دواى ئاشكراكردنى لەلایەن كوردستانپۆستەوە، شەریكە تەزویرچییەکەی مەحمود سەنگاوى دەستگیر كرا
Wednesday, 08/02/2012, 12:00
كوردستانپۆست / پەیامنێرى 12 هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە دادگاى كەلارەوە بە كوردستانپۆستى ڕاگەیاند ئاسۆ كەریم ئەحمەد كە سەرپەرشتى باندە تەزویرەكەى مەحمود سەنگاوى لە گەرمیان كردووە دەستگیركرا ، ئەو سەرچاوەیە ووتیشى دواى ئاشكرا كردنى ئەو باندە لە كوردستانپۆست، كێشە كەوتۆتە نێوان بەڕێوبەرى ئاسایشى گەرمیان و مامۆستا سەیوانى بەڕێوبەرى ئاسایشى كەلارەوە.
مامۆستا سەیوان، عەلى حەمە شاسوارى بە وەرگرتنى پارە لە بەرامبەر پەردەپۆشكردنى باندە تەزویرچیەكەى مەحمود سەنگاوى تۆمەتباركردووە، پێى وتووە من ئامادە نیم تۆ پارە بخۆیت و منیش تاوانێكى لەم جۆرە پەردەپۆش بكەم، سەرچاوەكەى دادگا وتیشى ئاسۆ بایى 333،000،000 سێ سەد و سی و سێ ملیۆن دینار سوتەمەنى بە تەزویر وەرگرتووە و لە بازاڕى ڕەشدا فرۆشتوویەتى ، كوردستانپۆست ئەوەشى زانیوە، کە ئاسۆ بە ڕاسپاردەى مەحمود سەنگاوى ویستوویەتى لە فرۆكەخانەى سلێمانیەوە هەڵبێت بەڵام ڕێگەیان پێنەداوە و دواى كەوتوون تا لە كەلار دەستگیریان كردووە، جەماوەرى گەرمیان دواى ئەم ڕووداوە متمانەیان بە ئاسایش و دەزگا ئەمنیەكان نەماوە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەى كە ئەمە كاتى تاقیكردنەوەى ئەم دەزگایانەیە، كە ئایا ئەو باندانە دەستگیر دەكەن و ڕێگە لە تەزویرات ئەگرن یان پەردەپۆشی ئەكەن و ئەبنە شەریكە دزى تاوانباران و تەزویرچیەكان؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست