کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆمێنتاری من له‌ سه‌ر پرسیارو وه‌ڵامه‌کانی شێخ جه‌عفه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌تر پرێسدا

Friday, 29/04/2011, 12:00


له‌ ماڵپه‌ڕی چه‌تر پرێسدا چاوپێکه‌وتنێك له‌گه‌ڵ شێخ جه‌عفه‌ر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌، ویستم ڕای خۆم ده‌رببڕم ده‌رباره‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی چه‌تر پرێس له‌ خواره‌وه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ بواری سه‌رنج و ڕا ده‌ربڕێنی خوێنه‌رانی دانه‌ناوه‌ بۆیه‌ به‌ ناچاری له‌ ڕێگه‌ی کوردستان پۆسته‌وه‌ حه‌ز ده‌که‌م چاوپێکه‌وتنه‌که‌ به‌ ده‌ستکاریه‌وه‌ بڵاوبکرێته‌وه‌

مه‌به‌ست له‌م کاره‌ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه‌:
یه‌که‌م / به‌رپرسه‌کانی کوردستان و ئه‌ندامی حیزبه‌ سه‌ره‌کیه‌کان و وه‌زیره‌کان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان له‌ خه‌ڵکی ساده‌ و ئاسایی کوردستان زۆر دابڕاون و به‌ که‌یفی خۆیان چییان
بوێت ده‌یڵێن و ده‌یکه‌ن و نابێت که‌س قسه‌ له‌ قسه‌یاندا بکات به‌ڵام له‌ ئه‌وروپا و وڵاته‌ دیموکراتیه‌کانی دنیادا ئه‌ندامانی حیزب و وه‌زیر و کاربه‌ده‌ستانی حکومی ماڵپه‌ڕ و ئی مه‌یڵ و ته‌له‌فونی تایبه‌تی خۆیان بۆ خه‌ڵکی ئاشکرا ده‌که‌ن تاوه‌کو خه‌ڵکی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ بکه‌ن

دووه‌م/ کاتێك ده‌ڵێین میدیای کوردی ئازاد نییه‌ مه‌به‌ستمان له‌ شێوازی ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه‌یه‌ که‌ ته‌نها یه‌ک ڕای به‌رامبه‌ر ده‌بیستین و ده‌بینین و ده‌خوێنینه‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ به‌ ڕای دووه‌م و سێهه‌م و ڕا جیاوازه‌کانی تر نادرێت که‌ له‌ هه‌مان کات و له‌ هه‌مان شوێندا وه‌ڵامی قسه‌کانی ده‌سه‌ڵات بداته‌وه‌ بۆ نمونه‌ هه‌ر که‌سێك ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ بخوێنێته‌وه‌ گه‌لێك پرسیاری لا دروست ده‌بێت که‌ خۆزگه‌ ده‌خوازێت یان په‌یامنێره‌که‌ی چه‌تر پرێس بوێر و ئازابێت و بپرسێت یان جه‌نابی وه‌زیر دڵفراوان بێت و ڕێگه‌ی بدات

سێهه‌م / ڕه‌نگه‌ بپرسن بۆچی من وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه‌ و چ کاره‌م منیش ده‌ڵێم ته‌نها کوردێکی خوێنه‌وارم و حه‌زده‌که‌م بزانم له‌ کوردستانه‌که‌ی مندا چی ڕووده‌دات به‌ هیوای ئه‌وه‌ی توندو تیژیه‌کان بوه‌ستێت و دیواری نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات بڕوخێت

چاوپێکه‌وتنه‌که‌ و سه‌رنجه‌کانی من

به‌ داوای لێبوردن له‌ چه‌تر پرێس که‌ به‌ بێ پرس ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ وه‌رگیراوه‌ به‌ڵام وه‌ک له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا ئه‌گه‌ر بواری سه‌رنج دان هه‌بوایه‌ سه‌رنجه‌کانم ڕاسته‌وخۆ ده‌نارد بۆ چه‌تر پرێس
****************************************************
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا: ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن یه‌کێتی له‌پێناو پارتیدا هێزی هێناوه‌ته‌ سلێمانی سه‌ریان داى له‌به‌رد

دیداری ئاراس عوسمان
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له‌م دیداره‌یدا له‌گه‌ڵ (چه‌تر) باس له‌وه‌ ده‌کات ئه‌و هێزانه‌ی هێنراونه‌ته‌ سلێمانی به‌فه‌رمانی فه‌رمی جوڵێنراون و بۆ پاراستنی سنوره‌که‌ و کۆتایهێنان به‌ خۆپیشاندان وتوندوتیژیه‌کان هێنراون، ئاشکراشیده‌کات ئه‌گه‌ر پێویست بکات جگه‌ له‌و ژماره‌ زۆره‌ی هێز که‌ له‌ سلێمانی جێگیر کراوون هێزی دیکه‌ش ده‌هێنن، ره‌تیشیده‌کاته‌وه‌ هیچ مه‌ترسیه‌ک بۆ سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌ ئارادابێت.

چه‌تر: له‌باره‌ى ئه‌م دۆخه‌ى له‌سلێمانیدایه‌ وه‌ک وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ده‌ته‌وێت بڵێیت چى؟
- له‌دواى (17)ى شوباته‌وه‌ خه‌ڵکانێک چونه‌ سه‌رشه‌قامه‌کان و، به‌بێ مۆڵه‌ت شه‌قامه‌کانیان گرتبوو هه‌روه‌ها کاروکاسپیان له‌م شاره‌دا نه‌هێشتبوو، له‌پاشان توندوتیژییه‌کى زۆریان ئه‌نجام داو زیاتر له‌سێ سه‌د پۆلیس برینداربوون که‌ دیاره‌ چه‌ند لایه‌نێکی سیاسی پشتیوانیان له‌و توندوتیژیانه‌ کردووه‌ و چه‌ندین منداڵى خوار ته‌مه‌نى (18) ساڵیان ده‌هێنایه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ کارى توندوتیژى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ناچاربووین ئه‌و هێزانه‌ ڕه‌وانه‌ى سلێمانی بکه‌ین.

چه‌تر: باس له‌وه‌ ده‌که‌یت منداڵ و خه‌ڵکیان هێناوه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌کان، هه‌وڵى ده‌ستگیرکردنى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ده‌ن؟
- ئێمه‌ ده‌بێت خۆپیشاندان جیابکه‌ینه‌وه‌ له‌توندوتیژى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یاسایه‌کمان هه‌یه‌ بۆ خۆپیشاندان و ده‌بێت ئه‌و لایه‌نه‌ی خۆپیشاندان ده‌کات پێویسته‌ کات و شوێن دیارى بکات و پێشکه‌شى لایه‌نى ده‌سه‌ڵاتى بکه‌یت، به‌ڵام له‌میدیاکانه‌وه‌ بینیمان له‌ڕابردوو چى ڕوویداو چۆن له‌فتواکاندا سه‌روه‌ت و سامان وخوێنى خه‌ڵکى بۆخۆیان حه‌ڵاڵ ده‌که‌ن، دیاربوو هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌به‌رده‌رکى سه‌را له‌گه‌ڵ نوێژکردنه‌کانیاندا هه‌موو بۆ کارى توندوتیژى بوو، لایه‌نى سیاسى له‌پشتیانه‌وه‌ بوون ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێگه‌ به‌و کاره‌ توندوتیژیانه‌ ناده‌ین و ئه‌و که‌سانه‌ى توندوتیژیان ئه‌نجامداوه‌ ده‌بێت به‌پێى یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دابکرێت.
ئه‌گه‌ر من چه‌تر پرێس بومایه‌ ده‌موت جه‌نابی وه‌زیر بۆچی ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵات ته‌نها خۆپێشاندانی بێ مۆڵه‌ت به‌ توندوتیژی ده‌زانن ئایا ته‌قه‌ کردن له‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ بێ مۆڵه‌ت خۆپیشاندان ده‌که‌ن چاره‌سه‌رێکی باشه‌ و ڕێگه‌ له‌ یاساشکێنی و توندو تیژی ده‌گرێت؟ ئایا حکومه‌تی هه‌رێم بیر له‌ یاسایه‌ک ناکاته‌وه‌ که‌ فه‌رمانی ته‌قه‌ کردن ته‌نها به‌ ئه‌مر و فه‌رمانی جه‌نابتان بێت و هه‌ر که‌سێك ته‌قه‌ی کرد له‌ پێشدا جه‌نابت ڕوو به‌ ڕووی به‌رپرسیارێتی و لێپرسینه‌وه‌ ببیته‌وه‌؟


چه‌تر: به‌ڵام ئه‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌کوشتن و بریندارکردنی هاوڵاتییان چی ئیجرائاتێکی یاسایتان کردووه‌ به‌رانبه‌ریان؟
- ئه‌وه‌ دوولایه‌نه‌یه‌ دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵدراوه‌، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ى له‌میدیاکانیانه‌وه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌وه‌ هه‌وڵى ناردنى خه‌ڵکى داوه‌ بۆخۆپیشاندان و ئه‌وانه‌شى ته‌قه‌یان کردوه‌ هه‌ردوکیان تۆمه‌تبارن و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک بچنه‌ به‌رده‌م دادگا، له‌دواى ئه‌نجامى ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى پێکهێنراوه‌ ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ ڕاده‌ستى دادگابکرێن.

چه‌تر: تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایت بکوژه‌کانى (17)ى شوبات بدرێنه‌ دادگا؟ یاخود پێت وایه‌ پارتى ئاماده‌ بێت ئه‌و که‌سانه‌ى ته‌قه‌یان کردوه‌ ڕاده‌ستى دادگایان بکات؟
 - پێموایه‌ هه‌ر که‌س دادگا داواى بکات ده‌بێت بچێته‌ دادگا ئیتر ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ى، من ناتوانم بڵێم کێ ئاماده‌یه‌ یان ئاماده‌نیه‌ بۆ ڕاده‌ستکردنى ئه‌و که‌سانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت پارتی و یه‌کێتى ولایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ توندوتیژیه‌کان ده‌بێت ئاماده‌بن بچنه‌ به‌رده‌م دادگا.

چه‌تر: پارتى دواى ڕووداوه‌کانى 17ى شوبات به‌شێکى تاوانه‌که‌یان خسته‌ ئه‌ستۆى هێزه‌کانى سلێمانى واته‌ ناوچه‌ى سه‌وز ڕاى تۆچیه‌؟
- ناوچه‌ى سه‌وز و زه‌رد نه‌ماوه‌ له‌کوردستاندا، به‌دڵنیایه‌وه‌ حاڵه‌تێکى ناخۆش بوو هێزه‌کانى ناوخۆ له‌سلێمانى قه‌د چاوه‌رێى ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد به‌و شێوه‌یه‌ کارێکى واها ڕووبدات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تى چه‌ند کاتژمێرێک وه‌رگیرابوو، له‌دوایدا ئیسلامیه‌کان و گۆڕان خۆپیشاندانه‌که‌یان به‌ره‌و ئه‌و کاره‌ساته‌ بردو لقى چواریان کرده‌ ئامانج.

چه‌تر: ئه‌وکه‌سانه‌ى باسى ده‌که‌یت خه‌ڵکیان هانداوه‌ زیاتر له‌ناو کام هێزى ئۆپۆزسیۆنه‌ گۆڕان یان هه‌ر سێ لایان؟
- به‌ڵێ له‌ناو هه‌رسێ لایه‌نى ئۆپۆزسیۆنه‌و له‌ناو میدیاکان و نوێژه‌کانى سه‌راو وتاره‌کانیاندا ئه‌وه‌ به‌ روونی دیاره‌، یاخود به‌ناوى ڕۆژنامه‌نوس و ڕۆشنبیر خۆى ده‌دات له‌قه‌ڵه‌م، که‌چى ده‌بینى ده‌ستى کردوه‌ به‌(الله‌ اکبر) یان فتواى جیهاد ده‌دات و خه‌ڵکى تر که‌ به‌رپرسى یه‌که‌مه‌ ده‌ڵێت (چیتان له‌ده‌ست دێت قسورى)مه‌که‌ن، ئه‌مانه‌ هه‌موو به‌تۆمارکراوى هه‌یه‌ وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌.

چه‌تر: پێتوایه‌ ڕایه‌کانى گۆڕان جیاواز بێت له‌وه‌ى له‌میدیاکانه‌وه‌ باسى لێوه‌ده‌که‌ن؟
_ جارێ ئه‌گه‌ر گوێ بگریت له‌ (knn) بۆنى خوێنى لێدێت، له‌پاڵ ئه‌وه‌ى باسه‌که‌یان هه‌ر کوشتن و تێهه‌ڵدان و ئه‌مانه‌یه‌، یان کاتێک فراکسیۆنه‌که‌یان ده‌چنه‌ سه‌راو زانکۆى سلێمانیه‌وه‌ وتار ده‌ده‌ن، ده‌ماره‌کانى ملیان به‌قه‌د کلکه‌ خاکه‌نازێک هه‌ڵده‌ستێت، به‌و خه‌ڵکه‌یان ده‌گوت خوێنى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خوێنى ئێوه‌دایه‌، یاخود په‌رله‌مانتارانی گۆڕان ئه‌وکاته‌ى سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیدیان کرد، بووه‌ هۆى کوشتن و برینداربوونى چه‌ند پۆلیسێک، یان چه‌قۆ وه‌شێنه‌کانیان له‌سه‌راو ڕێگه‌ گرتن له‌میدیاکانى یه‌کێتى وپارتى بزانه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا چۆن بووه‌، ئه‌مانه‌ کارى ئه‌و هێزه‌ بووه‌

سه‌یره‌ په‌یامنێره‌که‌ی چه‌تر پرێسيش باز به‌سه‌ر مه‌سئولیه‌تی یه‌کێتی و پارتیدا ده‌دات و ده‌چێته‌ سه‌ر توند و تیژیه‌کانی لایه‌نی خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆن ئه‌ی باشه‌ میدیای یه‌کێتی و پارتی به‌ هه‌مان ڕاده‌ی میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن مه‌سئول نین له‌ خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕه‌ قسه‌ و سوکایه‌تی کردن به‌ که‌سایه‌تیه‌کانی به‌رامبه‌ر و شاردنه‌وه‌ی ڕاستی ڕووداوه‌کان و ته‌نها تۆمه‌تبارکردنی خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆن؟ به‌ڕێز جه‌نابی وه‌زیر خه‌ڵکانیك هه‌ن ئه‌م پرسیاره‌ ده‌که‌ن؟
کاتێك به‌ردهاويشتن و چه‌قۆ وه‌شاندن ڕووی ده‌دا له‌ سلێمانی خێرا کوردسات و کوردستان تی ڤی و زاگرۆس ئاماده‌ ده‌بون و ڕوماڵی هه‌مو شه‌قام و کۆڵانه‌کان و تاک به‌ تاکی خه‌ڵکه‌که‌یان ده‌کرد به‌ڵام کاتێك گه‌نجێکی دڵگه‌رم یان پیر و په‌ککه‌وته‌یه‌کی داماو یان پێشمه‌رگه‌یه‌کی تۆراو له‌ حیزبایه‌تی و کوردایه‌تی له‌ به‌ر ده‌رکی سه‌را دوو قسه‌ی ده‌کرد که‌ به‌ دڵی ده‌سه‌ڵات نه‌بوایه‌ خێرا هه‌رسێ سه‌ته‌لایتی ناوبراو مه‌له‌ف و کونیه‌ی خێزان و بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و که‌سه‌یان هه‌ڵده‌دایه‌وه‌ و ده‌که‌وتنه‌ په‌لاماردانی ئه‌ی بۆ ئه‌مه‌یان ده‌ڵێی چی جه‌نابی وه‌زیر؟

چه‌تر: ئه‌و هێزانه‌ى ڕۆژى هه‌ینى ره‌وانه‌ى ناوچه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید کرا به‌ چ ئامانجێکه‌؟
- له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ڕابردو چه‌ند پۆلیسێک شه‌هیدو بریندابوون، به‌ئامانجى پاراستنى ئارامى خه‌ڵک وناوچه‌که‌ ئه‌و هێزانه‌ ره‌وانه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ کراوون

خۆزگه‌ موسڵمانێک وه‌ یان دادپه‌روه‌رێک ده‌هات و ڕاستی ڕووداوه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی بۆ ده‌رده‌خستین یه‌کێتی و پارتی ده‌ڵێن پۆلیسه‌کان شه‌هیدی ئه‌وانن و به‌ ده‌ستی خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆن کوژراون و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌ڵێت له‌م نێوه‌نده‌دا قوربانی یه‌که‌م بنه‌ماڵه‌ و که‌س و کاری ئه‌و پۆلیسه‌ جوانه‌ مه‌رگانه‌ و قوربانی دووه‌م ئێمه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و کوردستانین که‌ نازانین باوه‌ڕ به‌ چ لایه‌ک بکه‌ین

چه‌تر: به‌ڵام هه‌ندێک چه‌کى قورسى سه‌ربازى وه‌ک ده‌بابه‌و ناقیله‌..هتد له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دایه‌، ره‌وشى هه‌ڵه‌بجه‌ هێنده‌ مه‌ترسیداره‌؟
- پێشمه‌رگه‌ کاتێک ده‌چێت بۆ هه‌ر شوێنێک ئه‌و چه‌کانه‌ى له‌گه‌ڵدایه‌.

چه‌تر: ده‌گوترێت ئه‌م کارانه‌ى یه‌کێتى له‌رێگه‌ى هێزه‌وه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات له‌سلێمانى و ده‌وروبه‌رى، شه‌ڕێکه‌ له‌پێناو پارتیدایه‌؟
_ ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن یه‌کێتی له‌پێناو پارتیدا هێزی هێناوه‌ته‌ سلێمانی سه‌ریان داى له‌به‌رد، خه‌ڵکانێک ماوه‌ى دوو مانگه‌ له‌به‌ر ده‌رکى سه‌را هه‌رچى موقه‌ده‌سات هه‌یه‌ خستویه‌تیه‌ ژێر قۆنه‌ره‌کانیه‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ڕێگه‌ ناده‌ین ئه‌و پشێوییه‌ى هه‌یه‌ له‌شه‌ڕه‌ به‌ردو نائارامى درێژه‌ بکێشێت، ناهێڵین ئاسایشى شارى سلێمانى زیاتر بشێوێت، هه‌ر حزب و لایه‌نێک هه‌رچیه‌کى هه‌یه‌ ده‌رگاى گفتوگۆ کراوه‌یه‌و بابچێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و پارتى و په‌رله‌مان و سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى هه‌رێمدا دانیشتن بکات.

چه‌تر: باس له‌وه‌ ده‌کرێت لیواى یه‌ک و دووى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هێزى هاوبه‌شى یه‌کێتى وپارتى هێناوه‌ته‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌؟
- جیاواز له‌یه‌کێتى وپارتى حزبى تریشى تێدایه‌، لیواى (8،7،6،5،4،3،2،1) و ئه‌گه‌ر پێویست بکات لیواى (10)ش ده‌هێنین بۆ سلێمانى بۆ پاراستنى خه‌ڵکى سلێمانى و ئه‌و ده‌ست که‌وتانه‌ى هه‌مانه‌، نه‌هێشتنى ئه‌و توندوتیژییه‌ى له‌م ناوچانه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌رکه‌س له‌سه‌ر هێز قسه‌و ته‌علیقى هه‌یه‌ ئێمه‌ زۆر لێى بێباکین، بۆ ئه‌و ڕووبه‌ڕووبونه‌وانه‌ لیواى بیستیش ده‌هێنین.

چه‌تر: ده‌وترێت مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌سه‌ر که‌ناڵه‌کانى ئۆپۆزسۆن؟
- نیه‌تی په‌لاماردانى هیچ جێگه‌یه‌کمان نیه‌و ناشمان بێت، میلله‌تى ئێمه‌ ده‌ستى سوتاوه‌ به‌شه‌ڕى ناوخۆو هه‌زاران قوڕبه‌سه‌رى، پێویسته‌ بیر بکه‌ینه‌وه‌ له‌میلله‌ته‌که‌مان و خه‌ریکى شه‌ڕوکێشه‌ى ناوخۆمان نه‌بین بۆیه‌ دوای هه‌موو شه‌ڕکردنه‌کان دواتر چاره‌سه‌ر دانیشتنه‌، گوێ نه‌گرین بۆ ئه‌ملاو ئه‌ولاو له‌شوێنى تره‌وه‌ جوڵه‌مان پێنه‌کرێت، پێموایه‌ ئه‌وانه‌ى له‌پشتى مه‌لایه‌که‌وه‌ به‌له‌شى پیسه‌وه‌ نوێژ ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئه‌م وڵاته‌ نین.

چه‌تر: باس له‌وه‌ ده‌کرێت هێزى عه‌ره‌ب له‌سلێمانیدایه‌؟
- درۆیه‌و ڕه‌نگه‌ له‌ناو پێشمه‌رگه‌دا عه‌ره‌ب هه‌بێت و (تورکمان، مه‌سیحی و، ئاشورى) تێدایه‌، به‌ڵام له‌ناو پێشمه‌رگه‌دا ئه‌فسه‌رى عه‌ره‌بمان هه‌یه‌ و تێیدایه‌، نه‌مان وتوه‌ پێشمه‌رگه‌ى کورد به‌ڵکو پێشمه‌رگه‌ى کوردستان که‌ ئه‌و که‌سانه‌شى تێدایه‌، هه‌موو که‌س بۆى هه‌یه‌ بێت و ببێته‌ پێشمه‌رگه‌و به‌رگرى له‌خاکى کوردستان بکات.

چه‌تر: ئه‌و ئابلۆقه‌یه‌ى که‌ناڵى په‌یام باسى ده‌کات به‌بڕیارى کێ ئه‌و هێزه‌ له‌و شوێنانه‌و هۆکارى چیه‌ جێگیر کراون؟
- ئه‌مه‌ دوره‌ له‌ڕاستیه‌وه‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ ئابڵوقه‌ى نه‌دراوه‌، ئه‌گه‌ر بته‌ویێت ئابڵوقه‌ بده‌یت ده‌بێت ئاو و کاره‌باو ته‌له‌فۆن وهاتووچۆ به‌بڕیارى تۆ بێت که‌ خاوه‌نى ئابڵوقه‌که‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شوێنێک هه‌یه‌ له‌وناوچه‌یه‌دا که‌ گرنگه‌ بۆ به‌رگریکردن له‌کارى توندوتیژى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ چه‌ندێک ئه‌و هێزه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ڕۆژنامه‌که‌ى تۆوه‌ هه‌یه‌ که‌ ئابڵوقه‌ماندابێت، هێنده‌ش به‌که‌ناڵى په‌یامه‌وه‌.

چه‌تر: ئه‌و نامه‌یه‌ى دکتۆر به‌رهه‌م بۆ سکرتێرى گشتى یه‌کێتى ناردبو له‌ماوه‌ى ڕابردو، که‌ تێیدا داواى گۆڕینى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندو دامه‌زراندنه‌وه‌ى مه‌کته‌بێکى سیاسى نوێ ده‌کات تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچونه‌دایت؟
نوسراوه‌که‌م نه‌خوێندۆته‌وه‌ و هیچ زانیارییه‌کم له‌باره‌یه‌وه‌ نیه‌، ناشتوانم هیچ بڵێم له‌باره‌یه‌وه‌

دیاره‌ پرسیاری تریش زۆرن که‌ لای خوێنه‌ران دروست ده‌بێت
خۆزگه‌ ده‌سه‌ڵات په‌ندی له‌م ڕووداوانه‌ وه‌رده‌گرت و مایکێکی ئازادی له‌ سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆک و که‌رکوک و هه‌مو کونج و کۆڵانێکی ئه‌م کوردستانه‌ داده‌نا تاوه‌کو ئێمه‌ی هاوڵاتیان په‌نا بۆ کاری خراپه‌ و توند و تیژی نه‌به‌ین و به‌ ناوی نهێنیه‌وه‌ ڕاو و بیر و بۆچونی خۆمان ده‌رنه‌بڕین و له‌ ڕێگه‌ی مایکی ئازاده‌وه‌ ئازادانه‌ بوێرین پرسیاره‌کانی خۆمان بکه‌ین
به‌ڕێز جه‌نابی وه‌زیر و تۆش و هه‌مو وه‌زیره‌کان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ داخه‌وه‌ زۆر له‌ خه‌ڵکه‌وه‌ و دوورن و ڕه‌نگه‌ بێزتان نه‌یه‌ت گوێ له‌و خه‌ڵکه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌ بگرن به‌ڵام په‌ندێکی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ ده‌ڵێت

دنیا دوو ڕۆژه‌ ڕۆژێکی بۆ تۆیه‌ و ڕۆژێکی دژ به‌ تۆ

هیوادارم هیچ ڕۆژێکی دنیا دژی ئێمه‌ نه‌بێت و ئێوه‌ش هه‌وڵ بده‌ن که‌ دنیا به‌ گژتاندا نه‌چێت
خوێنه‌رێکی ڕۆژانه‌ی هه‌واڵه‌کانی کوردستان پۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە