دوو ڕوویی سیاسەتمەداری کورد، فازڵ میرانی بە نموونە

Thursday, 29/12/2011, 12:00





مالکی دەلێ هاشمی دەبێت لە بەغدا دادگایی بکرێت و بە دادگایی کوردستان (سلێمانی) ڕازی نییم . لە بەرامبەردا میرانی و پارتەکەی دووپاتی دەکەنە کە دادگا لە کوردستان دادوەرترین دادگای عێراقە و ناوچەکەیە و هیچ خەوشێکی نییە.
کاتێکیش کار دێتە سەر دادگایی هیوا ئەحمەد مستەفا، میرانی بە دادگایی سلێمانی ڕازی نییە، خۆی دەیەوێت دادوەرەکان دیاری بکات و داوای دادوەر لە دەرەوەی کوردستان دەکات.
جا ئەگەر ئەمرۆ دوایی لێدوانی مالکی لە مالکی بپرسن بۆ بە دادگایی کوردستان ڕازی نییە. ئەویش بە سادەیی دەتوانی بلێ لە بەر هەمان ئەو هۆیانەی پارتی و میرانی ڕازی نیین بە دادگایی هیوا ئەحمەد مستەفا لە سلێمانی، یان بلێ ڕازیم بەڵام خۆم دادوەر دادەنێم، یان دادوەر بۆ دادگایی هاشمی لە دەرەوە دێنم. بە کوردیەکەی ئێستا مالکی زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ڕوونی میرانی بداتەوە بە سمێلی میرانی.
لە سیاسەت بە هەلوێستی پارتی و میرانی سەبارەت بە دادگایی هاشمی و هیوا مستەفا دەوترێت دوو ڕوویی سیاسی.
خەلکی کوردستان پێویستە لەم دوو ڕووییە و بێ تواناییەی سیاسی کورد کە میرانی نموونەیەکی زەقیەتی ئاگادار بکرێتەوە . بەراوردکردن و بینینی هەڵوێستە دژە بە یەکەکانی دەسەڵاتدارانی کورد خزمەت بە پێش چاووڕوونی خەلکی کوردستان دەکات و دوو ڕوویی سیاستوانی ئەمرۆی کوردیش زیاتر ئاشکرا دەکات.

 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە