کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


لێپرسراوانی هه‌رێم ته‌نها خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌که‌ن

Friday, 13/07/2012, 12:00



پلە،پایە و پۆست گەر بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا نەبێ، گەر بۆ بەرجەستەکردنی هێزو توانای تاك لەئاست ئەو کۆمەڵگایەی تێدا ئەژی، گەر بۆ کاری چاکەو باش نەبێ. ئەوا ئەچێتە قاڵبێکی ترەوە ،کە ڕەنگە دەرئەنجام دژ بە کەڵك و بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگا بوەستێتەوە. کاتێ پۆست بۆ کاری لاوەکی،بەرژەوەندی تەسکی تاکایەتی و بنەماڵەیی بەکاردێ، ئەوا سەرەنجام ماڵوێرانی بۆ کۆمەڵگا و میلەت بەرهەم دێنێ.

ئەو جۆرە پلە وپۆستانەی هەیە لەکوردستانی باشوور، هەر لەسەرۆکایەتی هەرێم،سەرۆك وەزیران و کابینەکەی، پەرلەمان و کابینەکەی و پۆستەکانی دیکەش.. لەڕێگای بڕوانامە و کارایی و ئەزمونەوە نیە، بەڵکە ئەم پۆستانە هەمووی ئەدرێ بە کەسە نزیکەکانی هەردوو بنەماڵەی سەپێنراو.. ئاخۆ کەس هەیە ئەوەی بینیبێ کە لەڕێگای پشبێڕکێ و توانا و شارەزایی کەسێ لەو بەرپرسانەی ئەوڕۆ پۆستیان وەرگربێ؟؟ بێ گومان نەخێر، بەڵکە هەمویان پۆستەکانیان پێدراوە،، بەمانایەکی دی؛ کۆیلەکراون بەرانبەر ئەو پۆستانەی هەیانەو ناتوانن جگە لەخزمەتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی خزمەت بەهاوڵاتیان ببەخشن.

کاتێ مەسرور بارزانی تیرۆری هەریەك لە (شێخ ستار،سۆران و سەردەشتی کرد) ئەو پۆستەی ئێستای نەبوو، ڕەنگە بۆ لەمەودواش هەر هەمان کاری تیرۆرو کوشتن دژ بە خەڵکی نیشتمان پەروەر بەردەوام پێ بێنێ. کەواتە لێرەدا ئەو پۆستە نوێیەی مەسرور هیچ نیە تەنیا بەشەرعیەت دان بەو کارە پۆخڵەوات و تیرۆرانەی کەکردونی. وەیان ڕاستر بێژین؛ مەسرور پۆستی هەبێ و نەبێ ئەو لەکورد کوشتنی خۆی ناکەوێ و دەستبەرداری ئەو ئەرکە نابێ کەدوژمنانی گەلەکەمان پێی سپاردوون.. مەسروری کوڕ، مەسعودی باوك و مەلا مستەفای باپیریش هەر هەمان شتیان کردوە. جا بۆیە بۆ من هیچ گرنگی نیە ئەو پۆستەی ئێستای و هیچ نیگەران نیم و تووشی شۆکیش نەبووم.

نیلسۆن ماندێلا، گاندی،لینین و گیڤارا، پۆستیان بەکار هێنا بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی و فێرکردنی نەوەکان بۆ ئەوەی مرۆڤیان خۆش بوێ، بۆ ئەوەی خەبات بکەن دژ بەداگیرکاری و بجەنگێن لەپێناو مافەکانی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك لەهەر شوێنکی ئەم گەردوونەدا بن. لینین توانی ڕوسیا لەووڵاتێکی کوشتوکاڵیەوە بگەیەنێتە ووڵاتێکی پیشەسازی وا کە دواتر بوون بەیەکێ لەگەورەترین ووڵاتی ئەم جیهانە. کەچی لەم بەرەوە، سەدام حوسێن،حوسنی مبارەك،بن عەلی و قەزافی و مەسعود و جەلال بەو پۆستانەی هەیانە جگە لەوەی ووڵات بەرەو دیکتاتوری و ملهوڕی و شەڕو شۆ ئەبەن ،، هیچی تر لە هزرو بیرکردنەوەیاندا نیە. جگە لەوەی میلەتێ ئەکەن بەقوربانی حەزو ئارەزوە نەشاز و خوارو خێچەکانیان ، نەیان توانیوە بەردێك بخەنە سەر بەردێ.

بەشار ئەسەد، کەسێکی دکتۆر لەیەکێ لە زانکۆ باشەکانی بەریتانیا دەرچوەو کەچی تەنها کاری دکتۆری ناکا و کەسی پێ چارەسەر ناکرێ، بەڵکە لەجیاتی ئەوە،، تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسی لەهاوڵاتی بێ چەکی خۆی کوشتوە،، کەچی لە ساڵی ١٩٦٧ وە بەشێکی ووڵاتەکەی(گردەکانی جۆلان) لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە و خۆی ناکا بەساحێبی و وەك کەڕەی شەربەت ڕەفتار ئەکا. مەسروریش لەزانکۆکانی ئەمریکا خوێندویەتی و ئینگلیزیەکەی لەکوردیەکەی باشترە، کەچی هەر هاتەوە کەوتە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و تیرۆرکردنی مرۆڤی کورد. کەواتە پلەو پۆست گەر تەنها ببەخشرێتەوە و هیچ ئارەقەی بۆ نەکەی ، ئاوا بەخراپی بەکاردێ. بۆیە پێوستە لەسەر ئەوانەی بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە لەپەرلەمان خۆیان نمایش ئەکەن ، لانی کەم بایکۆتی ئەم پەرلەمان و حکومەتە بکەن و لێی دەرچن، ئەگیان گەر وا نەکەن ئەبن بەبەشێك لەم دەسەڵاتە ناڕەوا، کورد کوژە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە