هەڵكەوت زاهیر و منداڵە دەنگبێژەكانى كۆڕەكیان كۆنترۆل كردووە
Tuesday, 09/06/2009, 12:00
هەولێر/ دەرهێنەرێكى بوارى كلیپ كردن رەخنە لە كەناڵى كۆڕەك دەگرێ، كە بەبێ هیچ هۆكارێك كلیپى ئەو بڵاوناكەنەوە و پێیوایە ئەو كەناڵە تەنیا بۆ پەخشكردنى كارە هونەرییەكانى چەند بەناو گۆرانیبێژێك بەكاردێت، بەرێوەبەرى كۆڕەكیش رەتى دەكاتەوە بەبێ هۆكار كلیپى باش لاى ئەوان پەخش نەكرێ.
پێشەوا نەبەرد كە كارى ڤیدیۆ كلیپى چەندین هونەرمەندى كردووە رایگەیاند، كەناڵى كۆڕەك بەبێ هۆكار كلیپەكانى بڵاوناكاتەوە، بە كەناڵێكى خێزانى وەسف كرد و گوتى "ئاواتى هەموو هونەرمەندێكى كورد بوو، كە كەناڵێكى هونەرى كوردى دروست بێت، كە ئێستا كەناڵى كۆڕەك دروست بووە، بووەتە كەناڵێكى شەخسى، تەنیا بۆ نیشاندانى كارەكانى هەڵكەوت زاهیر و چوار پێنج دەنگبێژى لاى ئەو بەكاردێت، بەڵام هەر كلیپێكى من ئەگەر زۆر باشیش بێت و لە ئاستێكى وا بێت كە كەناڵى كوردسات و كەناڵەكانى دیكە ئەو كلیپە بكڕنەوە و پەخشى بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەو ئاستەش كۆڕەك ئامادە نییە پەخشى بكات"، ئەو دەرهێنەرە هۆكارەكەى دیارى نەكرد و راشیگەیاند، مەمنوون نابێت بە بڵاوكردنەوە و بڵاونەكردنەوەى كلیپەكانى، بۆیە گوتیشى "من كێشەم ناو نییە و ئەو قۆناغەم تێپەراندووە، بەڵام ئەگەر ئەوان شتێكى ناشەرعیان هەیە بەرامبەر بە ناوى من بۆچى حەقى هونەرمەندێك بخورێ، هونەرمەندێك تاوانى چییە دێت كارێك لەگەڵ من دەكات، لەبەر ناوى من لە كۆڕەك كلیپەكەى پەخش نەكرێ".پێشەوا نەبەرد ئاماژەى بۆ ئەوەشكرد لەبەر نەبوونى لێژنەیەكى شارەزا بۆ هەڵسەنگاندنى كلیپ لە كەناڵى كۆڕەك، هیچ وەڵامێكى فەرمى لەو كەناڵە وەرنەگرتووە، كە باس لە هۆكارەكانى بڵاونەكردنەوەى كلیپەكانى بكات، لەوبارەیەشەوە دەڵێت "لەو كاتەوە كەناڵى شەخسى كۆڕەك دامەزراوە سێ گۆرانى هونەرمەند شاخەوان و گۆرانییەكى دانیاڵ و گۆرانییەكى دیكەى شوان قەرەداغى، هەروەها گۆرانییەكى دیكەى سەردار عوسمانم كلیپ كردووە، كە هەموو ئەوانە رەوانەى كۆڕەك كراوە و پەخش ناكرێن"، دواتر پێشەوا نەبەرد گوتیشى "شاشەى شەخسى كۆڕەك بەس بۆ دەشنێ ناوێك و دیمانەى هەڵكەوت زاهیر تۆمار كراوە، زۆر بەراشكاوانە دەڵێم هەڵكەوت زاهیر و منداڵەكانى كۆڕەكیان كۆنترۆڵ كردووە"، لەوبارەیەشەوە هەڵكەوت زاهیر بەرێوەبەرى كەناڵى كۆڕەك رایگەیاند هیچ كلیپێك نییە بەبێ هۆكار لاى ئەوان بڵاونەكرێتەوە و بە فەرمى وەڵامى خاوەن كلیپەكە نەدرێتەوە و گوتى "من پێشەوا نەبەرد ناناسم و هیچ كلیپێكى لاى ئێمە نەوەسێنرداوە، ئەو دەتوانێت سەردانمان بكات بۆ هۆكارى پەخش نەكردنى كلیپەكانى كە بە وتەى خۆى لاى ئێمە راگیراوە"، هەروەها بەرێوەبەرى كەناڵى كۆڕەك ئاماژەى بۆ ئەوەشكرد ئەوان بەبێ كواڵێتى باش و تەنسیقى میوزیك و سیناریۆ هیچ كلیپێك پەخش ناكەن، بۆیە گوتى "لەوانەیە كلیپەكانى ئەو دەرهێنەرە لەو لایەنانەوە كەموكوڕى هەبووبێت".
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست