یەكێتى نەخۆشخانەى موزمین و(گەمەى گۆڕینەوەى قەرەوێڵەكان*)
Saturday, 28/02/2009, 12:00
1075 بینراوە
یەكێتى وەك ڕێكخراوێكى سیاسى و چەكدارى لە ووڵاتى ئێمەدا مێژوویەكى پڕ لەململانێ و كێشمەكێش و جیابوونەوە و یەكگرتنەوەى باڵ و تەیارە جیایاكان بووە,سروشتى ئەم ڕێكخراوە سیاسیە چەكدارە هەر لەسەرەتاى دروستبوونیەوە بەنەخۆشیەكى موزمینیەوە لە هەناوى منداڵدانى شۆڕشى چەكدارى كوردیدا لەدایك بووە.كێشەى گەورەى یەكێتى ئەوە نەبووە كەهەر بە نەخۆشى بمێنێتەوە بەڵكو بۆخۆى بووتە نەخۆشخانەیەك بۆ پەروەردەكردنى نەخۆش لەو نەخۆشخانەیەو باوەڕهێنانى كادرو ئەندامەكانى بۆ مانەوەیان لەنەخۆشخانەى یەكێتى,منداڵە نەخۆشەكانى نێو یەكێتى لە منداڵە هارو هاجەكانى نێو شۆڕش بووە كە بەو حاڵەوە بەجەستە و ڕوخسار ساغ و سەلامەت دیار بووە و لە ڕۆحدا شەكەت و ماندوو لەهەناودا بریندار.
یەكێتى نەخۆشێكى نێو نەخۆشخانەكەى مێژووى چەكدارى ووڵاتى ئێمەبوو هەربۆیە ئەم نەخۆشە بەدرێژاى تەمەنى بۆساتێك چییە پەرۆشى چارەسەر كردنى نەخۆشیەكەى نەبووە ,هەمیشە و دائیم بیرى لەوە كردووەتەوە كە وەك جەستەیەكى ساغ و سەلامەت لە خۆى بڕوانێت ,ئەگەر جار جارەش هەستى بەوە كردبێت كە جەستەى یەكێتى نەخۆشە ئەوا هەر ئەوانەى خۆیان بە حەكیمى چارەسەرى گرفتەكانى یەكێتى زانیووە هەركە گوێیان لە نوزەى ژان و ئازارى ئەكێتى بووە یەكسەر بەنجیان كردووە تاوەكو سەروەختێكى زۆر بەو بەنجەوە هێشتویانەتەوە,بەڵام لەسەردەمە ئاڵۆزو پڕ ململانێ و بەیەكداچوونى بەرژەوەندیەكان كە جەستەى یەكێتى توشى داڕزان كردووە دەرمانى بەنجى حەكیمانى یەكێتى ئیكسپایەر بووە و تواناى بەنجكردنى لاشە داڕزاوەكەى یەكێتى نەماوە.
شەڕوشۆڕى یەكێتى بەدرێژاى سێ لەسەر چوارى تەمەنى ئەم حیزبە لەبەرامبەر لایەنەكانیتردا بەشێك بووە لەو بەنجەى كە حەكیمەكانى یەكێتى وەك چارەسەر پێشنیاریان كردووە بۆ دەردو نەخۆشیەكانى نێو هەناوى یەكێتى,بەڵام ئەم دەرمانە لەم رۆژەدا و لەم سەردەمى تازەیەدا نەیتوانی تا سەر كارى خۆى بكات,واتە بە مانا لۆژیك و زانستیەكەى ئیكسپایەر بووە.
پاش ئیكسپایەر بوونى "شەڕ "وەك دەرمانێكى بەنج بۆ نەخۆشیەكانى یەكێتى ,ئەم حیزبە كاتێكى زانى خۆى لە سەر سفرەیەكى پان و بەرینى خیرو خێراتى ووڵات بنیەوە,بەخشینەوەى پۆست و پلە پارەو بۆسەردەمانێك بەهەمان شێوە وەك دەرمانى بەنج بۆ برینەكانى نێو هەناوى یەكێتى بەكارهێنران هەتا ئەوكاتەى بەرپرسەكانى یەكێتى لە داگیركردنى تەواوى پانتاى سەر سفرەكە لەسەر حیسابى خەڵكى داماوى كوردستا بوو ,پۆست و پلەو پایەى دەیتوانى وەك دەرمانى بەنج كارى خۆى بكات ,بەڵام هەرئەوكاتەى سنورى فراونكردنى دەستەڵات و پلەو پایەو دەستخستنى موڵكو سامانى هەر بەرپرسێك كە پێویست بوو بەدەستى بێنێت لەسەر حسابى بچوكردنەوە و بەرتەسك كردنەوەى دەستەڵات و پلەو پایەى بەرپرسەكانیتر بوو لەو ساتەوە دەستەڵات و پلەو پایە نەیتوانى وەك دەرمانى ئازار شكێنى نەخۆشیەكەى یەكێتى بەردەوام بێت.
بەڵام دەبێت بیرمان نەچێت حەكیمەكانى یەكێتى هەمیشە لەبیرى بەدەست هێنانى دەرمانى بەنج بوون بۆ سڕكردنى نەخۆشیەكانى نێو هەناوى یەكێتى,بۆیە كاتێك دەبینن لەسەر سفرەى خێرو بێرى ووڵات هەر بەرپرسەى لە سوچێكى سفرەكەوە خۆى گەیاندووەتە چەقى سفرەكە ئیتر لەمەبەدواوە بستێك لەسفرەكە نەماوەتە تا هەریەكەو لەلاى خۆیەوە سنورى خۆى لەسەر فراوان بكات بۆیە دەبینین پاش كۆنترۆڵكردنى تەواى پانتاى سفرەكە هەر بەرەوپێشونێكى بەرپرسێك لەسەر حسابى بەرپرسێكیترە,ئیتر ئالێرەوە بۆ ئەوەى پێكدادان ڕوونەدات حەكیمەكانى سڕكردنى ئازارەكانى یەكێتى بیر لە یارى پۆست گۆڕكێ دەكەنەوە.
گەمەى گۆڕینەوەى قەڕەوێڵەكان ناونیشانى چیرۆكێكى شێرزاد حسن كە تیایدا باس لەوە دەكات كە نەخۆشەكانى نەخۆشخانەیەك كاتێك دەگەن ئەو قەناعەتەى كە چارەسەریان نییەو ئەمەلى چاك بوونى وەزعیان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات بۆیە نەخۆشەكان لە نێوان خۆیاندا لەسەر ئەوە ڕێك دەكەون كە یاریەك "گەمەیەك"بدۆزنەوە تاوەكو تا مردن خۆیان پێوە خەریك بكەن ,چونكە گەمەى گۆڕینەوەى قەڕەوێڵەكان تاكە ئومێدێكى پێش مردنى نەخۆشەكانى ئەو بیمارستانەیە,بۆیە ئەو كارەى ئێستا یەكێتى خەریكێتى كەخۆى لە گۆڕینى كورسى و پۆستەكاندا دەبینێتەوە لە نێوان هەرهەمان ئەوانەى كە هۆكارى نەخۆشیەكەن باشترین یارییە بۆ ئەم سەردەمەى یەكێتى تاوەكو نەخۆشخانەكەى یەكێتى بۆماوەیەكیتر بتوانێت وەك دەرمانێكى بەنج بەكارى بهێنێت پێش مردنى یەكجارەكى بۆ سڕكردنى ئازارەكانى جەستەى یەكێتى ,ئەو ئازارەى كە لە سەرەتاى لەدایك بوونیەوە لەگەڵیداو لەهەر سەردەمێكدا بەشێوەیەك لە شێوەكان بەنج كراوە.
[email protected] * گەمەى گۆڕینەوەى قەرەوێڵەكان, چاپى یەكەم ,ساڵى 2004 ,شێرزاد حەسەن, كورتە چیرۆك