کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەتا لە حزبەكەمدابی تۆ قارەمانی، ئەگەرنا خائین و بێویژدانی!

Wednesday, 03/11/2010, 12:00


لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەى رابردوو، ئەوكاتەی ئێمەی گەنج ئاوێتەی خەبات و تێكۆشانی نەتەوایەتی و چینایەتی بووین، باشووری كوردستان لەژێر چەپۆكی بەعس و پیاوە بوودەڵەكانیدا لە نغرۆبووندا بوو، رۆژ نەبوو ناوچەیەك، گوندێك، گەڕەكێك كاول و سووتماك نەكرێت، بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ، كەسوكاری پێشمەرگەیەك، ئەندامێكی رێكخستنە نهێنییەكانی حزبە بەرهەڵستكارەكانی بەعس راپێچی ژوورە تاریكوتوونەكانی زیندان نەدرێن و نەگەیەنرێنە كاروانی نەمرانی ئاییندەی پرشنگداری نەتەوەیەك. زۆرێك لە ئێمە كە تازە پەیوەندیمان بە شۆڕشی شاخەوە دەكرد، تا ئەوكاتەی گوێڕایەڵ و بێدەنگ گوێمان بۆ فەرمانی بەرپرسەكان هەڵدەخست و هەنگ ئاسا دانەدەسەكناین و مانای پشوودانمان نەدەزانی و لەیەك كاتدا كۆمەڵێك ئیشوكاری بارەگاو راگەیاندن و پێشمەرگایەتیمان رادەپەڕاند، یەكە خۆشەویست و كوڕی قارەمان و سەنگەری حزب و كوردایەتی بووین.
كاتێكیش دوای ئەوەی لە گەندەڵی و دیكتاتۆرییەت و بێباریی زۆرێك لە بەرپرسەكانمان بۆ دەردەكەوت، بەتایبەتی ئەوانەی بەرپرسی گەورە بوون، ئیدی هەڵوێست وەرگرتن و هاتنەدەنگ و ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر زۆرێك لە (پرسە)كان دەبووە وەڵامێكی كاریگەرو هەرچی رێزو خۆشەویستیی بەرژەوەندخوازانەی بەرپرسەكانی حزب هەبوو لە پڕێكدا هەڵدەپڕووكان و لە جێگەیاندا كۆمەڵێك دەستەواژەی قێزەون و دوور لە رەوشتی شۆڕشگێڕی كە هەرهەموویان بۆ هەڵبەستراو بوون و هیچ بنەمایەكیان نەبوو و تەنها زێدەی ئەو پەروەردەو كەسایەتییە سەقەتەی ئەوان بوو كە ئەوانیش لەوانەیە لەوانەی پێش خۆیانەوە بۆیان مابێتەوە، دەخرانە پاڵ ئەو پێشمەرگە گەنجەی كە تاكو دوێنێ، لای بەرپرسی یەكەم و ئەوانەی خوارەوەتریش، تاكە پێشمەرگەی دڵسۆزی بارەگاو حزب و كوڕی سەنگەری بەگژداچوونەوەی بەعس بوو.
من بەش بە حاڵی خۆم، كاتێك لە ناوەڕاستی هەشتاكان بەدواوەو رێك پێش شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال كە هێشتا ململانێ فیكرییەكان لەگەڵ لیژنەی ئامادەكاری ئەوكاتەی حزبی سۆسیالیستی كوردستان/ ئیتجاهی دیموكراتی شۆڕشگێڕ، دەستی پێنەكردبوو، ئێمەومانان پێیان دەگوتین: (خوێی ناو چێشت)، واتە وەكو خوێی چێشت بەهەموو شتێكەوە دەخورێین، چونكە هەر لە پاسەوانێتی بارەگاو خەفەریات بەهەموو جۆرەكانییەوە بیگرە، تا دەگاتە پێشگرتن لە هێرشی جەیش و جاش و جەولەی گوندەكانی دەڤەری بادینان و تەتەرایەتی كردن، هەرهەموویمان رادەپەڕاند، لێ كاتێك هەڵوێستی فیكریمان لە لێژنەی ئامادەكاری ئەوكاتەی ئیتجاهی دیموكراتی شۆڕشگێڕو حزبی زەحمەتكێشانی ئێستا وەرگرت، هەر لە شاخ دەستگیریان كردین و تۆمەتی خائین و پیاوی بەعس و تێكدانی ریزەكانی حزبیان بۆ هەڵبەستین وەك دەڵێن: ئەگەر رێكەوت یارمان نەبوایەو دەرفەتی راكردنمان بۆ نەڕەخسابوایەو لە ترسی كوشتن و سووكایەتی ئەوان روومان نەكردبوایەتەوە ناو رژێمە هاروهاجەكەی بەعس، لەوانەیە ئێمەش وەكو شەهید بێكەس و ئەوانیتر لەسەر هەڵوێستی فیكری و شۆڕشگێڕێتیمان گوللەباران و گۆڕبزریان بكردینایە. ئەمە نەك تەنها لەو حزبە بچووكە، بەڵكو لە سەرجەم حزبەكانی سەردەمی شاخ ئەم ستەمە بێ رەوشتییە باوبوو.
زۆر بەداخەوە دوای راپەڕین و هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێ، ئەو رەفتار و ستەمە بێ رەوشتییە لەلای زۆرێك لەو بەرپرسانەی سەردەمی شاخی تێكڕای حزبەكان ماوەتەوەو بگرە زیاتریش بوون. برادەری وا هەن، هەتا پێكەوە لە حزبێكدان، تەنها هاوسەرەكانیان لەیەكتری حەرامە، ئیدی هەموو شتێكیان برابەش، لە كۆنگرەی حزبەكانیاندا هەردووكیان تا سەر ئێسقان دڵسۆزی یەكترن و دەنگ بۆ یەكتر كۆدەكەنەوەو شەڕ لەسەر یەكتر دەكەن، لێ كاتێك لەبەر هەر هۆیەك بێت، لەیەكتر داببڕێن و دوور بكەونەوە، ئیدی هەرچی زاراوەی ناشایستە و سووك و چرووك هەیە بۆ یەكتری هەڵدەبەستن!.
جارێكی دیكەش بەداخەوە، ئەم بەدڕەوشتییە لێرە، لەم باشووری كوردستانە بۆتە كەلتوورو زۆرێك لە بەرپرسە حزبییەكان و ئەوانەی خوار ئەوانیشەوە وەكو بنێشتەخۆشە بۆ یەكتری و لای خەڵكانی دیكەش لەسەر یەكتری دووبارەو چەندبارەی دەكەنەوە. نموونەكان هێندە زۆرن، هه‌زاران لاپەڕەش بەشیان ناكات.
لەم رۆژانە برادەرێك لە پەیوەندییەكی تەلیفۆنیدا پێی وتم: ئەرێ برا ئەوە بۆ لە بابەتێكتدا بە كۆنەجاش ناوت بردووم، كاتێك بەوە وەڵامم دایەوە كە من ئێستاش نازانم جەنابت كێیت، بەڵام وەكو لە راگەیاندنەكاندا باسكرا كە فڵانەكەس لەلایەن كۆنە جاشێكەوە هەڕەشەی لێكراوە، بۆیە منیش لەكاتی داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووس و دێكۆمێنتكارێك كە لەلایەن موستەشارەكانەوە هەڕەشەی لێدەكرێ، ئەو هەڕەشەیەم وەكو مەترسییەك دەربڕیوە كە ئەمڕۆ لەسەر ئەوانەو سبەینێش لەسەر ئێمەیە، كەچی ئەو وتی: ئەی بۆچی تاكو لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەیدا پێكەوەبووین، من جاش نەبووم، بەڵكو یەكە قارەمان و شۆڕشگێڕ بووم؟!. بە قسەی ئەو بەڕێزە یەكسەر ئەو ستەمەی سەردەمی شاخم بیركەوتەوەو دوای كۆتایی هێنان بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە، لەبەرخۆمەوە وتم: ئای لەم پشووكورتی و دیكتاتۆرییەت و نەگبەتی و ستەمەی بەناوی دیموكراتییەوە لە دیموكراتی دەیەكەین، نەك پاوانكردنی ناوچە و دەسەڵات، هەتا ئەمەیشمان لە شاخەوە بۆ ماوەتەوە!

رابه‌ر ره‌شید/ که‌رکوک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە