەرگی پارتی لە بەژن و باڵای پەشیو بدات ئەمە بێویژدانییە بۆ کەسایتیەکی وەک ئەو کە لەسەردەمێک دەژین بە هەموو کەم و کورتی و هەڵەکانی پەشیو ، تائێستاش نمونەیەکی جوانی لە هەڵوێست و خۆراگر و خاوەن بیروبۆچونێکی نەتەوەیی بێگەردی دەیان ساڵەیە.
دەکڕیت بلێین پەشێو بۆچ چەند ساڵ جاڕیک دیار دەکەوێت و دواتر ئەم نیشتمانە وێرانیش بیت قسە ناکات تا چەندین سال و دواتر سەرلەنوێ دێتەوە، گەواد و تەرەسیان دەکات سەرلەنوێ چەندین سال دەخەوێتەوە ... ئەمە ٢٢ سالە هاوکێشەی پەشیوە.
دەکڕیت لێرەوە رەخنەی لێبگیرێت و بڵێین پەشیویش ، وەک رەهەندیەکان واهەست دەکەن مرۆڤی پلە یەکن ، لەدەرەوەی چونە سەر شەقام و خۆپیشاندان و کەمپێنن خەلکی سادە کۆیلەکەیە و دەبێت بچێت کارو چالاکی بکات، ئەوانیش بەس قسە بکەن، مافی خۆیانە نەیەنە ناو هیچ کار و چالاکیەکی جەماوەری بۆ یەک کاتژمێریش ، چونکە لەهەیبەتیان دیتە خوارەوە؟ لەکاتێکدا ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بەو دەنگ و رەنگانەیە کە قسەکانیان بێنە ناو شەقام و هۆلەکان و لە گەرمەی کێشەکان لەگەلماندا بوەستن نەوەک لەمال و لە کەنالەکانی تێڤێوە سەیرمان بکەن . ئاخر ناکرێت هەموو کەسێک ناو دەنگی هەبوو یان قەلەمی گرتە دەست، کاری وەک مەلا بەس وەعز دان بێت! سەیرکەن فاروق رەفیق ، لەرۆژنامەی هەولێری دەینووسی ، زۆر ووشەی فەلسەفی باس دەکرد، بەلام کاتێک لە دووم ڕۆژی خۆپێشاندان چووە ناویانەوە، نەناشیرینەکەی رۆژنامەی هەولێری نەما، نە خەلکیش دەیوت ئەمە بەس قسە دەکات ، جوانیەکی پێ بەخشی کە لە هەموو تەمەنی قسەکردنەکانی پێی نەبەخشیوە . یان بلێین شێرکۆ لەتەک ئەوەی کەسێکی گەندەڵ و حزبییە، بەلام بەردەوام لەناو شەقام و خۆپیشاندانە نەتەوەیەکانە و گەرماو گەرمیش رەخنە جگە لەیەکێتی نەبێت ئەوا بەشدار دەبێت لەپارتی بگرێت .
دەکڕیت بلێین پەشیو ئەگەر لە ٨٠ کانی سەدەی رابردوو بەدواوە ، بوێرانە پەنجەی بۆسەدان ناپاکی و تاوانی وەک شەری ناوخۆ لەناو چەقی دەسەلاتەوە راکێشاوە ، جوانیەکی گەورەیتی کەلەو سەردەمدا وای ناسیون ، بەلام لەسەردەمی ئەمڕۆدا ئەو شیوە رەخنە گرتنە گشتگیریانە ، دەبێت خاڵ لەسەر ووشەدابنێت ، دەنا بەهەلوێستێکی لاواز بۆ پەشیو ئەژمار دەکرێت .
بەلام سەرباری ئەمانە پەشیو وەک ئەو سوپایە بەربلاوە و بێ کەرامەتە نیە . قەلەمەکەی بە شان و بالی هیچ بەرپرسێکدا وتبێت ؟ پەشیو لەسەرەمەرگ بوو ، بەژیانێکی سادە دەژی و لەئاستی هەرە باڵا دەستیان بۆ درێژ کرد هەمووی رەتکردەوە . پەشیو لە مێژوی دەیان ساڵی وەک شیرکۆ بە شان و بالی حزب و گەندەڵی نەکردوە و یاداشت و پارانەوەی بۆ هیچ بەرپرسێک نەنووسیوە ؟ پەشیو هەرگیز وەک رەهەندیەکان داکۆکی لەگەندەڵیی نەکردوە و نامەی سازشکارانەی نە نووسیوە و لەحاکم قادر نەپاراوەتەوە داوای پارچە زەوی نەکردوە؟ ئەو هەوڵی داوە وێنەیەکی جیاتر لەوان بژی ئەویش بەکەرامەت و ژیانە سادەکەی فینلەندا زۆر بەویژدانترە لەبڕی ئەوەی خۆشیەکانت لەسەر ئەم میللەتە هەژارە بنیات بنێی و شیعرەکانت پێچەوانەی کردارت بێت
لە کۆتایش دەلێم پەشیو بەدەر نیە لەرەخنە و پیرۆزکردنی، هەڵەیەکە و گەنجانی کورد لەنیشتمان تێیکەوتون ناکرێت کەس پیرۆز و لەدەرەوەی رەخنە دابنرێ، دوایی زیاتر تووشی هەڵە و لە خۆبایی دەبێت، هەرچەندە ناهەقی گەنجانی نیشتمان نییە ، چونکە ئەوان دەمێکە وێنەیەکی جوانی ڕٶشنبیرێکی وەک پەشیویان نەبینیووە تێبنوی دەنگ و سیمبولی بەهەلوێستن ، لەسەردەمی ئیشتاش لە پۆلی پەشیو تائیستا ئەو بەجوانتر لەهەمووان هێناویەتی
------------------------------------------------------
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست